بەختیار و مەریوان و ئاراس، كەوتونەتە بەردەم بەرپرسیارێتی

Tuesday, 01/03/2011, 12:00

1639 بینراوە


چەند رۆژێك لەمەوبەر هەریەك لە نووسەران بەختیار عەلی و مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح لەنامەیەكدا كە لەلایەن رێبین هەردی برادەریان لەبەردەم زیاتر لە3هەزار خۆپیشاندەری سلێمانی خوێندرایەوە و بەڵێنی ئەوەیاندا دەگەڕێنەوە كوردستان.

هاتنەوەی ئەم برادەرە نووسەرانە بۆ كوردستان بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە چونكە ئەگەر كەسێك بەڵێنێكی بەمیللەتەكەی دا دەبێت جێبەجێی بكا، ئێمە لەئێستادا بۆیە رژاوینەتە سەر ئەو شەقامە لەبەر ئەو هەموو بەڵێنە درۆیە بوو كە لەماوەی 20ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی كورد بەخەڵكی كوردستانیاندا، چ جای ئێوە بەڵێنتانداوە بێنەوە بۆ ناو ئەو خەڵكە كە هەموو ژیانی خۆیان كردۆتە پشكۆ بۆ گیانی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی.

ئەمە ئەو مێژووەیە كە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، هەموو نەوەكان و نووسەر و هونەرمەندان تاقیدەكاتەوە، ئەمە ئەو ساتانەیە كە پێمان دەڵێت كێ لەبەرەی گەلەو كێ خۆی دەشارێتەوە، ئەگەر ئەو سێ نووسەرە دەیانەوێت بیسەلمێنن كە ئەوان ئەو قسانەی چەند ساڵە لەهەندەرانەوە ئاراستەی گەنجی ئەم هەرێمەی دەكەن، لەناخەوە كردویانە فەرموو لەمەیدانی ئازادیدا قسەكانیان لەسەر دێڕی ناو كتێبەكانەوە بگەیەننە بەردەم مایكرۆفۆنەكەی بەردەم مەیدانی تەحریری سلێمانی.

ئێمە ماوەی هەشت رۆژە خەومان لەدەسەڵاتدارانی كوردستان تێكداوە، شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەك و دەیانەوێت پینەو پەڕۆی بكەن، خۆشیان نازانن چۆن رووبەڕووی ئەو جەماوەرە و خەڵكە راپەڕیوە ببنەوە، دەسەڵاتدارانی كورد لەبەر ئەو هێزە بێشومارەی جەماوەر پەنایان بردۆتە بەر بزوتنەوەی گۆڕان و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە بگەڕێنەوە مەیدانی گەندەڵی، بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان پێویستە لەوە بگەن شۆڕشی ئەمجارەی جەماوەر یەك كەسی دەسەڵاتدارانی لێدەر ناكا.

كەواتە بۆئەوەی كاك بەختیار عەلی و مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح ئەو گرێبەستەیان دوانەكەوێ پەلە بكەن لەهاتنەوە، نەوەك فریای قسەكردن نەكەون لەبەردەم ئەو مایكرۆفۆنەو ئەو بەڵێنەی كە داوتانە وەك دەسەڵاتدارانی كورد بۆتان جێبەجێ نەكرێ.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست