ھێڕشێكی دڕندانەی ئوستڕالیا بۆ سەر كوردانی ئەو وڵاتە

Tuesday, 31/08/2010, 12:00

1654 بینراوە


باس كردنی كوردان تەنیا بەستنەوەیانە بە ووشەی (تیرۆریزم) ، لەو گووتانەی وەك ئێمە تیرۆر لە ڕەگوڕیشە دەردێنین ، ئێمە تیرۆر ناھێلین ، ھەر كاتێ ئاماژە بە وشەی تیرۆر بكرێ پەیوەستە بە كوردان . (ئیسماعیل بێشكچی)
بەدبەختی و كارەساتی كورد لەوە دایە لە ھەر شوێنێك لە سەر ڕووی ئەم زەویدا قوژبنێك یا سووچێك ببینیتەوەو ڕوویتێبكات بەونیازەی بە دووربێ لە پەلامار و ھێرشی داگیركەرانی كوردستان جا چ لە قوتبی باكور بێ یا باشوور، ھەر ئەوەندە دەزانی لە ناكاودا شاڵاوی بە ناوی تیرۆر ڕووبەڕووی دەبیتەوەو لە خۆوخۆڕایی ئەم تاوانەی دەدرێتەپاڵ و دەستی داگیركران و ھاوپەیمانانیان دەگاتێ .
ئوسترالیا لەو وڵاتانەیە كە ناسراوە بە دیموكراسی و دەستەبەركردنی مافەكانی مرۆڤ لە ھەر بوارێكدا یاسا زامنیتی و پارێزەریتی و سەروەری یاساش لە سەرووی ھەموو كەسێك و دەستەڵاتێكدا .
لە ھەر چوار پارچەی كوردستاندا كوردان لە ئەنجامی سیاسەتی داگیركەران و بارودۆخی نائاساییدا چەند ھەزار كەسێك لە وڵاتی ئوستڕالیا ژیان بەسەر دەبەن كە دەرگای بۆ كردوونەوەو لە باوەشی گرتوون . كاربەدەستانی ئوستڕالیا باش دەزانن و ئاگادارن لەوەی كە كورد لەژێر دەستەڵاتی ڕژێمە دیكتاتۆر و داگیركەرەكانی كوردستاندا دووچاری چ جۆرە نەھامەتی و داپلۆسین و ئازارو ئەوشكەنجە و قڕكردن و جینۆساید ھاتوون و چ جۆرە سیاسەتێكی شۆفینستانە و فاشیزمانە پەیڕەو دەكرێت بەرامبەریان و بە ھاووڵاتی پلە دوو و یا سێ دادەنرێن .
كورد لەم وڵاتەدا وەكو ھەر نەتەوەیەكی دی پابەندە بە یاساو سیستەمەكەی و ڕێزی لێدەگریت و بە سوپاسەوە دەڕوانیتە ھەڵوێستەكەیان كە دەرگەیان بە ڕوویاندا كردیتەوەو وەكو ھەر ھاووڵاتێكی ئوستڕالیا خاوەنی ماف و ئەركن .
ئەوەی جێی سەرسووڕمان و نیگەرانی و ووردبوونەوەو سەرنجدانە ڕووداوەكەی ڕۆژی پێنجشەمووی 19 / 8 / 2010 بوو كە ڕووبەڕووی كوردانی ئوستڕالیا بۆوە

سەر لە بەیانی زووی ئەو ڕۆژەدا ، ھێزێكی پۆلیسی فیدڕالی لە یەككاتدا لە پایتەختەكانی ولایەتەكانی نیوساوپ وێڵز ، ڤیكتۆریا و ڕۆژئاوای ئوستڕالیا ھێڕشیان كردە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی كوردی ئوستڕالیا و ماڵی كوردان لە شاری سیدنی ، مێڵبۆڕن و پێڕپ بە شێوەیەكی تۆقینەر و سامناك و بە یارمەتی سەگی پۆلیسی بۆ گەڕان و پشكنین بە دوای تریاك و ماددە ھۆشبەرەكان و تەقەمەنیدا و دەستگرتن بە سەر كۆمپیۆتەرەكان و كتێب و كاغەز و نووسراوی ناو بارەگاكاندا .
ھەروەھا ھێڕشكرایە سەر نزیكەی پازدە ماڵێكی كورد بە شێوەیەكی ناشایستە و نابەجێ و دەستگرتن بە سەر پارە و پوولیان ھەر چەند كەمیش بووبی ، وە لە ھەر ھێڕش و پەلامارێكدا چل تا پەنجا پۆلیس بەشداریان تێداكردییە .
ئەم ڕووداوە ناكاوە كە بە ووردی نەخشەی بۆ كێشرابوو و داڕێژرابوو گوایە ئەو كوردانە و كۆمەڵەكەیان سەرچاوەی پارە و دارایین بۆ بزاڤی ئازادی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان ، كە ھەمان ھەڵوێستی ڕژێمی فاشیستی توركیا و ھاوپەیمانەكانێتی بەرامبەر بە گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادی خوازەكەیدا .
ئەم دەستدرێژییەی سەر كوردان لە میدیاكانی ئوستڕالیا دەنگیدایەوە و خرایە ڕوو . لە ھەمانكاتدا ئەم كردەوەیەی دەستەڵاتدارانی ئوستڕاِلیا دژ بە ھاووڵاتانی كورد زەنگێكی مەترسیدارە بۆ كورد لەم وڵاتەدا كە بە چاوی تیرۆر تەماشا بكرێ وتورك ئاسا ڕەفتاری لەگەڵدا بكرێ . ئەگینا دەوڵەتێك خاوەن سەروەری و سەربەخۆیی و ڕاوبۆچوونی خۆی بێ ، چۆن بە فیت و فشاری ڕژێمێكی دڕندەی وەكو توركیا ھەمان ڕەفتار ڕێبازی سیاسی پەیڕەوبكات دژ بە كوردانی ھاووڵاتیانی كە ئەمەش بۆ تورك وەك كورد دەڵێ بە دەستم نییە بەڵام بە دڵمە .
توركیایەك كە ھەموو سنوورەكانی بەزاندوە و گەیشتیتە لووتكە لە دڕندایەتی و بێڕەوشتی و سیاسەتی قڕكردن و داپڵۆسین و گرتن و زیندانی كردنی بە ھەزاران لە سیاسەتمەداران و پەڕلەمانتاران و شارەداران و نووسەران و ڕۆشنبیران و مناڵانی خوار تەمەن ھەژدە ساڵی و بە كارھینانی چەكی كیمیایی و سووتاندن و شێواندنی تەرمی پیرۆزی گەریلەكان لە پێش چاوی جیھانی دیموكراسی و دادپەروەر و مافەكانی مرۆڤ دا ، ئەم جیھانەی پڕ لە نیفاق و دووڕوویی كە بەرژەوەندییەكانی لە سەرووی ھەموو ئەم دروشمانەدایە كە شەو و ڕۆژ باسی لێوە دەكەن ، ئەوجا دێن بزوتنەوەێكی ئازادی و دیموكراس خواز و پێشەنگایەتی پارتێكی سیاسی گەلێكی بیست ملیۆنی كە سیاسەتی نكوڵیكردن و قڕكردن بەرامبەری پەیڕەودەكرێت بە تیرۆر لە قەڵەم دەدرێت و ھەموو لە خەمی تورك دان بە مەبەستی خنكاندنی ئەم بزوتنەوەیە و بردنی بە دەردی تامیلەكانی سریڵانكە و چۆكدادان بە گەلی كورد كە گەورەترین نەتەوەی بێبەش و قەدەغەكراو لە ئازادی و سەربەخۆییدا لە سەر خاكی خۆیدا . گرتن و ڕفاندنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەڵان ھەر بەو مەبەستە بوو ، بەڵام ئیڕادەو بڕوای بزوتنەوەی ئازادی بە گەلی كورد پیڵانەكەی نێونەتەوەیی پووچەڵ كردەوە . سەڕەڕای ئەم ھەموو تاوانانەی توركە جەڵادەكان كەچی جیھانی ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا چاویان كۆرەیە لە بەرامبەریدا قوربانییەكان تاوانباردەكرێن و سزا دەدرێن .
پرسیار لێرە ئەوەیە : ئایە ھەڵوێستی ئوستڕالیا و دەوڵەتانی ھاوشێوە لە ڕەفتاریان بەرامبەر بە كورد چۆن دەبێ ئەگەر بەیانی توركیا ھات و لەگەڵ بزاڤی ئازادی كوردستان بە ڕابەرایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان دانیشتن ؟ ھەر وەكو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت ئەگەری دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵیاندا بە دوور نییە . داخوا داوای لێبووردن لە گەلی كورد بە گشتی و ئەوانەی ھێڕشیان كراوەتە سەر بە تایبەتی دەكەن .


ئوستڕالیا
30 / 8 /2010
لەلایەن دەستەڵاتدارانی ئەم وڵاتەوە بە ناوی ھێڕشكردنە سەر تیرۆر .
کوردستانپۆست: وێنه‌که‌ هی ئه‌رشیفه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە