لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدى قەڵەم دكتۆر عبدالستار تاهیر شریف

Wednesday, 02/03/2011, 12:00

2019 بینراوە


ڤیان عبدالستار تاهیر شریف 5 3 - 2011
"من لە ژیانمدا چەند سیاسەتێكم هەیە : یەكەم بە مەبەست لە كەس ناترسم , و دووەم هەمیشە بۆ پێشەوە دەڕۆم و ناگەڕێمەوە , سێیەم تا ئێستا كۆڵم نەدابێت كۆڵ نادەم با بـــمكوژن , چوارەمیش ئەوەى دەیگێڕمەوە ئامادەم لە بەردەم دادگا هەمووى بسەڵمێنم"
ئەمە بوو دوا ووشەكانی شەهیدى قەلەم دكتور عبدالستار تاهیر شریف لە چاوپێكەوتنێكدا لە گۆڤارى لیڤین ....
لە دوا ووشەكانی دكتۆردا, دیار و زۆر روونە كە تێرۆریستان بە مەبەست بڕیاری شەهید كردنی نووسەرى ڕاست گۆى شاری كەركووكیان داوە , ئەم كەڵە پیاوە مێژووى وەكو خۆى دەگێڕایەوە بێ ئەوەى گەندەڵی و مەلەفە نهێنییەكانی سەركردایەتی هەردوو حیزبە سەرەكییەكەى كوردستانى عێراق بشارێتەوە .
بەداخەوە لە 5 -3- 2008 دەستی رەشی تێرۆریستان لە (كەركوكى دڵى كوردستان و قودسى كوردستان) لە گەرەكی رەحیماوە لە كات ژمێر 10 ى سەر لە بەیانی ئەو كاتەى كە تەنها هەر خۆى بوو و ئۆتۆمبیلە مۆدێل كۆنەكەى لێدەخوڕى لە سەر پردی رەحیماوە دكتۆریان شەهید كرد ..
دواى پرۆسەى ئازادی عێراق لە ساڵى 2003 و دەست پێكردنى فراوان بوونى دەسەڵاتى هەردوو حیزبە كوردیەكە لە شارى كەركوك , گەرەكە كوردییەكانى شاری كەركوك كەوتنە ژێر چاودێری ووردى دەسەلاتی هێزەكانی ئەم دوو حیزبە سەرەكییەى كوردستانی عیراق , بەڵام لەگەلأ ئەوەشدا ئەم دوو حیزبە كە بەرپرسبوون لە پاراستنى ئاسایشى شارى كەركوك هیچ لایەنێكیان دەستنیشان نەكرد و هیچ كەسێك تاوانبار نەكرا بە شەهیدكردنی د.عبدالستار تاهیر , بگرە تەنانەت لێكۆڵینەوەش نەكرا...لەو كاتەدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تەنها ئیدانەی ئەو كارەى كردو بەس !!
هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەوە بوو كە دكتۆریان قەرزارباركرد و بە بەعسی لەقەڵەمیاندا و تیرۆركردنەكەیان خستە ئەستۆى بەعسییەكان , هەر وەكو چۆن شەهید سەردەشت عوسمانیان بە تێرۆریست لە قەڵەمدا و جێبەجێكردنى بڕیارى تێرۆركردنەكەیان خستە ئەستۆى تیرۆریستان وە هەروەها لە تێرۆركردنى شەهید (سۆران مامە حەمە)دا بێدەنگیان هەلبژارد.... ئێمە لێرەدا دەپرسین كێ بڕیار دەدات لە پاكى و خیانەتى ئەم شەهیدانە و هەڵوێستى دەسەڵاتدارانى كوردستان ..... هەروەك چۆن بە شەهیدێك ئەڵێن تێرۆریست و بە یەكێكى تر ئەلێن بەعسى و لە شەهید كردنى ڕۆژنامە نوسێكدا بێدەنگى هەڵدەبژێرن ؟؟؟؟..... ئایا ئەو گەنجە خوێن گەرمانەى لە 17ى شوبات شەهیدكران دەخرێنە كام قاَلبەوە یان ئەو خەڵكە دڵسۆزەى كە لە سەراى ئازادى شارى سلێمانى خەبات دەكەن بە كام لەم هەڵوێستانەى خۆیان ناوزەد دەكەن .
لە سالى 1995 , دكتور عبدالستار تاهیر شریف لە بەغداوە لە ژێر دەسەڵاتى رژێمى بەعس هەڵهات بۆ شاری سلێمانی و دواتر بۆ دەرەوەى ولات . لە ساڵی 2003 گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی و دواتر بۆ شاری كەركووك بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ لە زانكۆى كەركوك... لەو كاتەدا دكتۆر كرێچی بوو لە خانویەك لە گەرەكی رەحیماوە , تەنها كۆمپیوتەر و قەڵەمەكەى هەبوو , نەك جەندرمەو و چەكداران لە دەوروبەری خانووەكەى. دكتور حیزب و سەروەت و سامانی نەبوو تا بەعسییەكان لە 1995 تا 2008 پیلانی شەهیدكردنى بۆ دابڕێژن و چاوەڕێی هەلى جێبەجێكردنی بكەن. ئەوەى بریاری شەهیدكردنى دكتۆرى دا , ئەو كەسانەن كە دەترسن لە گێرانەوەى مێژووى كورد وەكو خۆى وە بێ گۆڕانكاری .
لە كۆتایى دا بە سەرجەم خەڵكانى دڵسۆزى كوردستان دەڵێین كە رۆژى شەممە رێكەوتی
5-3-2011 , سێیەمین ساڵیادی شەهیدكردنی دكتۆرە... داواكاریم لە خۆشەویستان و هاورێیانی شەهیدی قەڵەم دكتۆر عبدالستار تاهیر شریف ئەوەیە كە لەم رۆژە غەمبارەدا بۆ روحی پاكی مۆمێك دابگیرسێنن بۆ یادكردنەوەى.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ژیاننامەو نووسینەكانی دكتور عبدالستار تاهیر شریف , كلیكی ئەم لینكەى لای خوارەوە بكەن (بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی).


http://www.shahidiqalam.com/test/

2-3-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە