ئەم جارە تاڵەبانی ناگەڕێتەوە ناوتان، گەر گەڕایەوە تەنها لاشەیەکی زلی بێگیان دەبێت!

Sunday, 18/03/2012, 12:00

1606 بینراوە


چینەکان دەڵێن:(هەورە بروسکە کە هات، گوێ ئاخنین بێ سودە).
گرەوکردن لەسەر پیاوێکی پەککەوتە ، گرەو کردنە لە سەر مەسەلەیەکی تەمومژاوی . تاڵەبانی وەک قوماشێکی پوکاوەی لێهاتوە لەکوێوە دەستی بدەیتێ، لەوێوە هەڵدەوەشێت، ئەی خێرە یەکێتییەکان نایانەوێت ئەم تارماییەی لە سەریانە بیڕەوێننەوە؟ بەڵکو بەپێچەوانەوە وادەکەن کە هەموو خیانەت و بێ هەڵوێستیی و ئەرکە ساختەکارەکانی مێژوو، لەگەڵ شکستییەکاندا هەیە لە خودی کەسایەتی تاڵەبانیدا کۆبکەنەوە.
یەکێتییەکان کێن؟ داخۆ ئەوەی ئەمڕۆ شیوەن بۆ تاڵەبانی دەکات ئەوانەن، کە بەڕاستی یەکێتی بوون؟ ئەی ئەمانە  لە کاتی لێقەوماندا لەکوێ بوون؟ ئەم ترسنۆک و مشەخۆرانە، ئەم پیسخۆرانە لە کاتی شۆڕش و پێکادانەکاندا چییان دەکرد و لە کوێ بوون ؟
خەڵکانێک هەن لە ساتەکانی شۆڕشیشدا بە پاڵتۆیەکی درێژەوە لەو سەر سنورانە بوون، پێیەکیان لە تاران و پێیەکەی دیکەیان لە بارەگاکانی سەرکردایەتیدابوو ، ئێستا ئەوانە سامانی ئەو نیشتمانە دەدەدزن و حاکمی موتڵەقن .
ئەم خەڵکانەی ئەمڕۆ فرمێسکی تیمساحی بۆ تاڵەبانی دەڕێژین، ئامادەن شیوەنی بۆ بکەن، ئەوانە خەڵکانێکن بەگەندەڵیی و بە دزیی و فەسادی ئاوس بوون.
کۆمەڵێک خەڵکیش لە نەزانینی خۆیاندا، لە کەم ئەزمونیی و داماویاندا داوادەکەن بۆیە دەڵێن تەمەنی ستافی کوردستانپۆست بچێتە سەر تەمەنی تاڵەبانی، تا تالەبانی زیاتر ئازادی کوردستان بە خەون بزانێت و پرۆتۆکۆڵی جەهەنەمی تر دژ بەنەتەوەی کورد واژۆ بکات، من جگە لەوەی بەو کۆمێنتارانەی کە لە فەیس بووکدا دەبینم و دەیخوێنمەوە، دایکم بیر کەوتەوە کە لە گوندی ئاڵیاوەی قەرەداخ ساوەرمان دەخوارد و باوکم لە بەرەکانی شەڕی سەیدسادق بوو ، ئەوە دواشەڕیپێش  ئاشبەتاڵەکە بوو، کەچی دایکم هەموو ژەمێک سینییە فافۆنەکەی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە و نزای دەکرد و لەخوا دەپاڕایەوە، کە لەتەمەنی ماڵ و منداڵەکەی هەڵگرێ و بیخاتە سەر تەمەنی (مەلامستەفا) تا زیاتر ئاگای لە شۆڕش بێت، کەچی کاتێک مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی کرد و ئێمەی جێهێشت و چوو بۆ ئێران، ئاگای لەو میللەتە نەما و وتی کاری من تەمام شود و لەوێوە بە پارەی شۆڕشی دزیی و  چوو بۆ واشنتۆن، ئیتر لەوساوە دایکم  لە ترسنۆکی مەلامستەفا تێگەیشت و نزاکانی وەستان.
خواش زانی، کە دایکەکانی ئیمە خەڵکانی داماون بۆیە نزاکانی لێوەرنەگرتن، گیانی مەلا مستەفای لە پێش دایکمەوە کێشا، دەنا ئەگەر خوا بە قسەی دایکمی بکردایە، ئەوا تا ئیستاش مەلامستەفا لە ژیاندا دەبوو، لە دارتاشینی خۆی نەدەبوویەوە، سەیر بکەن ئاخۆ چەند دایکی ئەم خەڵکە نزایان کردوە کە لەتەمەنی ماڵ و منداڵەکانیان کە دواشت بووە بیدەنە قەزای سەری سەرکردەیەکی ترسنۆک. ئەدی چیمان بکردایە ئەودەم گەر خوا نزای هەموو ئەو ئەوانەی وەربگرتایە!؟

بەر لە مردنی دایکم لە لای گیرفانی کەوا زلەکەیەوە پارچە پەڕۆیەکی سەوزی هەڵواسیبوو، بەڵام نزای بۆ کەس نەدەکرد دەرسی وەرگرتبوو، دەیزانی  ئەمانە ئەوەنین نزا و پاڕانەوەیان بۆ بکرێت، چونکە دڵنیا بوو لە مەلا مستەفا ئازاتر نابن، لە کاتی قەوماندا، لەوە خراپتر دەکەن.
کاتێکیش دەمپرسی دایە ئەو پەڕۆ سەوزە چییە؟ لە وەڵامدا دەیوت: کوڕم لەبەر خاتری ئێوەیە، چونکە ئێوە گەنجی خۆتان بۆ یەکێتی دانا، منیش پێم دەوت: دایە ئێمە یەکێتی نەبووین ئێمە کۆمەڵە بووین. دایکم ئیتر هیچی نەدەوت، بەڵام سەیری دەکردم دەیوت: کەم فرمێسکم بۆ نەڕشتوون!
یەکەم جار، کە تاڵەبانی جەڵدەی دڵ لێیدا ، هەرچی خەڵکی ئۆپۆرتۆنیست و مشەخۆر هەبوو دەستیان کردە سەربڕینی مەڕ. ئەوە نزایەک بوو بۆ موچە، بۆ کۆمپانیا و ساختەکارییەکان، شەقامەکانیان خوێناوی کرد، ئای ئەو هەموو مەڕە چاو گەورانە چۆن فرمێسکیان دەڕشت و دەیان ووت ئێمە تاوانمان چییە؟
بۆ نەگبەتی کورد، مەڕێکی زۆریشیان بۆ کۆسرەت کردە قوربانی، ئاخر مێژووی سۆشیال دیموکراتەکان پڕێتی لە قوربانیدان و قوربانیکردن، (ئۆڵف پاڵمێ)ی سەرەک وەزیرانی سوسیال دیموکراتەکانی سوید تیرۆر کرا و ئەمڕۆ تالەبانی دەبێتە میراتگریی، بزانە  سۆسیال دیموکراتەکان چیان لێ بەسەرهاتووە؟!

تاڵەبانی نەوسنی و چڵێسی، خڕ و خرپن و ورگنی کرد  گەیاندوویەتە لیواری مردن! ئەو کەسێک بوو بۆ خواردن دەمرد، کەسێک بوو دوژمنی بەرخ و قەل و مریشک بوو، لەمەرگی ئەو گیاندارانەوە لە زەتی لە خۆشی ژیان دەبینی.
لە دوێنێوە مێدیا ڕووزەردەکەی یەکێتی کەوتۆتە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە بڵێت تاڵەبانی گەڕایەوە خاکی نیشتمان، ئێمەش دەڵێن راستە گەڕایەوە بەس وەک لۆژیک سەیری بکەین، دەڵێین ئەی بۆ بە ڤیدیۆ وێنەیەکی ئەو پیاوە حەکیمەمان نیشان نادەن، وێنەیەک بزانین چۆن دابەزی، یا ئەوەی هەموو گومانەکان دەڕەوێنێتەوە.
 خەڵکی سادە وادەزانن ، شەڕی ئێمە تەنها مانای خوێن ڕشتنە، شەڕی ئێمە بەرگرییە لەوەی کە پێتان بڵێین تاڵەبانی ئیستا داماو بووە، گەر دەتانەوێت خزمەتێک بەو پیاوە بکەن لێیگەڕێن بۆ خۆی لە ناو جێگادا، ڕۆژەکانی تەمەنی بگوزەرێنێت، لام وایە کە ئێوە تەنها پشت و پەناتان تاڵەبانییە، ئیتر بانگەوازی کڵۆڵی خۆتان دەکەن، کڵۆڵیەک کە ئەمڕۆ نا سبەی لار دەبێتەوە و ئەودەم سەری دنیاتان لێدێتەوە یەک.
سۆن تزو، نووسەری هونەری جەنگ دەڵێت: (هەرسوپا بەرەو مەیدانی جەنگ بەڕێکەوت، گەنجینەی دەوڵەت بەتاڵ دەکاتەوە).
ئەرێ ئێوە بۆ لەخۆتان ناپرسن کە سەفەری ئەم هەموو سەرکردە نەخۆشە بەتایبەت تاڵەبانی گەنجینەی ووڵات چی بەسەر هاتووە؟ ئەرێ کەسمان دەزانین ئەم پیاوە چەند جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و چەندی تێچووە؟ خۆبەقەدەر مەیدانێکی شەڕ زیاتری تێچووە. لەم ماوەیەدا خزمێکمان بۆ نەشتەرگەریەک چووە ئەڵمانیا 5 دەفتەر دۆلاری تێچوو ، بێ لە پارەی فڕۆکە و ئوتێل ، ئەو بەتەنها چوبوو؟
 ئەی تاڵەبانی بۆ ئەو هەموو سەردانی خەستەخانە و نەشتەرگەرییانە چەندی پارە داوە؟  ئەی سەرکردە قارەمانەکانی تر یاخۆ چەندیان تێبچێت؟ بۆ نمونە دانەکانی مەسعود بارزانی؟
تاڵەبانی گەڕاوەتەوە ناوتان، خۆتان دەڵین: هێشتا گومانە و نەبۆتە یەقین، تا ئەو ڕۆژەی لەسەر کورسییەک دایدەنێن و ووتارێکی پڕ مەهزەلەی پێ دەخوێننەوە ، ئەو دەم پێتان دەڵێین: چاکتر نەبوو وازتان لەم پیاوە نەخۆشە بهێنایە وەک مرۆڤ گیانی دەربچێت ، خۆ ئەمە دەیان جارە ئێوە بەم هاتنەوەی سەرۆکەوە، ڕۆحی تاڵەبانی دەکێشن.
دەک بەخێر بێتەوە تاڵەبانی بۆ شارە حەیاتەکە، ئەو شارەی لەمەرگی تۆدا هەست بە ئازادیی دەکات و هەرگیز لە بیرمان ناچێتەوە کە وەک زەعیم سدیق لەشکرت هێناینە سەرمان ، لە گۆڕەکەشتا بێت، دەبێ باجی ئەو خیانەت و کردەوە ناشرینانەت بدەیتەوە، کە کردووتە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە