بۆچی هەڵبژاردن

Thursday, 03/10/2013, 12:00

2418 بینراوە


هەڵبژاردن بۆ هەر هەنگاوێک و هەر مەبەستێک بێت، بمانەوێت و نەمانەوێت لە سەکۆیی دیموکراسی نزیکماندەکاتەوە، بە تایبەت بۆ ئەو گەلانەی کە نامۆن یان تازەن بە پرۆسەی سیستەمی دیموکراسی، هەڵبژاردنی پاک واتە ئینتمایە بۆ ڕۆشنبیرێتی و پەروەردەی گەلێکی زیندوو کە هەمیشە تامەزۆیە بە پێشکەوتن و گەشونما، گرنگ نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پاکدا کێ دەیباتەوە، هەندێک جار لایەنی کەم دەنگ بەدەست هاتوو زۆر لە لایەنی براوە دڵسۆزتر یان ئەکتیڤ ترن، بەڵام چوونکە پرۆسەی دیمکراسی وادەخوازێ دەبێت دەنگی کەم بەدەست هاتوو مل کەچی سەروەری یاسابێت.

بۆچی کورد کەم تا زۆر نامۆیە بە پرۆسەی هەڵبژاردن

پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ هەستی نەتەوایەتی کورد بە تایبەتی لە کوردستانی باشوردا، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوایی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩٢ کە ئەو هەڵبژاردنەش نەتوانرا ڕاستی پێناسەی دەمووچاوی دیموکراسیەتمان پێبناسێنێ، کارم نیە بەسەر چ لایەنێک براوەیی گۆڕەپانەکە دەبوو، زەرد یان سەوز.
ئەوەیی یەکەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیان بە لاوی زیندە بەچاڵ کرد یەکێتی و پارتی بوو، کە بیرۆکەی پەنجا بە پەنجایان خستە ناو کولتوری کوردەوە و ئەو بیرۆکە سەقەتەش هەتا ئێستاش هەموو کورد دەبێت باجەکەی بدات، هەر لەبەر ئەوەیی گوایە هیچلایەکیان بە دەنگی ڕاستەقینەی گەل، خۆیی بە دۆڕاوی بەرامبەرەکەی پەسەند نەدەکرد (گوایە دەڵێن بۆیە پەنجا بە پەنجایان پەسەندکرد تا نا کۆکی و شەڕی برا کووژی نەبێت)
چوونکە دۆڕاندن بە لای تاکی کوردەوە واتە، لووت شکاندن، پێچانەوەیی هەست و مێنتاڵەتیمان بۆ ناو زبڵدانی مێژووەکەمان، بۆیە دۆڕاندن واتە کۆتایی هەموو ڕێگاکان و بڕوا نەبوون بە خۆدروستکردنەوە، ئەو هەڵانەیی کە لەسەریان کەوتوە، لە خاڵە نێگەتیڤەکانیان بە ئاگانین، ئەستەمە بتوانن کە باوەڕیان بە خۆ بێت و جارێکی تر بگەڕێنەوە گۆڕەپانی دنیای سیاسەت، ئێمەی کورد وا پەروەردە کراوین لەهەر شتێک بدۆڕین لە کەسایەتیشمان دەدۆڕێین، لە سیاسەتیش دەدۆڕێین، چوونکە پەروەردەیی کەسایەتیمان زەعیفە، گرنگ نیە درۆ بکەین، سوێندی درۆ بخۆین، دزی بکەین، ژن بکوژین، تەنها و تەنها سیمای کەسایەتمان لە بەر چاوی کەسێکیتر تێک نەشکێنرێ، چوونکە پەروەردەی کۆمەڵایەتیمان هەڵەیە.

کورد و سەرکردەکانمان

ئەگەر ئاوڕێکی گورج لە شۆڕش و سەرکردایەتی ووڵاتانی جیهان بدەینەوە بەرخودان و سەروەریەکانیان هێندەیی گەڵایی دار زۆرە، ڕەنگە بەسەدان پەڕتوکییش نەیەتە هەژماردن، چ سەروەریەکانیان یان خەباتی جوامێریان، هەرچی سەرکردەکان و ڕابەرانی دەونیا هەیە بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەیان پێش ئاین و ماڵ و منداڵی خۆیان خستوە و هەرچی سەرورت و سامانی دنیاش هەیە هێندەیی موویەک دسلۆیەڵ نەبوون بۆ باڵای هەستی نەتەوایەتیان و گرنگیش نەبوە بەلایەنەوە ئەگەر سەری خۆشیان لە پێناویدا دانێن.
کەچی زۆربەی شۆڕشەکان و سەرکردایەتی کورد هەیە، بە هۆیی نەمانیان یان لەدەستدانی سەرکردەکانیان، کۆتایی بە شۆڕشی چەکداری هاتوە، یان ماوەیەک شۆڕشەکەیان سڕبووە، وەک؛ شۆڕشی شێخی نەمر بەهۆیی دیلکردنیەوە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە و بردنی شێخی نەمر بۆ هیندستان شۆڕشی ئەو کاتی کورد سڕبووە، لە دەستدانی سەرکردەیی مەزنی کورد قازی محمد، کورد لە کۆماری مهاباد حوکمەتە ١١ مانگیەکەی لە دەستدا، شۆڕشی دەرسیم بەسەرکردایەتی سەیدا ڕەزاش هەروەها، شۆڕشی ئەیلولی کوردستانی باشور ١٩٦١ بەهۆیی تێنەگەیشتن لە کاری دیبلۆماسی و بڕوانەبوون بە هێزی گەڵ و نەبونی سەرکردەیەکی حەکیم گلۆڵەیی شۆڕشەکەی لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو هەڵدێربرد و ماڵئاوایی لە دنیای شۆڕش کرد و میللەتەکەشی نا ئومێدکرد و گەلێکی بەشخوراو بە گوورک خواردن چوو، هەمان تیۆریش بۆ یەکێتی لەم سەردەمی جیهانگیرەدا بە هۆی لەدەستدانی سەرکردەکەی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، گڵۆڵەی خەباتی کۆیی ٣٧ ساڵیان لە ترۆپکی بەرزیەوە بەرەو خلۆربوونەوە دەڕوات،هەروەک یاری ڕۆڵەکۆستەر.
ئێمەی کورد زۆر بەداخەوە ڕابوردوومان زوو لەبیر دەچێتەوە، تەنها و تەنها کوڕی خوانی گەرمین، هەرهیزا و هەرگیز لە هەڵەکانمان وانەیەک فێرنابین و خوێندنەوەشمان بۆ هەڵەکان زەعیفە، چوونکە هەمیشە چەوساوە بووین و خۆمان پێکەم بووە، هەر کەسێکمان بدوێنیت بە دەیان و سەدان نموونەمان لایە، ئێمەی کورد تەنها یەک فەلسەفە فێرکراوین کە هەڵە بە هەڵە چاک بکەینەوە یان هەڵە بە هەڵە وەڵام بدەینەوە، بۆیە دەبێت هەموو تاکێکی کورد بەخۆیدا بچێتەوە و لە ڕابوردومان وانەی جوانتر فێربین، هەوڵبدەین گیانی لێبورن فێربین و ڕێز و ستایش بۆ بەرامبەرەکانمان دانێین و بەسە چیتر پاشقولی ناجومێری لەیەک نەدەین، چوونکە پەسەندکردنی یەکتری هەڵوێستی جوامێری و ژیریمان پێناسەدەکات، هەموو مرۆڤێک ماوەیەک چالاکە لە ژیانیدا و دوایی جێگاکەی خۆیی چۆڵدەکات بۆ یەکێکیتر لە خۆی ئەکتیڤتر، چالاکتر، بە توانتر یان زیرەکتر، کەچی بە داخەوە زۆربەی سەرکردە و کاربەدەستانی کورد هەیە، بە دێوانە کەتیرە (کرێزی گڵوو) بە کورسیەکانیانەوە گرێدراوون و بە مردنیش واز لە پۆستەکانیان ناهێنن، چوونکە باشترین کاسپیە کە بەرژەوەندی گیرفانیان بپارێزێ و لەشکرێک مشەخۆر و مەسینەهەڵگریش بە دووای خۆیدا ڕاکێشێ.

یەکێتی و گوژمێکیتر

ئەگەرچی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بە دۆڕاویی یەکەم دێت لە مێژووی هەڵبژاردنی کوردا، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆ کە ڕەنگبێت دەستنیشانکردنی هەموو خاڵەکان بۆ ئەم کورتە نووسینە نەشێت و منیش نەتوانم هەموو خاڵەکان شەن و کەو بکەم، بەڵام زۆر بە کورتی وەک؛
١- دورکەوتنەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆمەڵانی خەڵک و پشتکردنە میللەت، پەیمانی درۆ بە خەڵک و تەنانەت ئەندامانی یەکێتی خۆشی.
٢- زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتی وازیان لە سیاسەت و کوردایەتی هێنابوو، خەریکی کاسپی پیس بوون.
٣- پارەی زۆر ماهیەتی کەسایەتی و حیزبایەتیانی بێ هێزکردبوو.
٤- هێنانی کەسانی نزیکی خۆیان بۆ ناو شوێنە گرنگەکان و هەستیارەکان، کە کەسانی زۆر زۆر لەوان لە پێشتر هەیە.
٥- دروستکردنی دەستەی کوتلە و کوتلەکاری کە درزی خستە ناو ڕیزەکانی سەرکردایەتی و بنکردایەتی یەکێتیەوە.
٦- هێنانی کەسانی فایلدار، داوێن پیش، کەم ئەزموون، نۆکەری ووڵاتانی دەوروبەر.(بۆ ئەم خاڵانەش پارتیش هەروەها)
٧- پەیمانی ستراجیەتی نێوان یەکێتی و پارتی، کە تەنها پەیمانی نێوان دوو کەس یان دوو کەمپانیە و هیچیتر، ئێستا زۆربەی خاڵەکانی بە لای بەرژەوەندی پارتیدا دەشکێتەوە، چوونکە یەکێک لە خاڵەکان دەڵێت؛ لە خیابی هەر یەکێک لەو دوو سەرکردەیە، ئەویتر بەرپرسە و هتد.
٨- لێکترازانی بەشێک لە سەرکردە و کادێران و ئەندامانی پاکی ئەوسایی یەکێتی بۆ ناو ڕیزەکانی گۆڕانەوە و یەکێتی بەم دەردە برد، کە ئاسان نیە ساڕێژکردنی برینێکی هێندە گەورە.
٩- نەرمی نواندن بەرامبەر بە نەیارەکانی یەکێتی خۆیی و توندوتیژیش بەرامبەر دۆست و کۆنە ئەندامی خۆت،
١٠- لە دەستدانی کۆمەڵێک کادێر و ئەندامانیان لە هەولێر لەبەر بێهێزیان لەبەردەم ئاخاکانیان.
١١- لە دەستدانی بنکەی سەرەکیان کە سلێمانیە، چوونکە سیاسەتی چاواشە و خۆکوژیان پەیڕەوکرد لە مێژووی سلێمانیدا.
١٢- ئایە یەکێتی جارێکیتر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناو باوەشی نیشتمان کە دایکە و جارێکتر، لە لای باوک، دایک، خوشک و برای شەهید یان پێشمەرگە متمانە وەرگرێتەوە، یان ڕۆژ لە دووایی ڕۆژ ناشرین ترو ناشرینتردەبێت و هتد.
زۆر حیزب و لایەن چ وەک کابینەی دەوڵەتیان دروستکردبێت یان ماوەیەک سەرقافڵەی بزاڤێک بوون، هەڵکشان و داکشانیان بە خۆوە بینیوە، هەندێکیان ناو و ئاسەواریشیان نەماوە، هەندێکیشیان باشتر لە جاران بە هۆیی ژیریانەوە هاتوونەتەوە گۆڕەپانی سیاسەت و باشتر لە جارانیان دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست، نموونەمان ساندەنستیەکان لە نیکەراگوا، بەسەرکردایەتی دانیەڵ ئۆرتێگا، بە شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕشەکیان هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی پرۆسەی ئازادەوە کە ئابوری ووڵاتیان خراپکردبوو دەسەڵاتیان دۆڕان.
چوونکە باوەڕیان بە خۆبوون بوو گیڤئەبیان نەکرد (ساردنەبوونەوە) ئەو هەڵانەی کردبوویانن، کردیانە بەرنامەی خۆیان و سیاسەتی سەراپا چاکردەنەوەیان پەیڕەوکرد و زۆربەی سەرکردە سەربازەیەکانیان خانەنیشکرد یان ناردیاننەوە بۆ ماڵەوە.

Political Overhaul 

ئێستا یەکێتی لەبەردەم دوو ڕیانێکدایە، ئەگەر حەکیمانە بیرنەکاتەوە و لێکدانەوەی شەفافی بۆ تەوەراکان و پێشهاتەکان نەبێت، کەم تا زۆر لەبەردەم هەر دوو ڕیگاکەدا گورک خواردوو دەبێت و کەسەیش کەوڵەکەی بە پولێکی قەڵب ناوێت، بە تایبەت نەوەیی نوێ.
١- ناردنە ماڵەوەیی زۆربەی ئەو سەرکردانەی بونەتە بارمتە بەسەر یەکێتیەوە و کاریان بوەتە بێزنس و هیچیتر، لە گەڵڕێزمدا خوا خوایانە یەكێتی هەرەس بهێنێت، تا ئەوان مایە قانزاج دەرچن، یان وەک بەندی پێشینانی کورد دەڵێت، مردنی خۆیان پێباشە بۆ زەرەری خاوەنی.
٢- بەزووترین کات هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ستراتیجی ساڵی ٢٠٠٦ ی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەگەر ئەو پەیمانە نەیەتە بنبەست، یان کۆتایی، یەکێتی زیاتر بەرەو دۆڕاندن دەبات و وەک خۆیان دەڵێن مەنجەڵێک دۆڵمە بەشی هەموویان دەکات، چوونکە پارتی باش خوێندنەوەی بۆ هەموو هاوکێشەکان کردوە، لەمەو دووا بەشی یەکێتی بە پێی کات و سات و ژمارەی خۆڕسکە، چەندە زەمینەت سازبێت پشکی تۆش هەر هێندەیە، یەکێتیش بە هەموو فەرمانێکی پارتی دەبێت ڕازی بێت، چوونکە لە هەر دوو جەژن بووە، یان ئەوەتا ئەبێت زیاتر بچێتە باوەشی ئێرانەوە و لە ڕێگایی ئێرانەوە پەیامەکانی بدات بە گوێی پارتی و گۆڕاندا، یان ئەوەتا دەبێت زۆر دوربین بێت و هەوڵبدات ڕاوێژکاری باش پەیدابکات و ئەو جێگایانەی بە مرۆڤی مشەخۆر، گەندەڵ، دەبەنگ و هتد گیراوە بدرێتە دەست کەسانی شێواو لێهاتو بۆ جێگایی شێواو، من ناڵێم کە پەیمانەکە هەڵوەشایەوە ببە بە نەیار یان دووژمن، دەڵێم دەبێت خوێندنەوەت بۆ خۆت هەبێت، دەبێت خاوەن ووتاری خۆت بیت، دەبێت هەڵوێستت هەبێت، نابێت پاشکۆی هیچ لایەنێک و کەسێکبیت، دەبێت بزانی پاشەڕۆژی کوردستان بەرەو چ هەڵدێرێک دەڕوات، دەبێت تۆش خاوەن بەرنامە و پلانی خۆتبیت، ئەو هەڵانەی کە بوەتە زەربۆت خوێندنەوەی ساڕێژکراویان بۆ بکەیت، ئەگەر نا دەبیتە پاروی بچووک و نەیار و دووژمنەکانت بە ئاسانی قووتت دەدەن، دووای کاڵەک بە ئەژنۆ شکاندن دادت نادات.
٣- هەوڵدان و خۆنزیک کردنەوە لە لایەنی ئۆپۆزیسۆن بە تایبەت گۆڕان، چوونکە بتانەوێت و نەتانەوێت یەكێتی و گۆڕان ئاوی یەک ڕوبارن، بای ئەجەڵ کردوونی بەم دێڵتایەی ئێستا کە هەیە، بۆیە دەبێت هەر دوو لایەن ژیر و دبلۆماسبن یان با بێت و باران لە بەفر کەمدەکاتەوە.
٤- بێهێز بوونی یەکێتیش گۆڕەپانەکە بۆ پارتی زیاتر بە جێدەهێڵدرێت، هەر وەک بینیمان لە سلێمانی ئەمجارە پارتی دەنگی زیاتر بە دەست هێناوە و یەکێتیش لە دەڤەری زەرد زۆر دەنگەکانی دابەزیی بوون، کە ئەبوایە هیچ نەبێت لە زاخۆ دەنگی خۆیی بهێنایە، کەچی زۆر بەداخەوە لەوێش دۆڕا.
ئەمە کورتە باسێک بوو کە هەموو مرۆڤێکی کورد دەخوازێت گشت لایەنەکان تەبا و ڕێکبن لە ناو یەکدا، بەڵام تەبابون بە بێ تێگەیشتن و هوشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەستەمە بگەنە خاوەن بەرنامەیەکی تووکمە و ئینتما بوون بۆ نیشتمان، کۆمەڵگا، دەورەوبەر یان بۆ هەر تاکێکی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە