چ شەرمەزار ییەك

Friday, 04/04/2014, 12:00

1729 بینراوە






لە كۆتایی جەنگى جیهانى دووەمەوە , ئیستاشى پێوەبێت حكومەتى ئیسڕائیل بە بەردەوامى لە هەوڵى دۆزینەوەى ئەو كەسانەدایە كە بەشدارییان كردوە لە كۆمەڵ كوژى جولەكەكان لە وڵاتى ئەڵمانیا. تا ئێستا چەندین بەرپرسى ئەو كاتەى ئەڵمانیایان لە چەندین وڵاتى جیهاندا دۆویوەتەوەو بە سزاى خۆیان گەیاندون.
ئەم كارەش نیشانەى زیندۆیەتى گەلى جولەكە یەو هەر ئەم بەرپرسیاریەتەیە كە بۆتە هۆى ئەوەى لەسەر نەخشەى جیهان جێی خۆیان بكەنەوە. ئێمەى گەلى كوردیش لە كۆتایی جەنگى جیهانى یەكەمەوە وڵاتەكەمان دابەشكرا بەسەر چوار وڵاتى توركیاو ئێران و سوریاو عێراق و نەمان توانى حكومەتێكى كوردى دروست بكەین و سود لە ڕوخانى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى وەرگرین وەكو گەلانى ترى ناوچەكە , كە هەموو میللەتانى ژیر دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانى بونە خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان جگە لە ئیمەى كورد كە بی وڵات ماینەوە.
ئەگەرچى گەلى كورد بە درێژایی مێژووى دواى كۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى یەكەم و نەمانى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى خەباتى بێوچانى كردوە لە پێناوى بەدەستهێنانى سەر بەخۆیی و لەو پێناوەشدا بە سەدان هەزار شەهیدى داوە , بەڵام هەتا ئێستاش كورد نەیتوانیوە دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى دامەزرێنیت .
ڕاستە لە كاتى دابەشكردنى ئیمپڕتۆریەتى عوسمانیدا بۆ چەند وڵاتێكى تازە , كورد پشتیوانى نێو دەوڵەتى نەبووە, بەڵام خۆشى هۆكار بوەو كەسانى شارەزاو لێزانى نەبوە كە بە باشى سیاسەت بكەن و خاوەنى هیچ جۆرە ستراتێجێك نەبون . بەڵام گلەیی چى لە سیاسەتمەدارانى ئەو كاتە بكەین , لە كاتێكدا دواى ساڵى 1991 باشترین هەلمان بۆ ڕەخساو تا ڕادەیەكى زۆریش هەم پشتیوانى نیو دەوڵەتیمان هەبو , هەم سۆزى میللەتانى تریشمان لەگەڵدا بوو.. بەڵام بەداخەوە كورد نەخاوەنى سەركردەى كارێزما بوو , نە خاوەنى ستراتێجێكى داڕێژراوى تۆكمە بوو . سەركردەكانى ئێستاى كوردیش هەموو سەركردەى خێڵەكى بون و لە برى یەكخستنى ڕیزەكانى گەل , خەریكى دوژمنایەتى یەكترى بون لە پێناوى بەدەستهێنانى بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی. هۆكارى سەرەكى شكستى سیاسەتى كوردى لەم سەردەمەدا ئەگەڕێتەوە , بۆ دروستبونى بەرەى جەلالى و مەلایی لە ساڵى 1964 و دروستبونى شەڕى ناو خۆى كوردان كە تا ئێستاش بەردەوامە .
هەر بەو هۆیەشەوە سەرانى كورد نەیانتوانى یەكێتى ڕیزەكانى گەل بپارێزن و سود لە نەمانى حكومەتى بەعس و سوپاكەى وەرگرن و ناوچە دابرَێنراوەكانیش بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمى كوردستان . لەو كاتەوە كە شەڕى پێشمەرگانە دەستى پێكردەوە لە ساڵى 1976 دا هەتا ڕاپەڕینى 1991 دەیان هەزار هاوڵاتى كورد چەكیان بۆ حكومەتى بەعس هەڵگرت و دژى هێزى پێشمەرگە وەستانەوەو و سەدان پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كردو زوریەشیان بەشدارییان لە پرۆسەى ئەنفال كرد.
ڕاستە زورینەیان لەبەر ئەوەى نەبنە سەر بازو نەیاننیرن بۆ بەرەكانى جەنگ و هەندێكى تریان بەناچارى چەكیان بۆ دۆژمن هەڵگرتبو , خۆشیان ئەپاراست لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ پێشمەرگە, بەڵام زۆریشن ئەوانەى بە دڵ و بە گیان شەڕى پێشمەرگەیان كردوە و خەڵكیان ئەنفال كردوەو دەستیان سورە بە خوێنى پێشمەرگە. ئیمە ناڵێن دەبێ هەموو ئەو چەكدارانە ئیعدام بكرانایە بەڵام لانى كەم موستەشارە خۆفرۆشەكان و تاوانبارەكان بە تایبەتى ئەوانەى ناویان هاتبوو لە لیستى داواكراوەكاندا , دەبوایە دادگایی بكرانایە هیچ نەبوایە لەبەر خاترى كەس و كارى شەهید و ئەنفالكراوەكان.
بەڵام دواى زیاتر لە 23 ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا زۆر بون ئەوانەى لە چاوەڕوانی ئەوەدابون كە بكوژى كەس و كاریان دادگایی بكرانایە بە ناسۆرى زۆرەوە سەریان نایەوەو بەو ئاواتە نەگەیشتن . بەڵام دواى هەمو ئەو ماوە زۆرە شەوى 23 ئازارى 2014 كەنالى NRT چاوپێكەوتنێكى لەگەڵ كۆنە موستەشار فاسماغاى كۆیە كە بە قاسمە كوێر ناسراوە ئەنجامدا . ناوبراو یەكێكە لە تاوانبارەكان و دەستى سورە بە خوێنى دەیان پێشمەرگەو بەشدارى پڕۆسەى ئەنفالیشى كردوە. بەو دیدارە لە گەڵ ئەو خۆفرش و خائینە , سەر لەبەرى برینى هەموو ئەوانە كولایەوە كە ئەم خائینە تاوانى بەرامبەر كردون و لە لایەكى تریشەوە بێباكى و بێخەمى دەسەڵاتى كوردى دەر ئەخات بەرامبەر بە هاوڵاتیان و سوكایەتى پێكردنیان لەبەرامبەر سزانەدانى ئەو تاوانبارانە .
كەواتە حەقى خۆمانەو مافى ئەوەمان هەیە بڵێین: چ شەرمەزارییەكە بۆ سەكردەكانى كورد كە تاوانبارێكى وەكو قاسماغا نەگیرێت و سزانەدرێت و ڕێگاش بدرێت بچێتە دەرەوەى وڵات ؟. چ عارێكە بۆ ئەو بەرپرسانەى كە شیخ حەعفەر پارێزگارى سلێمانى سەردەمى حیزبى بەعسى خائینیان نەگرت و رەوانەى دەرەوەى وڵاتیان كرد ؟. چ عارێكە بۆ ئەوانەى باوەشیان بۆ بكوژى مامە ڕیشە كردەوە ؟. چ تاوانێكە ئوردوگایەك بۆ نەوەكانى كۆنە موستەشارێك لەسەر بودجەى هاوڵاتیان دروست بكرێت ؟.
چ گاڵتە جارییەكە بكوژى براى مامجەلال بە بێ تاوان , لە برى سزادانى دیوەخان و پاسەوانى بۆ دانرێت لە لایەن گەورەترین بەرپرسى ئەم وڵاتەوە ؟. چ ویژدانێكە كەسێكى تاوانبار لەبرى سزادان و دادگاییى كردنى بۆ 3 خول بكرێتە ئەندامى پەرَلەمان و دوایش بە وەزیرى داد . ئەوەى ئەیەوێت بزانێت ئەم پیاوە پێشینەى چیبوەو چى كردوە با بچێت لە بەڕێز ئەدهەم بارزانى ئامۆزاى سەرۆكى هەرێم بپرسێت ؟.
ئێمە گەیشتوینە ئەو بۆچونەى بە خۆمان بڵێین میللەت نین و حەقى هیچمان نییە هەمان بێت, چونكە ئەگەر مییلەت بوینایە دەیوایە دواى ڕوخانى حكومەتى بەعس بەشوێن تاوانبارى وەكو زەعیم ێدیق و مولازم موحسیندا بگەڕاینایەو بە سزاى گەل و نیشتمانمان بگەیەندنایە لەسەر ئەو تاوانانەى بەرامبەر بە هاوڵاتیانى شارى سلێمانى كردویانە كە قابیلى بیر چونەوە نییە.
بەڵام لە برى ئەوە گەورەترین سەركردەى كورد بۆ ئافەرینێكى عەرەبەكان , بِڕیاریدا تاریق ڕەمەزان ئەو فڕۆكەوانەى شارى هەڵەبجەى كیمیاباران كرد , لەبرى سزادانى و دادگایی كردنى ئازاد بكرێت و ڕەوانەى دەرەوەى وڵاتیش بكرێت ؟. ئاخر ئەمە سوكایەتى كردن نییە بە شەهیدان و كەس و كارى شەهیدانى هەڵەبجە ؟؟؟, ئەرى خەڵكینە چ ویژدانێك ئەمەى قبوڵە موستەشارى ئەنفالچى موچەى وەزیرى پێ بدرێت ؟. ئەمانەى سەرەوە تەنها چەند نمونەیەكى كەم و تەنها مشتێكن لە خەروارێكى ئەو سوكایەتییەیە كە سەرانى كورد بە كەس و كارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەیان كردوە.
هاوڵاتیانى بەڕێز : ئێوە بڕواتان هەیە ئێمەى كورد خاوەنى دەسەڵاتى ئەم دوو حیزبەو سەركردەكانیان بین بە هیچ ماف و دەسكەوتێك بگەین؟. بێگومان نەخێر. ئەگەر كەسێكیش بڵێن بەڵێ , ئەوە بێ ئاگایەو یان وك ئەڵێن لە گوێی گادا نوستوە , یان دواى هەڵلا كەوتوەو بۆتە كۆیلە.
لە ئێستادا هەرێمى كوردستان لە لایەن یەكێتى و پارتییەوە بەڕێوە ئەچێت , كە درێژكراوەى بەرەى جەلالى و مەلاییە كە مێژوەكەى ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1964 و لەو ڕۆژەوە ئەم دوو بەرەیە بونەتە پەتایەكى كوشندە بۆ ئەم میللەتەو هەتا ئەم دوو بەرەیە لە دەسەڵاتا بمێننەوە , نەك كورد بە مافەكانى ئەگات , بەڵكو ئەمانە بەردەوام دەبنە بەربەست لە بەردەم بەدەستهێنانى مافەكانى ئەم میللەتە , چونكە سەرانى ئەم دوو بەرەیە وێڵن بە دواى دەسكەوتى خۆیان .
هەموو ئەو ئەندام و لایەنگر و دۆستى یەكێتى و پارتى كە لە ناویاندا سەدان مامۆستاى زانكۆ و دادوەر و پارێزەر و ر َۆشنبیر و كەسایەتى ناسراو هەیە , هەتا ئەو كاتەى خۆیان بە بەشێك لە دوو حیزبە بزان و بێ هەڵویست بن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەى حیزبەكەیان و سەرانى حیزبەكەیان بەرامبەر بەم میللەتە كردویانەو كە بەردەوام ئەشى كەن , ئەوانیش بەشدارى هەموو تاوانەكانن , هەتا ئەو كاتەى بێلایەنى خۆیان ئەسەلمێنن.
كاتێك من سەر بەو لایەنەبم كە بەرگرى لە قاسماغاو كەسانى وەكو ئەو ئەكات و داڵدەیان ئەدات و دیوەخانیان بۆ دائەنێت و پارێزگارییان ئەكات , ئەبى چیم لە قاسماغا كەمتر بێت , كە دێتە سەر تەلەفزیۆن و ئەڵێت , منیش پێشمەركە بوم و ئەگەر من ئەنفالم كردبێ خەڵكى تریش ئەنفالى كردوەو ئێستا بەرپرسى گەورەى حكومەتە. ئەمە گەورەترین تەحەدایە و فەرمون وەڵامى بدەنەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە