شەممە قوتابخانە ئامادەییەكانی كفری خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن

Friday, 10/02/2012, 12:00



بڕیار وایە رۆژی شەممە 11/2 فێرخوازانی پۆلی دەیەمی سێ قوتابخانەی ئامادەیی قەزاى كفری وەكوو ناڕەزاییەك لەبەرامبەر سیستمی نوێی پەروەردە خۆپیشاندانێك بۆ بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی كفری ئەنجامبدەن.
یەكێك لەنوێنەرانی ئامادەكارى خۆپیشاندانەكە حسێن ئیسماعیل لەقوتابخانەى ئامادەیی فیدراڵی تێكەڵ لەلێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنە وتى "رۆژی شەممە كاتژمێر 9 بە مەبەستى ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر سیستمی نوێی پەروەردە لەقوتابخانەكانى خۆمانەوە بەڕێ دەكەوین بۆ بەردەم پەروەردەى كفری بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان".
ئەو فێرخوازە باسی لەوەشكرد كە مەبەستیان لەو خۆپیشاندانە ئەوەیە سیستمى پۆلی دەیەم گۆڕانی تێدا بكرێت بەوەى لەو قۆناغەدا هیچ نمرەیەك ئەژمار نەكرێت بۆ سەر نمرەى كۆتایی خوێندن و یاداشتێكیشمان ئامادەكردووەو ئاڕاستەى هەریەك لەحكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردەو قایمقامی كفری و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەى كفری دەكەین.
بە پێی زانیارییەكانی سایتی ئاوێنە لەهەر قوتابخانەیەكی ئامادەیی دوو نوێنەر ئامادەكراوە كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكە بكەن كە قوتابخانە ئامادەییەكانیش بریتین لەئامادەیی فیدراڵی تێكەڵ، كفری تێكەڵ، ئاراراتی كچان.
چەند ساڵێكە لەزۆربەى شارو قەزاو ناحیەكانى هەرێمە كوردستان خۆپیشادان لەدژی سیستمی نوێی پەروەردە ئەنجامدەدرێت و چەند رۆژێكیشە دووبارە سەرى هەڵداوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە