مێژووی ڕاستی نەتەوەکەت بناسە! (به‌شی سێهه‌م)

Wednesday, 06/04/2011, 12:00

2773 بینراوە


کچە ناوداری کورد شابانو مەندانه‌ دایکی شاهنشا کۆڕشی مەزن، یه‌کەم فەرمانڕەوای سه‌ر ڕووی زه‌مین که‌ یاسای مافی مرۆڤایه‌تی داناوە

 مێژووی ڕاستی نەتەوەکەت بناسە! زنجیرە ووتارێکە لە پەڕتووکی "گەڕانەوەی مادەکان" وه‌رگیراوه.‌ پێشڕەو ماد لە زمانی ئینگلیزیەوە وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ زمانی کوردی.

پەڕتووکی داستانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماده‌کان
گەڕانەوەی مادەکان ئه‌و داستانه‌یه‌ که خودای گه‌وره له‌ ئینجیلدا فه‌رموویه‌تی: رۆژگارێک دادێت، مرۆڤ تێیدا تووشی سه‌رلێشێواویی ده‌بێت و نازانێت چی بکات و چۆن لێی ده‌ربچێت.

میلله‌تی ماد (کورد) له‌ چیاکانی زاگرۆسه‌وه‌ شۆڕش ده‌کات، ده‌نگی ژن و پیاو و منداڵ ووردە ووردە، له‌ پێناوی ئازادیدا به‌رزده‌بێته‌وه‌ و گیانی خۆیان دژی سته‌م و زۆرداری بەخت دەکەن..
داستانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماد (کورد) بەسەرهات و چیرۆکی مرۆڤه‌کانی ئاری نه‌ژاده‌، که‌ راستی و درۆ و دووڕوویی له‌ یه‌کتر جیاده‌کاته‌وه. ئه‌م پەڕتووکە وه‌ڵامی زۆر پرسیاری تر ده‌داته‌وه‌، له‌ یه‌کێتی و هاوپه‌یمانی مرۆڤه‌کان دەدوێت و رێگای ئازادییان نیشان ده‌دات.

ئه‌م پەڕتووکە بخوێنه‌ره‌وه‌، تا ڕاستی به‌سه‌رهاتی نه‌ته‌وه ئاری باشتر بزانیت!
نوسەر، حەمە میروەیسی پەڕتووکی "گەڕانەوەی مادەکان"ی بە زمانی ئینگلیزی له‌ ئەمریکا بە چاپ گەیاندوە. میروەیسی به‌ پێویستی زانیوه‌ که‌ شیکردنه‌وه‌یه‌کی زانستیانه له‌سه‌ر مێژووی ڕاستی ڕه‌گوڕیشه‌ی کورد به‌ زمانی ئینگلیزی ڕاسته‌وخۆ له‌ زمانی کوردێکی ڕه‌سه‌نی ڕۆشنبیره‌وه‌‌‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ڕۆشنبیرانی جیهان چونکه‌ نوسراوه‌کانی تر له‌سه‌ر مێژووی کورد که‌ به‌ زمانی بێگانه‌یه‌‌‌ یان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی بێگانه، زۆربه‌یان ڕاستیه‌کانیان شێواندوه و‌ له‌ به‌رزی و مه‌زنی کوردیان که‌م کردۆته‌وه‌ و بگره‌ هه‌ندێکیان نه‌ته‌وه‌ی تریان کردوه‌ به‌ خاوه‌نی مێژووی پر شکۆدارمان. میروەیسی ئه‌م ‌زنجیرە ووتاره‌ی لە پەڕتووکی "گەڕانەوەی مادەکان" دروێنه‌ کردوە بۆ بڵاوکردنەوەی بە زمانی کوردی. ئەم زنجیرە ووتارە بەشێکی بچوکە لە پەڕتووکی "گەڕانەوەی مادەکان". هیوادارین لە داهاتویەکی نزیکدا هەموو پەڕتووکەکە بە زمانی کوردی بە چاپ بگەیەنین.
توانا و ڕۆڵی بانوانی کورد لە مێژووی میللەتی کوردا زۆر جێگەی بایەخ و سەرنج ڕاکێشانه‌ لێ به‌ داخه‌وه‌ مێژووی سه‌ختی کورد بۆته‌ هۆی له ‌بیرکردنیان. بانوانی کورد خاوەنی زیرەکی و بەهرەیەکی تایبەتن لە زۆربه‌ی بواره‌کانی ژیاندا به‌ گشتی و‌ له‌ ڕۆڵی دایکایه‌تی و پەروەردەکردنی منداڵ و بەختیارکردنی کۆمەڵدا به‌ تایبه‌تی. بانوانی کورد جگە لە ئازاری چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، بە داخەوە لە لایەن ئەندامانی کۆمەڵگای کوردیەوە زۆر دەچەوسێنرێنەوە و بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێن لێ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بانوانی کورد کۆڵیان نەداوە و بە توانای خۆڕاگری بێ وێنەیان هەر دێنە پێشەوە و دەست و پەنچەی ماڵداری و خۆشەویستی و دانایی خۆیان پیشان دەدەن. سەیری دایکانمان بکەن! بە درێژایی مێژوومان بە شانازی و وورە بەرزیەوە چەندان نەوەی خۆبەختکاریان پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاری کوردستان کردوە، سەیری دایکانمان بکەن! چەند خۆڕاگرن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکانی ژیاندا، سەیری دایکانمان بکەن! چەند جوان و چەند بە خۆشەویستی پەروەردەمان دەکەن. دایکانی کورد مێشکی مناڵانی دەکاتە گەنجینەی زیرەکی و ووتەی نایاب و فێری خۆشی ژیان و مافی مرۆڤ و سەربەستیان دەکەن. نه‌ریتی ڕۆڵی دایکایه‌تی کورد به‌ په‌یامێکی پڕ له‌ ئامۆژگاریه‌وه‌ لە دایکانی گەورەمانەوە نێردراوە بۆ نەوەکانیان. با بزانین بۆچی هەندێ لە بانوان ناونراون مەندانە. ئاوڕ بدەنەوە لە مێژوومان! چیتان بەرچاو دەکەوێ؟ چیرۆکی دایکێکی بە ئازار، چیرۆکی شابانوی ئەنشان، چیرۆکی دایکێکی خۆڕاگر بەرامبەر بە کارە بێدادیەکانی باوکیتان بەر چاو دەکەوێ. چیرۆکی شابانو مەندانە، به‌سه‌رهاتی خەفەتاوی دایکێکی کوردە کە نەوەیەکی وا زیرەک پەروەردە دەکات کە بتوانێت بۆ یەکەم جار لەسەر ڕووی زەمین و مێژووی مرۆڤایەتی، یاساکانی مافی مرۆڤ دابنێت.
تێبینی: ئووریڤان واتە گیان، ئاهوره‌مه‌زدا واته‌ یه‌زدان، ئاتشگە واته‌ پەرستگای زەردەشتیان، لیدیا شانشینێ بوو لە تورکیای ئەمڕۆدا
ووتەی نوسەر:
شابانو مەندان کچی‌ شاهنشا ئەستیاگی چواره‌م ئیمپڕاتۆری ماده و دایکی مه‌زنترین مرۆڤی سەر زه‌مین، شاهنشا کۆڕشی ئیمپڕاتۆری ماده. دایکی مه‌زن و زانا مناڵی مه‌زن و زانا په‌روه‌رده‌ ده‌کات. ڕاسته‌، ده‌ڵێن دایک فێرگه‌ی مناڵه‌. پێویسته‌ میلله‌تی کورد کچانی بنێرێته‌ به‌ر خوێندن تا ببنه‌ دایکی زانا و لێهاتوو وه‌ بتوانن مناڵه‌کانیان وه‌کو شابانو مه‌ندان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن.
شابانو چێگای شانازی میلله‌تی کورده‌ و شارستانیه‌تی کۆنی میلله‌تی کورد پیشان ده‌دات. ئاواتی من وه‌کو نوسه‌رێکی کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو دایکێکی کورد خوێنده‌وار و زانا بێت. هه‌موو شه‌وێک پێش نوستن، چیرۆکی باپیرانمان بۆ مناڵانان بگێڕنه‌وه تا مناڵانی کورد هوشیار بن. زۆر که‌س مێژووی ژیانی شاهنشا کۆڕش که‌ زانایه‌کی گریگی پتر له‌ پێش ٢٠٠٠ ساڵ نوسیویه‌تی، ده‌خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ببن به‌ مرۆڤێکی مه‌زنی وه‌کو شاهنشا کۆڕش کوڕی شابانو مه‌ندانە.
ئه‌رێ! ڕابردووی کورد بریتیه‌ له‌ ڕابردووی شابانو مه‌ندانە و باپیرانی مه‌ندانە که‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی پیری مۆغانی ماد و زانایانی مادن که‌ ئه‌مانیش ‌زاناییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ وانه‌کانی په‌یام هێنه‌ران زه‌رده‌شت و مه‌هاباد که‌ په‌یامی بیروباوه‌ڕی ته‌نها خودایین پێش 11 هه‌زار ساڵ بۆ مرۆڤ هێناوه‌.
ئه‌ره‌بی ئه‌فریکی به‌ ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه، شارستانییه‌تی و نیشتمانی باپیرانی کورد و ئاریان له‌ ناو برد لێ ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی شابانو مه‌ندان‌ و شاهنشا کۆڕشی مه‌زنین که‌ جێگای شانازیمانن‌ له‌ نێو میلله‌تانی جیهاندا. ده‌با سه‌ربه‌رزانه‌ چیرۆکه‌کانیان بگێڕینه‌وه‌ و بڵێین، ئێمه‌ خاوه‌نی شابانو مه‌ندانە‌ و شاهنشا کۆڕشین. ‌‌
چاوپێکەوتنی مەندان لە گەڵ ئووڕیڤانی(گیان) نەتەوەی ئاری، لە کاتێکدا کە گیانەکە لە شێوەی مروڤێکی پپیرۆزی ئاینی دەردەکەوێ
شین و فرمێسک ڕژاندنە، گریانی مەندانه‌ دەنگی دەدایەوە لە چیای ده‌ماوه‌ند، کردارە نا دادپەروەریەکانی باوکی مەندانه‌ دەبیستم. من، ئووڕیڤانی نەتەوەی ئاری، هەمیشە ویستومە و کۆششم کردوە بە هەر ڕێگایه‌ك بێت و بە پێی توانام یارمەتی هەمووان بدەم. زۆر دێوی[٢٩] کردار پیس هه‌یە لە چیای ده‌ماوه‌ند دەگەڕێن بەدوای نێچیردا، جنۆکە پیسەکان کاری خۆیانیان کردووە بە شاهه‌نشا ئەستیاگ(ئاشتی ڤیگەوو)[٣٠] تا بتوانن کاری بەدی پێ ئەنجام بدەن دژی کچەزاکەی خۆی. باوکی مەندانه‌ کەوتە داوی ئەم بەد کارانەوە و وای لێ دەکەن کەدژی نەوه‌ی خۆی بێت. دێوی ئازاردەر و جنۆکە بچکۆلەکان دەتوانن خۆیان لەبەر چاو وون بکەن واتە نەبینراوبن و دەتوانن بفڕن یا خۆیان بگۆڕن بە هەر جەستەیەکی تر بەپێی پێویست. ئەمانە زۆر لە مێژەوە ناسراون بەکرداری پیسیان و زۆر جار ژنی لاویان فڕاندوە. توانایان هەیە مرۆڤ دەستگیر بکەن و بیکەن بە کۆیلەی خۆیان یان ببنە مایەی ترساندنی. خۆشیان دەتوانرێت بکرێنە کۆیلە لە لایەن مرۆڤەوە ئەگەر یەکێ لێی بزانێ دەست بگرێت بەسەر ئووڕیڤانی ئەواندا. من دەستم گرتووە بەسەر ئووڕیڤانی دێوێکدا لەناو ئەو گۆزەدایە و لەگەڵمایه. هەر کاتێک ئووڕیڤانی ڕادەوه‌شێنم، په‌یدا دەبێت و دەڵێت "گەورەم من نۆکەرتم، فەرمان بدە هەر چیەک دەخوازی بۆت بکەم."
منیش ئەمشەو لێرە، لە سەر چیای ده‌ماوه‌ند، دڵم تەنگە، پێم ووت بفڕە و بمبە بۆ ئەنشان، پایته‌ختی ئیلام. وه‌رزی زستانە ده‌مەوێت بفڕیت و بمبه‌یت بۆ ئەوێ با چێژ لە کەشێکی گەرمتر وەرگرم. کاتێ گه‌یشتمە ئەنشان، دانیشتوانی شار له‌ دوای کار ی ڕۆژانه‌یان، ده‌گەڕانەوە بۆماڵەوە بۆ خواردنی ئێوارەیان و بە سەربردنی کاتێکی هێمن لەگەڵ خێزانه‌کانیاندا. من وەکو ئووڕیڤانی نەتەوەی ئاری، گەشت دەکەم لەسەرتاسەری ئەم نیشتمانە بۆ ئەوەی بینین و گوێگرتن لە چیرۆکی دانیشتوانی نیشتمانی میللەتانی ئاری و ئاگاداری خۆشی و ئازاریان بم. بەم شێوەیە دەتوانم بەشداری بکەم لە خۆشی و ناخۆشی ژیانی میللەتانی نەتەوەی ئاری تا ئەو ڕۆژەی دەگەنە شوێنی کۆتایی و هەمیشەییان لە دوای ژیان.
ئا لەم شەوەدا ئازار و دەردی شابانو مه‌ندانەم بیست بە گوێی خۆم. چیرۆکەکەی زۆر کاریگەر بوو لەسەرم، بڕیارم دا یارمەتی خۆی و هاوسەرەکەی بدەم لە کاتی ئەم سەردانەمدا بۆ ئەنشان. دەمزانی مەندانە بێ ووچان سەردانی ئاتشگە[٣١] دەکات، لێ تا ئەو شەوە نەمدەزانی بۆچی؟ ژمارەیەکی زۆر سه‌ردانی ئاتشگە یان دەکرد، لێ ئەمشەو مه‌ندانە لەوێ بوو بپاڕێتەوە بۆ چارەنووسی کوڕە وون بووه‌کەی. شێوەی خۆم گۆڕی بوو بۆ ئەوەی زۆرتر تێبگەم لە کێشەکەی و بڕیارمدا لە نزیکەوە سه‌یری بکەم.
من خۆم گۆڕی بوو بە پیرە پیاوێکی ئاینی مەزن، بەڕیشێکی سپی جوانی پەخش بوو لەژێر چەناگەمەوه، سمێڵێکی پڕی سپی دەممی، کە پڕبوو لەددانی زەرد بوو بە دووکەڵی توتن، بە تەواوی داپۆشی بوو. بەلای پاساوەنە‌کانی دەرەوە تێپەریم و چوومە ناوئاتشگە‌کەوه، شابانو مه‌ندانە لەگەڵ چەند ژنێکی ئاینیدا دەپاڕایه‌وە. تا توانیم نزیک بوومەوە لێیان بە پێی نەریتی خۆمان پیشانمدا کەمنیش وەک ئەوان دەپاڕێمەوە. کات لەسەرخۆ ده‌ڕۆی و خەریک بوو دره‌نگ دەبوو، مه‌ندانە پاڕانەوه‌ی تەواوکرد لێ دیاربوو کە نیگەرانە و ڕەنج دەکێشێت. من خۆم لێ نزیک کردەوە و به‌ ڕێزه‌وه پرسیم "چی نیگەرانی کردوویت ڕۆڵه؟" مەندانه‌ لە وەڵامدا ووتی " ئۆە ئەی پیرۆزی مەزن! من ئەوە پێنج ساڵە هەموو شەو دێم بۆ ئێرە و دەپاڕێمەوە، ئەمشەو نەبێ تۆم لەمەو پێش هەرگیز نەدیووە، دەبینم تۆ پیاوێکی زۆر خودا پەرستی، من دەپاڕێمەوە بۆ کوڕه‌ وون بووەکەم."
" زۆر ڕاست دەکەیت! ڕۆڵەکەم ئەمە من یه‌کەم جارمە لێره، من گەشتیارم و تێدەپەڕم بە ئەنشاندا بەره‌و شوێنەواری مەزن لە ڕهاگێس(شاری ڕێ لە ناو تاران، ئێرانی ئێستا) بۆ ئەوه‌ی بپاڕێمەوە لەنزیکی ئەو شوێنە کە ئاهورەمەزدا پەیام هێنه‌ر زەردەشتی نارد بۆی دوای ئەوەی که‌سوکاری زەردەشت زۆریان لەخۆی و خێزانه‌کەی کرد کە شوێنی لە دایک بوونی بە جێبێڵێت چونکە بڕوایان بە پەیامەکەی زەردەشت نەبوو. منیش ئاواتم ئەوه‌یە کە نزیکی ئووڕیڤانی زەردەشت بم بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە جەنگ لەگه‌ڵ ئووڕیڤانی دێو و جنۆکانی کردار پیس بکه‌م.
هەر کە شابانو مه‌ندانە گوێ بیستی ووته‌کانم بوو یەکسەر زەردەخەنە کەوتە سەر لێوانی. شابانو مەندانە ڕووی تێکردم و فەرمووی، "خێزانەکەمان زۆر سەربەرز ئەبێت ئەگەر تۆ بتوانی لای ئێمە بمێنیتەوە تا ئەو کاتەی لە ئەنشانیت". ووتم، " نامەوێت ببم بەئه‌رک بەسەر خێزانی ئێوه‌وه‌‌، من زۆرشادمانم و لام په‌سه‌نده لە ئاتشگە بم." پێشم ووت پێم باشترە یارمه‌تی میلله‌ت بده‌م و خەریکی پاڕانەوە بم کاتێک گەشت دەکەم و بە هەر شوێنێکدا تێپەڕدەکەم.
بە چاوێکی خه‌فه‌تاوی و غەمگینەوە ‌سه‌یری کردم و ووتی، " ئێمەش پێوستیمان بەیارمەتی تۆ هه‌یه هەر وەک ئەوانی تر." خواستی زۆر کرد و فەرمووی، "لەو کاتەوە که ‌کوڕه‌کەمان وون بووه، من و هاوسه‌ره‌‌کەم په‌یوه‌ندیمان نەماوە لەبەر ئەوە ئێمە زۆر پێوستمان بە ڕێنمایی مرۆڤێکی ئایینی وەک تۆ هه‌یه‌."
منیش وام پیشاندا کە کەمێک بیر له‌ خواسته‌که‌ی ده‌‌کەمەوە، کەمێک ڕیشم خوراند و پرسیم، " پێم خۆشە کە سەربەرزم بکەیت و بە ‌سه‌رهاتەکەتم پێبڵێیت پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵین بدەم کە دەتوانم یارمەتیت بدەم."
هەرچەندە من دەمزانی کە ئەو هەرگیز خۆی پێناسە ناکات لێ لە وه‌ڵامدا ووتی، ‌"من، شابانو مەندانه‌م و زۆر دڵم خۆش دەبێت ئەگەر بتوانی لەگەڵمانا بێیتەوە بۆ کۆشک تا به‌سه‌رهاتی خۆمت بۆ بگێڕمەوە."
منیش کەوتمە بیر‌کردنەوە و پرسیارم لە خۆم دەکرد، ئاخۆ شابانو چ جۆرە ئازارێکی هه‌یە. نامەوێ درۆ بکەم چونکە ئه‌گەر ماندوو و بێکار نەبوومایه‌، خواسته‌که‌یم په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد و ئەویش دڵشاد نەده‌بوو. ئەوەی ڕاستی بێت من لە سەر ئاره‌زووی خۆم یارمەتی میلله‌ته‌که‌م دەدەم، ئه‌گینا کە بەزەییم بە مەندانە هاتەوە و بڕیارمدا یارمەتی بدەم لەبەر ئەوە نەبوو کە لە‌ بنەماڵه‌ی شازاده ‌و میرە لە هەمان کاتدا پاڕانەوه‌کەی زۆر کاری تێکردم. هەر چۆنێ بێت، پێم باش بوو کە خواسته‌که‌ی په‌سه‌ند بکه‌م. پاش ماوەیەک لە گەڵ خۆی و پاسەوانەکانی بەرەو کۆشک بەڕێ کەوتین و کە گەیشتین منیان برد بۆ هۆڵی میوان کە شوێنێکی زۆر گەورە بوو بۆ پیاوێکی پیری ئاینیی وەکو من. بەڕاستی من پێویستم بە شوێنی وا خۆش نەبوو لێ سوپاسی پاسەوان و بەردەستانی کۆشکم کرد و خۆمم ئامادە کرد بۆ گوێگرتن له‌ به‌سه‌رهاته‌که‌ی مەندانە.
بۆ سبه‌ینێ، دوای نان خواردنی به‌یانی، شابانو ناردی بە دواما. کاتێک دەستی کرد بە گێڕانەوه‌ی چیرۆکەکەی خۆی، بیرم پەرش وبڵاوبۆوە و چیرۆکەکەی بە شێوەیەک کاری لێکردم کە بووە هۆی ئەوەی بۆ یه‌کەم جار به‌ درێژایی ئەم چەند ساڵی ڕابردوودا، دەست بخەمە کاروباری مرۆڤه‌وه‌.
کاتێک من چوومە ژوورەوە بۆ ته‌ختی فەرمان ڕەوایی، شابانو دانیشت بوو لەسەر ته‌ختێکی مەغمەڵی مۆر و کەنەیزەکەکانی لە گۆشه‌یه‌کدا کاتی خۆیانیان بە یاری کارت دەبردە سەر و چاوه‌ڕوان بوون شابانویان ووتووێژ بکات لەگەڵ مندا. هەرچەندە ئاسایی نیە که پیاوێک بە تەنها بچێتە لای شابانو لە شوێنی تایبه‌تی خۆی لێ بۆ پیاوێکی پیری ئاینیی مەزنی وەکو من ئاسایی بوو. دەستی ئاڕاستە کرد و پیشانی دام کە دانیشم لە سەر ته‌ختێک بەرامبه‌ری و منیش بەشادییه‌وه‌ دانیشتم هەرچەندە ئه‌م ڕووداوە‌ زۆر ئاسان نەبوو بۆمن چونکە فێرنەبووم وەک مرۆڤ هەڵسوکەوت بکەم.
کاتێک دانیشتم، شابانو بە ڕێزەوە سوپاسی هاتنەکەی کردم و لەو کاتەدا ژنێک بەدوو پیاڵە چاوە هات [٣٢]. ژنه‌کە بە جۆشه‌وه‌ چاکەی ئامادە کرد و ئێمەش دانیشت بووین بەبێ دەنگ بۆ ئه‌وه‌ی شابانو ووته‌کانی ته‌واو بکات.
من کلیانه‌کەم دەرهێنا و دەستم کرد بە باخەڵما دەگەڕام بۆ توتن. ووتم "سوپاس بۆ میوانداریاکه‌ت گەورەم، سەربەرزم کارت بۆ بکه‌م ، چۆن ده‌توانم پشتگیریتان بکەم؟" ئەوەی ڕاستی بێت هیچ زیانم نەدەکرد ئەگەر خۆم بکەم بە مرۆڤ هەرچەندە زۆر بێزار بووم کە لە لەشی مرۆڤدا بووم. هەر چۆنێک بێت خۆشی توتن شتێک بوو چێژم لێ وه‌رده‌گرت لەبەرئەوە کیلیانه‌کەم داگیرساند و پاڵمدایاوە لە سەر ته‌خته‌که. پاشان دووکەڵه‌کەم هەڵمژی و سیه‌کانم پڕدەکرد لە دووکەڵی خەست و‌ بە چێژه‌وه‌ فووم دەکردە دەره‌وە.
شابانو مەندانە ووتی، " بێگومان دەبینی کە من شابانوی ئەم نیشتمانه‌م لێ لەبەر ئەوەی دانیشتووی ئەم ناوچەیه‌ نیت لەوانه‌یە نەزانیت من باووباپیرانم کێیە." کە ئەم ووشانەی ووت، کەمێک وەستا. وا هەستم کرد تۆزێک دوو دڵ بوو لە ووتەکانی و پێی دەچوو دەیوویست زۆرتر بیر بکاتەوە. پاشان ووتی "من نه‌وه‌ی شاهنشام، دایکم شابانو ئاریانیسە و باوکم شاهنشا ئەستیاگ، شاهنشای ئیمپڕاتۆڕی ماده‌"
له‌ وه‌ڵامدا ووتم " ئه‌رێ، زۆر باش تێدەگەم، من شاهنشام بیستووه‌‌، تۆ له بنەماڵه‌یه‌کی زۆر پڕهێز کاریت. لەم گەشته‌‌مدا زۆرم بیستووە لە باره‌ی باوکت، شاهنشا ئەستیاگ، و چیرۆکی باپیرە گەوره‌ت، دیاوکاکۆ(دیاکۆ)." بێگومان من زۆرم دەزانی لە باره‌ی باپیرە گەورەی مەندانە چونکە من یه‌کێک بووم لە گەورە ڕاوێژکارانی دیاکۆ. دیاکۆ هەر زوو لە کاتی گه‌نجیەوە بەناوبانگ دەبێت و دەناسرێت بە مرۆڤێکی یاساناس و دادپەروەر کە لە دواییدا دەتوانێت شه‌ش هۆزی ماد بکات بە یه‌ک و سوپایه‌کی یه‌کگرتوویان لێ دروست بکات بۆ بەرگری کردن لە ستەم و زۆرداری ئیمپڕاتۆری ئاسوری. دیاوکاکۆ(دیاکۆ) دەبێت بە مەتینێکی تر لە ناو نەتەوەی ئاریدا.
شابانو مەندان لە درێژەی چیرۆکەکیدا ووتی، "باوک و دایکم ژیانی هاوسه‌ریان زۆر خۆش و بەختیار بوو هەرچەندە لە ساڵانی سه‌ره‌تادا دایکم زۆر هه‌ستی به‌ ته‌نیایی ‌کردبوو. دایکم له بنەڕەتدا لە لیدیاوه‌ هاتبوو. هه‌ر دوو شانیشینی ماد و لیدیا بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ دژ بە یەک جه‌نگان، ساڵی پێنجەمی جه‌نگ بوو خۆرده‌گیرێت و تاریک دایه‌ت، ئه‌مه‌ش بە نیشانەیه‌ک دانرا بۆ وه‌ستانی جه‌نگ لە نێوان هەردوو لادا. ئیتر بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان ماد و لیدیا بچەسپێنرێت، بڕیاڕ دەدرێت دایکم کە کچێکی زۆر گەنج دەبێت، ببێتە هاوسه‌ری باوکم. دایکم ژنی یه‌کەمی باوکم نەبوو، شازادە ڤەشتی کە خزمی خۆی بوو ژنی یەکەمی باوکم بوو، پاشان دایکمی هێنا بوو. لێ زۆری پێ نەچوو کەخۆشه‌ویستیه‌کی زۆر لەنێوانیان دروست بوو.
بە بۆنەی لە دایک بوونمەوە، باوکم ئاهەنگێکی زۆر گەورەی گێڕا بوو و میوانه‌کان زۆر ناویان بۆم پێشنیار کرد بوو. هەر وەکو باوە زۆریان ناوی کۆنی کەسوکار یان مروڤێکی ئاینیان پێشنیارکرد بوو، هەر چۆنێبێت باوکم نەخشەی جیاوازی خۆی هەبوو، خۆی و دایکم ناویانام مه‌ندانە. مه‌ندانە لە دوو ووشەوە هاتووە؛ مەن لەگەڵ دانا واتە من دانام. باوکم زۆربەی کات بانگی دەکردم کچە داناکەم، زۆر منی خۆش دەویست. دایکم زۆر گەنج بوو لەو کاتەدا، ئەویش بانگی دەکردم؛ کچە داناکەم، کچەکەم یان هاوڕێکەم. من زۆر دڵخۆش بووم ئەو کاتانە."
مه‌ندان دەنگی گیرا و چاوی پڕ لە گریان بوو کاتێ بیری ده‌کردوە لە ڕۆژە خۆشەکانی ژیانی. بەش بەخۆم، لەسەرخۆ گوێم لێدەگرت، جگەریه‌کی ترم پێچایەوە و چایه‌کی ترم خواردەوه. ماوەیەکی زۆربوو کە لەگەڵ مرۆڤدا دانەنیشتبووم، گۆڕانێکی باش بوو.
مه‌ندان لە درێژەدا ووتی، "بێگومان من خەوەکانی باوکم بیست بوو، یەکە بە یەکی ئەوانەی ناو کۆشک چیرۆکەکەی بیست بوو کەچی هەرگیز کەسێک بۆ منی نه‌گێڕایەوه. زۆر زۆر جار گوێم لێدەبوو کە کارماندانی ناو کۆشک گفتوگۆی خەوەکەیان دەکرد. دوای لە دایک بوونم، باوکم لە خەویدا دەبینێ من میزم زۆر کردووە و زۆربەی شاری ئەگبەتانە (هەمەدان، ئێران)ی پایته‌ختی ئیمپڕاتۆری ماد و لایه‌کی ئاسیای کردوە بەلافاو. باوکم پیاوە زاناکانی پیری مۆغانی(مەگەئۆش) بانگ دەکات بۆ ئەوەی پێیبڵین مەبەست لە خه‌وەکەی چیه. دوای چەند ڕۆژیک دەگەڕێنەوە بۆ شیکردنەوه‌ی خه‌وە‌کەی باوکم، دەڵێن کە ڕۆژگارێک دێت مه‌ندانه‌ کوڕێکی دەبێت باپیری لە سەر ته‌خت لا دەبات و دەست دەگرێت بەسەر هەموو ئیمپڕاتۆری ماددا. باوکم منی زۆر خۆشدەویست، هیچ کاتێک ئازاری نەداوم لێ زۆرجار دەمبینی بەنیگه‌رانیه‌وە زۆر سەرنجی دەدام و هەندێ جار لەوە دەچوو بیرەکانی هەزاران جار دوور بێت لە خۆی. لەوانه‌یە باوکم ترسابێت لێ هەرگیز هیچی بە من نەدەووت. منیش ئەو کاتە منداڵ بووم و زۆریش لە خۆشەویستی باوکم دڵنیا بووم.
من لە دایک بوونمەوه لە لایه‌ن کۆمەڵێک دایەنەوە گەورە کرام کە ئێستاش لە ئەنشان لە گەڵمان. کاتێک تەمەنم گه‌یشتە پێنج ساڵان مامۆستایه‌کی ژنیان بۆ هێنام، ناوی مۆغانزادە بوو بۆ ئەوەی خوێندنم فێربکات."
منیش کەوتمە بیرکردنەوە و ووتم ئەگەر مۆغانزادە مامۆستای بووە ئەمە ژنێکی ئاسایی نیه، چونکە مۆغانزادە مامۆستایه‌کی ئاسایی نیه! لە هەمان کاتدا بیرم دەکردوە دەبێت ئێستا مۆغانزادە لە چ شێوەیەکدا بێت. ئایا وا لەم نزیکانه؟ دووبارە چاوێکم خشاند بە کەنیزەکاندا هیچیان مۆغان[٣٤] نەبوون. مۆغان کۆمه‌لێک زانای زیرەکن، زانای ئه‌ستێره‌ناسن و زۆر بەناوبانگن لە ناو نەتەوەی ئاریدا و شارەزایه‌کی زۆریان هه‌یە دەرباره‌ی جیهان لێ ئەبێ هەموو کاتێک ووریا بیت کاتێک لە نزیکەوە پەیوەندی دەکەیت لەگه‌ڵ مۆغاندا چونکە لێیان بخوازی خەوت بۆ شیبکنەوە شتێکە، بڕوایان پێبکەیت منداڵەکەت پەروردە بکەن ئەوەیان شتێکی ترە. لە مێشکی خۆمدا دەمووت، تۆ بڵییت شاهنشا ئەستیاگ زانیبێتی ئەم مامۆستایە کێ بووە. له‌ هه‌مان کاتدا زۆر ئاگاداری خۆم ده‌کرد چونکه‌ مۆغانزاده‌یه‌کی زۆر که‌م زان ‌یه‌کسه‌ر ده‌زانێت من کێم. بیرم ده‌کرده‌وه‌ چۆن خۆم ڕزگار بکه‌م ئه‌گه‌ر مامۆستا مۆغانزاده لێره‌ بێت چونکه‌ من به‌ هیچ جۆرێک نه‌ خۆم ئاماده‌ ‌کرد بوو ڕووبه‌ڕووی فڕوفێڵی مۆغانزاده‌ بم‌ و نه ئاماده‌ بووم خۆم ئاشکرا بکەم که‌ من کێم.
به‌ ده‌م بیرکردنه‌وه‌ ووته‌کانم به‌ مه‌ندانه‌ پچڕی و ووتم، " شابانوم! ئێوه‌ منداڵیتان زۆر بەختەوەر بووە، ئه‌ی ئایا به‌ هه‌مان شێوه‌ بەختەوەر بوویت کە به‌رده‌سته‌کانت و مامۆستاکەت لە گەڵتابێت کاتێک ماڵی باوکت بەجێهیشت؟"
"به‌رده‌سته‌کانم لێرەن و هه‌موو کاتێک لە گەڵما دەبن بۆ هەرکوێ بڕۆم. کاتێک ژیانی هاوسه‌ریم ده‌ستی پێکرد، باوکم نەیهێشت مۆغانزادە لە گەڵما بێت. ئای چه‌ند بیری دەکەم! ده‌زانی چه‌ند سەختە بۆ من کە بیری لێدەکەمەوە مۆغانزادە ئەوەندە دوورە لێمەوە چونکە زۆرم خۆشدەوێت. پاش ئه‌و ڕۆژه‌ی لای کۆشکی بنەماڵەکەم لە سه‌ر چیای ڕێگای ئه‌گبەتانە (هه‌مه‌دان)، بۆ یه‌که‌م جار شازادە کامبۆژیان [٣٥]ی هاوسه‌رم ناسی، مۆغانزادەی مامۆستام یه‌کسه‌ر چارەنووسی چاوەڕوانکراوی خۆمی پێ ووتم. دوای ماوه‌یه‌ک لە ناو هەمووان دەنگی دایەوە کە کامبۆژیان و من ‌حه‌زمان له‌ یه‌کتر کردوه. له‌ هه‌موو لایه‌کیش ئاشکرا بوو کە هاوسەری من و کامبۆژیان دەبێتە مایەی دروست بوونی هاوپەیمانیه‌کی ڕامیاری بەهێز. باوکم زۆر زۆر ئه‌م بیره‌ی به‌ دڵ بوو و په‌سه‌ندی کرد ببم به‌ هاوسه‌ری شازادە کامبۆژیان، کوڕی شای ئیلام.
شایی و زەماوەندەکەمان زۆرخۆش بوو وه‌ چەندان شەو و ڕۆژی خایاند. چه‌ندان دەستەی جیاواز دەهۆڵ و زووڕنایان لێدەدا و زرمەی هەڵپەڕکێ ئاهەنگەکەی زۆر گەرم کرد بوو. من و کامبۆژیان زۆر به‌ جۆشه‌وه‌ لە زەماوندەکەماندا بە بازنەیی بە چوارچێوەی دەهۆلێکی گەورەدا هەڵدەپەڕین. بارودۆخی ئاهەنگەکە زۆر خۆشبوو لە بەر ئەوە هیچ هۆیەک نەبوو کە من گومان بکەم له‌ ناخۆشی و ئاژاوه‌ جگە لە هێنانی شادیی و کامەرانی بۆ یەگرتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
ته‌مه‌نی خۆشی و کامه‌رانیمان زۆر کورت بوو چونکه‌ دوای ماوەیەکی کەم کوڕێکمان بوو کە چی باوکم بردی و پێیان ووتین کە جارێکی تر چاوتان پێیناکەوێتەوە. ئیتر من و کامبۆژیان هیچ هیوایەکمان نه‌ما. ئێستاش پێنج ساڵی پڕ لە ئازارمان بڕیوە و هێشتا هیچمان دەربارەی کوڕەکەمان نەبیستوە."
من، ئووڕیڤانی نەتەوەکانی ئاری، بە دەموچاوێکی غەمگینەوە سەیرم کرد و ووتم ، "من، دەگەڕێمەوە بۆ ئاتشگە بۆ ئەوەی له‌ ئاهوره‌مه‌زدای مه‌زن بپاڕێمەوە تا کوڕه‌که‌تان له‌ بەڵا بپارێزێت. هه‌روه‌ها هیوادارم پێش ئەوەی ئەنشان بە جێبێڵم، بتوانم جارێکی تر سەر لە خۆتان و هاوسەرەکەتان بدەم." مه‌ندانه‌ زۆر سوپاسی کردم و فەرمانیدا به‌ پاسه‌وانه‌کانی بمبه‌نه‌وه‌ بۆ ئاتشگە.
دوای چەند ڕۆژێک، من، ئووڕیڤانی نەتەوەکانی ئاری، خواستم کە چاوم بکەوێت بە شا کامبۆژیان و شابانو مەندانه‌ی ئەنشان. لە شوێنی تایبەتی کۆشکی شاهانه‌ چاوم پێیان که‌وت و بینیم کامبۆژیان زۆرنیگەرانه‌ و باری ده‌روونی به‌ ته‌واوه‌تی ڕووخاوه‌ له‌ دووری کوڕەکەی. دوای ئه‌وه‌ی لە سەرخۆ چاک و چۆنیان لەگەڵ کردم و سوپاسی سەردانەکەمیان کرد، پێم ووتن کە خەوم بینیوە و کوڕەکەیان دەژی و زۆر به‌خته‌وه‌ره‌ و هه‌روه‌ها لە خەوما بینیم کوڕه‌که‌یان دەگەڕێتەوە بۆ لایان و سه‌رتاپای نەتەوەی ئاری دڵخۆش دەکات. له‌ کۆتاییدا ووتم که‌ بڕوایان بە خودا هەبێت و خۆڕاگربن چونکه‌ ئاهوره‌مه‌زدا یارمەتی هەردووکیان دەدا کە سەرکەوون بەسەر ئەم کاتە سەختەدا. پاشان سوپاسی میوانداریانم کرد و بەجێمهێشتن.

چاوه‌ڕانی به‌شی چواره‌م بن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە