ناردنی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا، مەرجی تورکیایە؟

Friday, 24/10/2014, 12:00

1898 بینراوە


لە دوای ساڵی ١٩٩١ تا وەکو ئیمرۆ، هەڵوێستی پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەرامبەر بە هێز و پارتە سیاسیەکانی پارجەکانی تری کوردستان، هەڵویستێکی خۆسەپاندن بووە. بەدریژای ماوەی دەسەڵاتی سەرکردایەتی پارتی ویەکێتی ‌ هەر لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە ئەو هێزانە بێننە ژێر رکێفی خۆیان. بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان بیان کەن بە ئامرازێک و بەکاریان بهێنن بۆ پێشاندانی دڵسۆزی و نیەت سافی خۆیان بەرامبەر گەورەکانیان لە ئەنقەرەو تاران.

بۆ پێکانی ئەو ئامانجە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، هەموو رێگایەکی شەرعی ناشەرعیان پەیرەو کرد و هەوڵەکانیان بە دوو ئاراستەی سەرەکی خەست کردەوە.
یەکەم: چاوو سوورکردنەوەو گەمارۆی سەربازی، دەستکردن بە شەری براکوژی و ‌هێنانی سوپای پاسداران و میتی تورکی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی ئەو پارتانە لە نێو خاكی هەرێم.
دووەم: هەوڵە دیبلۆماسیەکان، گفت و گۆ کردن و خۆ نزیک کردنەوە لە سەرکردایەتی ئەو پارتانە بە گەیشتن بە رێکەوتنێکی ژێر بە ژێری، بۆ رازی کردنیان بە تەرخان کردنی بڕە بودجەیەک بۆ خۆیان و پارتەکانیان،رێگادانیان بە دامەزراندنی بنکەو بارەگای دایمی لەسەر خاکی هەرێم. بەڵام بەمەرجی سڕکردنی کارو چالاکی سیاسی چەکداری بەرامبەر بە ئێران و تورکیا.
ئەزمون سەلماندی کە هەندێ لە سەرکردەکانی پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی ووڵات، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە هەر دوو باڵەکەی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان. سەرکردایەتی هەر دوو هێز لە ژێر دروشمی پەیوەست بوون بە رەوشتی سیاسی بەرز، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەی، پاراستنی دەستکەوتی خەرمانەی خەبات و ماندووبوونی میللەتەکەمان لە باشووری ووڵات لە مەترسیەکانی لاواز بوون و لەناو چوون، هێزەکانی خۆیان قەناعەت پێهێنا کە رازی بن و کونجی قەناعەت بگرن. بەڵام هەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری ووڵات بە پێچەوانە بوو، ڕەتی کردەوە بجێتە ژێر رکێفی سەرکردایەتی ینک و پدک و مەرجەکانیان.
پەکەکە، سوودمەند بوو لە دروست بوونی ئەو بۆشایە لە رۆژهەڵات لە ئەنجامی پابەند بوونی پارتی دیموکراتی ئیران و کۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە مەرجەکانی سەرکردایەتی ینک و پدک، شان بەشانی ئەوە جێگر بوونی بنکەی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل، کار ئاسانی بوون بۆ پەکەکە کە بتوانێ نزیک بێتەوە لە کوردانی رۆژهەڵات وببێ بە مامانی لەدایک بوونی هێزێکی سیاسی شۆرشگێری تر کە ئەویش پژاک بوو.
لە رۆژئاوای ووڵات بۆشایەکی سیاسی خۆی بوونی هەبوو. بەحوکمی بوونی زەمینەی چەوسانەوەی میللەتەکە لەلایەن رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی سوریا، رۆحی بەرەنگاری بوونەوەش لە ناو میللەتەکە بوونی هەبوو، بەڵام خەفە کرا بوو. گرنگترین شت کە پەکەکە کردی ترس و سامی ئەو خەفە بوونەی شکاند، گڕو تینیکی تری دا بەو رۆحە، پەروەردەی کردو ئامادەیی تیا دروستکرد بۆ بڕوابەخۆ بوون، وەستان ،هەڵمەت بردن و مردن لە پێناو دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیەکان. سەرەرای ئەوەش نزیکی سنووری چالاکیەکانی پەکەکە لەو ناوچانە، توانی کارئاسانی بێ بۆ ئەوەی پەکەکە بتوانی نزیک بێتەوە لە کوردانی رۆژ ئاواو و لەوێش ببی بە مامانی لەدایک بوونی هێزێکی سیاسی شۆرشگێری تری کوردی بە ناوی پەیەدە.
لە باشووری ووڵات، پەکەکە هەوڵیدا هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە بە دروستکردنی پارتێکی سیاسی بەناوی پارتی چارەسەر، بەڵام بەهۆی جیاوازی جۆرو سروشتی دروست بوونی ئەو پارتەو بارو دۆخی سیاسی، شێوەی کارکردنی بەریوەبەرانی بیرۆکەکە، پەکەکە نەیتوانی وەکو بەشەکانی تری کوردستان ئەو گڕو تینە دروست بکات و ببێ بە خاوەنی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێر.
ینک و پدک، ئەوانیش هەوڵیاندا قاعیدەیەکی جەماوەری بۆ خۆیان دروست بکەن لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەکارهێنانی ئامرازی تری وەکو پارە و کڕینی خەڵک، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. پارتی دیموکراتی کوردستان هەستا بە دروستکردنی هەندێ پارتی کارتۆنی لە رۆژئاوای ووڵات کە لقێکن لە خۆی بە ناوی الپارتی و بانگەشەکردنی ئەندامەکانی بۆ هەولێر و میوانداری کردنیان لە هۆتیلە گرانبەهاکان، ناساندنیان بە خەڵک لە رێگای میدیاکانی خۆیان و سێبەرەکانیان، هەوڵدان لە پاڵیان بۆ دروست کردنی هێزێ جەکداری تری کوردی، بەهیوای دروستکردنی بەدیلی پەیەدە و پەکەکە لەو ناوچانە.
بێگومان پەیەدەو پەکەکەش دەرکیان بەوە کردوە، بۆیە بوون بەرێگری سەرکەوتنی پیلانەکانی حکومەتی هەرێم لە رۆژئاوا، کە ئەمە هۆکارێکی گرنگ بوو لە بوونی گرفت و کێشە لە نێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێم. بەدرێژای شەری نێوان یەپەدە و ئیسلامیە توند رەوەکان حکومەتی هەرێم یارمەتی یەپەدەی نەداو دەرگای سنوورەکانی داخست لە رووی ئاوارەکان وە بەتەمای هەڵکەندنی خەندەق بوو لە دەورووبەری ناوچەکانی خۆی.
پارتی و حکومەتی هەرێم لەشەرەکەی شارۆچکەی کۆبانی لەگەڵ تورکیا یەک هەڵوێست بوون، بەڵام دوای هەڵوێستی ئەمریکاو ئەوروپا بەرامبەر بە شارۆچکەی کۆبانی، حکومەتی هەریم و تورکیاش هەڵوێستیان گۆرا. بەڵام بێگومان بێ مەرج نیە. هەردووکیان کۆکن لەسەر ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ شارۆچکەی کۆبانی!
دەمێکە پارتی هەوڵی ئەوەدەدا هێزی چەکداری رۆژئاوای ووڵات بکا بە دوو لەتەوە، هەروەکو چۆن لە هەرێم پارتی و یەکێتی کردوویانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. پارتی و تورکیا لە هەوڵی ئەوەن ئاژاوەی شەری براکوژی بنێنەوە لە رۆژئاوا بەهیوای لاوازکردنی هێزی چەکداری یەکگرتووی کورد. هەردوو لایان لە هەوڵی ئەوەدان کە زەمینەی جاشاتی دروست بکەن و بەوجۆرە بکەونە خەڵک کڕین بە پارەی نەوتی هەرێم. کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورە لەلایەن حکومەتی هەرێم بۆ تورکیا جێگەی متمانەیە و هەر کاتێ بیەوێ سنوور دەبەزێنێ و هەرکاتێ بیەوێ بنکەی سەربازی خۆی دابمەزرێنێ تووشی کێشەو گرفت نابێ، هەر وەکو ئەوەی لە باشووری ووڵات ئەنجامی دەدا کە تا ئێستاش باشووری ووڵات بنکەی سەربازی تورکیای لێیە و شارەکان پڕ بوون لە دەزگای میتی تورکی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە