هەڵكەوت زاهیر و شەڕى دۆڕاوەكان

Tuesday, 23/02/2010, 12:00

1800 بینراوە



ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بكەم هەڵوەستە كردنە لەسەر ئەو پرسانەی، كە ئایا بۆچی هەڵكەوت زاهیر بەر رەخنە كەوتووە؟ كێن ئەوانەی رەخنەی دەكەن؟ بۆچی رەخنەی دەكەن؟ ئایا دەتوانن هەڵكەوت بوەستێنن؟ ئەو هەڵوەستەكردنەش ئەوەندەی حەق وتنە، نیو هەندە داكۆكیكردن نییە، هەرچەند مافی خۆشمە نەك وەك رۆژنامەوانێك لەو بوارە، بەڵكو وەك گوێگرێكیش بێت داكۆكی لەوە بكەم، كە بڕوام پێی هەیە.
تائەو رۆژەی هەڵكەوت زاهیر لە تاراوگەوە گەڕایەوە كوردستان، هونەر هەرگیز ئەو بایەخەی نەبوو لای زۆر كەسێك، كە ئەمڕۆ دەمراستی ئەو بوارەن، بە یەك دێڕ باسی هونەر نەدەكرا، لای هیچ دەزگایەكی راگەیاندن نەبوو زاویەیەكی بچووك بدات بە باسكردنی هونەر بۆ پڕكردنەوەی فەراغەكانیان نەبێت، جگە لەچەند رۆژنامەیەك، كە رۆڵیان لەیاد ناكرێت لەزۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن بەسەركردنەوەی هونەرمەند و كاری راگەیاندن بۆ هونەر، كە مەیدانی تاقیكردنەوەی توانای ئەو كەسانە بوو، روودەكەنە راگەیاندن بۆ خۆ فێركردن، بەڵام هەرگیز ئەو هونەرە حاڵ شپرزەی كورد لە رووی ناوەرۆك و مەبەست و ئامانج و شێوازەوە بەرباس نەبوو، ئەوەی هونەری دەكرد لەگەڵ رێزم بۆ چەند كەسێكیان، كۆمەڵێك خەڵكی سواوبوون، ئەوەندە لەسەر شاشە و لەدەنگی رادیۆكانەوە دەنگێكی نەشازیان بەگوێی خەڵكدا دەدا، حەوسەڵەی باسكردنی هونەر نەمابوو، هەر ئەوانیش‌ ببوونە بەربەست لەبەردەم رێكردنی هونەر و لەسەر لاڕێیەكی چەوت و لا لێژ رایان گرتبوو، چونكە وەستاندنی هونەر لەو جێگەدا، هێزی مانەوەی ئەو دەنگبێژانە بوو، جوڵاندنی ئەو ئاستەی هونەر و بە واڵاكردنی مەیدانەكەی و هاتنە پێشەوەی خەڵكی تر دروست وەك ئێستا مانای فڕێدان و مۆد نەمانی ئەوان بوو، بۆیە بەراستی هونەر گۆمێكی ئەوەندە مەیوو و پەنگخواردوو بوو، خەریك بوو بەتەواوی بۆگەنی دەكرد، بەڵام كاتێك هەڵكەوت زاهیر هاتەوە كوردستان ئەو گۆمە مەیوە شڵەقا، بەشێوەیەك هەر سایت و رۆژنامە و گۆڤارێك بەناچاریش بێت بەشێكی دیاری مەیدانی كاریان بەخشییە هونەر، چونكە هەڵكەوت توانی شێوازە هونەرێكی ئەوتۆ بێنێتە مەیدان، كە لەگەڵ بیستنی بەربەستەكانی بەردەم گۆمی وەستاوی هونەری كوردی داڕزێن و دەنگبێژەكانی دوێنێ موتەحەیربێمنن، بەناچاری مەیدانەكە چۆڵ بكەن و لەدوورەوە بەمانگە شەو هەڵبێن.
ئەوەی هەڵكەوت كردی بە تەنیا هێنانی ستایلێكی بەرزی هونەری نەبوو، لە ئاواز و كوالێت و موزیك و ئەدای وتن و هتد.. بەڵكو بەخشینەوەی شارەزایی و دروستكردنی كەسانێكی گرنگی پێنەدراوبوو، كە بەر لەهاتنەوەی هەڵكەوت بەدیار حەزەكانی خۆیان لەخەمی بێ دەرفەتیان گۆرانیان بۆ خەمەكانییان دەوت، بۆیە هەوڵدانی هەڵكەوت بۆ هێنانە مەیدانی ئەو گەنجانەی، كە ئێستا لە هەندێك حاڵەتدا نەجمی گۆڕەپانەكەن، هەڵكەوت زاهیری لەئاوازدانەرییەوە بەرەو قوتابخانە بوون برد، ئێستاش لە قوتابخانەكەی ئەوەوە چاوەڕوانی پڕبوونەوەی هەموو ئەو فەراغانە دەكرێت، كە دەنگە نەشازەكانی بەر لەئەو لەروح و بیستنی هەرگەنجێكی نوێخواز دروستیان كردبوو.
ئەوەم باسكرد كە دەنگبێژانێك ببوونە بەربەست و دەستبردن بۆ وەلانانى ئەو بەربەستە ژەنگرتووانەش، كە رێیان لە رێكردنی هونەر گرتبوو، واتای لەناوچوونی یەكجارەكی بەربەستەكانی دەدا وەستاندنی هونەریش لەیەك ئاست و بەلارێیەكەوە مانای مانەوەی ئەو بەربەستە ژەنگرتووانە بوو، كە لەئەنجامى نەبوونی هەوڵی فڕێدانیان، ببوونە مێردەزمە و هونەرمەندی مەزنی هونەری كوردی، ئەوانیش بەدەنگە نەشازەكانیان بەردەوام خەریك بە داكرۆژینی روح و میزاجی گوێگری كورد بوون، بۆیە لەهەر حاڵەتی فڕێدوانیان چاوەڕوانی ئەو رەدفیعلە دەكرا، كە ئێستا بەناوی رەخنەی هونەرییەوە لە ئاستی هونەری قوتابخانەی هەڵكەوت زاهیردا بوونی هەیە، چونكە لە كۆمەڵگەی كوردیدا نەبووە هاتنەمەیدانی جوڵانەوەیەكی نوێ، كە كاریگەری هێندەبێت، جوڵانەوەكانی پێش خۆى زەربی سفر یان نزیك لەسفر بكات، كاراكتەری جوڵانەوەكانی تر دۆشدامێنن و وەك واقیع قبووڵی بكەن و رەدفعلیشیان نەبێت. چونكە وافێركراوین قبووڵكردنی راستی واتای دۆڕاندنە، دۆڕاندیش لە رۆحی هەریەك لە خەڵكی ئێمەدا ئەوەندە واتایەكی قورسە قبووڵكردنی نەك هەر زەحمەتە، بەڵكو فڕكردنی پێكێك لە ژەهرە،‌ هەر بۆیەش وەك هەموو جوڵانەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، كە لەرابردوو ئێستای كوردستان روویداوە و كاراكتەرەكانی رووبەڕووی تەشهیرگەلێك بوونەتەوە، ‌گەشتۆتە باسكردنی پیرۆزیەكانیشیان. بزوتنەوەی هونەری هەڵكەوت زاهیر و ئەو كاراكتەرانەشی كە لەو قوتابخانە و بزوتنەوەیەدا بەردەوامی بەخۆیان دەدەن، دەكرێت چاوەڕوانی هەمان رەدفعل بن، بەڵام لە ئەنجامدا بزوتنەوە تۆكمە و بەبەهاكان دەمێننەوە و شانازی بۆ كاراكتەرەكانیان پاداشتیان دەبێت.
ئەوە مانای ئەوەیە شتێكی غەریب نییە ئەو كەسانەی، كە دوێنێ بەربەستە ژەنگرتووەكانی بەردەم رێكردنی هونەری كوردی بوون، ئەو دەنگبێژ و جاهیلانەى كە تادوێنێ بە نەبوونى هەڵكەوتێك ببوونە هونەرمەندی مەزنی كورد، هاتنە مەیدانی هەڵكەوت زاهیر و قوتابییەكانی، بەتاكە هۆكاری بەسەرچوونی خۆیان و ئاوابوونی هونەرەكەیان بزانن و لە رەدفعلی ئەوەشدا، بەناوی رەخنەی هونەرییەوە هەمان گەمەی سیاسییە دۆڕاوەكان بكەن، كە تەنانەت ئامادەن خوێنیش بڕێژن، بۆیە ئێستا هەمان شێوە و هەموو ئەو كەسە دەنگبێژە بەسەرچووانەی، كە هونەری قوتابخانەی هەڵكەوت زاهیر و لێشاوی جەماوەری هونەرەكەی ئەو قوتابخانەیە مەیدانی جەماوەری هونەری بەرتەسككردووە.
من پێم وانییە ئەوان بتوانن هەڵكەوتێك بوەستێنن، كە خاوەنی شانازی هێنانە مەیدانی كۆمەڵە قوتابییەكی گەنج و داماڵینی سیمای پیاوسالارانەی هونەری كوردی بێت، هەڵكەوتێك بوەستێنن كە توانای لەئاست وەسانی داخراوی كۆمەڵگەیەكی هەبێت، لەهاتنە مەیدانی ئافرەت و خاوەنی پرشنگی درەوشانەوەی ئافرەت بێت، لەو بوارەی كە بەشۆرب و رەنگی پیاو داپۆشرا بوو، هەڵكەوتێك بوەستێنن هونەری كردبێتە قسەی راگەیاندنە بێدەنگەكان، لەئاست هونەر و كاری بۆ زۆر قەڵەم بە دەست و بەناو رۆژنامەنووسێكی بێ كار دروست كردبێت لەو بوارە و لەبێ كارییەوە خەریكی كردبن بە بەسەركردنەوە و گوێزەرەوەی رای ئەوانەی بەردێكیان نەخستە سەر دروستبوونی هونەری كوردی، بەدڵنیاییەوە ناتوانن هەڵكەوتێك بوەستێنن كە هەموو كوردى بەهونەرەكەیەوە مەشغوڵ كردووە، بۆیە ئەوانەى ئەمڕۆ رەخنە دەكەن، لە واقیعدا شیوەنی مەیدان نەمانی خۆیان دەكەن، بە بارگاوی كردنی داكۆكیكردن لەهونەری كورد.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە