بەرەبەیانى یازدەى ئازارو ئازاد كردنى شارى هەولێرلە بیرەوەریەكانم لە گەڕەكى سێتاقان

Sunday, 10/03/2013, 12:00

2858 بینراوە







ڕۆژێك زووتر لە گەڵ هاوڕێیەكى تەمەنى منداڵیم لە شەقڵاوە بووین ، بە چاوى خۆمان خرۆشانى خەڵك و خەونى چێژى ئازادی لەمێژینەى ووڵاتم بە چاوى خۆم بینى ، ناخى جەستەم لە هەڵبەز و دابەزێكى سەیر بوو كۆنترۆڵیم پێ نەدەكرا ، ناچار بۆ دەمەو عەسرەكەى لە پشتى پیكابێك جێگاى خۆمانمان كردەوە لە جادەى شەقڵاوە بەو بەفربارینە ڕووەو كاوانیان ڕۆیشتین ، لە چۆمەكى خوارەوە لە ناو دار ئەسپیندارەكان لەتخوبى نێوان عەسكەر و چەكدارو پێشمەرگەدا ئاڕ پیجیكیان ئاراستە كردین نەیپێكاین ، لە هەورازەكانى بنارى سەفین پۆڵ پۆڵ بە ڕەوە عەسكەرەكان بۆ مەسیف ڕایان دەكرد
حكومەت لەهەموو خاڵەكانى پشكنین و سەیتەرى مەسیف زۆر پەشۆكا بوو، بەشێوەیەك زۆ ر بو ئاسانى دەربازبووین و ئێوارەكەى گەیشتینەوە هەولێر.
بۆ شەوەكەى سەردانى كۆمەڵێك لە هاوڕێ كۆنەكانى رێكخستنەكانى ئیتجام كردو لە گەڵ هاوڕێ نزیكەكانم باسى زۆر نزیك بوونەوەى ڕاپەڕینى شارى هەولێرم كردوو بۆ خۆ ئامادە كردنمان بەلانى كەم لە گەڕەكەكەى خۆمان بە هۆى بوونى ژمارەیەكى زۆر لە جەیشى شەعبى و ڕەفیق حزبى لە مەركەز شەبابى سێتاقان و مونەزەمەى فتوە و تەلائیعى بەرامبەر مەركەز شەبابەكە، هەرچەندە وەعدێكى وام لێیان دەست نەكەوت و ناچار مام قاتێ جلى كوردى كرێكاریم هەبوو لە بەرم كردو بۆ بەیانیەكەى نزیك كاتژمێر شەش و نیو ئەگەر چى ماڵى ڕەحمان موختار و جاشە چەكدارەكانى ماڵى كەمال خۆشناو زۆر لیمان نزیك بوون ، بەڵام هیچ جموجۆلێكیان نەبوو ڕاستیەكەى لەبەر حەماسەتى شۆڕشگێڕى هیچ حسێبێكمان لەبۆ نەدەكردن و ئەوانیش بۆ خوا دەڵێم هیچمان لێیان نەدیت .
ناچار بەتاقى تەنیا بەبێ چەك بەبەردەم جیرانەكان هاتمە سەر جادەى كۆیە بەرامبەر تانكیەكەوەستام ،لە بەختى خۆم كەسێم بینى لە جادە بەتاقى تەنیا بە هوتاف هانى خەڵكەكەى دەدا لە ماڵ دەركەون ، بەرەو پیرى چووم خۆم پێناساند و گوتى چ بكەین گوتم وا چاكە یەكەم جار بچین ڕەسمە گەورەكانى سەدام كە لە ناوەڕاستى فلكەى سێتاقان بوو لە سەر جادەى شەستى جیڕ بە جیڕ بكەین و شەرەفى كەسى یەكەم یا دووەمم بەركەوت لە دەستپێكردنى ڕاپەڕین لە سێتاقان بێ ئەوەى هیچ حسابێك بۆ هێزەكەى مەركەز شەباب بكەین ،یەك دوو فیشەكیان ئاراستە كردین ئیتر لە هەموو سەرە سووچى كۆڵانەكان گەورەو گچكە ژن و پیاو ڕژانە سەرجادە ،نەمانزانى چەكدارەكان زەوى قووتى دان ئاسمان هەڵى كێشان ئیتر بەداخەوە لە بەر ئەوەى زەمینەى ڕاپەڕین باى پێویست ئامادەسازى بۆ نەكرابوو خەڵك لەو ئاستە لێپرسراویە نەبوون و هێزێك نەبوو بۆ پاراستنى موڵكى گشتى ،بە پێشڕەوى خەڵكى نەزان و هەل پەرست و دواتر چاو لێكەرى لە ماوەیەكى كەم زۆرى كەل و پەلەكانى ئەو ناوە تاڵان كران.
دواتر كەسێكى تر پەیدا بوو ئاڕ پیجیەك و چەند گوولەیەكى پێ بوو ،بەیەكەوە هەر بەڕاكردن بۆ مونەزەمەى فاروق چووین ئێمەلەلاى خۆمان لە بەردەمى ئالیاتى گەڕەكى سەیداوە لە بەردەم بستیە خۆڵەكان شوێنێكى باشمان هەڵبژارد بۆ ئەوەى لەوێوە بە ئارپیجى لە مونەزەمەكە بدەین ، ناو كێلى قەبرەكان تا بن دیوارى مونەزەمەكەخەڵكێكى زورى لێ بوو كەمیان چەكدار بوون ،لە ناو گەڕەكى سەیداوەو لاى دواناوەندى ڕزگاریش هەر تەقەوهێرشى خەڵك بوو.لە ئارپیجیەكان یەكێكى بەر پەنجەریەك كەوتوو تەقیەوە ، دواى كەمێك لە هەموولایەك دایانگرت و دەستى بەسەر داگیرا كەسێك لە حەوشەكە بوو سەرى خوێنى لێ دەچۆڕاوە دواتر گوتیان ئەمە ئیبراهیم خانەقینیە ڕەفیق حیزبیەو من نەم دیت بەڵام گوتیان گوێچكەیان بڕیوە .
لە ماڵەكانى دیوى دواوە كە ماڵى ڕەفیقەكان بوو بینیم كەسێكى گەڕەكەكەم بە ڕومانەیەك كە ئەڵقەكەى لە پەنجەى خستبوو لە ناو ماڵەكە كە ژنێكى عارەب و چەند منداڵێكى بچوكى لەگەڵ بوو هەموو بەیەكەوە لە ترسان دەگریان ، داواى پیاوى ماڵەكەى دەكرد دواتر دۆخەكەمان ئاسایى كردەوە و ئەو برادەرەشمان دوورخستەوە .
لەوێوە بەرەو ئەمنى بەلدەى هاتین و ئەو ناوە تەواو ببو ، ژنێكمان بەگەڵ كەوت و لقە دار سنەوبەرێكى لەدەست بوو حەماسەتى دەدا خەڵكەكەى ، پرسیم كێیە ، گوتیان خەدیجە باوەیە دواتر گەیشتینە بەردەم موحافەزەو لە بەرامبەر دائیرەى سحەو سینەما سەلاحەدین ئەو كاتەى لە ژێر ڕێژنەى گوللەى بیكەسى ناقیلەكەى بەرامبەر دائیرەى ئەمن خەریكى پەڕینەوە بووین بۆ بن دیوارى ماڵەكانى تەنیشت سینەما ، كەوتینە بەر ڕێژنەى گوللەكان و ئەو ژنە جوامێرە گوللەیەكى بیكەیسى بەر سەرى كەوت و دەم و دەست شەهید بوو مێرد منداڵێكیش بە هەمان شێوە شەهید بوو ، كەسێكى تر برینداربوو
هەر لەو ماڵانە بە كڕۆنەكەى خۆیان بریندارەكەیان لە ژێر ڕێژنەى گوللە ناردە تەوارى لەو دەمە هەواڵى شەهید بوونى مامۆستایەكى خۆمم بیست لە دواناوەندى ڕزگارى بە ناوى مامۆسا بەهرام ماۆستاى زیندەوەر زانیم بوو زۆر پێی دڵگیر بووم .
و دواى كەمێكى تر ناقیلەكە پێكرا و هێرش كرا سەر دائیرەى ئەمن دواى موقاوەمەیەكى باش گەیشتینە ناو حەوشەى ئەمن و چەند چەكدارێك كوژرابوون جلى كوردیان لەبەر بوو ، یەكێكیان چەند دینارێكى ئاسنى خرابووە نا دەم ، مەبەستیان ئەوە بوو ئەمە دەرەنجامى فرۆشتنى ووڵاتە بە پارە ، لە بن دیوارێكى تریش دوو ئەمنى عارەب بریندار ببون یەكێكیان بەر گونی كەوتبوو ، دوسێ چەكدار میلى كلاشنكۆفیان لێ ڕاكێشابوون ئەیان ووت ئێستا دەتانكوژین ، دیمەنێكى ناخۆش بوو جێمان هێشتن چووینە ژوورى مدیر ئەمن جامپۆیەكى مەرسیدسى ڕەشى سەدامى لێ بوولە هەیوانى گەراجەكە بوو دیار بوو هى مدیر ئەمن بوو هەڵات بوو جێى هێشتبوو مشت وموڕێكى زۆرى لەسەر بوو چەند كەسێك دەیانگوت ئێمە دەیبەن.
دواتر لە مەمەڕەكەى تەنیشتى چەند ژوورێكى لێ بوو یەكێكیان ژوورى مودیر ئەمن بوو ، مەكتەبەێەكى ڕازاوەى لێ بوو كتێبخانەیەكى پڕ كتێبى تیا بوو قورئانێكى قەبارە گەورەشى لێ بوو ، موتەحەریك بوو سووڕاندمان ژوورێكى ترى لەپشت بوو سیسەمێكى نووستن و حەمامى لێ بوو , دیوەكەى ترى مەكتەبەكە كە بەسەر ژوورى نوستنەكەوە بوو باڕ بوو زۆر جۆرى خواردنەوەى تیا بوو ،پایسكلێكى وەرزشى لێ بوو. ژێر دۆشەكەكە تڤەنگێكى گێ سێ و موزەڵیەكى ناو گریزى لێ بوو ، موزەلیەكەم بۆ خۆم هەڵگرت و سێ چوار تەلەفۆنى تایبەت لە سەر مێزى مەكتەبەكە بوو ، یەكێكیان چەند گڵۆپێكى لە سەر بوو هەر ئیشارەتى دەكرد ڕاستى ئێمە ترساین گوتمان نەوەك تەقینەوە بێت و تەوقیت كرابێت ، دواى تۆزێك چەند چەكدارێك هاتن چاویان بە شووشە گرانبەهیەكانى مەشرووبەكان كەوت وازیان لە هەمووشت هێناو هەتا توانیان خوارنەوەكانیان هەڵگرت و گوتمان نزیك ئەو تەلیفۆنانە مەكەون باش نیە ، ئیتر منداڵە ووردكەى تەیراوە پێیان وەركردوو تەلیفۆنەكان لە ئاسمانێ لە ناو دەستیان هەڵبەز و دابەزیان دەكرد .
نزیك كاتژمێر یازدەى پێش نیوەڕۆ بوو ، لە جادەى شێست مەترى پەڕینەوە بۆ مەوقیع و ئنجیبات خانە و ئیعاشە دیار بوو سەموونە عەسكەریەكان هەر هەمووى گەرم بوون تازە برژابوون ،دواتر بۆ عەینەكانى ڕەشكین چووین ، بریتى بوون لە كۆمەڵێك مەخازنى زۆر گەورەى پڕ چەك و تفاقى عەسكەری و هەزاران كۆڵەپشت و دووربینى ڕووسى و سینى و پاڵتۆى ڕۆمانى و پۆستاڵ و هەزاران هەزار سندوقى نەشكاوى پڕ كلاشنكۆف و موزەلى و قەناس و ئاڕپیجى ، سەدان كەس لەو كەل وپەلانە ئاڵابوون نەیان دەزانى چى ببەن ، هەبوو قەمسەڵەو كڵاوو ئارپیجى و چەند كلاشنكۆفێكى هەڵگرتبوو،
زۆرى خەڵكەكە بۆ دەمانچە دەگەڕان ، چەندان كەس كەوتنە ژێر سندوقە قورسەكان و بریندار بوون ،سەدان ئارمى ڕوتبەى عەمید و عەقید كەوتبووە ژێر پێى خەڵكى ،كۆپتەرێكیش لە بەرزایەكانى ڕەشكین لە بڵندى دەسووڕایەوە .
لەماوەى تەنها سێ سەعات و بەس ... عاسیمەى سەیفى عیراق بەو هەموو مونەزەمەو مەنزومەو ئەمن و
فەیلەقى پێنج كەوتە ژێر پێى خەڵكى گەڕەكە شەعبیە هەژارنشینەكانى تەیراوەو سەیداوەو سێتاقان و كوران ، مۆتەكەى ترسى دەیان ساڵ لە ڕووى خەڵك ڕەویەوە ، دەهات خەڵك باوەڕى بەخۆى پەیدا بكات ...بەڵام ئەفسووس خەونێك بوو لە هیچ خەوێكى تر نەبینرایەوە .
بۆ ئێوارەكەى هاتمە تەواریەكەى جمهورى بینیم تەنها لە خەستەخانە نەدەچوو زیاتر لە قازى باڕ دەچوو هەر هەمووى خەڵك بوو پۆڵ پۆڵ سەردانیانى بریندارەكانیان دەكرد زۆریان چەكدارى تازە بوون وخەریكى مەخزەن گۆڕین و شانازى كردن بن بە چەكەكانیان بوون بریندارێكى زۆرى لێ بوو ، ئەو ناوە هەمووى خوێن و پیس بوو ، خەڵكێكى زۆر دەیانەویست وەك ئەركێكى نیشتمانى وەك كارمەندەكان هاوكارى بریندارەكان بكەن ، بەڵام ئەو پەڕى پاشا گەردانى بوو ئەوەى مایەى سەرنج بوو خزمەت گوزارى تەندروستى زانستى پێویست نەدەگەیشتە بریندارەكان هەر قەڵەوێرەى دەیان كەسى لەسەر بوو
كارگوزارەكان زۆر بە جدى ئەو ناوەیان خاوێن دەكردەوە ، دكتۆرەكان بە بەراورد كەمیان ئامادەبوون زیاتریش زۆ نەیاندەتوانى لە هۆڵەكانى نەشتەرگەرى بۆماوەیەكى زۆر بمێننەوەو خەریكى نشتەرگەرى بریندارەكان بن وبێ ئاگابن لە دەرەوە ، چونكە ترس و دڵە ڕاوكێ و پڕوپاگەندەكانى تابورى پێنج ڕۆڵیان دەگێڕا.
لە بەرامبەر تەوارى لە بن سیمى غاباتەكە سێ تەرمى كوژراوى لێ كەتبو كە جلى زەیتونیان لەبەر بوو بۆنێكى بۆگەنى ناخۆشیان لێ دەهات دواتر وابزانم بە بڕیارى دكتۆر عدنان ئەسعەدى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێر شارەوانى هەولێر تەرمەكانى نێشت
ئەم كۆپلە شیعرەم پێشكەش بە هەموو ئەوانەى بەشدارى ڕاپەڕینیان كرد لە لە شكاندنى تەوقى ترسى دەیان ساڵەى بەعسیە كورد كوژەكان

هەولێر ...
قەڵاى هار و دڕ بە دوژمنان
ئەو ڕۆژەت لەبیرە ، كە داراو ئەلیكسەندەر لە یەكیان دا
ئەڵبەت ، ئەوڕۆژەت لەبیرە
كە تەتەر گێتى گرتبوو نەدەشكێنرا
لە ووڵاتى ئێمەدا
لە ووڵاتى بەفر و خوێن و ئاگر ...
بەفر قاقا پێ دەكەنى چلورەى بەستا بوو
پۆستاڵ ڕەشەكانى تیا هەڵئەخلیسكا

یوسف عوسمان عەزیز
چالاكوانى تەندروستى






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە