لە بەریتانیاوە بۆ یۆنان، لە یۆنانەوە بۆ کوردستان

Tuesday, 10/03/2015, 12:00

2803 بینراوە


خەڵکی حەقی خۆیەتی بڵێ سیاسەت واتە درۆ

لە پێشدا بەریتانیا:
لە هەڵبژاردنی ڕابردوی بەریتانیادا، پارتی لیبڕال دیموکرات (لیب دێم) لە کەمپینی هەڵبژاردندا پەیمانیان دا کە ڕێگە بگرن لە پارتی پارێزگاران (کۆنزێرڤەتیڤ) پارەی خوێندن لە زانکۆکان زیاد بکات، کاتێک خەڵکی بە تایبەتی خوێندکاران و کەس و کارەکانیان بەم پەیمانە هەڵخەڵەتان و دەنگیان دا بە لیب دێم دوایی بۆیان دەرکەوت کە چ درۆیەکیان لەگەڵ کراوە:

وێنەی نیک کلێگ و وەعدە درۆکەی کە ڕێگە نەدات پارەی خوێندن زیاد بکرێت لە پەرلەمانی داهاتودا
ئەوەبو لە ئەنجامی دەنگی خەڵکی، لیبراڵ دیموکرات توانی لەگەڵ کۆنزێرڤەتیڤ هاوپەیمانی ببەستێ و پێکەوە حکومەت پێک بهێنن بەڵام زۆری نەبرد و هەر لە ساڵی یەکەمی پەرلەماندا سەرۆکی لیب دێم (نیک کلێگ) لە پەیمانەکەی پەشیمان بۆوە و پارەی خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا ٣ ئەوەندە زیادی کرد، واتە ئەگەر ساڵی ٣٠٠٠ پاوەند درابێت لەوەو پێش ئەوە ئیتر لەمەودوا ٩٠٠٠ پاوەند دەبێت.
کاتێک خەڵکی و بە تایبەتیش خوێندکاران ئەم درۆ گەورەیان بۆ ئاشکرا بو لە لەندەن ڕژانە سەرجادەکان پەلاماتی بارەگای کۆنزەرڤەتیڤ و لیبراڵ دیموکراتیان دا لە دژی ئەو درۆ گەورەیەی ئەم بەناو سیاسیە کردی:



لە ئێستادا یۆنان:
ئەمساڵیش وەک هەموان ئاگادار بوین لە یۆنان پارتی سيريزا لەسەر پشتی ناڕەزاییەکانی خەڵکی یۆنان و سیاسەتی ئابوری شکستخواردوی حکومەتی پێشوی یۆنان توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و لە کاتی کەمپینی هەڵبژرادنەکاندا سەرۆکی سيريزا چەندین وەعدی سور و سەوزی بە چەپ و ڕاستدا دەبەخشیەوە و ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە، هەتا ئەوەندەی توانی خەڵک هەڵخەڵەتێنێت و بڕواتە حکومەت کەچی چەند مانگێکی نەخایاندوە لە ئێستەوە بەرامبەر ئەڵمانیا ئاڵای سپی هەڵکردوە و بە نیازە هەمان بەرنامەی ئابوری حکومەتەکەی پێشو پەيڕەوکات کە لە کاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکەدا بە شکست خواردو لە قەڵەمی دەدا و پەیمانی دەدا بە خەڵک کە ئیتر لەمەودوا خەڵکی یۆنان کۆیلایەتی بۆ ئەڵمانیا و بانکی نێودەوڵەتی ناکەن!




کاتێک خەڵکی هەڵخەڵەتاوی یۆنان بۆیان دەرکەوت پارتی سیریزاش هەمان شێوەی هەمو سیاسیەکانی دنیا دەیەوێت بە درۆ ناڕەزایەتی خەڵک دامرکێنێتەوە، دیسانەوە ڕژانەوە سەرجادەکان و چییان بە حکومەتەکەی پێشوو وت ئێستا هەمان دروشمیان بەرامبەر پارتی سیریزا هەڵگرتوە.












پاشانیش کوردستان:
با بێینە سەر کوردستانە خێر لە خۆ نەدیوەکەی خۆمان کە هێشتا نە دەوڵەتە و نە ئابوری هەیە و نە هێندەی یۆنان و بەریتانیا دەکرێت سەرکردەکانی بە چەپ و ڕاستدا وەعدی درۆ بکەن بە مێشکی خەڵکدا، کەچی وەک هەموان دەزانین لە هەڵبژاردنی ڕابردودا پارتە بەرهەڵستکارەکانی گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ هێندەی توانیان فویان کرد بە میدیاکانیاندا و بە چەپ و ڕاستدا وەعد و بەرنامەیان بەخشیەوە کاتێکیش چونە دەسەڵات وەک ئەوەی ئەوان هەرگیز قسەی وایان نەگوتبێت بێ دەنگەیان لێ کردوە و هەر کەسێکیش ئەو وەعدانەیان بیربخاتەوە پێی دەڵێن واز بێنە کاتی ئەوە نییە شەڕی داعشمان لەپێشە!
ئەگەر حسابی وەعدیشی بۆ نەکەین ئەوا بە دڵنیایەوە دەتوانین یەکێک لە پێشبینیە هەڵەکانی گۆڕان ئاشکرا کەین کاتێک وتیان چوار ساڵی داهاتو ئارام دەبێت کە نەخێر نەک ئارام نییە بەڵکو لە ٣١ ی ئابی ساڵی ٩٦ ەوە کوردستان هێندەی ئێستا نائارام نەبوە و ئەگەر حیزبەکانی کوردستان بە خۆیاندا نەچنەوە و واز لە پەيڕەوی مۆدێلی درۆزنی دیموکراسی هاوشێوەی ئەوەی بەریتانیا و یۆنان نەهێنن ئەوا مەگەر بەس خوا بزانێت خەڵکی داماوی کوردستان چەند بەڵای تری بەسەردا دێت؟!
ئەگەر هەر سیاسیەک ویستی بە درۆ خەڵکی بباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە دواییدا ووتی: ببورن وەعدەکانم تەنها تاوەکو گرتنە دەستی دەسەڵات بڕی کرد، ئەوا حەقی خۆیەتی ئەو سیاسیە لە ناو حیزب و میللەت و وڵاتدا ڕيسوا و سوک و چروک بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە