دیسان هەڕەشەو سوكایەتیەكانی ماڵپەری ئیسلام پەیكی كۆمەَلی ئیسلامی و ئیسلامە سیاسیەكان

Saturday, 21/02/2015, 12:00

3276 بینراوە


(بۆ / ڕای گشتی ، میدیاكان ، لایەنە پەیوەندیدارەكان)
ئیسلام پەیك / " ئەوە دینی پیرۆزی ئیسلامیە رێگە ئەدات سەدان كەسی وەك ئێوە لە ولاتەكەیدا بژی و بە ئازادی بسوڕێتەوەو قبوڵی بكات".
بەر لەماوەیەك لەسەر ماڵپەری ئیسلام پەیكی كۆمەڵی ئیسلامی (Islampaik Hawall) ، دۆست و هاوبیرەكەی مەلا كرێكارم نوسی لەسەر بابەتێكی لەسەر من لەژێر ناونیشانی "سەگێكی تری بەر دەرگای عەلمانیەت دەستیكرد بە وەڕین".. ئەوەش تەنیا ماڵپەرو میدیای ئیسلامی نیە كە بەم زمانە ئەدوێن بەرامبەر ڕەخنەگرەكانیان ، ئەمجارە ئیسلام پەیك نامەیەكی ئاڕاستە كردووم ، كە لێرەدا وەك دوا وەلام بۆیان ، نامەكەیان بەش بە بەش شیدەكەمەوەو وەلامەكەشم كەمتر بۆ ئەمانە چونكە مێشكێك هیچ وەرنەگرێت كاتی بۆ خەرج نەكرێت باشە ، بەَلكو زۆرتر بۆ ڕای گشتیە و بۆ خستنە ڕووی بیركردنەوەو ئاستی ئیسلامە سیاسیەكانە بە گشتی.

هەتا ئێستە لەسەر نوسینێكم سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی 12 نامەی "زانا ئاینی" و بەرپرسە ئیسلامیەكانم بۆ نێردراوە بە ئەندام پەڕلەمانە ئیسلامیستەكانیشەوە ، جگە لە دروستكردنی فشارو وشەی نەشیاو بەو لاوە ناوەڕۆكێكی بابەتی و شیكاری بە واتام تێدا نەبینیوە ، ئەمانەش هەروەك نوسینەكانیان.

لە نامەكەی ئیسلام پەیك / " ئێوه‌ سوكایه‌تیتان به‌ میلله‌تی كورد كردووه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره ‌زۆری ئاینیان ئیسلامه و بونه‌ته‌ مایه‌ی بیرنداركردنی هه‌ست و شعوری میلله‌تێك":

وەلامی من:
ئاینی ئیسلام لە بنەڕەتدا ئاینی عەرەبە نەك كورد و بە حوكمی شمشێر و فتوحاتی ئیسلامی عەرەب بە زۆر كوردیان كردۆتە ئیسلام، لەبەر ئەم هۆیە ناكرێت من سوكایەتیم بە میللەتی كورد كردبێت چونكە ئەوە ئاینی كورد نیە. عەرەب بە ڕێگای ئیسلامەوە بۆتە خاوەنی دەوڵەت و سوودی لە ئاینەكەی بینیوە و عروبەچێتی پێوە كردوە، كەچی ئیسلامیە كوردەكان نایانەوێت لەم ڕاستیە مێژوییە تێبگەن ... سوكایەتی ئەوەیە كە ئێوەی ئیسلامیەكان دەیكەن بە كورد، بەوەی دژی هەموو شتێكی ڕەسەنی كوردەوارین، دژی جل و بەرگی جوانی ئافرەتانی كوردن، دژی سرودی نیشتیمانی و ئالای كوردستانن، دژی بۆنە نەتەوەییەكانی كوردن، هەموو ئەمانە بێرێزی و سوكایەتی كردنە بە پیرۆزیەكان و هێمای نەتەوەیی و نیشتیمانی كورد.

شارەزای بواری ئیسلامی سیاسی، كاك بەختیار شەمەیی لە لاپەڕەی فەیس بوكیدا دەنوسێت: " با وای دابنێین، پەیامبەری موسوڵمانان، محەمەدی عەرەب ، عەرەب نەبوایە و لە كوردستان لە دایك بوایە و كورد بوایە ، قورئانیش بە عەرەبی نەبوایەو هەر هەمان قورئان بە هەمان ناوەڕۆكەوە بە زمانی كوردی بوایە، ئایا هیچ عەرەب و تورك و فارسێك ئەو كاتە بە بانگهێشتنی محەمەدی كوردی ئیسلامیان بە ئاینی خۆیان پەسەند دەكرد و دەبوون بە موسوڵمان؟
من دەلێم بێگومان نەدەبوون ، ئەی كەواتە بۆچی ئێوەی كورد دوای ئاین و كەلتوری عەرەب كەوتوون و خزمەتی دەكەن؟ ئێوە پێش ئەوەی موسوڵمان بن دەبێت كورد بن و ناسنامەی نەتەوەیی ئەولەویەتی هەیە و مەرجی مانەوەمانە وەك نەتەوە.

سەبارەت بەو ڕستەیەی ماڵپەری ناوبراو دەنوسێت: "به‌شی هه‌ره‌زۆری كورد ئاینیان ئیسلامه‌ و ئیوە بونه‌ته‌ مایه‌ی بیرنداركردنی هه‌ست و شعوری میلله‌تێك..".
وەلام: لەسەر تەسكەرەو دەفتەر نفوس هەمومان بێخواستی خۆمان وەك موسوڵمان تۆمار كراوین ، بەلام تەنیا بەشێكی كورد پیادەی ئاینەكەی دەكات و ئەوەش لە گشت ناوچەكانی تری ئیسلامدا هەمان شتە ، هەروەها بە كام ئاماری زانستیی دەستنیشان كراوە كە چەندن ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە موسوڵمان دەزانن ، چەندیان بێدینن؟ كەواتە ئێوە مافی ئەوەتان نیە بە ناوی زۆرینەی ئەم گەلەی ئێمەوە قسە بكەن ، بەَلكو تەنیا دەتوانن بە ناوی خۆتانەوە قسە بكەن و هیچیتر ، جگە لەوە ئاین دەبێت تەنیا لە نێوان ئەو كەسەو ئەو خودایە بێت كە كەسەكە خۆی دەستنیشانی كردوە ، ئیتر ئێوە بە چ مافێك خۆتان كردوە بە نوێنەری خەلك و خوداش لەسەر زەوی؟
لایەنە ئیسلامیەكان بەپێی ئاماری دوا هەلبژاردنەكانی 2013 بە هەمویان تەنیا 17%ی دەنگەكانیان هێناوە لە هەرێم ، كەواتە تەنیا نوێنەرایەتی ئەو رێژە كەمە دەكەن و هیچیتر ، ئەوە دەبەخشێت كە زۆرینەی خەڵكیی لە هەرێم ئیسلامیەكانی وەك دەسەلاتێكی سیاسی لاپەسەند نیە. ئیتر كامەیە ئەو زۆرینەیەی ئێوە باسی لێوە دەكەن و گوایە جەماوەری ئێوەن؟

ئاین وەك واقعێكی كۆمەلایەتی و مێژویی وەردەگرم
من هەرگیز سوكایەتی بە هیچ ئاینێك ناكەم و وەك واقعێكی كۆمەلایەتی و مێژویی وەردەگرم ، بەلام من هیچ پێویستیەكم بە ئاین نیەو پرەنسیپە ئەخلاقیەكانیش لە ئێوە باشتر پیادە دەكەم ، تێڕوانینی فەلسەفی بۆ ئەخلاق هەمووی وەك یەك نیە ، من وەك كەسێكی سێكولار (عەلمانی) بڕوام بە دیموكراسی و فرەیی و ئاشتی هەیەو دژ بە هەموو جۆرە دیكتاتۆریەتێكم ئیتر دیكتاتۆریەتی حیزبی ، ڕاست ، چەپ یان ئاینی بێت و داوای جیاكردنەوەی ئاین دەكەم لە دەوڵەت و شەریعە نەبێتە بنەمای دەوڵەت و دەستور و ژیانی كۆمەلایەتی چونكە ناعەدالەتیەكی زۆری تێدا دەبینم و ناكرێ ببێتە نوێنەری تەواوی كەمەَلگایەك بەو هەموو جیاوازیە فكریەیەوە، بەَلكو دەستورێكی تەندروستمان پێویستە كە جێگای هەمووانی تێدا ببێتەوە ، تێڕوانینی عەلمانیەتی تەندروست دەبێت بەم شێوەیە بێت و عەلمانیەت بێ دیموكراسی لای من ناتەواوە ، گەرنا پێچەوانكەی هیچ جیاوازی نابێت لەگەل توندڕەوی ئیسلامدا چونكە ئەو كاتە هەردوو دەبنە ڕێگر لەبەردەم دیموكراسیەتدا. ئەو كاتە عەلمانیەتیش دەبێتە ئاین.
بەلام ئێوەی ئیسلامیەكان بێ هیچ ڕونكردنەوەیەكی زانستی و بابەتی بەردەوام بە وشەی ناشایستە پەلاماری عەلمانیەكان ئەدەن و ئەوانەش كە وەك ئێوە بیرناكەنەوە. هیچ ئاینێك بە ئیسلامیشەوە هەرگیز نەیتوانیوە بەقەد عەلمانیەت سود بە كۆمەَلگاو مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوە موسلمانەكانن لە ناو سیستەمی عەلمانیدا مافەكانیان پارێزراوە ئەوەی كە لەناو سیستەمی ئیسلامی سیاسیدا هەرگیز پێی نەدراوە.

لە بەشێكی تری نامەكەتاندا دەنوسن :"نه‌ك تۆ هه‌ركه‌سێك هه‌وڵی سوكایه‌تی كردن به‌ خواو "پیغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئاینی پیرۆزی ئیسلام و قورئانی پیرۆز بكات ئه‌وا نه‌ك وه‌ك ئاژه‌ڵێك وه‌ك سه‌گ وایه‌ ، به‌ڵكو به‌ پیسایی ئه‌و سه‌گه‌ش ناشێت" ..

وەلام: ئێوە تەواوی ئەم وتەیەتان لە قورئانەوە وەرگرتوە كە دەڵێت:

(ولقد ذرانا لجهنم كثيرا من الجن والانس لهم قلوب لا يفقهون بها ولهم اعين لا يبصرون بها ولهم اذان لا يسمعون بها اولئك كالانعام بل هم اضل اولئك هم الغافلون)الاعراف ١٧٩، (ام تحسب ان اكثرهم يسمعون او يعقلون ان هم الا كالانعام بل هم اضل سبيلا) الفرقان٤٤.


كەواتە ئێوە خەَلكیی لەسەر ئەم ئایەتە پەروەردە دەكەن كە غەیرە موسوڵمانەكان وەك ئاژەڵ هەژمار بكرێن ، بۆچونێكی ئەوەندە دواكەوتوانەو نامرۆڤانەی پێش 1400 ساڵ لە سەدەی 21دا كاری پێبكرێت. ئایا بەوە دەوترێت ئاینی ئاشتی و رێزگرتن لە ئاینەكانی ترو بیروڕا جیاوازەكان؟

ئێوەی ئیسلامە سیاسیەكان بە بەكارهێنانی ئەم جۆرە زاراوانە لە ڕاستیدا تەنیا سوكایەتی و بێڕێزی بە خۆتان و حیزبەكانتان و ئاینەكەشتان دەكەن و هەمووی بێنرخ دەكەن، نیشانی ئەدەن لە چ ئاستێكی نزمی بیركردنەوەدان ، ئەو ڕاستیەش كە ئێوە بە هەزاران میل دوورن لە ئەتەكێتی قسە كردن و كەلتوریی و شارستانیەوە.. ئێوە ئەگەر كەمێك ئاستی ئەدەبیتان هەبێت ئەوا بە نوسین و شیكاریی وەلام ئەدەنەوە ، بەلام وەك دەبینم لە تەواوی نوسینەكانی ئێوەو هاوشێوەكانتان تەنیا زمانی هەڕەشەو تیرۆری سیاسی و فكریی و زاراوەی سەگ و پشیلەو تانجی و بەراز دەزانن و بەكار دەهێنن ، ئەگەر ئەم ئاژەلانەی ئێوە ئاماژەتان پێداوە ئەوەندە لای ئێوە گلاون بۆچی خوداكەی ئێوە دروستی كردوون؟ سەگ كە ئێوە بەردەوام لە زاراوەكانتاندا بەكاری دەهێنن زۆر لە ئێوە بە سوودترن ، چونكە سەگ كۆنترین هاوڕێی مرۆڤە ، هەروەها یارمەتی شوان ئەدات بۆ پارێزگاریی لە مەڕو مەلات ، ماڵ و خێزان دەپارێزێت لە دەستدرێژی دەرەوە و هاوڕێی كەسە تەنیاكانن ، ئێوە خاوەنی ئەو خەسڵەتانەش نین.
لە بەشێكی تری نامەكەی ئیسلام پەیكدا هاتووە: "هه‌ركه‌سێك سنور ببه‌زێنێت پێویسته‌ به‌ری پێ بگرین ، ئیتر ئه‌گه‌ر داعشیكی دروست كراوی ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورپای عه‌لمانیه‌كه‌ی جه‌نابتان بێت یان كه‌سانی وه‌ك جه‌نابتان كه‌ سوكایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌كات"..

وەلام: لێرەدا تەواوی دەموچاوی ڕاستەقینەی ناپەسەندی خۆتان نیشانداوەو هەربۆیە پێشم باشە ئەم ڕستانەتان نوسیوە ، بەر پێگرتن لای ئێوە بە واتای ئازاردان و ترس و تۆقاندن و وشەی نەشیاو دێت ، هەروەها سنوور بەزاندن لای ئێوە چی دەبەخشێت؟ دەكرێ ئێوە ڕەخنەیەكی بچووكیش بە سنور بەزاندن ببینن و كاردانەوەی نامرۆڤانەتان هەبێت بۆی ئەگەر بە دڵی ئێوەی ئیسلامیەكان نەبێت ، كەواتە ئێوە لەڕاستیدا بەم هەَلویستانەتان مەترسین بۆ سەر فكری ئازادو مافی تاك و مافی مرۆڤ و كۆمەَلگا بە گشتی .. زۆر باش لە یادمە دوای ڕزگار كردنی هەَلەبجە لە ئیسلامیەكان ، یاوەری تیمێكی ئیعلامیی یەكێتی نیشتیمانیم كرد بۆ هەَلەبجە ، لەوێ بە ڤیدیۆ بەندیخانەیەكی یەكگرتووم تۆماركرد كە لەژێر زەمینێكدا بوو ، هەروەها ئەو نوسینانەی كە بەندكراوەكان لەسەر دیوارەكان هەَلیان كەندبوو ، ئەوەی كە من بینیم و بەرامبەر بە مرۆڤەكانتان كردوە قێزم لە مرۆڤ بوونی خۆشم دەهاتەوە... جارێكیش لەگەل خیزانەكەم بە رێگای باشماغ دەمانویست بچینە ئێران بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەوروپا چونكە ڕێگای برایم خەلیل بۆ من قەدەغە بوو لەبەر ئەوەی ڕەخنەگری پارتی بووم و نامیلكەیەكیشم لەسەریان نوسیبوو كە بەشێكی بەرچاوی پەیوەندی بە بنەماڵەی بارزانیەوە هەبوو ، بەو هۆیەوە خوشك و برایەكم لە برایم خەلیل لە لایەن پارتیەوە دەستبەركران و ئەزیەت دران ، چەكدارەكانی یەكگرتوو بەزۆر دەیانویست خێزانەكەم لەچك بپۆشسێت و ئێمەش ڕەدمان كردەوە بەوەی ئێمە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانداین و بڕوامان بە یەك حكومەت هەیەو توند بووین لەسەر هەڵوێستەكەی خۆمان. هەر ئەوەندەی چوینە ئەودیو ئێران لەسەر سنوور دیاربوو چاوەڕوان دەكراین و دەستبەسەر كراین بۆ ڕۆژێك و جانتاكانمان بەشێوەیەكی ناشیرین بشكێندراو پەنجە مۆرمان پێكراو ئەو بابەتی لەچك كردنەش هاتەوە بەرباس ، ئەم وێنەیە بێگومان خۆی بۆخۆی ئەدوێت كە چی ڕویداوە لەو نێوانەدا ، ئایا ئێوەی ئیسلامیەكان بۆ ئەم دوو باسە چی وەلامی خوێنەر ئەدەنەوە؟ ئابەم جۆرە ڕەفتارو بیركردنەوەیەتان دەتانەوێ بگەنە دەسەلات؟

داعش بێ ڕۆژئاوا دروستبوە
داعش بێ ڕۆژئاوا دروستبوە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسی وكۆمەلایەتیەی عێراقدا ، بەلام ڕۆژئاوا پشتگیرییان كردن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەلام نەیانزانی داعش دەبێتە ئەو هێزە مەترسیدارە ، ئەوە بە پلەی یەكەم توركیاو سعودی و قەتەرو دەوڵەتە ئیسلامیەكانی دۆستەكانتانن هاوكاری سەرەكیی داعش و ئێوەشن ، ئیتر بۆچی خۆتان لەبەردەم ئەو ڕاستیەدا گەوج دەكەن.. داعش قوتابخانەیەكی بەهێزی ناو ئیسلامی سیاسیە. لێرەدا كە ئاماژەم بە داعش داوە هاوشێوەی داعش لە سەردەمی سەحابەوە هەتا ئەمڕۆكە هەبوەو نكۆڵی كردن لێی نایسرێتەوە. لێرەدا داعش لەناو ئیسلامدایەو خوێندنەوەیەكی تایبەتە بۆ ئیسلام و لە پەنای ئایەت و حەدیس و وتەكانی زانایانی ئایندا شەرعیەت وەردەگرێت و گەشەی كردوەو درێژە بە بوونی خۆی ئەدات. ئەوە هەتا ئێستە ڕۆژئاوا بووە ئیسلامیە سیاسیەكانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار هێناوە ، ئێوەش سودتان لە نەخوێندەواری و دواكەوتویی و ناهوشیاریی و ساویلكەیی بەشێكی بەرچاوی كۆمەَلگاكەمان بینیوە بۆ سیاسەتی بە گەوج كردنیان بۆ مەبەستێكی تەسكی حیزبایەتیتان بە ناوی ئاینەوە.

ژیان هەر بە تەنیا بریتی نیە لە ئاین
لە كاتێكدا ئێوە هەموو فەلسەفەی ژیانتان تەنیا بووە بە ئیسلام كردنی كۆمەَلگا ، ڕۆژئاوا سەرقاَلی پێشكەوتنی زانست و داهێنان و مەعریفەو تەكنەلۆژیان و لە مێژووی خۆشیان فێر بوون ، كەچی ئیسلام هەر هێشتا سەرقاَلی مل پەڕاندن و زەواجی نیكاح و سیغەو فرە ژنی و جەنگ و توندوتیژی و وێران كردنی یەكترن ، تراژیدیاكە لێرەشدایە ، ئیتر بۆچی ئێوە دژایەتی ڕۆژئاوا دەكەن ، بەلكو هەَلە سەرەكیەكە لەناو خۆماندایە؟ ئەوەی بەسەر ئیسلامدا هاتوە خۆی بەسەر خۆیدا هێناوە ، ئێمە دەبێت خۆمان ڕێگر بین لەو سیاسەتە ڕوتێنەرانەی زلهێزەكان بەرامبەرمان ئەویش بەوەی بە هۆش خۆماندا بێینەوە.. ئەو ڕۆژئاوا مەسیحیەو یابانی بووزیەی ئێوە بە بێڕەوشت ناویان دەبەن هەرچی ئەو زانست و دەرمان و مەعریفەو تەكنەلۆژیایانەی ئێوە بەكاری دەهێنن بەرهەمی ئەوانە ، ئەو یەهودیانەی ئێوە بەردەوام خراپ لەسەریان دەخوێنن بەشێكی بەرچاوی زاناو فەیلەسوفەكان و كەسە ژیرەكان لەمانن. كەواتە دەپرسم ئیسلام لەو 1400 ساڵەی مێژووی خۆیدا چ شتێكی نوێی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە؟ هەر بۆنمونە لە 22 دەوڵەتی عەرەبیی ئیسلامیدا نە دیموكراسەیەت و نە مافی مرۆڤی تێدا هەیەو نە كەمترین خەسڵەتەكانی كۆمەَلگای مەدەنی و هەروەها ئافرەت تێیاندا وەك مرۆڤ مامەڵە ناكرێت ، كەواتە ئەم ئاینە دەبێت خەلەلێكی تێدا هەبێت. لەناو ئیسلامدا تەنانەت مارتین لوتەرێكی مەسیحی دەرنەكەوتوە كە بووە هۆی دروستبوونی رێنسانێك بۆ رێفۆرم كردی ئینجیل و ئاینەكەیان.

لە هەمان نامەدا بۆ من دەنوسن: "ئه‌وه‌ دینی پیرۆزی ئیسلامه‌ ڕێگه‌ ئه‌دات سه‌دان كه‌سی وه‌ك ئیوه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا بژی و به‌ ئازادی بسوڕێته‌وه‌ و قبوڵی بكات ، ئه‌وه‌ ئیسلامه‌ له‌ كوردستان كه‌ به‌سه‌دان ساله‌ هه‌یه‌ و ڕێزی له‌ هه‌موو ئاین و بیروبۆچونه‌كانی تر گرتووه‌". " ئیسلام په‌یك ڕێز له‌ هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو بیروبۆچونێك ئه‌گریت".

وەلام: دلنیام خۆتان بڕواتان بەم قسەیەی خۆتان نیە ، سوپاس بۆ گەورەیی و هەستی بەزەیی و دڵفراوانی ئێوەو ئەو هەزاران شەهیدانەتان لە ڕێگای كوردایەتیدا كە تەنیا بە رێگای ئێوەوەیە من (ئێمە) بۆمان هەیە بە ئازادی بسوڕێینەوە لە نیشتیمانی خۆمانداو قبوڵمان دەكەن ، كاتێك من و هاوشێوەكانم لە سەنگەری خەباتدا بووین دژ بە ڕژێمی بەعس زۆرێك لە ئێوە ڕاست و چەپی خۆتان نەزانیوە چیەو سەرۆكەكانتان پیاوی ئەم و ئەو دەوڵەت بوون .. من هەموو ژیانم خەباتی سیاسی و كوردایەتی و نوسین بووە دژ بە بەعس و دژ بە چەوسێنەرانی هەموو كوردستان و هەمیشە خاوەن هەڵوێست بووم بێگویدانە پۆست و پلەو پارەو باجی ئەم كوردایەتی و هەَلوێستەی خۆمم داوەو بەم هۆیەوە دووچاری تراژیدیای خێزانیش بوینەتەوەو دەربەدەری و كوێرەوەریمان بینیوە كەچی ئێوە هەی بێویژدانینە ئێستە دێن و من ، یان هاوشێوەكانم بە سەگ و پیسایی دەشوبهێنن ، من ئەم وشانەتان كارم تێناكات چونكە وادەزانم ئێوەش بەعس ئاسایی ڕەفتار دەكەن و بۆ من نوێ نیە ، ئێوە بە نامەو بە نوسین لەسەر لاپەڕەی میدیاكەتان و هەروەها جودی نیوزیش بە هەمان شێوە ئەوەندە دەنوسن ، داخۆ لە ناخی خۆتاندا چۆن بیربكەنەوە ، داخۆ دەستان بڕوات چیمان لێبیكەن. ئەو هەموو نوسین و كتَێب بەرهەمە ئەدەبیانەم هەیە بە وشەیەكیش ئاماژەی پێنادەن بەلام ڕەحنەیەك لە ئیسلام بگرم وەك گورگ پەلامارمان ئەدەن.

ئەوە كەمترین شتە كە لە گەڕانەوەمدا سكالاتان لەسەر تۆمار دەكەم و ڕوبەڕووی سكالاو پرۆتێستۆش دەبنەوە لای كەسانی ترەوە بۆ ئەو هەموو سوكایەتیەی ئێوە لێرەدا بە شەهیدان و خەباتی سیاسی ئەوانی تر كردوتانە ، نامەكەی ئێوە لە نوسینی تەنیا كەسێكتان نەبووە بەَلكو بە ڕەزامەندی ستافەكەتان و دەستەكانی پشتەوەتان نوسراوەو ئاوێنەی بیركردنەوەو بریاری حیزبەكەتان و ئایدۆلۆژیا خەتەرناكەكەتانە. ئێوە كە لەسەر ناوی ئاین ئەژین و لەسەر قوتی ئەم گەلە بەدبەختە بودجە وەردەگرن و مزگەوتەكان و حوجرەو بارەگاكانتان كردۆتە شوێنی تەمبەڵی و كار نەكردن و پارە وەرگرتن.

( داوا لە ڕای گشتی دەكەم سوكایەتیەكانی ئێوە بە خەباتی گەلەكەمان قبوڵ نەكەن )
ئەوەی ئێوە نوسیوتانە سوكایەتی و بێڕێزیە بە خەباتی حیزبە سیاسیەكانی كوردستان و سوكایەتیە بە خوێنی هەزاران شەهیدی ئەم ولاتە لە مێژووی خۆیداو سوكایەتیە بە تەواویی ئەم گەلە ، ئەوەی منیش و ئێوەش ئێستە هەمانە بەرهەمی خوێنی ئەوانەیە نەك ئێوە ، بۆ ئەم سوكایەتی و بێڕێزیە (داوا لە خەَلكی كوردستان دەكەم بە لێشاو سكالاتان لە دادگا لەسەر تۆمار بكەن و ئێوە دەبێت ئەوە بسەلمێنن كە نوسیوتانەو وەلامی ئەم سوكایەتیانە بدەنەوە).

لە بادینان بارەگایەكی یەكگرتووی ئیسلامی سوتێندرا كە پارتی پێ تۆمەتباركرا ، كەنالی سپێدەی یەكگرتو هەموو ئەو قورئانانەی نیشاندا كە سوتێندراوون تێیدا كەچی یەكگرتووی ئیسلامی بە پارە سوڵحی كرد ، كەواتە كامەیە ئەو پیرۆزیەی ئاین و قورئان لای ئێوە؟ ئێوە دەنوسن بۆم ڕێگا نادەین سوكایەتی بە قورئان و ئاینی ئیسلام بكرێت كەچی قورئانتان بە پارە فرۆشت. لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال چوار هەزار گوندی كوردستان لە لایەن رژێمی بەعسەوە تەختكران ، بەواتا چوار هەزار مزگەوت ڕوخێندران و بە دەیان هەزار قورئانی ناو ماڵەكان سوتێندران و فڕێدران ، بۆچی لەسەر سورەتی ئەنفال نەهاتنە دەنگ؟ كەچی من كە داوای ڕێفۆرم كردنی قورئان دەكەم و گونجاندنی لەگەَل سەردەم ئێوە تووشی حاڵەتی هێستریاو دەمارگیریی ئاینیی دەبنەوە.

ئێوە تەنانەت شەرم ناكەن دەنوسن ئەوە ئیسلامە بە سەدان ساَلە رێزی لە هەموو ئاین و بیروبۆچونەكانی تر گرتوە ، دیارە ئێوە لە وەهمدا دەژین... بەَلی ئەوە ئێوە بوون بۆ بەرگری لە كۆمەَلكوژی ئێزیدیەكان لە شەنگال دەیان شەهیدتان دا ، ئەوە ئێوەن ڕژانە‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان ، داعش و القاعیده‌و بوكۆ حه‌رامی كۆمه‌ڵكوژ و تاڵیبان به‌ تیرۆریست و كۆمەَل كوژ بناسێنن ، ئیوە بوون به‌رامبه‌ر به‌ جینۆساید كردنی هاولاتیه‌ ئێزیدیه‌كان و رفاندنی ئافرەتاكانیان و فرۆشتنیان و دەستدرێژی كردنە سەریان و ئاوارە كردنی مەسیحیەكان خۆنیشاندانی ده‌یان هه‌زار كه‌سیتان كرد ، ئەوە ئێوە بوون لە دژی ئایەتی ئەنفال و ئەنفال كردنی خەلكیی مەدەنی كورد دنیاتان بەسەر یەكدادا ، ئێوه‌ ناكرێ هه‌تا سه‌ر ده‌موچاوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆتان بشارنه‌وه‌و مه‌خابن زوو یان دره‌نگ ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش به‌رده‌وام بێت و ژماره‌ی شه‌هیده‌كانمان په‌ره‌ بسێنێت كاردانه‌وه‌ی سه‌ختیان ده‌بێت به‌رامبه‌رتان ، به‌تایبه‌ت به‌م هه‌لوێسته‌ی ئێسته‌تانه‌وه.

ئیسلامی سیاسی ئایدۆلۆژیایەكی دژە دیموكراتە
ئیسلام پێش ئه‌وه‌ی ئایین بێت پارتێکی سیاسیی ناسیۆنال- شۆڤێنیستی عه‌ره‌بیه‌. ئیسلام وه‌کو فه‌رهه‌نگ و وه‌کو جیهانبینیی ئایینی، ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیه و ناوه‌ڕۆکه‌كه‌ی له خزمه‌تی عه‌ره‌ب و عروبه‌دایه‌ و تایبه‌ته به‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب.‌ ‌ئیسلامییه‌ سیاسییه‌کان، به‌ شێوازێک بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و کار ده‌که‌ن که‌ هه‌موو جیهانبینییه‌کی دیکه‌ی جیاواز له‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ دواوه‌ و ته‌کفیری ده‌که‌ن و به‌ گومڕا و خوانه‌ناس و خراپی ده‌ناسێنن! ئه‌مه‌ مێتۆدیانه و کار له‌سه‌ر جیهادی ئیسلامی و بیری تۆتالیتێری ئایینی و تێرۆری هزر و جه‌سته‌ی نه‌یاره‌کانیان‌ ده‌که‌ن.

ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی ئایدۆلۆژیایەكی دژە دیموكراتەو تەنیا ددان بە ئاینەكەی خۆیدا دەنێت و هیچیتر ، ئیتر چۆن سروشتی ئێوە ڕێگا بەوە ئەدات رێز لە ئاینەكانی ترو بیروبۆچونەكانی تر بگرێت؟ ئێوە ئەوەتا بۆ ڕەخنەیەك بە سەگ ناومان دەبەن و هەڕەشەمان لێدەكەن ئەوە لە كاتێكدا دەسەلاتتان بە دەست نیە ئیتر بەكام بەَلگە بۆم دەسەلمێنن ئێوە رێز لە بیروڕاو فكری ئازاد دەگرن؟ ئێوە لە نامەكەتاندا خۆتان خۆتانتان بە درۆ خستۆتەوە. عبدااستار مجید كە بەكالۆریۆسی لە زانستی قورئان هەیە كەچی وەزیری كشتوكاَلە و ئەندامی م.س. حیزبەكەتانە (كۆمەَلی ئیسلامی) ڕەخنەگرێكی تر لە تۆڕی میدیادا وەك ماڵپەرەكەی ئێوە بە سەگ و تانجی و ئاژەَل ناو دەبات ، دیارە ئێوە لەم زمانە زیاتر هیچیتر نازانن ، لە نێوان هەر دێرێكدا ئایەتێكی قورئانیش دەهێننەوە ، بێئەوەی پەنا بەرنە بەر بۆچوون و ئەقڵَی خۆتان بۆ لێكدانەوەو شیكردنەوە ، من لە ڕاستیدا بەزەییم بە ئێوەدا دێتەوە ، بەزەییم بە نەزانینتان دێتەوە ، بەلام ئێوەش قوربانیی وانەكانی ئاینن لە قوتابخانەكاندا ، قوربانیی مزگەوت و مەلاو وتار خوێنە دواكەوتوەكانن ، قوربانی پەروەردەو دواكەوتوییە ، هەروەها ئاین بە تایبەت لە ولاتە دواكەوتوەكان بەتینە ، بەلام لەگەل پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیاو و بەتایبەت هوشیاری كۆمەلایەتیدا ئاین كزو تەنك دەبێتەوە وەك ئەوەی لە ڕۆژئاوا تێبینی دەكرێت. سوقرات وتەنی "من ئەزانم كە نازانم بەلام نەزان نازانێ كە نازانێت". ئەوە ئێوەن.

نوسیوتانە بۆم: " وریابه‌ له‌كاتی گه‌رانه‌وه‌ بۆ كوردستان ، نه‌ك ته‌نها نه‌فه‌ریك به‌ڵكو به‌ هه‌زاران هاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئێوه‌ تۆمار ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر نه‌وێریت ده‌ست بۆ شتێك به‌ریت كه‌ هی تۆ نه‌بێت و بزانیت بریندار كردنی هه‌ستی خه‌ڵكی چۆنه‌ ؟ ئایا شاری بێ حاكمه‌ جه‌نابتان سوكایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌كانی خه‌لكی بكه‌ن و هیچ كه‌سێكیش قسه‌ نه‌كات؟ ئه‌وه‌ ئیوه‌ن به‌ سوكایه‌تیه‌كانتان به‌ خه‌ڵكی توندوتیژی دروست ئه‌كه‌ن ، ئه‌وه‌ ئیوه‌ی به‌ناو عه‌لمانیه‌ كه‌ ئه‌تانه‌ویت خه‌لكی دینی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نه‌مێنێت؟ ئه‌وه‌ ئیوه‌ن كه‌ بیری توندره‌وی دروست ئه‌كه‌ن ......".

وەلام: لێرەدا زۆر بە ڕوونی نیشانی ئەدەن كە چەندە دوژمنی دیموكراسیەت و بیری ئازادن ، نیشانتانداوە كە هەڕەشە دەكەن و ئەوەی وەك ئێوە بیرنەكاتەوە سەگەو تەكفیری دەكەن ، منیش تەنیا كەس نیم ڕوبەرووی هەڕەشەو تیرۆری سیاسی و فكریی ئێوەی ئیسلامیەكان بوبێتمەوەو هەمویمان بە دۆكومێنت كردوە ... لێرەدا بیری فاشیزمانەی خۆتان بە ڕوونی خستۆتە ڕوو ، كەچی شەرمیش ناكەن دەنوسن ڕێز لە بیروڕای ئازاد دەگرین ، ئێوە تەنیا ڕێز لەوانە دەگرن كە وەك خۆتان بیر دەكەنەوە ، بەَلی قسەكەتان ڕاستە ئەگەر ولات و شاری بێحاكم نەبوینایە ئێوە بەم جۆرە ڕەفتارتان نەدەكرد. ئەو سەردەمە بەسەرچوو كەسانی ئازادبیرو ڕۆشنبیری وەك عبدول خالق مەعروف تیرۆر بكەن و كەس هیچ نەلێت ، ئێستا سەردەم گۆڕاوەو هەموو جیهانی شارستانی دژو دوژمنتانە.

له‌بری ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتاڕو فكرو هه‌ڵویسته‌ توندره‌ویه‌تان و زاراوه‌ ناشیرین و ناشارستانیانەتان باشتره‌ بڕۆن له‌ مزگه‌وته‌كان داره‌ مه‌یته‌كان له‌سه‌ر ئاوده‌سته‌كان دابگرن ، له‌ ژێر بۆنی پاشەڕۆكی موسوڵماناندا دابگرن و لایبه‌رن كه‌ موسڵمانانای خۆتانیشی پێ ده‌گوزازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و گۆڕستانه‌ ناشیرین و نا شارستانیانه‌و شوینی رێزدارو شاراستانیانه‌ بۆ ئه‌م دیاردانه‌ دروستبكه‌ن ، ئیوە تەنانەت ڕێز لە هاوبیرەكانی خۆشتان ناگرن. به‌و هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌تان به‌ پاره‌ی حكومه‌ت و دۆسته‌كانی ده‌ره‌وه‌تان و پاره‌ی زه‌كات و ...تاد. بڕۆن نیوه‌ڕوان نانێكی گه‌رم بده‌ن به‌ هه‌ژارو په‌ككه‌وته‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌كان ، ئه‌مانه‌و زۆی كه‌ش ، ئه‌ی كه‌واته‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌كه‌تان چیه‌ كه‌ به‌ سه‌دان مه‌لاو وتارخوینه‌كانی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناو داعش. ده‌رگای ئه‌و چه‌ند هه‌زار مزگه‌وتانه‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئاوارەكان و ئه‌نجامدانی كۆڕ و چالاكی كە‌لتوریی ورۆشنبیریی تییاندا چونكه‌ مزگه‌وتیش موڵكی نه‌ته‌وه‌یه‌ نه‌ك شوێنی ته‌نیا خودا په‌رستی و سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی كردن تێیاندا.

ئێوە بێ ناونیشانن
بڕوانە تەنانەت لەسەر لاپەڕەی پەیجەكەتان جگە لە ئیمەیل ئەدرەسێك ([email protected]) چیتر هیچ ناونیشانێكتان نەنوسیوە ، شوێنتان ، ژمارەی تەلەفونتان ، سەرنوسەر و جێگرو ...تاد. هۆكاری ئەم خۆ شاردنەوانەتان چیە ئەگەر نهێنیەكی لە پشت نەبێت؟ ئەوە جۆرێكیشە لە ترسنۆكی، كەواتە ئەگەر من سكالایەك لەسەر ئێوە تۆمار بكەم ، ڕوو بكەمە كێتان؟؟ ئەوەی ئێوە لێرەدا كردوتانە دەبێت نە هەر بە یاسا قەدەغە بكرێت بەڵكو بدۆزرێنەوەو سزاش بدرێن ، من لە ڕێگای دادگاوەو لایەنە پەیوەندیداركانەوە داوای بەدواداچون دەكەم لەسەرەتان ، وەك ئەوەش وایە لە ژمارەیەكی قاچاخی تۆمار نەكراوەوە سوكایەتی بە هاولاتیەك بكەن ، بەلام مەخابن ئێوە هەموتان بە كەس و لایەنەكانی پشتیشتانەوە باش ناسراون لە هەولێر و لە سلێمانیش ، ئەوە كەسێكی نزیك و هاوكاری ستافەكەتانە سۆران عومەری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمان ، لە دادگا سكالای لەسەر مەلا بەختیار تۆمار كردوەو داوای 20 ملیۆن دیناری لێدەكات چونكە لە ڕۆژنامەی چاودێر نوسراوە "سۆران عومەر توشی هێستریا بووە" كە دەكرا بە نوسین وەلام بداتەوە ، ئەمە جگە لە سكالای ناوبراو لەسەر گۆڤارێكی ترو داوای 500 ملیۆن دیناریان لێدەكات ، هەموو ئەمانە بە ڕای من میتۆدی ترس و تۆقاندن و فشار دروستكردنی ئیسلامیەكانە لەسەر ئەوانەی ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی دەگرن.
كەچی ئەو مافە بە ئێمە ڕەوا نابینن سكالاتان لەسەر تۆمار بكەین كە عەلمانیەكان بە سەگ و ئاژەڵ و پیسایی ناو دەبەن و سەرەڕای ئەم ووشە بێڕەوشتیانەش بەكارتان هێناوە ، هێشتا هەڕەشەش دەكەن و دەتانەوێ دەممان پێدابخەن. لێرەدا ڕەفتارو ئەفكاری ئێوە هاوشێوەیە لەگەل ئەوانەی ستالینیزم و نازی و بەعس و هاوشێوەكانیان ، كەواتە ئەوە ئێوەن توندڕەویی بەرهەم دەهێنن.
دوا سەرنجی ئێوە: "وه‌ره‌وه‌ بۆ كوردستان و هه‌ردوولامان سه‌نگه‌ری دادگا و یاسا له‌یه‌كتری ئه‌گرین بزانه‌ كاممان ئه‌یبه‌ینه‌وه".

دوا وەلامم:‌ ئێوە بۆ ئەم دەمدرێژیەتان پشت ئەستوورن بە بێدەنگیی دەسەلات بەرامبەرتان و بەو یاسایەی لە دەستوری هەرێمدا هەیە كە سوكایەتی بە ئاینی ئیسلام سزای لەسەرەو لێرەدا هەر ڕەخنەیەك بەم ئاڕاستەیەدا بكرێت ئێوە دەكرێت بە سوكایەتی لە قەَلەمی بدەن ، گەرنا تكایە پێمان بلێن بەچیتر پشت ئەستوورن لەم دلنیابونەوەیەتان؟ بەو یاسایەی كە یوسف محەمەدتان بە رێگای دادوەرێكی یەكگرتووی ئیسلامیەوە لە دەربەندیخان پێداوەتە دادگاو دە ڕۆژ خرایە بەندیخانەوە ، ئەوە سەرەڕای هەڕەشە و دەركردنی فەتوای كوشتن بۆی .. ئەوەیە رێز گرتنتان لە مافەكانی مرۆڤ و بیروڕای ئازاد؟ ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەی ناوبراو دوو ئایەتی قورئانی زانستانە لێكداوەتەوە بەوەی كە هەڵەن و لەگەڵ سەردەمدا گونجاو نین.

بێدەنگی ڕەزامەندیە
ڕۆژانە مەلاو بەناو زانا ئاینیەكانتان لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان و مینبەری مزگەوتەكانەوە بە ناشیرینترین شێوە سوكایەتی بە ئافرەتان و ئەندامانی ئەم كۆمەَلگایە دەكەن كەچی ئێوە بێدەنگن لێی، دەپرسم بۆچی؟ بێگومان بێدەنگیی بەواتای ڕەزامەندی دێت. من داوا دەكەم یاسایەكیش بخرێتە نێو دەستوری هەرێم كە سوكایەتی بە عەلمانیەتیش سزای لەسەر بێت .. یان ئەوەیە یاسایەكی ئەقلانی گشتی هەبێت بۆ رێگریكردن لە هەموو جۆرە سوكایەتیەك و هەروەها هیچ كەس و لایەنێك بۆی نەبێت لەبری خودا قسە بكات و خۆی بكاتە نوێنەری ئەو ، و بە هەوەسی خۆی كەسانێك بۆ بەهەشت و جەهەنەم بنێرێت. ئەوە كاری دەسەلاتە ، هی پەڕلەمان و حیزیە.

بفەرموون ئەگەر شتێك لە هەگبەكەتاندا هەیە ئەوا وەرنە پێش و بە زمانی زانست و لێكۆلینەوەو لۆجیك و بەَلگەوە لەگەل یەكتردا بدوێین ، لە بەرنامەی ڕوبەرودا وتووێژ بكەین ، گەرنا باشترە بێدەنگ بن و كەمێكیش فێری ئەتەكێت و كەلتوری قسە كردن ببن. دڵنیابن لە ئایندەدا رێكخراو و ناوەند لە هەرێم دروست دەبێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگە پەرش و بلاوەكانی سێكولارەكان (عەلمانیەكان) و چالاكی خۆی دەنوێنێت ، وەك دەبینم ئێوە كەستان هەتا ئێستە لە مەفهومی عەلمانیەت تێنەگەیشتوون.

دوا ووشە
وەك دوا وشە بە ئیسلامیەكانی ئەم ولاتەم دەلێم وەرنە سەر ڕێگای ڕاست ، رێگای سیراتی موستەقیم كە ڕێگای حوكمی عەلمانیەتە ، گرتنەبەری ڕێگای شۆڕشێكی فكری و فەلسەفی و كۆمەلایەتی و عەلمانیەتێكی دیموكراسیانەیە.
د. سالار باسیرە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە