خولی سێیەمى پەرلەمان و 48ملیۆن دیناری پێش خانەنشینى

Wednesday, 23/10/2013, 12:00

1410 بینراوە








لە هەشتاكانى سەدەى بیست لەیەكێك لە ڕۆژنامە جیهانیەكان بابەتێك سەرنجی ڕاكێشام كە ئێستا بیری لێ دەكەمەوە بەبەراورد لەگەڵ ئێستادا هیچ جیاوازیەكى ئەوتۆی لێ نابینم، ئەوەى لەو ڕۆژنامەم خوێندەوە، لێرەدا من نایەمە سەر وردەكارییەكانى تەواوى بابەتەكە، بەڵام تەنها ئاماژە بەخاڵێك دەكەم كە لە لایەن نووسەرێكەوە باسی هۆكارەكانى ڕوخانى یەكێتى سۆڤیەتى دەكرد، جا یەك لەو خاڵانەى وروژاندبووى دەیوت: لە یەكێتى سۆڤیەت نادادپەروەری گەیشتبووە ئاستێك مامۆستاى زانكۆكان مانگانە 1500ڕۆبڵ وەربگرن كەچی مووچە خۆرێكىئاسایی بە پێنج شەش مانگ ئەو مووچەیەى پێ نەدرێ.

ئەم مانشێتەى لە سەرەوە تیشكمان خستۆتە سەر لەبەرامبەر هەر مووچەخۆرێكى خزمەت30-35ساڵی بێ پسانەوەى میری كە وەریدەگرێ، بابای خاوەن خزمەت لەجێوە ئاهێكى قووڵ هەڵدەكێشێ و یەكسەر پەنجەی نادادپەروەری بۆ هەموو ئەو بڕیارانە درێژ دەكات كە خۆیان بەخاوەن بڕیاربەدەست دەزانن و ویژدانیان نائاسوودە دەكەن لەوەى ئەو شتەى بۆ خۆیان بەباش دەزانن ئەوە بۆ خەڵكەكەى دیكە بەباش نازانن و قەت نایانەوێ مووچەیەكی كەم وەربگرن پێیان شەرمبێ باسی بكەن، ئەوەش ئاهوناڵە و گڕكانى ڕق و تووڕەیی لەناخی هەموو ئەوانە دروست دەكات كە ڕۆژانە لەبەیانیەوە تا كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕر دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن، ئەوجا دوای سی و پێنج ساڵ خزمەت ئەوجا بە نقەنق مووچەكەیان دەگاتە ملیۆنێك، لەكاتێكدا بابای تازە دامەزراو جگە لەوەى مووچەى سەرەتایی ناگاتە نیو ملیۆن و دوای چوار ساڵ خزمەت ئەوجا تەرفیعێكى بۆ دێت كە كەمتر لە پەنجا هەزارە و ئیدى ئاو بێنەو دەستان بشۆ، كەچی ئەندام پەرلەمانێك لەیەكەم مووچەیدا جگە لەوەرگرتنى هەشت ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بە زیادەى پێدانى چەند پاسەوانێك و ئیمتیازاتى سەفەر و شوقە و سەیارە و پارچە زەوى و ...هتد.

مووچە خۆرێكى ئاسایی لەو مووچە كەمەى وەریدەگرێ نەدەتوانێ ژن بێنێ و لەحاڵەتى هێنانیشیدا ئەگەر پێشتر كارو كاسبیەكى بۆ خۆی نەكردبێ و شتێكى پێكەوە نەنابێ ئەوە لەنەبوونى بێ خانوویدا مووچەكەى هەر بایی ئەوەندەیە لەكرێی خانووى بدات و هیچیش بەهیچ ناكات كە ئەگەر مووچەى چوار ساڵیشی كۆ بكاتەوە ئەوجا ناتوانێ سەیارەیەكى بۆ ژێر خۆی پێ بكڕێ، كەچی ئەندام پەرلەمان بە چەند مووچەییەكى سەرەتایی شازى سەیارە دەكڕێ. جگە لەوەى لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا بایی ئەوەندە مووچەی پێ دەدرێ كە مووچە خۆرە ئاساییەكە تا ئەو ڕۆژەى خانەنشین دەكرێ و سەر دەنێتەوە، ئەو مووچەیەى پێ نادرێ. هەروەها وەك لەڕێی میدیاكانەوە ڕاگەیەندرا كە پەرلەمانتارانى خولی سێیەمى پەرلەمان بەر لە خانەنشین كردنیان هەر یەكەیان 48ملیۆن دینار دەچێتە سەر بانكى حیسابیان، وێڕای ئەوەى بە شەش ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار مانگانە خانەنشین دەكرێن كە دەكاتە بارتەقای دە دوانزە قاتى ئەو مووچەیەی فەرمانبەران دوای خانەنشین بوون وەریدەگرن، ئەوەش جگە لەوەى جۆرێكە لە نادادپەروەری و نیشاندانى گەندەڵیەكى زەق و ئاشكرای نێو حوكمڕانى عێراق و هەرێمى كوردستان، لێرەدا سەیر لەوەدایە ماوەیەك بەر لەئێستا لە هەشت پارێزگای عێراق و كەمپینێكى ناوخۆیی لای خۆمان خۆپیشاندانى ناڕەزاییان لەمەڕ ڕاگرتنى مووچەى خانەنشینى كرد كە هەرنا كەم بكرێتەوە كە لەگەڵ مووچەخۆرانى ئاسایی جیاوازیەكانیان بەینى ئاسمان و رێسمان نەبێ، كەچی بەرپرسان هیچ حیسابێكیان بۆ تەواوى ئەو گردبوونەوە گشتیە زۆرە نەكرد وەك ئەوەى هیچ لەگۆڕێ نەبێ، ئاخر ئەمە كفرە، چۆن دەبێ بڕیار لەسەر شتێك بدەن كە بە زەرەر بۆیان بگەڕێتەوە ئەوەش زەنگێكى مەترسیدارە ئەو واقیعە دەردەخات كە ئەو حوكمەتە دادپەروەر نیە لەكاتێكدا ئەگەر ئیڕادە هەبێ بۆ ناتوانێ بڕیار لەسەر كەمكردنەوەیان بدرێ كە بڕیارێكە و هەموو خەڵك بەجیاوازى ئاین و ئاینزا و سەرتۆپی چین و توێژەكان دەست خۆشی بۆ هەنگاوێكى لەو چەشنە دەدەن و بە بەردەوام بوونیش لەسەر هەمان ڕێچكە ئەو جیاوازیە بە زوڵم و غەدرێكى گەورە دەزانن و پێیان وایە هیچ ئومێدێ لەو دەسەڵاتە ناكرێ كە بەو شێوەیە تەماشای هاوڵاتیانى خۆی بكات، لێرەوە پێشنیار دەكەم:

یەكەم: ئەو ئەندام پەرلەمانەى پێشتر لەهەر پۆستێكى ئیداری و سەربازى و هەر پۆستێكى دیكەدا بووە، ئەو چوار ساڵەی بۆ بكرێ بە مۆڵەتى بێ مووچە و دواى تەواو بوونى خولی پەرلەمان، بەبێ خانەنشین بوون بەڕێز و تەقدیرەوە بۆ سەر پیشە و وەزیفەكەى خۆی بگەڕێندرێتەوە.

دووەم: بەپێی پڕۆژە یاسایەك هەر لەپەرلەمانەوە كار لەسەر كەمكردنەوەى ئەو مووچەیە بدرێ كە پەرلەمان وەریدەگرێ و هەرنا ئەگەر بۆ دڵڕازیكردنیشبێ هەقە ئەو مووچە زەبەلاحەیان بۆ خانەنشینى پێ نەدرێ كە فەرقی عەرد و ئاسمانە.

سێ یەم: كوردستان ئەوەندە ئارامە و لەژێر هیچ هەڕەشەیەكى تیرۆریستیدا نیە، من وای نابینم و بەچاوى خۆشمان دەبینین بەدەیەها ئەندام پەرلەمان بەبێ پاسەوان دەسووڕێنەوە، ئەى عەجەب ئەو پاسەوانە چیە دوای خانەنشینى پێیان دەدرێ، كە بە بۆچوونى بەندە زیادە و تەنها و تەنها دڵڕازیكردنەو هیچی تر، بۆیە پێویستە ئەو پاسەوانەیش نەمێنێ.

چوارەم: ئەو مووچە زۆرەی لەخانەنشینى بەوان دەدرێ دەكرێ لەكەمكردنەوە و بڕینیدا، بەو پارەیە دەیەها پڕۆژەى جۆراو جۆر ئەنجام بدرێ.

پێنجەم: ململانێی خەڵكێكى زۆر نەك هەر هەموو بۆ گەیشتن بە پەرلەمان ئەوەندەى لەبیری خۆ دەوڵەمەندكردنیاندان، نیو هێندە لەخەمى میللەت و لەبیری پێشكەشكردنى پرۆژەى خزمەتكوزاری و یاسای جوان جوان نین كە لەنموونەیەكى زیندوودا برادەرێ خۆی پاڵاوتبوو بەهەڵپەیەكەوە لێم پرسی: ئەرێ پڕۆژەت بۆ ناو پەرلەمان چیە؟ بۆچی خۆت هەڵبژاردووە؟ لەوەڵامدا وتى: بۆیە خۆم هەڵبژاردووە چونكە پارەكەى زۆرە.. لەو ڕوانگەوە من وای دەبینم ئەگەر مووچەكەیان كەمبێ و دوا وێستگەی خانەنشینیان لێ بگیرێ، ئەوا هەموو كەسێك خۆی لەقەرە نادات.

شەشەم: هەقە حكومەت بەجدی بیر لەو مەسەلەیە بكاتەوە لەكاتێكدا هەموو لایەك چاویان لەو پەرلەمانە بڕیوە و هیچ مووچەخۆرێكی ئاسایی نییە بەو مووچەیەى بە ئەندام پەرلەمانەكان دەدرێ بڵێ: ئەوانە ماندوونە و عافیەتیان بێ، ئەوەش ئەو رێژە زۆرەیە ئەگەر قڕوكپیان لەخۆ كردووە و بێدەنگن و قسە ناكەن، بەڵام لەناخەوە هێندە كۆڵەدار و ڕق ئەستوورن، هەزار جار پێتان دەڵێن: عافیەتتان نەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە