ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە هەڵوێستێكی گشتگیر بەرامبەر بە داعش وەربگرین

Friday, 10/01/2014, 12:00

1666 بینراوە





لەدوای ئەوەی لە (19-7-2012)ەوە لە ماوەیەكی كورتدا یەكینەكانی پاراستنی گەل بە پشتیوانی گەلی رۆژئاوا توانی زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هێزەكانی رژێم پاك بكاتەوە و ئارامی ناوچەكانیشی دەپاراست، هێزە توندڕەوە بەناو ئیسلامیەكان كەوتنە دژایەتیكردنی ئەو هەنگاوە و هەوڵیاندەدا ئەو ناوچانە لەدەستی یەپەگە دەربخەن و بیخەنە دەستی خۆیانەوە. سەرەتاش ئەو كارەیان بە پشتیوانی راستەوخۆی توركیا و هەندێك گروپی كوردی وابەستەی توركیاوە لەناوچەكانی سەری كانی و عەفرین ئەنجامدا. لەو كارەیاندا سەركەوتوو نەبوون، دەستیان كرد بە هێرشكردن بۆ سەر ناوچەكانی عەزاز و تل حاسڵ و هێرشیشیان كردە سەر خەڵكی مەدەنی و لەچەند كردەوەی تیرۆریستیدا ژمارەیەك خەڵكی مەدەنی بوونە قوربانی. دیارە لەمەشدا ئەنجامیان بەدەست نەهێناو رۆژانە دەسكەوتەكانی كورد جێگیرتر دەبوو.
لەهاوینی رابردوودا ئەو هێزە توندڕەوانە ئابڵوقەیان خستە سەر ئەو هەرێمانەی كە لەژێر دەستی كورددان و دژی هەوڵەكانی دروستكردنی ئیدارەی كاتی كوردی بوون و ئەمەش شەڕی نێوان یەپەگە و ئەو گروپەی توندتر كرد و لە ئێستادا گەیشتۆتە ئاستێكی چارەنوسساز. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەوە بوو بەشێكی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە باشوور، خاوەنی هەڵوێستێكی ئەرێنی نەبوون بەرامبەر ئەو گروپانە، بە پێچەوانەوە هەندێك جار پەیەدە و یەپەگەیان تاوانبار دەكرد. زۆربەی كاتیش ئەو گروپەیان وەكو بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن لە قەڵەم دەدا. هاوبەندی نیشتمانی سوریاش هەندێك جار لەبەرامبەر كردەوەكانی ئەو گروپە بێدەنگ دەبوو، هەندێك جاریش لایەنگری ئەو گروپەی دەكرد. ئەم هەڵوێستانە دەرفەتی زیاتری دایە ئەو گروپە كە سنووری كردەوەكانی فراوانتر بكات. ئەوەبوو لەلایەكەوە روویان كردە باشووری كوردستان و ئێراق و چەندین كردەوەیان ئەنجامدا، لەلایەكی ترەوە لەسنووری سوریاش كردەوەكانی خۆیان فراوان كرد.
دوای ئەوەی ئەو لایەنە كردەوەكانی خۆی فراوان كرد. لە ئێراق حكومەت ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی لە دژی ئەو گروپانە دەست پێكرد و ئەوەتا خەریكە هەندێك ئەنجام بەدەست دێنێت. لە سوریاش سوپای ئازاد و بەرەی ئیسلامی لەدژی ئەو گروپانە شەڕیان راگەیاند و هاوبەندی نیشتمانی سوریاش پشتیوانی هەڵوێستی بەرەی ئیسلامی و سوپای ئازادی كرد، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و پرسیارە، ئەوەیە هەتا ئێستا نەحكومەتی هەرێم سەبارەت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكان بووەتە خاوەنی هەڵوێستێكی هاوبەش نە ئەو لایەنانەی رۆژئاوا كە نزیكی پارتی دیموكراتی كوردستانن لە ڕۆژئاوا خاوەنی هەڵوێستێكی جددین بەرامبەر ئەو گروپە. ئەمەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەكات كە بڵێین كە كاتی ئەوە دێت كە هەڵوێستێكی جددی و هاوبەش بەرامبەر ئەو گروپانە دابنێین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە