عومه‌ر دزه‌یی و داوه‌رییه‌کی زۆر نادروست....

Wednesday, 07.04.2012, 12:00

430 بینراوە




من نامه‌وێت بچمه‌ ناو وورده‌کارییه‌کانی هونه‌ریی! کاک عومه‌ر دزه‌یی و هه‌ڵوێستی نیشتمانی و بڕی ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ی که‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردی کێشاوه‌!! چونکه‌ باوه‌ڕناکه‌م هیچ هو‌نه‌رمه‌ندێکی کورد، ئه‌وه‌نده‌ی کاک عومه‌ر له‌ ناز و نعمه‌ت و بێخه‌میدا ژیانی به‌سه‌ر بردبێ چ ئه‌و کاته‌ی که‌ له‌ کوردستان بووه‌ و چ ئه‌و ساڵه‌ زۆرانه‌ی که‌ له‌ باڵوێزخانه‌کانی عێراق له‌ ئه‌وروپا کاری کردووه‌...یا دوای ئه‌وه‌ش.

کاک عومه‌ر سه‌ره‌تای حه‌فتاکان، به‌ چه‌ند گۆرانییه‌کی خۆش، له‌ باشووری کوردستان ده‌رکه‌وت و ئیتر جاروبار، لێره‌ و له‌وێ، ده‌نگی ده‌بیسترا....یانی وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن گورانی ووتنی نه‌کردۆته‌ پیشه‌..هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، مرۆڤ ناتوانێت له‌ریزی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌ و کاریگه‌ره‌کانی کورددا، دایبنێت.
لێره‌دا ده‌‌مه‌وێ له‌سه‌ر (داوه‌رییه‌کی فره‌ نادروستی کاک عومه‌ر، له‌ به‌رنامه‌ی شه‌وی کوردسات) دا باس بکه‌ین...ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ی دوێنێ شه‌وی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، له‌ ئه‌ڵقه لاوازه‌کانی ئه‌م به‌ر نامه‌یه‌ بوو، چ وه‌ک ناوه‌رۆک و چ وه‌ک ئه‌و ره‌فتار و ئه‌دا و ئه‌توارانه‌ی له‌م به‌رنامه‌یه‌دا بینیمان...

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ بڵێم، کاک عومه‌ر، بۆ پاڵپشتی قسه‌کانی و ....هتد قسه‌یه‌کی به‌رێز مام جه‌لالی هێنایه‌وه‌‌، که‌ وتوویانه‌، ئه‌گه‌ر هۆمه‌ر دزه‌یی، له‌ناو کوردا نه‌بوایه، ده‌بووه‌ هونه‌رمه‌ندێکی جیهانی.
مام جه‌لال ئه‌م قسه‌یه‌ی له‌ خۆشه‌ویستی کاک عومه‌ره‌وه‌ کردووه‌، ده‌نا هو‌نه‌رمه‌ندی جیهانی هیچ پێناسه‌یه‌کی دیاری کراوی نییه‌، به‌رای من جیهانی بوونی نووسه‌ر یا هونه‌رمه‌ند، به‌راده‌ی کوردستانی بوونێتی، هونه‌رمه‌ند، به‌ نووسه‌ریشه‌وه‌، تا کوردستانی نه‌بێ، ناتوانێ ببێته‌ جیهانی، نمونه‌یه‌ک دێنمه‌وه‌، هه‌ر که‌س له‌م جیهانه‌دا‌ گویی له‌ مۆزیکی(فلامینگو) ده‌بێت، ده‌که‌وێته‌ بیری گه‌لانی ئیسپانیایی، ئه‌وه‌ جیهانی بوونه‌، هه‌موو جیهان بزانن که‌ ئه‌م مۆزیکه‌ هی کورده، جیهانی بوون له‌مه‌ زیاتر مانایه‌کی تری نییه...نه‌کورد پێویستی به‌ کۆپی کردنی خه‌ڵکی تره(که‌ زۆری زۆره‌)‌ و نه‌ خه‌ڵكی تر پێویستیان به‌ کۆپی کردنی ئێمه‌یه(که‌ ها له‌راده‌ی سفرا).

ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌رزی کارکردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ و پێشکه‌شکه‌ره‌ میهره‌بانه‌که‌ی(کاک سۆران) ئاشنان، ده‌یان زانی که‌ ئه‌و میوانه‌ی، کاک عومه‌ر ئاره‌زوو مه‌ند بووه‌ له‌وێ بێت، ده‌بوو خانمێک بێت، به‌ڵام که‌م که‌س، چاوه‌روانی ئه‌و پیا هه‌ڵدانه‌ ئیغراق ئامیزه‌ی کاک عومه‌ر بوون، بۆ (هانی خانمی گۆرانی بێژ)، تا کۆتایی به‌رنامه‌که‌ که‌ مه‌سه‌له‌که‌ که‌مێ روونتر بووه‌ وه‌...
مرۆڤی حه‌قگۆ له‌ داوه‌رییه‌کانیدا هه‌رگیز، هه‌واو هه‌وه‌سی خۆی ناکاته‌ پێوه‌ر بۆ بڕیاردان و مه‌سه‌له‌ ده‌روونییه‌کانی ناتوانێت تێکه‌ڵ به‌ داوه‌رییه‌کانی بکات...خوشکێک فره‌ جوان له‌ کۆمێنتارێکدا ووتی: ئه‌گه‌ر کاک عومه‌ر بی ووتایه‌، به‌ رای من ده‌نگی هانی خانم وایه‌ و وایه‌، هیچ كێشه‌یه‌ک نه‌بوو، رای هه‌موو که‌س به‌رێزه‌، به‌ڵام کاتێک کاک عومه‌ر دێت و بێده‌ربه‌ستانه، ده‌نگی(هانی) وه‌ک تاکه‌ ده‌نگ و خۆشترین ده‌نگ له‌ ناو ژنانی کوردا ده‌ناسێنی، ئیتر ئه‌وه‌ بێ ئینسافییه‌ و ژێر پێنانی مافی هونه‌رمه‌ندانی ژنانی کورد، که‌ فره‌ له‌ هانی به‌رزترن، هه‌ر ئه‌و خوشکه‌ به‌رێزه‌ له‌ کمێنتارێکدا بۆ ووشه‌کانی کاک عومه‌ر، دریژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دا و ده‌ڵێت: به‌م قسانه‌ که‌ زۆر له‌سه‌ر کاک عومه‌ر که‌ووتن، حه‌قی ژنی کوردی ده‌نگ خۆشی وه‌کو: ئاڤان جه‌مال و شیریبان و فاتمه‌ و ده‌یانی تری نا ژێر پا.
هانی، هه‌روه‌ک کاک عومه‌ر، سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی چه‌ند گۆرانی بوون، به‌ زاراوه‌ی هه‌ورامی، که‌ زۆر جوان و ناسک و شیرین گووتنی و زۆریش لێی ده‌هات و ستایلی ئه‌و ژنه‌، هه‌ورامیه ‌و له‌هه‌موو هه‌وڵدانه‌کانی تردا تێکشکاوه‌ و تا نه‌شگه‌ڕیته‌وه‌ سه‌ر ستایله‌ ره‌سه‌نه‌که‌ی خۆی، به‌ هیچ کوێ ناگات و هه‌وڵدانه‌کانی بێهوده‌ن...
ستایل لای من شتیکه‌ له‌گه‌ڵ ئینسان له‌ دایک ده‌بێت و گۆرانیه‌ک بۆ ئه‌و ستاییله‌ ده‌بێته‌ بناغه‌ و لێره‌دایه‌ که‌ هونه‌رمه‌ندیی هونه‌رمه‌ند ده‌رده‌که‌وێ که‌ تا چ راده‌یه‌ک ده‌توانێ په‌ره‌ به‌م ستایله‌ی خۆی بدات...ده‌نا هانی ژنێکی ئاساییه‌ و به‌راستی ئێمه‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌دا دوو رسته‌ی کوردی ته‌واومان لی نه‌بیست و ئه‌دا و ئه‌تواره‌کانی له‌گه‌ڵ ناورۆکی به‌رنامه‌کدا لێک جودا بوون و به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ی کاک عومه‌ر، سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگی ئه‌و زیاتر ده‌بێته‌ هۆی سه‌ر لێشێواندنی ئه‌م خانمه‌، ئێمه‌ نازانین که‌ کاک عومه‌ر چۆن و بۆچێ، ئه‌م قسه‌یه‌یان کرد و مافی حاشاهه‌ڵنه‌گری هو‌نه‌رمه‌ندانی ژنی تری کوردیان ئاوا پێشیل کرد، وه‌ک ژاله‌، مریه‌م ئیبراهیم پور، شه‌‌هێن خانم و کانی و کیژان و ده‌یانی تر...کاک عومه‌ر دیار بوو که‌ عاشقی ده‌نگی (هانی خانم) بوون و وه‌ک خۆیان ووتیان جارێ عاشقی خۆیان نه‌بووم، به‌لام به‌راستی خۆیان زۆر جوانن...بڵێی داوه‌رییه‌ فره‌ نادروسته‌کانی کاک عومه‌ر بنچینه‌که‌ی ئه‌وه‌ بووبێ...؟!!!!


‌ سلێمانی / باشووری کوردستان 24 / 06 / 2012
‌‌


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 1)