KURDISTANPOST
*بێكارێك
هێنانى كرێكارى بیانى بۆ كوردستان و سیاسەتەكانى پارتى و یەكێتى
Saturday, 21/11/2009, 12:00
1267
بینراوە
لەدواى روخانى سەدام و دروستبونى هەزاران سەدامى تر لە عێراق و ئەم هەرێمە داماوەى ئێمەدا، رۆژ لەدواى رۆژ ژمارەى كرێكارە بیانییەكان لە شارەكانى كوردستاندا زیاد دەكەن. رەنگە بڵێین بۆ؟ ئەم پرسیارە بۆ هەركەسێك رەنگە وەڵامێكى جیاوازى هەبێت و رەنگە زۆربەشمان لەسەر یەك وەڵام هاوڕابین. بە بۆچونى من وەڵامى ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە و پێویستى بە بیركردنەوەى قوڵ نییە. وەڵامەكەش لە دوو خالًَدا كۆدەبێتەوە كە پەیوەندى بە سیاسەتى گیرفان پڕكردنى سەرانى یەكێكتى و پارتى و سیاسەتى چەواشەكردنى راى نێودەوڵەتییە لەلایەن ئەو دوو حیزبەوە. رەنگە بڵێن چۆن؟
یەكەم: ئەو كرێكارانەى دێن زوربەیان لەو پرۆژانەدا كاردەكەن كە لەلایەن كۆمپانیاى مەسئولەكانەوە بە سەقەتى جێبەجێدەكرێن. كرێى ئەو كرێكارانە كەمترە لەو رۆژانەیەى كە كرێكارێكى كورد داواى دەكات، نەك لەبەر ئەوەى كرێكارە كوردەكە دەیەوێت دەوڵەمەند بێت بەڵكو بۆ ئەوەى پێى بژى چونكە گرانیى پێداویستییەكانى رۆژانە لە كوردستان و بەتایبەتى لەشارى سلێمانى وایكردووە كە بەشى زۆرى خەڵك نەتوانن ژیانێكى سادەش بژین. ئاخر كرێكارێكى بیانى دەتوانێت لەسەر شەقامەكان بخەوێت و خۆى بشوات بەڵام ئەوە شەرمەزارییەكى گەورەیە بۆ حكومەتى هەرێم ئەگەر كوردێك وابكات. لەهێنانى كرێكارى بیانى كۆمپانیاكان قازانجێكى زۆر دەكەن چونكە بڕى تێچون كەمدەبێتەوە و ئەو قازانجانەش بۆ خەزێنەى دەوڵەت نییە بەلًَكو بۆناو گیرفانى چەند دزیكە، هەرچەندە بەلاى منەوە بۆ حكومەت بێت یان بۆ مەسئولەكان هیچ جیاوازییەكى نییە چونكە لەهەردوو بارەكەدا هەر دەدزرێت و خەڵكى هەژارو كەمدەرامەت سودى لێنابینێت.
دووەم: پارتى و یەكێتى رێگەیان خۆشكردوە بۆ هێنانى كرێكارى بیانى بۆ ئەوەى بە جیهانى دەرەوە بڵێن كە لە كوردستاندا پرۆژەكانى ئاوەدانكردەوەو گەشەپێدانى شار و گوندەكان هێندە بە چالاكى بەڕێوەدەچن كە كرێكارەكانى كوردستان بەشى ئەو هەموو پرۆژەیە ناكەن و زوربەشیان دەوڵەمەدبوون و ئێستا خەریكى كارى بازرگانین و چیتر كرێكارى ناكەن!! پێشیان وایە ئەم درۆ شاخدارە سەردەگرێت بۆیان چونكە راگەیاندنە شەقوشڕەكانیان بەهیچ جۆرێك باسى بێكارى ناكەن لەكوردستان كە رۆژبەڕۆژ لەزیادبوندایەو رێپۆرتاژ لەسەر پرۆژەیەك دەكەن كە دەبوو چەند ساڵێك لەمەوبەر تەوابكرایەوە و چەندین جار ملیۆنەها دۆلارى لەسەر وەرگیراوەو دزراوە. ناهەقى خەلًك ناگرم ئەگەر باوەڕیان پێبكەن چونكە بەرپرسەكان كەلە تەلەفزیۆن دەردەكەون هەمویان قاقا پێدەكەنن ئیتر خەلًكیش بەپێى ئەو پەندە كوردییە بڕیاردەدات كەدەڵێت (مشتێك نمونەى خەرمانێكە).
بەڵام خۆشبەختانە ئەم درۆیە سەرینەگرتووە بۆیان چونكە عێراق بە كوردستانە حەیاتەكەوە پلەى چوارەمى هێنا لەگەندەڵیدا.
كاتیًَك حكومەتى عێراق هەستى بەمەترسى زۆربونى ژمارەى كرێكارە بیانییەكان كرد لە وڵاتدا، بڕیارێكى دەركرد بۆ قەدەغەكردنى هێنانى كرێكارى بیانى و ناردنەوەى ئەو كرێكارانەى ئێستا لەعێراقدان دواى تەواوبونى گرێبەستەكانیان، بەڵام بەرپرسانى حكومەت لەهەرێمى كوردستان هیچ هەڵوێستێكیان بەرامبەر بەم دیاردەیەو بێكارى لە كوردستاندا نییە. ئاخر چۆن كارێك دەكەن زەرەر بە گیرفانى خۆیان بگەیەنێت! بەراستى زۆرم لەسەر مێژووى وڵاتان خوێندۆتەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ سەركردەیەكم نەبینیوە هێندەى بەرپرسە كوردەكان رقیان لە میلەتى خۆیان بێت. تێناگەم لە هەڵبژاردنەكانى عێراقدا چۆن لە رویان دێت داوا لەخەڵك بكەن دەنگیان بۆ بدەن. بەرێوەبەرى ئامارى سلێمانى لە هەواڵێكى (PUKmedia) كە رۆژى 14-11-2009 بڵاوكراوەتەوە دەڵێت (كەمى بەدەستهێنانى كورسى لە پەرلەمانى عێراقدا هۆكارەكەى كەمتەرخەمى هاوڵاتیانە) گوایە هاولاتیان ناوى منداڵە تازە لەدایك بوەكانیان لە فۆرمى خۆراك تۆمارناكەن. ئاخر خوا روورەشتكات ئەمە هۆكارەكەیە، یان هاولاتیانى كوردستان خۆیان ناچن بۆ دەنگدان لەبەر ئەوەى بڕوایان بەو دوو حیزبە نەماوە كەبەزۆر خۆیان كردووە بە نوێنەرى گەلى كورد. ئاخر بۆ باسى ئەوە ناكەیت كە گەنجى كورد چیتر ئامادانییە دەنگ بۆ ئەو كەسانە بدات كە لە سەرگەردانى زیاتر هیچى تریان بۆ نەهێناون. دیارە مەسعود بارزانى كەدەڵێت كورد بەشدارى لە هەڵبژاردنەكان ناكات ئەگەر بەدڵى نەبێت، چاك دەزانێت كە توشى هەمان شكستى هەڵبژاردنەكانى ناو كوردستان دەبنەوە و ئەوكاتەش ئاشكرادەبێت كە ئەمان نەك هەر نوێنەرى كوردنیین بەلًَكو چەتەو دزو درۆزن.
*بێكارێك
© 2019- Kurdistanpost