دۆسیـه‌یـه‌ک لـه‌ سه‌ر فه‌تحـوڵا گولـه‌ن، (MIT) ، (AKP) و حکومه‌تى هه‌رێم

Saturday, 09/07/2011, 12:00

2112 بینراوە


کۆمین ــ چه‌تر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ باس له‌ ده‌وڵه‌تى تورک و حکومه‌تى (AKP) و حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات که‌ به‌شبه‌ش به‌ به‌رفراوانى پیلان و پرۆژه‌کانى تورکیا دژ به‌ گه‌لى کورد ده‌خرێته‌ روو و له‌ به‌شى یه‌که‌مدا پێنج به‌ش له‌م پرۆژه‌یه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

ده‌وڵه‌تی تورک و حکومه‌تی (AKP) بۆ راوه‌ستاندنی گه‌شه‌کردن و نه‌هێشتنی تێکۆشانی ئازادی کورد له‌ شه‌ڕ تا دیبلۆماسی، له‌ راگه‌یاندن تا په‌روه‌رده‌، هه‌موو رێگه‌یه‌ک ده‌گرێته‌به‌ر. به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و گوشاره‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی خستوێتییه‌ سه‌ر باشووری کوردستان، به‌ به‌کاربردنی ده‌زگای سیخوڕی (MIT) و فه‌تحوڵا گوله‌ن و که‌س و داموده‌زگا جیاجیاکان له‌ هه‌رێمه‌که‌دا ده‌یه‌وێ ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ر له‌ باشووردا خوێندنگه‌ و به‌شی ناوخۆیی ده‌کاته‌وه‌، به‌ سینه‌ما و فیلم و زنجیره‌ دراماییه‌کان ده‌یه‌وێ کاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر خه‌ڵک، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ به‌ گه‌لێک ته‌نده‌ر و پرۆژه‌ی ئابووری و به‌رهه‌مهێنانى کاروباری داگیرکردنێکی نهێنی له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا رێگری له‌ تێکۆشانی گه‌ریلا ده‌کات.
تورکیا له‌ گۆڕه‌پانی بازرگانی باشووری کوردستاندا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی به‌رز و به‌رچاو مالییه‌تی شه‌ڕی دژ به‌ (PKK) ده‌ستکه‌وت ده‌کات، په‌یوه‌ندییه‌کی بازرگانی نزیکه‌ی حه‌وت ملیار دۆلاری خۆی و پێشبینی ده‌ستخستنی (20) ملیار دۆلار له‌لایه‌ن چه‌له‌بی تورکمه‌نیشه‌وه‌ ده‌کرێ، واتا په‌یوه‌ندییه‌کی (20) ملیار دۆلاری به‌ واتای ته‌سلیمبوونی سه‌رتاسه‌ری باشووری کوردستانه‌ به‌ تورکیا.
سه‌رچاوه‌یه‌ک که‌ له‌ جه‌ماعه‌تی (فه‌تحوڵا گوله‌ن)دا جێده‌گرێ و نه‌یوست ناوی خۆی بدات ده‌ڵێت: پێویسته‌ خوێندنگه‌ و کۆمپانیا و وه‌قفه‌کانی سه‌ر به‌ فه‌تحوڵا گوله‌ن که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ به‌ستراون به‌ یه‌که‌وه‌ و ژێربه‌ژێریش هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن، وه‌ک ژاندارمه‌ی سیخوڕی گه‌ردوونی لێکبدرێته‌وه‌، که‌ هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ناشرین و کڕێژی تێدایه‌، زۆرێک له‌ هه‌وادارانی ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ی گوله‌ن ئاگایان له‌م رووه‌ پیسه‌ى جه‌ماعه‌ته‌که‌ نییه‌ و پێیان نه‌زانیوه‌، به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ ده‌یانخه‌ڵه‌تێنن. له‌ باشوری کوردستانیش بانگه‌شه‌یه‌کی زۆر جدی هه‌یه‌، که‌ خوێندنگه‌ و کۆمپانیا و میدیاکانی سه‌ر به‌ گوله‌ن له‌ ناویاندا ئه‌ندامانی ده‌زگای سیخوڕی (MIT) هه‌یه‌ و به‌ ناوی ئیسلامگه‌رییه‌وه‌ ده‌جوڵێن. بنکه‌یه‌کی تایبه‌تیان سه‌ر به‌ باڵیۆزخانه‌ فه‌رمییه‌کانی تورک له‌ هه‌ولێر و موسڵ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م ئامانجه‌یاندا دامه‌زراندوه‌، به‌ رێبازی پله‌دان به‌و که‌س و کاربه‌ده‌ستانه‌ی له‌ ئه‌نجامی کاروباره‌ سیخوڕی و هه‌واڵگرییه‌کان هه‌ڵبژێردراون هه‌وڵی پێوانه‌کردنی ئاستی نزیکبوون و نه‌بوونه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانی گوله‌ن ده‌ده‌ن.

داگیرکاری له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌
دیاره‌ که‌وا هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ندێک دام و ده‌زگای جیاجیا راسته‌وخۆ خۆیان ته‌سلیمی تورکیا کردووه‌، له‌ زۆرێک له‌و که‌ناڵه‌ تایبه‌تانه‌ی به‌م دواییانه‌ کراونه‌ته‌وه‌ و دراما تورکییه‌کان وه‌رده‌گێڕن و په‌خشی ده‌که‌ن و به‌ پاره‌ی ئه‌ندامانی (MIT) به‌کارى ده‌هێنرێن.
هه‌ر له‌ چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌ناو کورده‌کانی (AKP)ه‌وه‌ بگره‌، تا به‌وانه‌ی له‌ پارته‌ سیاسییه‌کانی وه‌ک (HEP) و (BDP) دابڕاون و له‌وبه‌ری کوردایه‌تییه‌وه‌ن و تا به‌ هه‌ر که‌سێک، که‌ هێنده‌ی پزیشکێک سوودی بۆ تورکچێتی هه‌بێت ساز ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌تی تورک هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کوردان به‌ بنه‌بڕکردنی زهنی و کلتووریدا بکات، له‌ کاتێکدا پێویستی به‌ (تورک ـ ئیسلامگه‌را) که‌ خۆی چوارچێوه‌ی بۆ داده‌نێ و نه‌ژادپه‌رسته‌ تورکه‌ سه‌وزه‌کان و میدیاکانه‌، جاربه‌جارێک به‌ به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی جاربه‌جار ئاراسته‌ هه‌ڵبه‌ز ده‌کات ئامانجی بنه‌ڕه‌تی خۆی ده‌شارێته‌وه‌، سه‌ره‌تا بۆ له‌نێوبردنی کوردان به‌ ده‌مامکی ئیسلامگه‌راییه‌وه‌ ده‌زگا و میدیای فه‌تحوڵاگه‌رایی ده‌خسته‌ سه‌ر شانۆ و به‌ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رجه‌م توانسته‌کانی ده‌وڵه‌ت پشتیوانی لێ ده‌کات.

هێرشی میدیایی
ده‌وڵه‌تی تورک به‌ سوپا و سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی دژ به‌ کورد له‌ رێگه‌ی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی گرووپی دۆغانه‌وه‌ ساڵانێکی دوور و درێژ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر بزاوتی ئازادیخوازی کورد و گه‌لی کورد به‌ هه‌موو کلتور و مێژووێکییه‌وه‌، به‌ ئاشکرا هه‌موو شێوه‌ پێشێلکارییه‌کی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی رۆژنامه‌وانییان کرد و دواتر که‌ ئه‌م رێبازه‌یان نه‌یتوانی بگات به‌ مه‌به‌ست، گروپه‌که‌یان په‌رش و بڵاوکرده‌وه‌، یه‌کێک له‌ چه‌که‌کانی په‌رش و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ش دروستبوونی راگه‌یاندنی فه‌تحوڵاچییه‌کان بوو.
میدیای فه‌تحوڵا گوله‌ن له‌و په‌ڕه‌وه‌ به‌ سه‌نتێزی (تورک ـ ئیسلام) نه‌ژادپه‌رستی تورکی سه‌وز کوێر ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تێکی راگه‌یاندنی مه‌ترسیدارتره‌. له‌ ساڵی (2007)دا له‌ چوارچێوه‌ی پیلان و به‌رنامه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌رکانی تورکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ گشتییه‌کانی میدیای تورک گۆڕان، ناوی پیلانه‌که‌ (پیلانی شێوه‌گیرکردنی کورد و کوردستان)، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کانی ئه‌م پیلانه‌ به‌کاربردنی میدیا و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌ ئاراسته‌ی کۆنترا گه‌ریلا (دژه‌ گه‌ریلا) و جوڵانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌نگی سوپاى تورک بوو، سه‌رفه‌مانداری سوپای تورکی ئه‌وسا هێڵه‌ پراکتیکییه‌کانی له‌ چه‌ند خاڵێکدا ده‌ستنیشانکرد؛
ـ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ میدیاکاندا، میدیای شیاو به‌کارده‌برێ و به‌ رێبازی شیاو راکێشی لایه‌نی سوپا ده‌کرێت.
ـ هاوکاری و پشتیوانی کردنی چه‌ند نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێک و دانانیان له‌ ریزی پێشه‌وه‌دا، هاوفکری و هاوچالاکییان له‌گه‌ڵ‌ سوپادا ده‌کرێته‌ ئامانج.
ـ ئاماده‌کردنی شاکاری گونجاو به‌ چه‌ند نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێک و دروستکردنی فیلم و دراما و دیکۆمێنتی تایبه‌ت و دانانی هۆنراوه‌ی تایبه‌ت بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک و ته‌رخانکردنی ئابووری بۆ هه‌موویان.
(AKP) ئه‌م پیلانه‌ی سوپای به‌ که‌مزانی و به‌ر له‌ نه‌ورۆزی (2009) پیلانی چالاکی پاکتاوکردنی کورد و بنه‌بڕکردنیانی هێنایه‌ کایه‌وه‌ و ده‌ستکرا به‌ هه‌نگاوه‌کانی، پیلانه‌که‌ی (AKP) به‌م شێوه‌یه‌ بوو. سه‌رکوتکردنی میدیاى کورد، کریمینالیزه‌کردن (جیاکردنه‌وه‌) و ده‌ستگیرکردنی هونه‌رمه‌ند، نوسه‌ر، زانا نیشتمانپه‌روه‌ره‌ کورده‌کان و دۆستانی کورد، هاندانی کردنه‌وه‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕی تایبه‌تی و ده‌روونی له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا. تاکه‌ میدیایه‌ک که‌ پیلانه‌کانی سه‌رفه‌ماندار و (AKP)ی له‌یه‌ک به‌رنامه‌دا کۆده‌کرده‌وه‌، میدیاکانی فه‌تحوڵاچی بوون، به‌تایبه‌تیش سێ دراما دروست کرا که‌ پڕاوپڕ خزمه‌تی شه‌ڕی تایبه‌تی و ده‌روونی ده‌کات و هه‌رسێ دراماکه‌ش له‌ که‌ناڵی (سامانیۆڵو) په‌خشکرا، که‌ هێشتاش هه‌ر سێ دراماکه‌ به‌رده‌وامن ئه‌وانیش (قاره‌مانه‌ نه‌مره‌کان ـ پاراستن ـ تاک تورکیا) له‌م درامایانه‌دا دیارده‌ی وه‌ته‌ن، ئاڵا، نه‌ژادپه‌رستی، به‌رز ده‌کرێن و له‌ کوردستاندا سه‌ربازی و شه‌ڕ و کوژران له‌ شه‌ڕدا ده‌کرێته‌ پیرۆزی، هه‌ر له‌و درامایانه‌دا به‌ سه‌ربازه‌ کوژراوه‌کان ده‌وترێ شه‌هیدی نه‌مر و ناو و ناتۆری وا له‌ تێکۆشه‌ره‌ شه‌هیده‌کانی کورد ده‌نرێ، که‌ ناتوانرێت لێره‌دا بهێنرێنه‌وه‌، کوردستان به‌ وه‌ته‌نی تورکیا ده‌ناسێنرێ و گه‌ریلا تێکۆشه‌ره‌کانی کورد به‌ که‌سی جاهیل و هۆڤ و بێ سۆز و که‌سایه‌تییه‌ک که‌ خزمه‌ت به‌ هیچ ئامانجێک ناکات ته‌نیا له‌ کوشت و بڕ ده‌زانن نیشان ده‌ده‌ن، زمانێکی زۆر دوژمنکارانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر کلتوور و که‌له‌پوری کوردی به‌کار دێنێت، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ له‌به‌رکردنی جل و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌ پاشڤه‌ڕۆیی ده‌نوێنرێن.

ده‌ستنیشان‌کردنی به‌کرێگیراوان له‌ باشور
به‌تایبه‌تی کاربه‌ده‌ست و ئه‌ندامانی فه‌تحوڵاچییه‌کان هه‌ندێک که‌س و به‌رپرسی جیاجیای باشووری کوردستان به‌ ناوی ته‌حتیل و کۆنفرانس و پانێله‌وه‌ ده‌یانبه‌نه‌ شوێنی دیاریکراو له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئیسته‌نبوڵ و شاره‌کانی تری تورکیا، دوای ماوه‌یه‌ک له‌ راگرتن و په‌روه‌رده‌کردن و سیخوڕکردنیان، له‌ رێی ئه‌م که‌سانه‌وه‌ دزه‌ی ناو پێکهاته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی کوردستان و کاره‌کان ده‌که‌ن، له‌ رێگه‌ی که‌سانی په‌یوه‌ندیدار به‌ (MIT) و ژیته‌م له‌ناو رۆژنامه‌ی زه‌مان و ته‌له‌فزیۆنی سامانیۆڵو و ئاژانسی ده‌نگوباس جیهان له‌ میدیاکانی باشوری کوردستاندا که‌س و کاربه‌ده‌ست و خاوه‌ن کاره‌کانی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌ستنیشان ده‌کرێن، ئه‌و وێنه‌ و فۆتۆگرافانه‌ی ده‌ست په‌یامنێران و نوێنه‌رانی میدیاکانی سه‌ر به‌ گوله‌ن له‌ کوردستاندا واتا رۆژنامه‌ی زه‌مان، ئاژانسی جیهان، گۆڤاری ئاکسیۆن، ته‌له‌فزیۆنی سامانیۆڵو ده‌که‌ون راسته‌وخۆ بۆ ده‌ستگای باڵای سیخوڕی تورک (MIT) ده‌نێردرێن، که‌ به‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی (AKP) بۆ فه‌تحوڵاچییه‌کانیان ده‌نارد، به‌ڵام ئێستاکه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ، راسته‌وخۆ بۆ (MIT)ی تورک ده‌نێردرێن، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کرێت، که‌ ئێستاکه‌ ئه‌مه‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کی میدیا نوێییه‌کانی سه‌ر به‌ فه‌تحوڵاچییه‌کانه‌.
له‌و زانیارییانه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی تورکیا ده‌نێردرێن، ئه‌وه‌ی بۆ پۆلیسه‌کان پێویست بن جیاده‌کرێنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌شمێنێته‌وه‌ بۆ کام له‌ ده‌زگاکان پێویست بێت بۆی به‌ڕێده‌کرێت، که‌ خوێندنگه‌کانی فه‌تحوڵاچییه‌کان له‌ کوردستاندا ناوه‌ندی جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌یه‌. ئه‌و هه‌واڵگری و زانیارییانه‌ی له‌ په‌یامنێر، رۆژنامه‌وان، خاوه‌نکار، ئه‌ندازیار، کۆمپانیا و وه‌قفه‌کانه‌وه‌ ده‌ستیان ده‌که‌وێت، به‌ رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌کان، مامۆستا و پزیشکه‌کانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی تورکیا ده‌کرێت، زانیارییه‌ جیاکراوه‌کان لێره‌وه‌ بۆ جه‌ماعه‌تی گوله‌ن و (MIT) و (MOSAD) ده‌نێردرێن، له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا له‌ به‌رنامه‌ڕێژی له‌سه‌ر چۆنێتی و شوێن و جێی به‌کارهێنانی رێبازی شه‌ڕی تایبه‌ت، شوێن و جێی گه‌له‌کۆمه‌ و گێره‌شێوێنی ده‌ستنیشان ده‌کرێت و به‌ رێگه‌ی ئه‌ندام و تیمه‌ جیاجیاکانی جێبه‌جێکار و رێکخستنی ده‌ستدرێژى پیلانه‌کان جێبه‌جێ ده‌کرێن.

ئامانج؛ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو کۆنترۆڵکردنی ئیراده‌ی حکومه‌تی هه‌رێم
جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵا گوله‌ن له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ل و مه‌رجه‌کانی ئێستای هه‌رێمی کوردستان خوێندنگه‌ و میدیاکانیان سه‌رله‌نوێ دیزاین کرده‌وه‌، له‌م هه‌ڵمه‌ته‌شیاندا ئامانجی سه‌ره‌کی لاوازکردن و ته‌سکبینکردنی حکومه‌تی فیدراڵی کورده‌ و جێگیرکردنی ئه‌و کادیرانه‌ی له‌ گه‌وهه‌ره‌ نه‌ته‌وه‌ییان داماڵراون له‌ فه‌رمانگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پارتییه‌کاندا، هه‌روه‌ها به‌ ده‌ستخستنه‌ ناو ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی و کۆنترۆڵکردنییه‌وه‌، ده‌یه‌وێ پارچه‌یه‌کی دوور له‌ فکری نه‌ته‌وه‌یی دروست بکات، که‌ کۆمه‌ڵایه‌تی سنوورداری هه‌بێت و له‌ناو کێشه‌ ئابوورییه‌کاندا بیخنکێنێ، به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا پرۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ باشووری کوردستان جێبه‌جێ بکات.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌رکی ئه‌م خوێندنه‌گه‌ فه‌تحوڵاییانه‌یه‌ که‌ زانیاری له‌سه‌ر بزاوتی ئازادی کورد به‌ تایبه‌تی له‌ باشوری کوردستان کۆبکه‌نه‌وه‌ و به‌ رێگه‌ی ئه‌ندامه‌کانیان له‌ داموده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێنه‌ (MIT) و (MOSAD) و ژیته‌می ئیسه‌لامگه‌رای نوێ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا جه‌ماعه‌تی گوله‌ن و خوێندنگه‌ و داموده‌زگاکانیان له‌ باشووری کوردستان ده‌زگا و شوێنی تازه‌یان بۆ کاروباری هه‌واڵگری و سیخوڕی له‌سه‌ر ئێران دروست کردوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ رێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریکا له‌سه‌ر له‌به‌رامبه‌ر رێکه‌وتنی هه‌واڵگری ئه‌مریکا دژی (PKK)، هه‌واڵگری و گواستنه‌وه‌ی زانیاری له‌ ئێران بۆ ئه‌مریکا.
جه‌ماعه‌تی گوله‌ن له‌لایه‌ک وتن و شاکاره‌کانی سه‌عیدی نورسی به‌ تورک ده‌که‌ن، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌، ده‌رسخانه‌، هۆڵه‌کانی خوێندن و ئه‌و خانانه‌ی پێی ده‌ڵێت ماڵه‌کانی تیشک له‌ کوردستاندا، منداڵانی کورد دووچاری بنه‌بڕی که‌سایه‌تی ده‌کرێن و به‌ تورک ده‌کرێن، به‌تایبه‌تیش منداڵانی کورد، که‌ ئاینده‌ی کوردستانن له‌و شوێنه‌ ناوبراوانه‌دا کۆده‌کاته‌وه‌ و به‌ جێڵی ئیسلامی ساخته‌ په‌روه‌رده‌یان ده‌کات، په‌روه‌رده‌که‌ش به‌ ئاراسته‌ی ئامانجه‌کانی ئاواکردنی پان ـ تورکیزم له‌ کوردستاندا. فه‌تحوڵا گوله‌ن به‌ رێگه‌ی وه‌لی کوچک گیراوی دۆزی ئه‌رگه‌نه‌کۆن که‌ بناغه‌ی ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی ناوه‌، وه‌لی کوچک له‌ باکوردا به‌ دروشمی (با له‌ هه‌ر شوێنێک سه‌ربازگه‌یه‌کی تورک دروستکه‌ین) هه‌ڵسوڕاوه‌، دواتر فه‌تحوڵا گوله‌ن که‌ هاوڕێی رێکخستی تێکۆشانی میللی کوچکه‌ ده‌ڵێت شانبه‌شانی سه‌ربازگه‌کانیش با خوێندنگه‌ی تورک دروست بکه‌ین ده‌ستی داوه‌ته‌ ده‌ستی کوچک و هه‌ریه‌که‌ و له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌ربازگه‌ی تورکیان له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ دامه‌زراندوه‌، که‌ ده‌ستیان پێگه‌یشتووه‌. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م رێکه‌وتنه‌ی گوله‌ن و کوچک له‌ ساڵی (1994) له‌ شاری هه‌ولێر خوێندنگه‌ی فه‌تحوڵاچی کرایه‌وه‌، جه‌ماعه‌ت له‌ (1994) به‌ دواوه‌ به‌ ئاراسته‌ی نه‌ژادپه‌رستی، داگیرکه‌ری و بڵاوبوونه‌وه‌دا ژماره‌ی خوێندنگه‌کانیان زیاد له‌ باشوری کوردستاندا زیاد کردوه‌، له‌ هه‌ولێر شه‌ش خوێندنگه‌ (رێکخراوی په‌روه‌رده‌ی فه‌زاکان ـ ناوه‌ندی زمانی رووناکی ـ خوێندنگه‌ی رووناکی سه‌ره‌تایی ـ کۆلێژی نولوفه‌ری کچان ـ کۆلێژی رووناکی کوڕان ـ زانکۆی رووناکی کوڕان) له‌ سلێمانی سێ خوێندنگه‌ (کۆلێژی سلێمانی کچان ـ کۆلیژی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی کوڕان ـ ناوه‌ندی زمانزانی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی) له‌ که‌رکوکیش خوێندنگه‌یه‌ک و ناوه‌ندێکی زمانه‌وانی. منداڵانی کورد له‌م خوێندنگه‌یانه‌دا فێری مارشه‌ نه‌ژادپه‌رستییه‌کانی تورک ده‌کرێن، به‌ ناوی ئۆڵۆمپیاتی تورکییه‌وه‌ ده‌بردرێنه‌ شاره‌کانی وه‌ک ئیسته‌نبۆڵ و ئاهه‌نگی تورکییان بۆ ساز ده‌کرێت، به‌م ئامانجه‌وه‌ له‌ کۆتایی مانگی ئایاری (2009) له‌ باشووری کوردستانه‌وه‌ خوێندکاران (سازگار دارا به‌گ، بیلال سه‌بری، محه‌مه‌د شاکر، ئه‌رداڵ حسێن) ده‌برێنه‌ تورکیا و هۆنراوه‌کانی فه‌تحوڵا گوله‌ن و گۆرانی تورکی و مارشی نه‌ژادپه‌رستییان پێ ده‌وترێته‌وه‌ و چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌درێت.

به‌ ناوه‌ خۆشه‌ویسته‌کانی کورد ئامانجه‌کانی خۆیان ده‌شارنه‌وه‌
جه‌ماعه‌تی گوله‌ن له‌ کوێ خوێندنه‌گه‌یه‌ک یان بنکه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه‌، له‌ناو لێکردندا ره‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌دا خۆشه‌ویستترین که‌س، ناو، شوێن و..هتد چی بێ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن تا بتوانن به‌ ئاسانی ئامانجه‌کانیان بشارنه‌وه‌ و سه‌رنجی خه‌ڵک به‌ لای خۆیاندا راکێشن، ئه‌مه‌ چ له‌ باکور یان له‌ باشوری کوردستان بێت، له‌ سه‌رحه‌د به‌ ناوی سه‌رحه‌ده‌وه‌، له‌ دێرسیم به‌ناوی مونزوره‌وه‌ و له‌ ئامه‌د به‌ ناوی سور دیواره‌که‌ی ئامه‌ده‌وه‌یه‌، هه‌ر له‌ باکوری کوردستاندا هۆڵه‌کانی خوێندنی به‌ ناوی (EHI‌DER) هاوشێوه‌ی تۆڕێکی تایبه‌ت له‌ هه‌موو شار و شارۆچکه‌ و شوێنێکی کوردستان به‌یه‌ک ده‌گه‌ن.
جه‌ماعه‌ت له‌ خوێندنگه‌کاندا له‌ چوارچێوه‌ی زانیارییه‌کانی (MIT) زیره‌کترین منداڵانی کورد کۆده‌که‌نه‌وه‌ به‌ ده‌مامکی په‌روه‌رده‌ به‌ تورک ده‌کرێن، به‌م رێبازه‌ کوردان له‌ هێزی مێشک و ئه‌قڵیان ده‌که‌ن، واتا بنه‌بڕی ئه‌قڵی ده‌که‌ن، ئه‌م منداڵ و گه‌نجه‌ کورده‌ به‌ تورککراوانه‌ وه‌ک که‌وی راوچی له‌ بنه‌بڕکردنی کلتووری کورد به‌کاریان دێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌تایبه‌تی زیاتر ده‌ستدرێژی ده‌کرێته‌ سه‌ر منداڵانی نیشتمانپه‌روه‌ران، ده‌وڵه‌ت به‌شێکی زۆری ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پرۆژه‌ی گاپی ته‌رخانکردبوو، ده‌دا به‌م جه‌ماعه‌ته‌.
سه‌رچاوه‌
www.komin‌online.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە