عەلی باپیر لە ساڵیادی تاوانی "ئەنفال"دا بەرگری لە ئەنفال ئەکات!

Tuesday, 16/04/2013, 12:00

1961 بینراوە







"عەلی باپیر: ئەمڕۆ 14/4/2013، (25) ساڵی‌ تەواو بەسەر ئەو كۆمەڵكوژییە دڕندانەیەی‌ ڕژێمی‌ فەوتاوی‌ بەعسدا دەگوزەرێ‌، که‌ ناوی لێنا (ئه‌نفال) و له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا به‌ڕێوه‌ چوو، هیچ گومانیشی‌ تێدا نیە كە هەڵبژاردنی‌ ئەو ناوە بۆ ئەو كارەساتە گەورەیە ئامانجی‌ گڵاوی‌ جۆراوجۆری‌ لەپشتەوە هەبوون، كە یەكیان دڕدۆنگ كردنی‌ گەلی‌ كوردی‌ مسوڵمان بوو بەرانبەر بەقوڕئان‌و ئیسلام، چونكە وشەی‌ (اڵانفال) ناوی‌ یەكێكە لە سووڕەتەكانی‌ قوڕئانی‌ بەپێز".
لینکی هەموو ووتارەکەی:
 http://www.niha24.com/WDireje.aspx?Jimare=16181
لەبەر ئەوەی ئیسلام لە سەردەمی داگیرکاری خۆیدا، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی‌و فراوانکردنی ئیمپراتۆری ئیسلامی، ئەنفالی خەڵکی غەیرە ئیسلامی کردوە، سەدام حسەین و ڕژێمەکەشی بە ئیلهام وەرگرتن لە قورعان، هاتن‌و خەڵکی کوردستانیان بە دوژمن‌و نائیسلام دایە قەڵەم‌و شەرعییەتیان بەدەستهێنا بۆ ئەنجامدانی تاوانی دڕندانەی ئەنفال!
عەلی باپیر هاتووە لە ٢٥هەمین ساڵیادی ئەنفالدا، لە جیاتی نەفرەت لەو تاوانە گەورەیە، بەرگری لە ئیسلام‌و لە ئایەتی ئەنفال ئەکات! ئەوە بەڵگەیەکی ڕوونە کە ئیسلامییەکان بڕوایان وایە "دوژمنانی ئیسلام!" یان هەر خەڵکێکی غەیرە ئیسلام ڕەنگە بکەونە بەر غەزەبی خوداو ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەنفال بکرێن!!
کێ ئەتوانێت دیاریبکات، یاخود زەمانەتی بکات، کە کام گروپ یان دەستەو تاقمی فەناتیکی ئیسلامیی لەپێناو کام بەرژەوەندیدا کام کۆمەڵ لە خەڵکی ووڵاتێک، ناوچەیەک یان شارێک، لە کامە سەعات‌و ڕۆژ‌و مانگدا ناخەنە خانەی "دوژمنانی ئیسلام"ەوەو شەرعییەت بۆ ئەنفالکردنیان لە قورعانەوە دەرناهێنن، بە هەمان شێوەی ڕژێمەکەی سەدام!!؟
ئەنفال دەستەواژەیەکی هێندە قێزەونە لانیکەم بۆ خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، جێگای پرسیارێکی گەورەیە کە عەلی باپیر پێش ئیسلامییەکانی هاوڕێی ئەکەوێ‌و بەرگری لە "سورەتی ئەنفال"و سەرچاوەکەشی ئەکات!
خەڵکی کوردستان، لەپێشیانەوە کەس‌و کاری قوربانیانی تاوانی ئەنفال، مافی خۆیانە لە ساڵیادی قێزەونترین تاوانی کۆمەڵکوژی بە دەستی ڕژێمی بەعس، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکەن، کە لەژێر سایەی کام ڕێوشوێنی یاسایی‌، وە بە گوێرەی کام نەریتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی، عەلی باپیر ڕێپێدراوە بەرگری لە ئەنفال بکات وەکو ئایەتێکی قورعان!؟
ئەوان، کەسو کاری قوربانیانی تاوانی ئەنفال، وە سەرجەم خەڵکی کوردستان کە خوازیارن نەفرەت لە تاوانی ئەنفال ببێتە هۆکارێک بۆ بەرگرتن بە دووبارەنەبوونەوەی تاوانی لەو جۆرە، چۆن ڕێگا ئەدرێت سەرۆکی حزبێکی ئیسلامی لە کوردستان بەو ڕاشکاوییە بەرگری بکات لە ئایەتی ئەنفال!؟ لە کاتێکدا خودی ووشەی ئەنفال تەزووی جەرگبڕ بە گیانی کەسوکاری قوربانیاندا ئەهێنێت، چونکە١٨٢هەزار مرۆڤ، کۆمەڵ کۆمەڵ لە منداڵ‌و ژن‌و پیرو لاو لەژێر پەرچەمی ئەم ئایەتەدا ڕاپێچی گۆڕی بەکۆمەڵ کران! وە لە ڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە "ئەنفال" بە سیمبۆلی دڕندانەترین تاوانی زیندەبەچاڵکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیلی کوردستان دانراوە!


[email protected]


حەمە غەفور
١٦نیسان٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە