خۆپیشاندان مافی هەمووانە

Saturday, 02.19.2011, 12:00

442 بینراوە




خۆپیشاندان و داوا کردنی پێویستیەکانی ژیان لەلایەن جەماوەر کەمترین مافە کە خەڵک داوای بکات و بە گوێی دەسەڵاتی دابدات . ئایا خەڵکی بەو دەسەڵاتە ڕازی یە یان بە دڵی نی یە ئەویش زۆرجاران لە ڕێگای خۆپیشاندان و کۆبونەوەی جەماوەری دەکرێت . هەرچەندە گەلێک جار وابووە لە خۆپیشاندانان و کۆبوونەوەکان چەند کەسانێک یان هەندێک گەنج توند و تیژی دەنوێنن و جار جارە بە تەماتە و هێلکە و بەرد و کێکوکرێم لێپرسراو و دەسەڵات دار و جار جارە سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆمار و شا و شاژن
باران دەکرێن . گەلێک جاریش جەماوەر لە رقی دەسەڵات و زۆرداری دا مەڵبەند و بارەگا و دەزگای حیزب و دەوڵەت و بازار و کۆگا و دوکان دەشکێنن و دەسوتێنن . ئەو گێرەشێوانەی لەناو خۆپیشاندانان توندوتیژی دەنوین ، نابیت بە گولـلە وەڵام بدرێنەوە . نموونەیەکی زیندوو پێش ماوەیەک لەناو خەڵکی گەنجێکی ئیتاڵی بۆکسێکی [مستێکی] لە قەپۆزی سەرۆک وەزیری ئیتالیا [سیلڤیو بەرلوسکونی ٢٠/٩/١٩٣٦] داو خوێنی پیدا هاتەخوارەوە ،پۆلیس و گاردەکانی سەرۆک وەزیر بە گوللە لێیاننەدا و بردیانە بەردەمی دادگا . ئەگەر دەسەلاتی کوردی گەنجانی خۆپیشاندانی رۆژی ١٧ی شوبات بە [گێرەشێو] لە قەڵەم بدەن ئەدی ئەوانەی لە بارەگای پارتی بە گوللە وەڵامی ئەو گەنجانەیان دایەوە بە چی ناودەبرێن ئەوان گیرەشیونین یا تیکۆشەرن . دەزگای زانیاری سەر بە یەکێتی و دەزگای ئاسایشی سەر بە یەکیتی و دەزگای پولیس و ئەنتی تیڕۆڕیستی سەر بە یەکێتی لەوکاتەدا لە کوێ خۆی حەشار دابوو سەنگەری لەکێ دەگرت . ئەوانە دەبێت لێکۆڵینەوەی دەربارەی بکرێت و ئەو پرسیارانە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکرێن . خوپیشاندان مافێکە دەبێت بپارێزرێت هەروەکو چۆن ئازادی بیرورا مافی مرۆڤە و دەبێت ڕێگای لێنەگیرێت . مافی پۆلیس و ئاسایشە کە خەڵکی بپارێزێت بۆ ئەوەی تیڕۆڕیستان نەتوانن لەناو خۆپیشاندانان کاری تیڕۆڕی بکەن و خەڵک لەناوبەرن . هەر ئەو دەزگایانە دەبێت گیانی خەڵک و کەلوپەلی خەڵک بپارێزێت . دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ئەگەر پێیان خۆشە خەڵکی کوردستان بە گشتی قونی بۆ بادات و سەمای بۆ بکات دەبێت ئەو دزی و گەندەڵی یە نەهێڵن کە دامودەزگاکانی گردۆتەوە و هەریەکە لە راتبێکی مانگانە و لە زەوی یەکی زیاتر وەرگرتووە و وەردەگرێت ، کەچی خەڵکانیش هەن پارەی دوو دەرمانی نی یە بیکڕێت . وەزیر و لێپرسراوی دزی حکومەت هەیە بۆ سۆزانی کرین و یاری ڕۆلیت کردن بۆ سێ ڕۆژ بە [دوو دەفتەر و سێ دەفتەر] واتە بیست هەزار و سی هەزار دۆلار [20000 و 30000] لە بەیروتی سەرف دەکات و گاڵتەش بە دۆڕاندنەکەی دەکات و شەویش رادەبوێری ، کەچی منداڵی چاوکاڵیش هەیە لەو کوردستانە بە مانگ گۆشت ناخوات . ئەگەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە خەمی ژیانی خەڵکن دەبا هەوڵ بدات ئەو یەکسانی یە کەمێک ئەهوەن تر بکات نالێین لای بەرێت . ئەگەر حکومەتەسەقەتەکەی پارتی و یەکێتی خۆی بە حکومەتی هەموو کوردستان دەزانێت دەبا دابەش کردنی کار و دامەزرانی خوێندکارانی دەرچووی زانکۆکان بە گوێرەی دەرەجە[نمرە] و شەهادە [بڕوانامە]بێت ، نەک بە گوێرەی ئینتمای حزبی پارتی یان یەکێتی . ئەگەر راستگۆن دەبا خوێندنی دکتۆرا و ماجستێر بۆ هەمووان بێت نەک بۆ کوڕی فڵانی سەر بە پارتی و یەکێتی یان خزمی خزمانی یەکێتی و پارتی . ئەو گەنجانەی باوکەکانیان کۆنە جاش و کۆنە بەعسی بوون بۆ ڕیگایان پێدەدرێت بە هەمان شیوەی جاران ئیهانەی مامۆستا بکات و بە زەبری پارە نمرە بۆخۆی دابین بکات ، کەچی ڕۆلەی فەقیریش شوێنی نەبێت بە ئیسراحەتی خۆی تیدا بخوێنیت . ئەگەر ئێوە خۆتان بە نوێنەری ئەو میللەتە حیساب دەکەن و دەتانەویت خزمەتی میللەتەکەتان بکەن بۆ دەزگاکانی چەکداری و ئاسایسی دەوڵەت رێک ناخەن و لە حزبەکانتان داببڕن و بیان کەنە خزمەتکاری میللەت و دەوڵەت . ئێوە کەوشەکانی خۆتان دێتەوە بیر کە لە چەند شوێن کون کون بوو جلەکانتان چڵکن ، دە بەدەنگی ئەو هاوڵاتیانە وەرن و یارمەتیان بدەن کە لە گوندەکان بە گرانی باری ژیانیان جلەکان یان دەشووشتن و ئاویان بۆتان گەرم دەکرد و خواردنیان پێشکەش دەکردن دە بپرسن بۆ باری ژیانیان ئێستاکە لەسەرسایەی ئێوە بەو شێوەیە . کوا کامەتان دەوێری پرسیاری ئەوە بکەن [من این لک] جا لە خێزان و کەسوکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بگرە هەتا سەرۆکی حکومەتی عێراق و هەتا ئەندامانی هەردوو سەرکردایەتی خۆ هەموو یەکتر بە باوک باپیرەوە دەناسێت و دەزنێ سەرمایەی جۆن پەیداکردووە . دە بپرسن چۆن ئەوانە بوونە خاوەنی گوندی ئیتالیایی و ئەمریکی و بەریتانی و ئەڵمانی کەچی خەڵکیش هەیە بەشی ناخۆیی نی یە تێدا بخوێنیت . ئەگەر خەڵک لە دژتان قسان بکات یان بنووسی بۆچی بە درۆ بە ناوی تێکدانی باری ئاسایش و دەستی دوژمن و نەمانی ئەو بارە لە مێشکی خەڵک دەچەقێنن کە بۆخۆتان باوەڕتان پێی نی یە ، بەرامبەری دەوەستن . ماڵە شەهیدانتان هەتک کردووە و ئاوڕ لە ڕابوردوویان نادەنەوە بەڵام دە ڕۆژان گفتوگۆی ئێسگە و ڕۆژنامە ڕوو زەردەکانتان دەربارەی هەڵاتن و مانەوی جاشی دەرەجە یەک قاسمائاغایە و هەندێک جار ئاوا ئیهانەتان دەکرێت ئەو سەرۆک جاش و موستەشار وکۆنە بەعسیانە خۆیان پێتانەوە گرێ دەدات ، ئەگەر ئێوە راستگۆن کوا یەک تاوانبارتان هێنایە بەردەم دادگاکانتان کە [دادگا نی یە مەهزەلەی پارتی و یەکێتی یە] بۆ خەڵکتان نیشان دا کە ئێوە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ دەکەن و دایکی شەهیدان دڵخۆش دەکەن کە هەقیان وەردەگرنەوە . ئێوە بە کەیفی خۆتان دەستکەوتی گەل لووش دەدەن کامە دەزگای چاودێری هەیە بوێر بێت بۆ جەماوەر ئاشکرای بکات ئەو گەندەڵی و دزانە لە کوێن . تەماشای خۆتان کردی یە خەڵکی هەیە بۆی ناکرێت منداڵەکەی بباتە لای دکتۆر و ئازمایشی بکات کەچی بۆ شەوی سەرخۆشیتان بە دەفتەر دەدەنە ئەو گۆرانی بێژانە بۆ ئەوەی هەوەستان هەڵبستینی ، کامەتان ریزتان لەوە گرتووە هونەر بەرەو پێشەوە ببەن . ئاگادارن سەری قەڵەمی هەندێک نووسەرتان چۆن بە دۆلار شۆڕکردووە و هەر ڕۆژەی بە زمانی زبڵ چۆن دەنووسێت و چۆن بۆتان با دەدات ئێوە کەی خەمی نووسین و زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیتان خواردووە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی سەروەری بوونی زمان و فەرهەنگی کوردی . هەر بوارێکتان سەیردەکەی تەنها دزینی دۆلار و پارەیە هەتا درۆ لە حکومەت و دەسەڵاتی خۆشتان دەکەن ، ئەوە نی یە وەزیر و ئەندامی پەرلەمان بەناو پارەی دەیان خەڵک وەردەگرێت کەچی هەر یەک ئامۆزای یان یەک خزمی لەلایە و ئەوانەی تر هەموو لە هەوا دەژین و راتبەکانیان دەخەنە گیرفانتان . کامەتان پرسیار دەکەن بۆ هەریەکەتان ئەو هەموو پارەی هەبیت کەچی خەلکیش هەیە ناتوانیت کری خانوو بدات . ئێوە لە چیا کەر و هیسترتان بەر نەدەکەوت و وەکو پاڵەوان گوند و گوند دەگەران ئیستاکە شەرم ناتان گرێت بە قەدەر چەند ساڵی راتبی مامۆستایەک یان بازنیشتەیەک[تەقاعود] بۆ خۆتان سەرف دەکەن هەتا ئۆتۆمۆبیلی پیبکرن . ئێوە کەی بەناو خەڵکی خۆمان هاتوچۆ دەکەن بۆ پەرلەمان و دامودەزگاکانتان هەتا بزانن داواکاری خەڵکان چی یە و خەڵک چۆن باوەرتان پێدەکات و سەیرتان دەکات . هەتاوەکو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەسەر حکومەتی هەرێم بیت خۆتان حیساب مەکەن خاوەن حکومەتن هەتا هیزی چەکدار و ئاسایشتان سەر بە پارتی و یەکیتی بیت خۆتان ناومەنێن حکومەت . بە چاوی خۆتان بینیتان بن عەلی تونس بە تاک حزبی هەموو تونسی داگیرکردبوو ئینجا بەرامبەر جەماوەر خۆی رانەگرت و هەڵات . حوسنی موبارەک زیاتر لە سی ساڵان وەکو سەرکردەی حزب خاوەنی دەسەڵاتی چەوساندەنە و هەژاری میسری یەکان بوو ئینجا بە هاواری گەنجان [ارحل ارحل]بڕۆ بڕۆ فت کرا . ئێوەش ئەگەر نەبنە خاوەنی جەماوەر و جەماوەر لێتان رازی نەبێت ئەمڕۆ بێت یا سبەی دوا رۆژتان وەکو بن عەلی تونس و موبارەکی میسر دەبێت .

گەنجانی خۆشەویستی وڵاتەکەم
بۆ ئەوەی بە خەڵکی جیهان نیشان بدەن کە گەنجی کوردیش بەشێکە لە گەنجانی جیهان بە مێشکی کراوە خۆپیشاندان دەکات و داوای مافەکانی دەکات تکایە بە گولــلـە مەڕژێنە سەرشەقامەکان و ڕێگا مەدەن خەڵکی سەر بە حزبەکان بۆ تێکدان و شێواندنی ڕووی جوانیتان لەناوتان چەک بەکاربهێنن و قودسیەتی خۆپیشاندان مەشکێنن . تکایە پارچەنانی دەستتان و دروشم و داواکاری یەکانتان بەرز بکەنەوە با ڕووی ڕەشی دەسەڵاتدار دەربکەوێت و خەڵکی بزانێت ئەوە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی یە بە گولـلـە وەڵامتان دەداتەوە . ئەو دەسەلاتەی گولـلـە لەدژی ڕۆڵەکانی بەکار دەهینێت دەچیتە زبڵدانی مێژوو ، هەروەکو دەسەڵاتدارانی میسر و تونس و یەمەن و ئیران و لیبیا و ئوردن و جەزائیر و...هتد
داوابکە ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان بگەڕێتەوە سەر هەرێم و هیچی تر ئەو سەرکردایەتی یە بە درۆی زەق و پڕوپاگەندە سازش لەسەر خاکی کوردستان نەکات ..
گەنجی خۆشەویست داوابکە بۆ کارت نی یە .. داوابکە بۆ ماڵت نی یە.. داوابکە بۆ ناتوانی ژیانی هاوسەری پێکەوەبنێیت ..
داوابکە بۆ شوێنی خوێندنت نی یە..
داوابکە پارەی نەوت بۆ کوێ دەڕوا.. دواوابکە پارەی سەدا حەڤدەی[%١٧]
حکومەتی ناوەندی عێراق کە بۆ کوردستان دێت چی بەسەر دێت..
داوابکە ئەو دزە گەورانە لە کوێ وە پارە دەهێنن..
داوابکە بۆ زەوی کوردستان بە کەیفی خۆیان بەسەر ئەندامانی یان دابەش دەکەن .. داوابکە خۆراک و دەرمانی ئیکسپایەر بۆ دەرخواردی خەڵکی کوردستان دەدەن.. داوابکە بۆ لە نەخۆشخانەکان چارەسەری تەواوناکرێن.. داوابکە بۆ دەبێت هەتا ئەمڕۆکە خەون بە کارەبا ببینن و ڕۆژانەش بە تەنکەر و ڕێگای قاچاغ نەوتی کوردستان دەفرۆشن . داوابکە بۆ دەبێت کوڕە جوتیار وای لێبکریت پشت لە گوند بکات و ژیانی شار هەڵبژێرێت ..
داوابکە منداڵانی وڵاتەکەت فێرە خوێندەواری بکرێت و
نەخوێندەواری کە زیاتر لە نیوەی کۆمەڵە لەناوبەرێت ..
داوابکە بۆ دەبێت ماست و خیار و تەماتە و ئاوی خواردنەوە لە دەرەوی کوردستان بێت ..
داوابکە کارت هەبێت ژیانی بەختیارت هەبێت .
داوابکە وەکو مرۆڤ مافی ژیانت هەبێت .
هەرسێ دەزگا [پەرلەمان و حکومەت و دادوەری] دەبێت لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکات لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆژی ١٧ی شوباتی سلێمانی و سوتاندنی بارەگای گۆڕان لە هەولێر و سۆران و
ئەو دەستە ئاشکرابکرێت کە تەقەی کرد و بووە هۆی تێکدانی خۆپیشاندانان .
ئەو دەستە بڕزێت کە گەنجی کورد دەکوژێت
سەکەوتووە داواکاری یەکانی جەماوەر
کوردستان شوێنی دز و گەندەڵی نی یە


 




(دەنگدراوە: 0)