دوو وێنەى هەڵەبجە لەیەک چوارچێوەدا!.... ئەودەمەى حەپسەخانى نەقیب و کەریمى عەلەکە بێ ئەرزش دەکرێن!

Saturday, 17/03/2012, 12:00

1642 بینراوە









ئەوەى پارساڵ لەیادى هەڵەبجەدا لەلایەن هاوڵاتیەکى کەم ئەدامەوە بە لیبڕاڵترین بەرپرسى یەکێتى کرا کە (د.بەرهەم ساڵح)بوو،هاوڵاتیەکى هەڵەبجەی بەهاوارو فیراقێکى زۆرەوە دارشەقەکانى فڕێدیە بەردەمى جەنابى دکتۆر، دەبوایە هەردواى کۆتاى یادەکە دکتۆر دەستبەردارى پۆستەکەى بوایەو بگەڕایەتەوە بۆ ئەمریکاو لەوێ خۆى بەکارێکى دیکەوە سەرقاڵ بکردایە، وەلێ دواجار دکتۆر وەک ئەوەى بایەک بەبن گوێیدا بڕوات، بێهەڵوێستترین کەسایەتى خۆى نیشاندا.

هەمان وێنە لەمساڵیشدا دووبارە بۆوە و ژنە هەڵەبجەیەکى بێپشت و پەنا بەهاوارو ئازارەکانى ناخى پەنگ خواردووى، هێرۆ ابراهیم ئەحمەدى هێنایە قسەو لەبەرامبەردا خانمى یەکەمى عێراق بەپارچە کاغەزێک وەڵامى ژنە هەلەبجەیەکەى دایەوەو ئەویش بەهەمان شێوەى جەنابى دکتۆر جگەلە کەمێک ناڕەحەتبونى زەنگى ئەخلاقى سیاسى لێینەداو گەڕایەوە جێگەکەى خۆى دانیشت و دوورنیە دواى چەند خولەکێک پارچە کاغەزەکەى خۆشى لەیادکردبێت کەداى بەو ژنە هەلەَبجەیە!.

دەبوایە ئەم دوو زاتە خێرخوازو لیبڕاڵە(وەک زۆرجارلەڕاگەیاندنەکانى یەکێتیدا گوێبیستیان دەبین) بەرلەهەربەرپرسێک غیرەتى ئەخلاقى سیاسیان بجوڵابایەو دەستبەردارى پۆستەکەیان بونایە، هەرچەندە ئەوەى من باسى لێدەکەم مام وتەنى خەونى شاعیرانەیە!، بەڵام تەنها لەبەر ئەوە رێگەم بەخۆمدا کەمێک واقعى و لەدەرەوەى خەونە مارۆنیەکانمدا ئەم چەند دێڕە شرۆڤەبکەم، چونکە هەمیشە ئەم دوو زاتە بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحە و بەو لەشکرە ڕاگەیاندن کارەى کەلەچواردەورى خۆیان کۆیان کردونەتەوە هەمیشە وەک فریشتەو فریادڕەس پێناسەکراون.

هێرۆى ابراهیم ئەحمەد بەهۆى نزیکبونەوەى لەبەشێک لەئەدیبوو شاعیرو هونەرماندان، یاخودهاوکاریە شەخسیەکانى، یانیش دروستکردنى چەند مزگەوتێک لەوناوچانەى نفوزى ئیسلامیەکانى تێدا باڵادەستە هەوڵیداوە سۆزو عاتیفەى جەماوەر بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت، ئەمەش وایکردوە لەڕێگاى ئەوڕاگەیاندنانەى یەکێتى کەلەژێر هەیمەنەى خۆیدان، یان هەندێکجار لەڕێگاى ئەو کەسانەى کەوەلائى شەخسیان بۆى هەیە بە حەپسەخانى نەقیب شوبهێنراوە، بەڵام مەعلومە لاى خەڵکى ڕۆشنفکرو بەهەڵوێست جیاوازى حەپسەخانى نەقیب و هێرۆى ابراهیم ئەحمەد ئاسمان وڕێسمانە، لەبەرامبەردا جەنابى دکتۆریش یەکێک لەو خەسڵەتانەى کەبەدرێژاى سیاسەتى لەناو یەکێتیداو هەروەها لەکاتى وەرگرتنى پۆستە حکومیەکانى هەرێم و حکومەتى ناوەنددا هەڵگرى هەمان ئەو سیستمە دیماگۆجیەى هێرۆخان بوە، بەڵام بەبڕواى من تاڕادەیەکى باش لەسنوورى زۆنى سەوزدا ئامانجەکەى پێکاوە بەتایبەت لەناو جەماوەرى یەکێتیدا، ئەویش زیاتر بەو شێوە زمانى قسەکردن و هەروەها لەم ساڵانەى دوایشدا نزیکبونەوەو دروستبونى ئەوکۆنتاکتە بەهێزەى کەلەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و مێدیاى ئەهلى دروستى کردوە، ئەمەش بوەهۆى ئەوەى لەناو بەشێکى جەماوەرو فەرمانبەرە ڕاگەیاندنکارەکانى دەوروبەریدا گەیشتەئەوڕادەیەى بە کەریمى عەلەکەى ئەمڕۆى بشوبهێنن!.

مەعلومە ئەوەى ئەمساڵ وپارساڵ لەیادى هەلەبجەدا بەم دوو بەرپرسە بەناو لیبڕاڵ وخێرخوازەکرا دوو وێنەبوو لەیەک چوارچێوەداو هیچ جیاوازیەکى تیادابەدى ناکرێت،ئەوەى ئەم دوو بەرپرسە کردویانە لەمێژوى سیاسیاندا بەهەمان شێوەى هاوڕێکانى دیکەیان جگەلە سیستەمى دیماگۆجیەت قسەیەکیدیکە لەبارەیەوە فڕێدانى جوملەگەلێکى پوچەو هیچیدیکە، چونکە لەلایەک بەدرێژاى دروستبونى یەکێتى لەسەردەمى شاخ وشاردا بەزۆرینەى ئەوبەرپرسانەشەوە کەلەژیاندا نەماون بەتەنها کاریان کۆکردنەوەى وەلائى شەخسى بوە لەپێناو شکانى یەکتریدا، تەنانەت ئەم دووفریاد ڕەسە خۆشیان لەبەرامبەر یەکتریدا بەیەکەوە هەڵناکەن و مونافسێکى سەرسەختى یەکتریبون، دەتوانین لێرەدا کۆنگرەى سێى یەکێتى وەک زیندوترین نموونە بێنینەوە کەهێرۆخان و بنەماڵەى ابراهیم ئەحمەد بەگشتى توندترین هەڵوێستیان نواند بەرامبەر بە د.بەرهەم تائەوڕادەى شانازى ابراهیم ئەحمەد کارتى سورى لەبەرامبەر بڕیاریکى تالەبانیدا بەرزکردەوە بەدانانەوەى د.بەرهەموو کۆسرەت رەسوڵ وەک جێگرى سکرتێرى گشتى، کەبەبڕواى زۆرێک لەچاودێرانیش ئەم هەڵوێستەى شاناز بەرامبەر د.بەرهەم بوو نەک کۆسرەت ڕەسوڵ.

پرسیار ئەوەیە خێرخوازترین و لیبڕاڵترین بەرپرسى ئەو هەرێمە چۆن شەرم لەخۆیان ناکەن کاتێک رٍوبەڕوى هاوارێکى زیندووى هاوڵاتیانى هەڵەبجە دەبنەوە لەبەردەم دەیان میوانى بیانیدا کەزۆربەیان خۆیان بەهەزارتکاو ڕجا ساڵانە بانگێشتیان دەکەن بۆویادە؟!، جارێکى دى بەچى ڕویەکەوە بەشدارى ساڵیادى ئەوشارە بریندارە دەکەن؟! چۆن ولەژێرکام پاساوە لەسەرشاشەى تیڤیەکانەوە تاکەحەرفێک لەسەر ئەوکارەساتە دەڵێن؟!.

من دڵنیام ئەوەى لاى ئێمە گرنگە هەڵڕشتنى دەردەدڵێک و وشە گەلێکى لەمە زیاترە بۆهەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان، چونکە لاى هەموو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستەکان درک بەوەدەکرێت مێژووە ناسنامەى سیاسیەکان دەنوسێتەوە، هەروەها گومانیش لەوەناکەین کە لەخەیاڵدانى هەرە لیبڕاڵیزمترین و خێرخوازترین بەرپرسانى کوردەوە کلتورى دەستلەکارکێشانەوە وەک هەڵوێستو ئیتیکێکى بەرپرسانە ناگاتە ناو کایە سیاسیەکانى هەرێَمەوە، وەلێ کارەسات ئەوەیە هەرێمێک هەرچى بەرپرسەکانیەتى بەمرۆڤە جوان و پاک ونەزیهەکانى ڕابردوو وێنا دەکرێن، یائیلاهى چەندەشەرم دەکەم کاتێک بەرپرسیِکى هەرێم بەنموونەى کەسانى وەک حەپسەخانى نەقیب وکەریمى عەلەکە پێناسەدەکرێت وهەموو ئەو مرۆڤە پاکانە بێئەرزش دەکرێن!.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە