ئەرسەلان بایزیش خۆى تەسلیمى پارتى كرد

Saturday, 03.03.2012, 12:00

645 بینراوە


لە سەروەختى جێگۆڕكێ بە وێنەكەى مەلا مستەفا لە پەرلەمان لە لایەن ئەرسەلان بایزەوە خەڵكى ساویلەكە و ڕۆشنبیرى لاربین و كادیرى حزبى خەڵەتاو كردیان بە هەڵا و یەكێك ئەرسەلانى بە شۆڕەسوارى ئازادى و یەكێك بە بەچكە غاندى و یەكێكى تر بە پیاوى بە هەڵوێست و بوێر لە بەرامبەر ماڵى بەرزانیەكان لە قەڵەمى ئەدا ،هەر ئەوكاتیش ڕام وابوو ئەمەى ئەرسەلان بایز كردوویەتى هیچ نیە و كاریگەریشى نابێت و مەبەست لەم كارەشى ئەوە نیە مەلا بە ڕەمزى دیكتاتۆریەت و خستنەوەى نەوەیەك جەردە و دڕندە و دەسەڵاتدار بزانێت كە ئێستا حوكمى كوردستان ئەكەن ، بە قەد ئەوەى مەبەستى بوو ئەویش لە نێو هاوكێشەكەدا و بە وێنەى ژمارەكانى ترى یەكێتى ژمارەیەكى كاریگەرە و بە پارتى ووت من ئەتوانم دەست بۆ بەرژەوەندیەكانتان بەرم ئەگەر ئێوە ڕیًكنەكەون لە گەڵمدا و حسابم وەك جەمسەرێكى یەكێتى بۆ نەكەن دەست بۆ گەورەترین ڕەمزتان ئەبەم ،، ئەم كارەى ئەرسەلان سەرەتا پارتى شڵەژان بەڵام دواتر پاراستنى پارتى و بنەماڵە بە زووى دركیان بەوە كرد پێویستە لە گەڵ ئەرسەلان گفتۆگۆ بكەن و ڕێككەوتنى لە گەڵ بكەن و ئەویش هاوشێوەیەى بنەماڵەى تاڵەبانى بخەنە خزمەتى خۆیانەوە ، جارێك هەڵیانكوتایە سەر ماڵى پەرلەمانتارە یەكێتیەكانى نزیك لە ئەرسەلان بایز و پەیامێكى ترساندنیان پێدا لە جارى دووەمدا لە كۆبوونەوەكەى بارزانى و تاڵەبانى باسێكى ترى كرا ،فازڵ میرتنیش پێشتر لە گەڵیدا كۆبووەوە و پێ ئەچێت قسەى ڕێككەوتنیان كردبێ ، ئیتر ئەرسەلان دڵنیا بووم ئەویش كەوتوەتە خزمەتى بنەماڵەوە ، كە لاى هاوڕێكانم ئەمووت ئیتر سەردەمى زێڕینى ئەرسەلان بایز تەنیا هەفتەیەك بِرى كرد و تەواو بوو بڕوایان نە ئەكرد تا ئەوەى یاداشتى پەنجا پەرلەمانتارەكەى ڕەتكردەوە ،بە ژمارە (ف/ب/1)رۆِژى 29/2/ 2012 ئەرسەلان بایزى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان یاداشتى ئەو 50 پەرلەمانتارەى ڕەتكردەوە كە داوایان كرد بوو لێكۆڵینەوە لە داهاتى گومركى ئیبراهیم خەلیل بكرێت بە بیانووى ئەوەى بەڵگە و دیكۆمێنێت نیە ،ئەمەى ئەرسەلان زۆر چەواشە كارانەیە ئاخر ئەگەر دیكۆمێنێت و بەڵگە و ئیسپات هەبێت چ پێویستمان بەوەیە پەرلەمان لیژنە دروست بكات ؟ ئیشى لیژنە كۆكردنەوەى بەڵگە و دیكۆمێنێتە ، ئەبێت پارلەمان بانگى سەید ئەكرەم بكات بكات و بە دواى دیكۆمێنتدا بگەڕێت و بزانێ ئەم كەسە دەسەڵاتدارەى پێشووى ئیبراهیم خەلیل چۆن ئەم قسانەى كردووە ؟ منداڵێكیش بێنى ئەزانى كەسێ لەو ئاستەى لێپرسراوێتیدا ناتوانێت لە خۆیەوە تۆمەتێكى وا ببەخشێنێتەوە ئەگەر بەڵگەى ڕاستى نەبووایە چۆن قسەى واى ئەكرد ؟ با ئەرسەلانى وێنە گۆڕ لیژنەیەكى دروست بكردایە و لێى بپرسایە بۆچى ئەو قسانەى كردووە ؟ دیارە هۆكارەكەى ئاشكرایە بۆ سەرۆكى پەرلەمان ئەمە ناكات ،ئەو نایەوێ سەنگەر لە بنەماڵەى بارزانى بگرێت و دەست بۆ داهات و پارە و سەروەتیان بەرێت ، ئەگەر پارتى لە بەرامبەر جێگۆڕكێى وێنەى مەلا مستەفا هەوڵى ڕێككەوتنیان دابێت لە گەڵ ئەرسەلان بایز ئەوا ئەمەیان كە كار گەشتۆتە سەر پارە و پول و داهاتیان تابۆیەكى گەورەیە و بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەن كەس باسی بكات و ئەرسەلان بایزیش زۆر جوامێرانە ئەم داوایەیان بۆ جێبەجێ ئەكات و یاداشتى پەنجا پەرلەمانتار ئەخاتە زبڵدانى پەرلەمانەوە ،من ئەوەى ئەوە بڵێم جێگۆڕێكێیەكى بە مەبەست و بۆ بەرژەوەندى تایبەت بە وێنەیەك گرنگە بۆ ئەم میللەتە یان قسەكردن لە سەر بەهەدەردانى سەدان ملیار دۆلارى داهاتى ئەم خەڵكە ڕەشووڕووتەى كە بە پێوەرى زانستى 30% ى هەژارن ؟ ئاخر شۆڕشى ڕزگاربوون لە كۆتى بنەماڵە و پاراستنى سەروەرى یاسا و موقەدەساتى خەڵك كە من پێم وایە تەنیا قووتى خەڵك و ئازادیەكانى خەڵك موقەدەسن نەك ئەم سەركردەى جەلاد و ئەو سەركردەى دیكتاتۆر و ئەم حزبى نازى و فاشى و ئەوحزبى وێكچوو بە بەعس و هەمووشیان لە ژێر ناوى عەلمانى و نەتەوەیى ! بە لابردنى وێنەیەكى كابرایەكى مردوو ئەكرێ كە زۆرینەى دنیا ئەزانن نەك ڕەمزى میللەتێك نیە بەڵكو ساڵانێكى زۆر نەهامەتى بووە بۆ میللەتێك و هەتا ئێستا ئەم میللەتە باجى چەندین كار و كردەوەى خراپ و خۆپەرستى ئەو ئەدات ، یان بەوە ئەبێت لە سەرەتاوە دەست بۆ قووتى خەڵك بەریت و ئەو پارە زۆرەى خەڵك كە تاكە كەسێكى نێو بنەماڵەیەك ئەیبات لیژنەى لە سەر دروست بكەیت و لێى وەربگریتەوە ؟ كە دڵنیام وەرگرتنەوەى قووتى خەڵك بۆ هەمووان گرنگترە !! ئەمە ئەمانگەیەنێتە بەردەم ئەو ڕاستیەى كە پارتى ئەرسەلان بایزى عاقڵ كردووە و ئەویش وەك یەكێك لە سەركردەكانى یەكێتى داوجار تەسلیمبوونى خۆى بە پارتى ڕاگەیاند نەك وەك سەركردەیەكى ئاسایى بەڵكو وەك جەمسەرێكى یەكێتى و هەر ئەمەش مەبەستەكەى بوو ، نوسینى ئەم وتارە تەنیا بۆ ئەوە بوو ئێمە خۆمان نەخەڵتێننین و ئەرسەڵان و هاوشێوەكانیمان لێنەبێتە فریاد ڕەس بەڵكو ئەرسەلان و حزبەكەى و هاوڕێكانى و هاوپەیمانەكشیان ڕۆژانە بە بەرچاوى هەموومانەوە خەڵك ئەكوژن و فەلاقەى ئەكەن و ڕێگە لە خۆپیشاندان و ئازادى ڕادەربڕین ئەكەن و سەروەت و سامانى خەڵك ئەدزن و ئازادى سیاسی و مەدەنى خەڵك پێشێل ئەكەن ،بۆیە پێویستە بە هیچ شێوەیەك ئومێد لە سەر هیچ كارەكتەرێكى نێو ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە بنیات نەنێین و هەوڵەكانامن یەكبخەین بۆ هۆشیار كردنەوەى خەڵك بۆ ڕاپەڕینى سەرتاسەرى و هەڵوەشاندنەوەى دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانى ئەم دوو حزبە بنەماڵەییە و دامەزراندنى سیستەمێكى مەدەنى كە تێدا هەموو تاكەكانى كۆمەڵگەى كوردستان هەست بە ئاسایش و یەكسانى و عەدالەت بكەن .