لەوە زیاتر بەرگەی بێ دەنگی ناگرم

Tuesday, 25/12/2012, 12:00

5902 بینراوە


نیشتمان
لەڕەزێکی پشتگوێ خراوو
ڕانەمەڕێکی قڕتێکەوتوو دەچێت
ئێوە نەبوون گفتی
شاخی گەنم و
ڕێگەی ئاوریشمتان پێداین؟
بەژنی کچە قەیرەکانی گەرەک
لەلقی زەیتونێکی پیر دەچن ،
مەولانە دەیووت
مەرج نی یە هەموو نزاکانمان
قبوڵ ببێت
ڕۆژگارێک دێت
زەوی هەموومان قوت دەدات
کەچی دڵمان ،وەک بەردی سەر گۆڕی لێ هاتوە
ئێوە ئاگرتان لەهەمووشتێک بەردا
وەکو جاران ئیستاش
بەسەر کەڵە پشکۆکاندا دەڕۆم و
بڕوای خۆم بەئازار تاقی دەکەمەوە

وەک کوێر، چوینەتە ناو شەڕی چاوساغانەوە
ئەمەچ بەهەشتێکە ،
لەژێر هەتاوی ئەم دەسەڵاتەدا دروستبوە؟
ووتارە سیاسێکانتان
هێڵنج بەپیاو دەدەن
ئێوە درۆ دەکەن و ئێمەش موچەی خۆمان وەردەگرین
هەست بەوە ناکەین ، کە کەوتوینەتە ناوگەرووی بەرازەوە
ئاخ، نازانم بۆ تێرنابین
شارتان پڕکرد لەبێوەژن و هەتیوو
ئێمە کەی فێردەبین ؟
گۆرانی یەکی بێوێنە
لەکوشتارەکانمانەوە، لەجۆگەلەی خوێنەکانمانەوە
بچڕین ؟

گومان و دندۆنگ دەووری داوین
دەڵێی جیهان کەوتۆتە ناو قەڵای شەپۆلەکانەوە
ئیستا گومانم
لەباخچەی گوڵان و فڕینی پەپولەشە
سەرەسپێکەم پڕ دەبێت لەمۆسیقا
تابێت ژمارەمان کەم دەبێتەوە
کەچی هەر بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێین
دەڵێ ئەرکەکەی سیسیف بەجێ دەهێنین
بەردەکە هەر دەبەینەسەر لوتکە
باهەزاران جاریش تلبێتەوە
ئیستا کەم مرۆڤ دەبینیت
وەک ئاو ڕوون بیت
دڵنیابن،،
بەترس دا تێدەپەڕین
سەربەئازار شۆڕدەکەین


ئەی نازانی کوڕم؟
گەلەگورگەکان لەتاریکدا
چاویان دەبریسکێتەوە ؟
ئێمە لەنیشتمانێکی سەر ئاوەڵادا لەدایک بووین
کوڕە بچکۆلەکەم دەستی ڕادەوەشێنێت و پێم دەڵێ
باوکە ڕاستە !!!
هەموو جێگەیەک شێتێکی خۆیان هەیە ؟
ئێوە لەتەنان لە برسێکان دەفڕێنن
لەوان و لەپیرێژنە ،زەندەقچۆکانی دایکمان
کەناخۆشی ژیان هاڕیونی
گاندی تەشی دەڕێست و
ڕەوڕەوەی دێرینی چارەنوسی
ملیۆنان مرۆڤی بادەداو دەیووت،
دەبێ ژیان جێگەی مەرگ بگرێتەوە
ئەمڕۆ سۆفیەک لەبورگارستان
ئەو ووڵاتەی مارکس ساڵانێک داگیری کردبوو
لەگەڵ مردن ئاشتی کردمەوە
ئیستا مردن خۆیم لێ دەشارێتەوە
ئەو خۆی لەمن دەشارێتەوە
هەموو دەم ژمێرێک
گوێم لەدەنگی پێی مەرگە
کچێکی زەردی لیمۆ ڕەنگ
سەیری گوڵی چوالەکانی دەکردو
لەبەر خۆیەوە دەیووت
ئەوە بۆ لەمەڵبەندی ئێوە چەک حاکمە ؟
کەی ئینجانەی ڕێحانەکان لەبەر پەنجەرەکانتاندا
دادەنێنەوە؟
دەرگاتان لەڕووی خۆتان بۆ داخستوە و
چۆلەکەی دەم پڕجریوەتان نەهێشت
بۆنی خاک لەزەویە تەڕەکەوە نایەت
ئیتر ناکەوینە سەر ئەژنۆ تا خاک ماچ کەین
با بۆنی لاشەی مردوو دێنێت
گیزەی گولە دەست پێدەکاتەوە
ئەوەتانێ هەموو خەرێکی بەستنی چەکەکانمانین
مردن میوانێکی ئاشنایە پێمان
سەردوللکە *بۆ هیچ مردویەک ناکەین
گڵۆڵەیەک ئەندێشە دەوری داوین
بەڵام ناتوانێ نغرۆمانکات
گەڵا هەڵوەریوەکانی درەختی عەرعەر
خۆیان نمایش دەکەن
پەیامی جیهانێکی خاڵی بێ مێشوکەمان بەگوێدا دەدەن
یاری یە پڕ لەگریمانەکان دەڵێ
ئافاتە ، ئافات
زمانە ڕەنگ شینەکانی زەڕافە
گەڵای عەرعەر هەڵدەلوشن
ئافاتە ، ئافات
لەنیشتمانە هەراج کراوەکەی ئێمەدا


*لاوانەوەبۆ مردوو لەکاتی شیوەندا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە