خەمە گەورەكە

Monday, 08/07/2013, 12:00

1665 بینراوە





خەمە گەورەكە،پەروەردەنە كردنى كۆمەڵگەیە،بەكورتى ئەوەیە ڕۆشنبیر بەڕۆڵى خۆى هەڵنەساوە،یان ڕۆڵَەكەیان لێ دزیووە،سەرەنجام ئاڕاستەكردنى كۆمەڵگەو كۆى پنتەكانى تر كەوتۆتە دەست بەرژەوەندیی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن،یان ئایدۆلۆژیایەكى دیاریكراو،
باز ئەدەمە سەر چەند دێڕێكى بەپێزى هاوڕێم " بەختیار عەلى"كە لایوایە:
ڕۆشنبیر نە نوێنەرى خەڵكە ،نە ئۆپۆزسیۆنە،نە نوێنەرى مێژووە ،نوێنەرى عەقڵ و، ویژدان و كەرەستەكانى بیركردنەوەى خۆیەتى،پرسیارەكە هیچ كات ئەوە نییە شت بكەین یان نایكەین،بەڵكو پرسیار ئەوەیە چۆن وەك ڕۆشنبیر ،نەوەك سیاسی،خەبات دژ بە دیكتاتۆریەت بكەین ؟.ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەرییەیە كە كاراكتەرى ڕۆشنبیر لەحیزبییە موزەیەفەكان جیادەكاتەوە،كە خراونەتە كایەى ڕۆشنبیرییەوە تا بە ئایدۆلۆژی و حزبی بكەن، پرسیارەكە ئەوەیە : چى بكەین،بۆئەوەى شوناسی فكرى و ئینسانیمان لەو خەباتەدا بە تۆزو تەمتومانى ئایدۆلۆژی پیس نەبێت ؟.چى بكەین،پاكى و ئۆبژێكتیڤییەت و ئازادی خۆمان لەدەست نەدەین، تا بتوانین ڕێزى ئازادى و مرۆڤ بۆ سەردەمەكانى تریش زامنبكەین و شەڕى بەرە سیاسییەكان لەخوێن و پیسى خۆیاندا نوقممان نەكەن؟.ئەمەو هەندێً لە ڕۆشنبیرانى كورد لەبرى سەرقاڵى ئەو وەڵامانە بن،كە ڕۆشنبیر وەك بیریار، وەك داهێنەر، وەك خوێنەرى مێژووى فكر،وەك هەڵگرى تێزو تێڕوانینى تایبەت،كەچى سەرقاڵى وەڵامدانەوەى سیاسەتن،بەخودى سیاسەت.
ئەمەى كە " بەختیار عەلى" باسی دەكات، ڕەنگە هەمان ئەو هۆكارە بێت،كە دوو جەنگى جیهانى گەورەو خوێناوى لێكەوتەوە،ماوەى زیاتر لە (200) ساڵ بوو،پاش ڕۆشنگەریی بانگەشەى ئەقڵانیەت لەخۆرئاوا،تاكى ئەوروپی لاف و گەزافى بەسەر دونیادا لێ ئەدا،وەختێك لەناكاو جەنگ دەستى پێكرد ،دونیاى كاولكرد،لەپاش ئەمە" شوبنهاوەر" پرسی:چۆن دەبێت لەباوەشی عەقڵانیەتەوە، نا ئەقڵانیەت سەر دەربهێنێت،چۆن شەڕ لە مناڵدانى فكرو چاكەى گشتى یەوە سەر دەر دێنێ؟. بۆیە بۆ یەكەمجار لە ڕووى فكرەوە دواى جەنگى دووەمى جیهانى، ڕەخنەو سەركۆنەكردنى ئەقڵانیەتى خۆرئاوا،بە زەنگە گەورەكە (قوتابخانەى فرانكفۆرت) دەستى پێكرد.لە (هۆركهایمەرو تیۆدۆر ئادۆرنۆ و واڵتەر بنیامین و هربرت ماكۆزە و كارل پرپەرو فرۆیدو هابرماس) دا خۆیان بینییەوە.ئەم پێڕە بە تایبەت (ماركۆزە) قسەى لە سەر ئەوە كرد كە مرۆڤ مرۆڤێكى فرە بوعدو ڕەهەندە،كراوە بە تاك ڕەهەند ،بەتێزە بەناوبانگەكەى (الانسان ژون البعد الواحد).ئەوكات هۆشیارى دا،كە تەكنەلۆژیا مرۆڤى ئەم سەردەمەى ووڕ كردووە، مرۆڤ تەنها كۆیلەیەكە بەدەست ئامێرو داهێنانەكانى خۆیەوە.ئاخر كە بازاڕ پڕە لەشمەك ئەى چارەنووسی ئینسان لەكوێدایە؟؟.
ئەم خەمە گەورانەى،سەرەوە بۆ كۆمەڵگەیەكى ڕاگوزەرى وەك كوردستان، پێًویستى بە مرۆڤى هەڵكەوتوو هەیە لە كایەى ڕۆشنبیریی و داهێناندا.پێویستى مێژوویی گەورەى بەوانەیە كە خوازیارن ڕینساینسێك لە كۆمەڵگەى كوردستاندا بەرپا بكات.ئەمەى دەكرێت،سەرچۆپى گرتنى كۆمەڵێك هەرزەو ئاڕاستەكراون،هەندێكیش لەمانە تا ئەم چركە ساتە هەر باس و قسە لەسەر " چاكى و خراپى " یەكێتى و پارتى دەكەن،یاخود سەرقاڵى شانازیكردنن بەوەى كە ئۆپۆزسیۆنن،بۆیە بیرۆكەو تەرحەكانیان لەم چوارچێوەیە اترازێت،لەكوردستان بەباشی ئەوكارەساتە هەست پێ ئەكەى،كە هیچ جیاوازییەك نییە لەنێوان پێوەرى ئەخلاقى و پێوەرى تەحلیلى بۆ قسەكردن لەسەر كەیس و دیاردەكانى ناو كۆمەڵگە.ئێمە بۆ ئەوەى شتێك بگۆڕین پێویستمان بەمەرایی و شكاندنەوە بەلایەك و هەست و سۆزو وابەستەیی نییە،توێژەرو شیكەرەوەى سیاسی لەناوەندە میدیاییەكانى جیهان ئەوانەن كە خۆیان لە ئەخلاق داماڵیوە،مەبەست لەوەنییە بی ئەخلاق بن،بەڵكو مەبەست گوێنەدانە بەهەر شتێك،لەدەرەوەى (بەهێزیی و لاوازیی). كێ لاوازە ؟ كێ بەهێزە؟.ئاماژەو پێوەرى بەهێزبون و لاوازبوون چى یە؟؟.ئیتر تۆ هەقێكت بەسەر قسەو قسەڵۆكى ترەوە نییە،ئەگەرنا دەبێت كەناڵێكى تەلەفزیۆنى یان بابایەكى عەوام یان گروپێك تۆ ئاڕاستەبكا،كەئەمە كارەساتەو پێچەوانەكەى دروستە.
كاتێك،"محەمەد ماغوت " دەڵێت : نەكەى ببى بە قسەكەرو بیرمەند،چونكە زەمانى خوێڕى و سەر سەرییەكانە. ئەو مەبەستى ئەوە نییە جنیوێك بدات، ئەگەرچى جنێۆ و قسەكانى سەر زار، دیوێكى ئیجابی لە كلتورو مێژوو بارى فۆلكلۆرى گەلێك پێك دێنن. بەڵكو گەرەكێتى پێت بڵێت: شەڕەكە قورسە،ئەگەر بێ فكرو تیۆریت،ئەگەر ئەزمونیت نەكردووە و بەتەنها یت،ئەوە تەنها كارێك كە دەیكەیت لەدەستدانى تەمەنى خۆتە.
ببینە، لەماوەى دە بۆ پانزە ساڵى ڕابردودا،كۆى ڕاگەیاندنى كوردى كۆمەڵێك خەڵكى بەتاڵ و فشۆڵیان عەرزكردووەو فەرزیشیان كردووە،ئیشى ئەمان لەسەر بنەماى ئەخلاق و هاوڕێیەتى بووە،ئەنجامەكەشی ئەوەیە،وێستگە بە وێستگە بەرەو خوار دەچین؟؟.ئەى عەجەب كابرایەك شوانكارەیەو (20) سەر مەڕو بزن دەداتە كەسێكى تر،خۆ دەبێت دواى (4) ساڵ) ئەم بیست سەر ئاژەڵە بكاتە (60-100) سەرێك..مەعقولە ئەوەشی هەیە لەناوى بەیت؟؟.
ئەمڕۆ،گروپە لەرزۆك و سەرچۆپیكەرەكانى ناو كایەى ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنى كوردیی،بەباشی ترسیان لێنیشتووە،بارەگاى ڕۆژنامە بەڕۆژنامە،تیچى بەتیڤى دەگەڕێن،كە دەنگە ئازادەكان بشارنەوەو بیرو بۆچونەكانیان بڵاومەكەنەوە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە