تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن مێژوو بە ئارەزووی خۆتان بنووسنەوە (بەشی دووەم)

Monday, 14/10/2013, 12:00

3623 بینراوە


پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەمی ئەم نووسینەم، چەند پەیوەندییەکم پێوەکرا، هەندێکیان داوایان لێدەکردم، کە دەرگای ئەم باسە بەسەر رابردوودا دابخەم و برینەکان نەکولێنمەوە، چەند برادەر و دۆستیش هەبوون بە پێچەوانەوە داوایان دەکرد، بەردەوام بم، چونکە ئەو باسە بۆ ئەوان نوێیە، داوایان کرد درێژەی بدەمێ و لەسەر ئەمە بەردەوام بم، ئەوان پێیان وابوو، کاتێک بەرپرسێکی شاخ، دێت و یاداشتی خۆی دەنووسێتەوە، درۆزنە و راستگۆ نییە، نابێت متمانە بە نووسینەوەی مێژووی ئەوانە بکرێت، منیش لەو بارەیەوە ئەوەم بە گوێیاندا دا، کە لە شەڕ و روودانی هەر کارەساتێکدا قوربانیی تەنها کوژراوەکان نیین، بەڵکو قوربانی راستەقینە ئەو راستییەیە، کە دەشاردرێتەوە و باس ناکرێت، دەکرێتە خۆراکی چەند لاپەڕەیەک بۆ ئەوەی پاڵەوانی درۆیینە، خۆی تێدا نمایش بکات. بۆیە لەو روانگەیەوە بە پێویستی دەزانم وەک سەرەتا بەوە دەست پێبکەمەوە، کە نووسین و وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە، مەبەستێکی شەخسیی تێدا نییە، بەتایبەت بەرامبەر بە کاک عەبدوڵڵا ئاگرین،  کێشەی من تەنها گێڕانەوەی رووداوەکان نییە، هێندەی ئەوەی خوێنەر ئەو مافەی هەبێت بزانێت لە رابردوودا چی روویانداوە، هەروەها کێشەی من بیروباوەڕ و بۆچوونە جیاوازەکانیشە، هەر یەکەمان لە روانگەی خۆیەوە دەبێت قسەی لەسەر بکات، هەر وەک چۆن کاک عەبدوڵڵا ئەو مافەی بەخۆی داوە لەسەر ئەو مێژووە قسە بکات، یان لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی تردا، رێکخراوێک بتوێننەوە و بچنە نێو پارتییەوە، مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی بە کوردپەروەر و نیشتیمانپەروەر دابنێ، یان پارتی بە حیزبێکی نەتەوەیی بناسێنێت، لە هەموو خراپتر قسەکردن لەسەر بنەماڵەی بارزانی هێڵی سوور بێت، منیش ئەو مافەم هەیە، لە بەرامبەردا را و بۆچوونی خۆم دەرببڕن، قسەی خۆشم بکەم، داواکردن بۆ ئەوەی چیدی لەسەر ئەوە نەنووسم، ئەو مانایەش دەدات، کە لە ئاست نووسینەوەی ئەو مێژووەی ناڕاستگۆیی تێدایە، ئەو راستییانەش دەبنە قوربانی لە گێڕانەوەی رووداوەکاندا، بۆیە هەوڵ دەدەم ئەو راستیییەی هەیە، لە دەست نووسینەوەی مێژووەیەکی درۆ رزگار بکەم.
هەرچەندە وەک لە سەرەتای بەشی یەکەمدا وتم من لە ماوەیەکی کورت و لە هەرەتی لاویمدا کارم لەگەڵ کاژیکدا کردووە، بۆ رۆژێک چییە نەچوومەتە نێو پاسۆکەوە، بە پێچەوانەوە راو سەرنجی خۆم هەبووە، مێژووەیەکی تاڵیشم لەگەڵ هەندێک کەسیانی ناویاندا هەبووە، هەر ئەمەش بوو وای لێکردووم وازم لە سیاسەت بهێنم و رووم کردۆتە لایەنێکی دیکەی سیاسەت، ئەو لایەنەم بە گونجاوتر زانیوە، تا خزمەت بە نەتەوەکەم بکەم، جگە لەوە بیری خۆم فراوانتر کردۆتەوە بەوەی قوڵتر لە مانای نەتەوەبوون بگەم، بۆ هێشتنەوەی ناسنامەی خۆم، کوردبوونی خۆم بە ئەرکێک زانیوە، ئاخر ئەرکیش قەرزێکە دەبێتە بدرێتەوە، ئەوەی گەردنی خۆی لەو قەرزە نەتەوەیی و نیشتیمانییە ئازاد نەکات، ئەوانەن لە تاو توانای قەرزدانەوەکەیان دەبنە خائین و ناپاک، سەرانی ئەمڕۆی کورد قەرزداری گەلێکن، گەردنیان ئازاد نییە، بۆیە کوردستانیان کردۆتە لانەیەک کەسانی ناپاکی تێدا بەرهەم دەهێنرێت. دوورکەوتنەوەی من لە سیاسەت و لە حیزبایەتیی من ئەو راستییەشی بۆ دەرخستم، کە حیزبەکانی کورد لە دوژمنانی کورد زیاتر ناسنامەی کوردبوونییان لێسەندوینەتەوە، دیسان ئەرکی ئێمە وەرگرتنەوەی ئەو ناسنامەیەشە، ئەمە بە ئەرکی کوردبوونی خۆشم دەزانم. 
ئەوەی، کە دەشینووسم سەرنج و بۆچوونی خۆمە بۆ ئەو سەردەمەی کارم کردووە، بۆ ئیساش کە بیری لێدەکەمەوە، دوایی لە روانگەیەکی ترەوە تەقەڵ لە سەرنج و بۆچوونەکانی تریشم دەدەم.
لە زۆر بۆنە و نووسینی دیکەدا ئەوەم دووبارە کردۆتەوە، وتوومە: کورد تا ئەمڕۆش خاوەنی ڕێکخراو و حیزب و پارتێکی خۆماڵی خۆی نییە، کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیماندا کاری کردبێت، مێژووی هەر کامێکیان دەگریت، دەزانێت بە یارمەتی دەوڵەتێکی داگیرکەر یارمەتیی دراوو و دروستکراوە، یان ئەگەر لەسەرەتاشدا بووشیبێت، دەستی تێخراوە، وەک چۆن لە سەرەتادا کاژیک دروست بوو، لە بەرامبەردا (پارتی گەلی کورد)یان بۆ قووت کردەوە و بەتاکتیک چوونەتە ناو ئەو حیزبەوە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیان ناشرین کرد و هەڵیانتەکاند، بەڵگەش رووداوی کانیماسی، تێیدا کۆمەڵێک لە شیوعییەکان کوژران، پلانی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو،  لە رێگای پارتی گەلی کوردەوە بەجێ هێنرا. پارتی گەلی کورد لەلایەن پارتییەوە دروست کرابوو، کەسە ناودارەکانیان شێخ محەمەدی هەرسین و حەمەی عەزیز و کۆمەڵیک کەسی تر بوون، دوای رووداوی کانیماسی زۆربەی ئەندامانی ئەو حیزبە، گەڕانەوە بۆ لای پارتیی، لە دەزگای پاراستندا پلە و پۆستیان وەرگرت.
بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی، بنەماڵەیەکی دروستکراوی سەر بە بێگانەیە، کە لە بنەماڵە و شێخەکانی بارزانی جیابوونەتەوە، داگیرکەرانی کوردستان توانیویانە پلە و پایەی ئاینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییان بۆ دروست بکەن تا پێگەیان لەناو کۆمەڵگای کوردییدا بەهێز بێت، وەک ئامرازێک لە رێگای بنەماڵەی مەلا مستەفاوە کورد ناتەبا و تێکبشکێنن. ئەیوب بارزانی کە ئامۆزا و مێردی خوشکی مەسعود بارزانییە، ئەویش لەسەر ئەو بۆچوونە لەگەڵمدا کۆکە، داوا دەکات جیاوازی لە نیوان بنەماڵەی بارزانیی و بنەمالەی مەلا مستەفادا دابنرێت، چونکە خوێندنەوە و باسکردنی مێژوویان زۆر لە یەکترییەوە دوورن، ناکرێت ناوی بارزانییەکان تێکەڵ بە ناو و تاوانی بنەماڵەی مەلا مستەفا بکرێت، بەتایبەتی تاوانی نەتەوەیی و خیانەتی گەورەی نیشتیمانیی. کاتێکیش باس لەو نەتەوەییانە دەکەم، کە دەمەوێت لێرەدا بۆ باسەکە بگەڕێمەوە، زۆربەیان، بەرماڵیان لەبەر پێی ئەو بنەماڵەیەدا داخستووە، قوتابی ئەو قوتابخانەیە بوون، کە بە دەمامکی نەتەوەیی بوون، خۆیان لە ناو خەڵکییدا پیشانداوە، لەولاشەوە دەستێکی کاریگەرییان لە بیروباوەڕی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی وەشاندووە، سەیربکەن چۆن ئەمڕۆ کۆنە شیوعییەک و پاسۆکێک  لە ناو پارتییدا سفرەیان بۆ راخراوە پێکەوە دانو دەکوڵێنن و لە خزمەتی ئەم بنەمالەیەدان!؟، ئەوانەی من ناسیومن، ئەمڕۆ زۆربەیان پارتی و جاسوسی نێو دەزگاکانی پاراستنن، کاریان تەنها هەوڵدان بووە، کە کەسانی بە راست دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر بەلاڕێدا بەرن، بیانکەن بە پارتی و پیاوی بنەماڵەی مەلا مستەفا، یان هەر هیچ نەبێت ساردیان بکەنەوە و بیان تۆرێنن، ئەم هەوڵدان و ئەزمونە لە زۆربەی حیزبەکانی تردا و هەر یەکە بە شێوەیەک روویان داوە، تەنانەت کردوویانە بە بەشێک لە کەلتوری نەتەوەییمان، لە زۆر بواری دیکە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و راگەیاندنەکانیشدا رەنگی داوەتەوە، من نامەوێت نمونەی لەسەر بهێنمەوە چونکە ئەمە دەبێتە بابەتێکی دوور و درێژ و لە باسە سەرەکییەکەمان دووردەکەوینەوە.
وازهێنانم لە کاژیک
بۆ بەستنەوەی بەشی یەکەمی باسەکە بەم بەشەوە، لەوێوە دەست پیدەکەم، کە ساڵی ١٩٦٨ کاتێک خوێندنی ئامادەییم تەواوکرد، ئەو ساڵە بوو، کە بەعس تازە کودەتایان بەسەر عەبدولڕەحمان عارفدا کردبوو، مەحاڵ بوو، کورد لە هیچ شوێنێکی زانکۆکاندا وەربگیرێت، ئەگەر بێتو یەکێکی بەعسیی، نەبێتە پەریز و وەفا و دلسۆزی بۆ رژێمی بەعس نەبێت، ئەو کاتە و بەعەقڵی ئەوسام بۆ تەواوکردنی خوێندن، من خۆم بۆ دوو شوێن دانابوو، یەکەمیان کۆلێژی سەربازیی، ئەویتریان یاسا، بەڵام لە هیچیان وەرنەگیرام، بۆیە ئەو ساڵە بەبێ کار و بێ خوێندن مامەوە، بۆ ساڵی داهاتوو (١٩٦٩)، کەمێک نێوانی بەعس و پارتیی ئاسایی بووبوویەوە، هاتووچۆ و دانوساندن کەوتبووە نێوانیان، وەرگرتنی ئەندامانی پارتیی لە زانکۆکاندا مەرجی پارتیی بوو بەسەرحکومەتی بەعسدا، بەڵام لەبەر ئەوەی من پارتیش نەبووم بۆ ئەو ساڵەش خەریک بوو ماڵەوە بمێنمەوە، بۆیە هاوڕێیەکم پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم، تا لە بەشی کوردی، کۆلێژی ئاداب، لە زانکۆی بەغدا، ئەگەر داوا بکەم، بە ئاسانی وەردەگیرێم، وتی ئەمە باشترە ئەمساڵیشت نەفەوتێت، بۆیە منیش بە گوێم کرد، خۆشبەختانە بۆ خوێندنی ئەو ساڵە وەرگیرام. ئەو بەشە لەو ساڵەدا لە هەموو بەشەکانی کۆلێژی ئادابی بەغدا زیاتر قوتابی کورد رووی تێکرد، تەنانەت تورکمانیش و کەمە نەتەوەییەکانی تریش وەرگیران.
شێرکۆی مام هەژار موکریانی
چەند مانگێک بەسەر خوێندندا تێپەڕی، رۆژێک کوڕێک هات بۆ زانکۆ و هەواڵی منی پرسیبوو، منی دۆزییەوە و هاتە لام وتی: من ناوم شیرکۆیە و کوڕی هەژار موکریانییم، دەمەوێت لە دەرەوەی زانکۆ بتبینم و قسە بکەین، ئەوەندەی ئیستا لە بیرم مابێت، لە کاتی دیاریی کراودا لە یەکێک لە چایخانەکانی حەیدەرخانەی نزیک شەقامی رەشید لە بەغدا، چووم و پێکەوە دانیشتیین، وتی من بەرپرسی یەکێتیی قوتابیانی نەتەوەیی کوردم لە بەغدا، لە سلێمانییەوە رایانسپاردووم، پەیوەندیی بە تۆوە بکەم. هەرچەندە من وەک پێشتر باسم کرد، کە لە سلێمانی بەو نیازە لیستی ناوی ئەندامە نەتەوەییەکانم تەسلیم بە کاک عەبدوڵڵا ئاگرین کردبوو، ئەم دانیشتنەم لەگەڵ شیرکۆدا و بیرکردنەوەم لە چارەنووسی برادەرانی سلێمانییم وای لێکردم بیدەنگ بم، بە جوانم نەزانی وەک هەڵوێستێک دەستبەردانی پەیوەندییەکانم ببم و بەجێیان بهێڵم.
لەگەڵ شیرکۆدا دوو سێ جار دانیشتنمان کرد، لە دوا دانیشتندا، رۆژێک من کتێبێکم بەدەستەوە بوو، تازە کڕیبووم، بە سەرسوڕمانێکەوە تەماشای کرد و لێی پرسیم ئەو کتێبە چییە؟ لە وەڵامدا وتم: (رأس المال)ی کارل مارکسە، رووی خۆی گرژ کرد، وتی: کەسی نەتەوەیی نابێت ئەم جۆرە کتێبانە بخوێنێتەوە! .... ئیتر نازانم چی تری وت، یان من چییم وەڵام دایەوە، لە بیرم نەماوە، بەڵام ئەمە دوا دانیشتن و قسەکردنم بوو لەگەڵ کوڕەکەی مام هەژار موکریانییدا، ئیتر ماڵئاواییم کرد و چەند جارێکی تر پەیوەندی پیوەدەکردم، من وەڵامم نەدایەوە و پەیوەندییمان پچڕا. ئەو ماوەیەی، کە لە بەغداد دەشمخوێند، بە رێکەوت ئەو چوار ساڵە بوو، بەعس و پارتیی رێککەوتنیان مۆرکردبوو، بە رێککەوتنی بەیانی ١١ی ئازار ناسرابوو، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا من زیاتر سەرقاڵی ئەدەب و هونەر بووم، لەلای مامۆستا رەفیق چالاکیش لە رۆژنامەی برایەتی کارم دەکرد، هەروەها لە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی بەغدادش ئەندام بووم، دیسان مامۆستا رەفیق چالاک لە هەمانکاتدا لە وەزارەتی کاروباری سەروو (وزاره‌ شئون الشمال) فەرمانبەریش بوو، هەندێک جار سەردانی مامۆستا رەفیق چالاکم لە وەزارەت دەکرد، شێرکۆی هەژار موکریانیش لەو وەزارەتە فەرمانبەر بوو، هەر جارێک منی بدیایە مۆڕ دەبوویەوە و قسەی لەگەلمدا نەدەکرد، پاش ئەوەی، زانکۆشم تەواو کرد، رێککەوتنی ١١ی ئازیش هەڵوەشایەوە، بە دوایدا نێوانی حکومەت و مەلا مستەفا تێکچوو، لە ساڵی ١٩٧٤دا وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان بە ناچاری چوومە دەرێ، لەوێ جارێکی دیکە لووتم بە لووتی شیرکۆی هەژار موکریاندا تەقییەوە، پێم وابێت سەرەتای بیرۆکەی دروستکردنی پاسۆکیان بوو، رۆژێک لە (ئازادیی)، کە دەکەوێتە نێوان (چۆمان و حاجی هۆمەران)، لەوێ ئەمانەتی گشتی رۆشنبیریی و راگەیاندن و لاوانی لێبوو، زۆربەی نووسەر و شاعیر و هونەرمەندە راکردووەکان لێی کۆبووبویەوە، رۆژێک شێرکۆ بێکەس بەیانێکی بەدەستەوە بوو، لێم وەرگرت، سەیرم کرد ناوی دەیان کەسی تێدابوو، گوایە ئەمانە وازیان لە کاژیک هێناوە و خیانەتیان کردووە، دەبێت بە سزای گەل بگەیەنرێن، شێرکۆی هەژار موکریانی لە بەشی دارایی ئەمانەتی گشتی بوو پێم وابێت لەو ئەمانەتە لای جەلال عومەری سام ئاغا کاری دەکرد، زۆر کەم دەردەکەوت، وەک پیشەی پێشووتری کە منی دەبینی خۆی لە گێلی دەدا، کاتێکیش لە نزیکییەوە تێدەپەڕیم، دەمبینی وەک ئەگێنتی دەزگایەکی موخابەراتیی چاوی لەسەر هەڵسوکەوت و رۆیشتنەکانم بوو، من ئەوەندە گوێم نەدەدایە، لەگەڵ خوێندنەوەی بەیاننامەکە، هەستم کرد، رەنگە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە دەستی شێرکۆی هەژار موکریانیشی تێدابێت، لە راستییشدا دوایی و پاش دوو مانگ، کە سەردانی پێنجوینم کرد بۆم دەرکەوت، بۆچوونەکەم راست دەرچوو. 
جێی خۆیەتی لێرەدا کەمێک بگەڕێمەوە بۆ سەرەتای چوونە دەرەوەم و هەندێک رووداو بگێڕمەوە، ئەمیش پەیوەستە بەو مێژووەوە، کە من قسەی لەسەر دەکەم.
هەروەک لە سەرەتادا باسم کرد کاتی چوونە دەرەوەم، رێککەوتی ئەو رۆژەی کرد، کە شاری قەڵادزێ لەلایەن بەعسەوە بوردومان کرا، وا بڕیاربوو لەگەڵ ئەو برادەرانەی لەگەڵمدا بوون، بچینە قەلادزێ، بەڵام کاتێک لە رێگا هەواڵی بوردومانکردنی قەلادزێیان پێداین، ئیتر بە رێگایەکی تردا پێچمان کردەوە و بەرەوە سەرکردایەتیی ملمان نا. لەو سەردەمەدا شاری قەڵادزێ لەگەڵ تێکچوونی نێوانی مەلا مستەفا و حکومەتی عێراق، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ١١ی ئازار، زانکۆی سلێمانی چۆڵی کرد و زۆربەی مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابیان چوونە قەلادزێ، لەوێ پارتیی رێ و شوێنی بۆ دانان، کە قوتابییەکانی زانکۆ لەوێ دەست بە خوێندن و چالاکی خۆیان بکەن، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک قوتابیان لەوێ دەستیان بە دەوامی خۆیان کرد، تا لە پڕدا فڕۆکەکانی بەعس قەلادزێیان بۆردومان و کاوڵ کرد، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیی و مامۆستای تێدا شەهید بوو.
پاش سێ چوار رۆژ گەیشتینە گوندی گەلاڵە، گەڵاڵە ناوێکی ناسراو بوو، چونکە ئەو کاتە زۆربەی دانیشتن و کۆبوونەوە و دانووساندنەکانی پارتی لەگەڵ حکومەتدا لەوێ ئەنجام دەدرا و ناوی بە بەردەوامی دەهات، وەک دەگووترێ، پایتەختی چالاکیی ئەو سەردەمەی شۆڕشەکەیان بوو. پێش ئەوەی بگەمە گەڵاڵە دەبێت ئەوە بگێڕمەوە لە رێگا تووشم بوو بە تووشی برادەرێکی نووسەری ناسراوی خۆشەویستمەوە، بۆ ماوەیەکی کورت کەوتینە گفتوگۆ، پێی وتم من هاتووم و دەگەڕێمەوە، بڕوام بەم شٶڕشە نییە!
کاتێک گەیشتمە گەلاڵە، بۆ ئێوارەکەی لەگەڵ برادەرەکانمدا چووینە مزگەوتی گەڵاڵە و شەو لەوێ ماینەوە، بەیانییەکەی هەواڵی کوڕی خاڵم پرسی ناوی (جەمال) بوو، خوشکەزانی حەمەی عەزیز (حەمەی عەزیز) بوو، زانیم خاڵە حەمەی لەگەڵ کوڕێکی تردا بە ناوی (تەهای عەبەی خەیات)، کردوویە بە پاسەوان و پێشمەرگەی تایبەتی خۆی، لە لای بەردەرگای ماڵەکەیان ژوورێکی تایبەتی بۆ هەردووکیان دروست کردبوو، ژنەکەی حەمەی عەزیز خزمێکی د. عوسمانی هێنابوو، چاک لە بیرم نەماوە خزمایەتییەکەیان چۆن بوو، کوڕەکەی خاڵم بە زۆر منی بردە لای خۆی و نەمزانی چووبوو بە خالە حەمەی وتبوو، گوایە من هاتووم، بەڵکو یارمەتییم بدات و لە شوێنێک دامبنێت! پاش کەمێک هاتەوە و هەستم کرد، دەموچاوی تەواو نەبوو، زۆرم لێی کرد، وتی: لەگەڵ خاڵمدا قسەم کردووە، ئەزانێت تۆ لێرەیت! داوام لێ کرد یارمەتییەکت بدات! وتی کەمال کاژیکە، بۆ من باش نییە، خەتەرە ئەگەر پێ بزانن! ئیتر من کەمێک گلەییم لێکرد، کە بۆچی چووە واستە بە خاڵی دەکات! خۆم من رامنەسپاردووە، تەنها بۆ بینینی خۆی هاتووم و هیچی ترم داوا نەکردووە! زۆری لێمکرد بمێنمەوە، بە قسەییم نەکرد، چوومەوە بۆ مزگەوتەکەی گەڵاڵە، شەوم لەوێ کردەوە، وام بڕیاردا بگەڕێمەوە بۆ دەوروبەری سلێمانی!
دەمەو بەیانی کە لەخەو هەڵسام چوومە بەردەم نانەواخانەیەک، تا نانێک بکڕم، لووتم بە لووتی جەلالی میرزا کەریمدا دەقییەوە، ئەویش هاتبوو بۆ نان کڕین، وتی ئەمشەو لە ماڵی حسێن عارف بووم، ئەوەی لە رێگا و تا شەوی رابردوو  روویدابوو بۆم گێڕایەوە، وتی: ئینجا ئەوە کەی گرفتە، من ناهێڵم ئێرە بەجێ بهێڵیت، دەبێت لەگەڵمدا کار بکەیت! ئێمە گۆڤارێک دەردەکەین بە ناوی (دەنگی پێشمەرگە) سەڵاح شوانی برادەری خۆمان لەگەڵماندایە، هەرسێکمان پێکەوە کاری تێدا دەکەین!
ئیتر ئەو رۆژە منی لەگەڵ خۆیدا برد و لەوێ کۆمەڵیک لە برادەرە ئەدیب و رۆژنامەنووسەکانی بەغدادم بینییەوە.
چاوەڕێی بەشی سێیەم بکە کە بەو باسەی خوارەوە دەست پێدەکەم!
١) حەمە عەزیزی دەزگای پاراستن و کۆنە کاژیک.
٢) شیرکۆی مام هەژار موکریانی لە پێنجوین رایسپاردبوو بمکوژن.

*********************************************

ژێر چادرەکانی ئازادی نزیک حاجی هۆمەران ساڵی ١٩٧٤

تێبینی:
١) داوای لێبوردن دەکەم، بەتایبەت لە د. جەمال نەبەز، کە بڕیار بوو زووتر ئەم نووسینە دابەزێنم بەڵام بەهۆی کاروباری کوردستانپۆست، هەروەها کێشەی تایبەتی خۆم، جگە لە بابەتی گەرموگوڕی هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان، نەمتوانی پەیمانەکەم بەجێ بهێنم.
٢) ئەو وێنانەی کە لێرەدا بڵاودەکرێتەوە، بەشێکیان تایبەتە بەم بابەتە و بۆ یەکەمجارە بڵاودەکرێتەوە

پۆستکارتی ساڵی ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار

پۆستکارتێکی ساڵی ١٩٧٤ بۆ یەکەمجار لەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزی
 لە بەشەکانی داهاتوودا چەند وێنەیەکی دیکەش بۆ یەکەمجار بلاودەکەمەوە

 بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی دیکە، کلیکی ئەو لینکانە بکە:



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە