کوبانێ، پێویستیی بە کردارە نەک گوفتار

Saturday, 20/09/2014, 12:00

1787 بینراوە





پارتی لەڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنییەوە، خۆشحاڵانە دەخوازێت وێکچواندنێک لەنێوان کارەساتەکەی شەنگال و کۆبانیدا بکات و بەجۆرێک خۆڵ لەچاوی خەڵکی بکات، کە هاوڕێ و هاوشێوە بۆخۆی درووست بکات و بڵێت ئێمە لەشەنگال تێکشکاین و یەپەگەش لەکۆبانێ. لەکاتێکدا ئەم دوو حاڵەتە شیاوی بەراورد نین. یەکێکیان هەڵاتن و سەرشۆریی و ترسنۆکییە. ئەوی تریان بەرخۆدانی بێوێنەو جوامێریی و شەهیدبوونە. لەشەنگال پێشمەرگەکانی پارتی هەڵاتن و خەڵکیان بەجێ‌هێشت، و خستیاننە باوەشی دوژمن. لەکۆبانێ داعش بەسەر تەرمی پیرۆزی لاوانی کوڕوکچی ئەوێدا پێشڕەوی دەکات.
پارتی، کاتێک لەسەر زاری مەسعود بارزانییەوە، ڕادەگەیەنێت، کۆبانێ، واتای کوردستان، و کۆبانێ کەرامەتی کوردە، ئایا چی دەکات بۆ کۆبانێ؟ ئایا بەرگری لەپاراستنی کەرامەت تەنیا بەڕاگەیاندن و لێدوان دەبێت؟ ئایا هێشتا پارتی، دەتوانێت بەخەڵکی بڵێت، ئەو لەگەڵ کێدایە؟ ئایا هێشتا لەسەر سێبەری دەوڵەتی تورکیاوەو بەپێی ئامۆژگاریی و ڕێنوینی و بگرە فەرمانی تورکیا مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کوردستاندا دەکات؟ ئایا هاوکاریی و مەزنکردنی داعش لەلایەن تورکیاوە هێشتا سەلماندنی دەوێت؟ ئایا هاوارو ناڵەی ژنان و منداڵانی ژێر ئاگربارانی داعش، ڕایان ناچڵەکێنێت و ناچاریان ناکات لەبری قسەی زل کردارێک نیشانی خەڵک بدەن؟ ئایا هاوکاریی و نیشاندانی هەستی نەتەوایەتیی و جوامێری بەوجۆرە دەبێت کەیەپەگە پێشکەشی شەنگالی کرد، یان ئەوەی پارتی پێکەشی کوبانێی دەکات؟!
با هەمووان دەست لەوە بشۆن پارتی پێشمەرگەی خۆی بۆ ڕۆژئاوا بنێرێت. بالێگەڕێین و ناچاری بڕوبەهانەی بێواتایان نەکەین. ئەوان کەنەتوانن بێ هاوکاری فڕۆکەکانی ئەمەریکا لەباشووری کوردستان، هەنگاوێک پێشڕەوی بکەن، ئایا دەتوانن بچنە شەڕی دەستەویەخەی داعش لە کۆبانێ. نەخێر ئەوان پیاوی ئەو شەڕە نین.!! ئەوان ئەگەر بخوازن کەرامەتی لەدەستچووی خۆیان لەدژایەتییکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواو هاوکاری ڕژێمی داگیرکەرو تێرۆریستی تورکیا و هەڵاتنیان لەشەنگال بکڕنەوە، پێویست نییە کارێکیان لێ بخوازرێت کەبۆی چاکنەکراون. بەڵکو ئەوەی لەپارتی و گشت حزبەکانی تری باشووری کوردستان دەخوازرێت سێ شتە.
یەکەم/ زۆر بەپەلەو لەنزیکرتین دانیشنی پەرلەمانی باشووری کوردستاندا، ڕۆژئاوای کوردستان بەڕەسمی ، وەک قەوارەیەکی سیاسیی و بەڕێوەبەرایەتی یاسایی دانی پێدابنرێت. و لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
دووەم/ دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی مەسعود بارزانی، بەو پێیەی سەرۆکی هەرێمەو خاوەن سەلاحیەتەو زۆریش شانازیی بە فراوانیی و توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا دەکات، با تەواوی نفوزی خۆی بخاتە کار بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی خۆرئاوا بەتایبەتی ئەمەریکاو فەرەنسا بۆ ئەنجامدانی بەپەلەی هێرشی ئاسمانی دژی پێگەکانی داعش لانیکەم لەدەوروبەری کوبانێ و شکاندنی ئابڵووقەی ئەم ناوچەیە.
سێیەم/ تەواوی خاڵە سنوورییەکانی نێوان باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەمیشە بکرێنەوەو لێگەڕێن خەڵک ئازادانە هاوکارییەکانی خۆیان بگەیەننە ئەوێ.
ئەگەر ئەمانەشتان پێناکرێت. لانیکەم دەست لەدژایەتیی ئەم شۆڕشە پیرۆزو سەرفرازە هەڵگرن.
خۆرئاوا تێک ناشکێت. چونکە لەسەر بنەمایەکی پتەو دامەزراوە. و کۆبانێ بکەوێتە دەستی داعش یان نا، هەر نموونەی خۆڕاگرییەکی دیرۆکی دەبێت و لاپەڕەکانی دیرۆکی نەتەوەکەمان بەشانازییەوە بۆ نەوەکانی داهاتوومانی دەگێڕێتەوە. سەرکەوتن و ژێرکەوتن، بەلەدەستدانی گوندێک و شارێک، بەشەڕیک و دووان ناپێورێت. بەڵکو بەئاکامی گشتی ئەوخەباتەیە و هێندەنابات، خەباتکارانی خۆرئاوا، کوڕان و کچانی لێوەشاوە، مژدەی سەرکەوتنی هەرەگەورە دەبەخشنەوە.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە