ئەو قوتابییەی مامۆستا ئەمەریکییەکەی خۆی کوشت! ئەی دوایی؟

Thursday, 05/04/2012, 12:00

1209 بینراوە


پێش ماوەیەک هەواڵیکمان سەبارەت بە رووداوی کوشتنی مامۆستا ئەمەریکییەکە پێگەیشت، بەیار تالەبانی، ئەو خوێندکارەی کە مامۆستاکەی خۆی کوشت، گوایە خۆی بریندارە و هێشتا نەمردووە، بنەماڵەی تالەبانیش شاردویانەتەوە و رەوانەی ئێرانیان کردووە، هەرچەندە ئێمە بروامان بەو هەواڵە نەبوو، زیاتر لە دروستکراو و فەنتازی دەچوو، سەرچاوەکەش بۆ ئێمە جێگای گومان بوو، چونکە ئەگەر ئەمە راست بێت و کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمەریکی و تەسلیمنەکردنی بکوژەکەی،  وەکو مرۆڤێکی کورد بێنرخ نییە، تا ئەمەریکییەکان پێی نەزانن هەراوا بە ئاسانی بشاردرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە پێویستمانزانی لە رێگای لە پەیامنیر و گروپی چیای کوردستانپۆستەوە بەدواداچوونی بۆ بکەین، ئەمڕۆش وەڵامی گروپی چیای کوردستانپۆستمان وەرگرتۆتەوە، لەبەر گرنگی نامەکە و ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکردووە، نامەکە بڵاودەکەینەوە.

********************
ئەم كاتەتان باش برایانى بەڕێزو خۆشەویست لەستافى سەربەرزى كوردستانپۆست

سەبارەت بەو بابەتەى بەیار تاڵەبانى بەدواداچوونى ووردو دەقیقمان بۆ كردووە. ئەو كوڕە لەنەخۆشخانەى فریاكەوتن مردووە لە بەشى چاودێرى وورد، هەر لە سەرەتاى داخڵكردنیەوە بارى تەندروستى زۆر خراپ بووە، كە گەیشتۆتە ئەوێ دەماغى لە کار کەوتبوو، بەڵام ئێمە پێمانوایە، گرنگى بابەتەكە لەوەدایە، كە لە ڕێگەى خەڵكى تایبەتمەندەوە لایەنە دەروونى و لۆجیكیەكانى بخرێتەڕوو بەشێوەیەك:

1- ئایا بۆ ئەو كوڕە ئەم كارەى كردووە؟
2- منداڵێكى وا دەمانچەى لەكوێ بوو؟
3- بۆچی رێگای پێدراوە بە دەمانچەوە دەوام بکات؟ ئاخۆ چەند کوڕی بەرپرس و لێپرسراوی تر بە دەماچە و چەکەوە دەچنە پۆلی خوێندن، مەبەست لەو کارە چییە و بۆ دەسەڵات ئەمە قەدەغە ناکات؟
4- كێ بەرپرسى ئەم ڕووداوەیە، یان ئەوانەی کە لەمەودوا روو دەدەن؟
5- ئایا منداڵێك ئەگەر زۆر شارەزا نەبێت لە بەکارهێنانی چەک، چۆن ئەتوانێت بە دەم ڕاكردنەوە سێ فیشەك بتەقێنێت و هیچی بە خەسار نەدات، هەمووى بیپێكێت؟ ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت، كە بەیار زۆر شارەزابووە لە بەكارهێنانى چەكدا! لەوەوپێشیش رەنگە کاری وای ئەنجام دابێت، دیارە ئەمە یەكەم جارى نەبووە بەم شێوەیە چەك بەكاربهێنێت.
6- بۆچی دەزگای دژە تیرۆر ئەم منداڵانە بەکار دەهێنن؟ بەیار تالەبانی بەهۆى نزیكى و خزمایەتى لە بەرپرسەباڵاكان ئاخۆ بە دەمامکەوە چەندین تاوانی دیکەی پێ ئەنجام درابێت؟
7- هەروەک کچەکەی جەبار فەرمان رایگەیاند، ئایا تۆ بڵێیت ململانێى دینى لەپشت ئەم كارەساتەوە بووبێت؟ ئایا ئەوانەی کە بۆ دژە تیرۆر کار دەکەن، ئەوەندە  پیاوکوژەکانی خۆیان لە خودا نزیک دەکەنەوە؟

ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە ئەبێت وەڵامیان هەبێت؟

ئێوەى بەڕێز دەكرێت ئەمە بكەنە تەوەرێك و رای هەموو لایەكی لەسەر وەربگرن .

ئەگەر ئێوەى بەڕێز لە ئێمە دەپرسن؟ لای ئێمە دەڵێین وەڵامەكان زۆر سادە و ساكارن، چونکە:
_ ڕژێمى دیكتاتۆرى بەعس، تەنها یەك عودەى و یەك قوسەى هەبوو، بەڵام لە سایەى دەسەڵاتى حیزبى و خێڵەكى ئیستای کوردییەوە، ئەمڕۆ سەدەها عودەى و قوسەیمان هەیە، كە ڕۆژانە كەرامەت و شكۆمەندى خەڵكى کوردستان ئەشكێنن و مافى هاوڵاتى پێشێل دەكەن و ئازادییەكان لە خەڵك زەوت دەكەن، شەرەف و ناموسی ژنان و کچانی کورد دەبەن، سووکایەتیی بە هەموو تاکێکی کورد دەکەن. ئەوەی رووی دا، دەتوانین بەمەیەوە ببەستینەوە.

_ لەسایەى ئەم حیزبانەدا هیچ مانایەك بۆ بەهاكان نەماوە، ئێمە ئەتوانین بڵێین هیچ بەهایەكى ئەخڵاقى و مەعنەوى نەماوە لە كۆمەڵگادا بێجگە لەبەها مادییەكان، هاوڵاتى هیچ مافێكى نییە، بێجكە لە ئەرك و رازیکردنی ئەم بنەماڵانە و بەرپرسەکانیان، كە دەبێت ببێت بە کۆیلەی بەرپرسان و منداڵەكانیان. ئەم منداڵانەش وا فێركراون كە ئەوان خاوەنى وڵاتن، خاوەنی سامانە سروشتیەکانن، لەگەڵییدا خاوەنی هاوڵاتیەكانیشن، كەس نابێت بەرهەڵستیان بكات ئەگینا داهاتووى نەمان و لە ناوچوونە، یان برسێتیی و هەژارییە!

ئێمە وەک گروپی چیای کوردستانپۆست پێمانوایە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتر لە سەر ئەم بابەتە زۆر پێویستە.

لەگەڵ ڕێزماندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە