من و 31ی ئاب له چه‌ند دێڕێکدا

Sunday, 08.30.2009, 12:00

1508 بینراوە


نووسینی: پۆڵا سه‌عید

ئازادیی واته مرۆڤایه‌تیی، ئه‌و مرۆڤه‌ی ئازاد نه‌بێت مرۆڤیش نییه‌ (پۆڵا سه‌عید)

چه‌ندیین ساڵه له‌سه‌ر 31ی ئاب قسه‌ ده‌کرێت، لێ ئه‌م قسه‌کردنه کاری به‌شێکی که‌می کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه نه‌ک هه‌موو کۆمه‌ڵگا یان به‌شێکی گه‌وره‌ی، کێشه‌ی منیش هێنده‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کاندایه به چاره‌کی ئه‌وه له‌گه‌ڵ مێژووه‌که‌دا نییه. ئه‌م ده‌ربڕیینه‌ی منیش له %100 پێچه‌وانه‌ی هاوکێشه‌ کوردییه‌که‌یه. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه، که کورد هه‌میشه ده‌ڵێ: فڵان و فیسار کێشه‌ی که‌سێتییان له‌گه‌ڵ سیاسییه‌کاندا هه‌یه. فڵان و فیساریش به‌رگریی له خۆیان ده‌که‌ن ده‌ڵێن: نه‌خێر ئێمه کێشه‌مان له‌گه‌ڵ سیستێمه‌که‌دا هه‌یه. بۆ نموونه دکتۆر شاهۆ سه‌عید له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا چه‌ندیینجار ئه‌م ده‌ربڕیینه‌ی دووباره‌ کردۆته‌وه. ئه‌م ده‌ربڕیینه‌ش بۆ من هه‌ڵه‌یه، کێشه‌ش ئه‌وه‌یه، هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک ڕێگات پێنادات، بیروبۆچوونی خۆت ئازادانه له‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌کانیان ده‌رببڕیت، کۆمپانیای وشه له پێش هه‌موویانه‌وه. ئه‌وانیش به مه‌زه‌نده‌ی ئه‌قڵی خۆیان، ئه‌وه‌نده‌ی، که ئه‌وان هه‌یانبێت بۆ ناسینه‌وه، ته‌نها ئه‌و نووسیینانه بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، که به تێگه‌یشتنی ئه‌وان له به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسه‌تی ئه‌واندایه. به‌ هه‌رحاڵ با له باسه‌که دوورنه‌که‌ومه‌وه. دێمه‌وه سه‌ر کێشه‌ی که‌سێتیی. من تێڕوانینه‌که‌ی ئاریستۆتێلێس ده‌که‌م به چه‌قی لێکدانه‌وه‌ی خۆم، که بریتییه له‌وه‌ی، ئاریستۆتێلێس ڕێگا نادات، که تاک فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بکات، به‌ڵکوو له‌لای ئه‌و ته‌نها پرینسیپێک ده‌بێت فه‌رمانڕه‌وا بێت، نه‌ک تاکێک، تاک لێره‌دا ته‌نها سیمبوڵێکه و هیچی تر نا. ئاریستۆتێلێس ترسی له‌وه‌ هه‌بووه، که تاکێک له ده‌سته‌ڵاتدارییدا ده‌کرێت تیرانیزه‌ی کۆمه‌ڵ بکات، واته کۆمه‌ڵ بچه‌وسێنێته‌وه و ژیانیان ناخۆش بکات. لێره‌دا ئه‌و سیستێمه‌ی، که ئێمه هه‌مانه له باشووری کوردستاندا له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه، بریتییه له به‌رهه‌می ئه‌قڵی تاکه‌کانی یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات یاخوود دوو چیین یان دوو بنه‌ماڵه. ئێمه‌ خاوه‌نی پرینسیپێکی دادوه‌رانه نین، که شێوازی کارکردنی بۆ ده‌سته‌ڵات دانابێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه تاکه‌کانی ناو ده‌سته‌ڵات شێوازی کارکردنیان بۆ دادگای باڵاش داناوه. که‌واته ئه‌م کێشه‌یه کێشه‌ی سیستێم نییه، کێشه‌ی تاکه‌کانه، کێشه‌ی که‌سێتییه‌کانه. هه‌رئه‌مه‌شه وه‌ها ده‌کات، که من هێنده‌ی مرۆڤی گۆڕانم مرۆڤی ڕیفۆڕم نیم، لێ ئه‌و گۆڕانه‌ی گرده‌که نا، به‌ڵکوو گۆڕانێکی ڕادیکاڵانه‌ی سیاسیی، که ئه‌قڵێکی فه‌لسه‌فیی ماتۆڕی بێت، نه‌ک تاکێک.

له‌لای ئاریستۆتێلێس مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی سیاسییه، ئاخۆ  ئه‌م تێڕوانینه هێشتا ئه‌کتوێله؟
مرۆڤ وه‌ک ئاژه‌ڵێکی سیاسیی، ته‌نها بیر له باشه بۆ خۆی ناکاته‌وه، به‌ڵکوو بۆ باشه هه‌ره‌وه‌زگه‌ره، لێبه‌ڵێ هه‌موو تاکێک خاوه‌نی ئیدێنتیتێتێکی ئیندیڤیدوواله، چونکه مرۆڤ هه‌یه باش له‌لای ئه‌وه‌یه، که بۆ کۆی گشتیی باش بێت، مرۆڤیش هه‌یه، باش له‌لای ئه‌وه‌یه، که ته‌نها بۆ خۆی باش بێت. لێره‌دا ئه‌گه‌ر بڕوانینه سه‌رنجی میکاڤیللیی ئه‌وا ئه‌و ده‌ڵێ: مرۆڤ له سروشته‌وه ئاژه‌ڵێکی سیاسیی نییه، به‌ڵکوو ئیگۆئیستێکی ڕادیکاڵه. بێگوومان ته‌واو و ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئاریستۆتێلێسه ئه‌م بۆچوونه، لێبه‌ڵێ، تۆ ته‌ماشای که‌سایه‌تیی سیاسییه‌کانی ئێمه بکه، که چه‌ند دڕندانه و ئیگۆئیستانه له‌پێناوی باشه‌ی خۆیاندا ئاماده‌ی کردنی هه‌موو کارێکن، 31ی ئاب به‌رهه‌می ئه‌م ئه‌قڵییه‌ته‌یه، مرۆڤ، مرۆڤ نییه به‌ڵکوو وه‌ک تۆماس هۆبس ده‌ڵێ: گورگه مرۆڤه. ئه‌وه ته‌نها خراپیی سیستێمه‌که نییه، به‌ڵکوو ئیگۆئیستیه‌تیی تاکه‌کانی ئێمه‌یه، که سیستێمێکی ئاوها داده‌ڕێژێن. تۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستێمه‌ش تێکبده‌یته‌وه تاکێکی تر دێت یان به هه‌مان سیستێم یان به سیستێمێکی دڕاندانه‌تر کۆی هه‌موو کورد له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا به‌کارده‌هێنێت. ئێمه پێویستمان به په‌روه‌رده‌یه‌کی ته‌ندروست هه‌یه، ئێتیکێک، که خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تیی بکات و مرۆڤ هه‌رگیز مرۆڤێکی تر وه‌ک هۆکار بۆ گه‌یشتن به ئامانجی خۆی به‌کار نه‌هێنێت، چونکه خودی مرۆڤ بۆ خۆی ئامانجه، نه‌ک ئامانجێک له‌ناو خۆیدا. کۆمه‌ڵگای ئێمه چونکه خاوه‌نی بنه‌مایه‌کی ئێتیکانه نییه، هه‌موو شه‌ڕی "هه‌موو دژ به هه‌موو"ی تێدا دووباره ده‌بێته‌وه، چونکه هه‌رگیز کێشه‌ی که‌سێتییان به کێشه‌یه‌کی گه‌وره و به ڕه‌گی کێشه‌کان نه‌زانیوه، هه‌میشه چوون به گژ سیستێمێکدا، به‌بێئه‌وه‌ی بیرله‌وه‌ بکه‌نه‌وه، که خودی سیستێمه‌که به‌رهه‌می ئه‌قڵی که‌سایه‌تییه‌کانه. ئه‌مانه له مێژووه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا یان بوون به تایه‌ی ئه‌م سیستێمه یان بوون به‌ژێر تایه‌ی ئه‌م سیستێمه‌وه.

هه‌رگیز ویستی من یان هی تۆ یان فڵاون و فیسار نه‌بووه، که بووینه‌ته‌ هاووڵاتیی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، به‌ڵکوو ئێمه له‌ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا له‌دایکبووین، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی خۆمان له‌سه‌ر ده‌ستی دایک و باوکمان کراوین به هاووڵاتیی به‌بێئه‌وه‌ی پرسێکمان پێبکرێت ئاخۆ ده‌مانه‌وێت یان نا؟ کێشه‌ی من له‌گه‌ڵ هاووڵاتییبووندا بریتییه له ڕازییبوون به‌وه‌ی، که‌ به‌وشێوه‌یه ژیان به‌ریته‌سه‌ر، که له کۆمه‌ڵگادا پێتدراوه یان ڕێگات پێده‌درێت بژییت. بوونی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک بریتییه له گرێبه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی، له گرێبه‌ندێکی ئاوهادا هه‌موو تاکه‌کان، هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کان کۆکن له‌سه‌ر پاراستنی ئازادییه ئیندیڤیدووالییه‌کانی یه‌کتر، له‌م گرێبه‌نده‌دا ڕێگانادرێت ئازادییه‌کانی تاک زیانی پێبگات. گرێبه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاوها بۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی ئازادییه‌ ئیندیڤیدووالییه‌کان گرنگه، چونکه هیچ که‌سێک ئاماده نییه ناهه‌قیی و زۆرداریی به‌رانبه‌ر به خودی خۆی بکات، هیچ که‌سێک ئاماده نییه هه‌رئاوها ئاسان و بۆ خۆشیی و هه‌وه‌سی خۆی ئازارێکی فیزیکیی یان ده‌روونیی خۆی بدات، یان زیانێکی ماددیی به خۆی بگه‌یه‌نێت. ئا به‌مشێوه‌یه هه‌موو تاکه‌کانی ناو گرێبه‌ندێکی ئاوها ده‌بێت کۆمه‌ڵ وه‌ک خودی خۆیان ته‌ماشا بکه‌ن و زیانی پێنه‌گه‌یه‌نن. پرسیاری من ئه‌وه‌یه، چ سیاسییه‌کی ئێمه چ سه‌رکرده‌یه‌کی ئێمه‌ به‌و چاوه ته‌ماشای کۆمه‌ڵگای کردووه؟ وه‌ڵام هیچ کامێکیان.

کێشه‌که‌ش لێره‌دا ته‌نها مێژووی 31ی ئاب نییه، به‌ڵکوو مێژووی که‌سایه‌تییه‌کانه، ئه‌م گرێبه‌نده‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی کورد، پێویسته ڕادیکاڵانه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، چونکه به‌هیچ شێوه‌‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئازادیی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا یه‌کناگرنه‌وه، ئێگالیتییه‌ت له‌م گرێبه‌نده‌ی ئێمه‌دا بوونی نییه، به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی ئێمه به جووتێ پێڵاوه‌وه ڕێگای ژیان ده‌بڕێت، که هه‌ردووکی هی یه‌ک پێن. به‌شێکی گه‌وره‌مان هه‌تاوه‌کوو مه‌رگیشیان به جووتێ پێڵاوی پێی ڕاسته‌وه ژیانیان تێپه‌ڕاند. ده‌سته‌ڵات پێویسته له‌گه‌ڵ ویستی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادابێت، ده‌سته‌ڵات و کۆمه‌ڵ ده‌بێت خاوه‌نی ئێگالیتییه‌ت بن. ژیانی کورد ناگۆڕدرێت هه‌تاوه‌کوو گرێبه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی کورد تێکنه‌درێته‌وه و دادپه‌روه‌رانه دروستنه‌کرێته‌وه. چونکه کورد هه‌میشه شه‌ڕی سیستێمی کردووه و گرنگیی به شه‌ڕی تاک نه‌داوه هه‌میشه هه‌ڵه‌کانی مێژووی خۆی دووباره کردۆته‌وه. ئه‌گه‌ر کورد خاوه‌نی پرینسیپێک بوایه هه‌رگیز 31ی ئاب و چه‌ندیین کاره‌ساتی تر ڕووی نه‌ده‌دا، لێ چونکه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی له‌ناو ئێمه‌دا وه‌ک پیشه‌ی مرۆڤه‌کانی ناوه‌ڕاستی خۆرهه‌ڵات دراوه‌ته ده‌ست تاک نه‌ک پرینسیپ هه‌میشه کاره‌سات له‌دوای کاره‌ساتمان خستۆته لاپه‌ڕه‌کانی مێژوومانه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌دوای 25.07یشه‌وه کورد نه‌یتوانی وه‌ها بکات، که پرینسیپێک فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بکات نه‌ک تاکێک. به به‌ناو ڕۆشنبیره‌کانیشمانه‌وه دیسان ویستی خۆیان خسته ناو ویستراوی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی تاکه‌وه نه‌ک پرینسیپێکی هومانیستیانه‌ی دادپه‌روه‌ره‌وه.

دوا وته‌م ئه‌وه‌یه، که کێشه‌ی 31ی ئاب و کێشه‌ی کورد به گشتیی کێشه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانه، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌مان نه‌مێنێت ده‌بێت که‌سایه‌تییه‌کان دووربخه‌ینه‌وه و پرینسیپێک بکه‌ین به فه‌رمانڕه‌وا و تاکیش وه‌ک سیمبوڵێکی پرینسیپه‌که دابنرێت. کێشه‌ی 31ی ئابیش چیدی وه‌ک ناپاکیی نه‌ته‌وه‌ییی ته‌ماشا نه‌کرێت، به‌ڵکوو وه‌ک دوژمنایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییی بخوێنرێته‌وه، چونکه تاوانه کاره‌ساتێکی وه‌ها گه‌وره بۆ ناپاکییه‌ک بچووکبکرێته‌وه، هه‌موو بێده‌نگییه‌کیش به‌رانبه‌ری به واتای ده‌نگدان به زه‌وتکردنی ئازادییه‌کانی تاک، ده‌نگدان به ویستراوێک، که ویستی هه‌موو نییه، به‌ڵکوو ویستی تاکه.