دۆستى گوێدرێژو....دوژمنى خودا!

Friday, 18/05/2012, 12:00

1556 بینراوە



 

لەهیچ زەمەنێكدا كورد بەقەت مانگى ڕابردوو خۆشەویستى وهاوسۆزى خۆى بۆگوێدرێژ نیشان نەداوە, دواى ئەوەى پەیكەرى گوێدرێژێك لەلایەن هونەرمەندێكەوە دروستكراو بەتایبەتیش دواى هێرشكردنەسەر پەیكەرەكەو شكاندنى بەشێكى بەجۆرێك ئەم تەعەتوفە پەرەى ستاند تاگەیشتە ئەوڕادەیەى كەمپینێك ڕابگەیەنرێت بۆخۆشەویستى ئەوئاژەڵە.

هەرلەوسەروبەندەدا كەم نەبون ئەوبەرپرس وئەندام ولایەنگرانەى هەردوو حیزبى خاوەن دەسەڵات(پارتى ویەكێتى)كەهاوسۆزیان بۆو پەیكەرە نیشاندا, لەوەش زیاتربەشێك لەوهاوخەمیانە بەجۆرێك لەسنوورى خۆشەویستى بۆگوێدرێژێك تێپەڕى كرد لاى هەندێك نوسەروبەرپرس گەیشتەئەو ڕادەیەى مرۆڤ وگوێدرێژ لەڕوانگەى ماف وكردارو پلەوپایەو ڕێزەوە لێكچونێكى تەواو لەنێوانیاندا بەدیدەكرێت!.هەروەك بەرپرسێكى یەكێتى لەڕۆژنامەى هاوڵاتیدا دەنوسێت:(گوێدرێژ لەكۆنەوە هاوڕێى مرۆڤى كورد بووە!), یاخو دەنوسێت:(ئەوانیش وەكو پێشمەرگەو بگرە هەندێكجار زیاتریش لەپێشمەرگە ماندوبون ولێیان كوژراوە!),ئەم بەرپرسە بەوەشەوە ناوەستێت بەفەخروشانازى دەزانێت مەدالیاى پارتیزانیەكەى بكات بەملى پەیكەرى گوێدرێژێكا!

ئەم بابەتە زیادلەپێویست قسەى لەسەركراو بەگشتى مێدیاكانى بەخۆیەوە سەرقاڵكرد, دیارە یەكێك لەولایەنە سیاسیانەش كەلەزۆربەى مێدیاكانیەوە ڕۆژانە زانیارى نوێى لەسەر ئەوپەیكەرە بڵاودەكردەوە مێدیاكانى پارتى بوو, هاوكات ڕۆژنامەنووسێكى پارتى كەپێشترلەپەیجى تایبەتى خۆیەوە لەفەیسبووك سوكایەتى بەوكارە هونەریەو خەڵكى سلێمانیش كردبوو دواى دروستبونى ناڕەزایەتى لەڕونكردنەوەیەكدا داواى لێبوردنى لەخەڵكى سلێمانى كردو پەیكەرەكەشى بەرزنرخاند.

بەڵام هێندەى نەبرد هەرزوو دەمامكەكان هەڵماڵرانو سیحرى هەمووئەو عاتیفەو هاوسۆزیانە بەتاڵبویەوە, لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا مێدیایەكى سێبەرى پارتى لەڕێگەى بڵاوكردنەوەى بابەتێكەوە سوكایەتى بەخوداى كۆمەڵگایەك كرد بەهەموو پێكهاتەو ئەتنیە جیاوازەكانیەوە, كەچى ئەوانەى دوێنێ هاوسۆزیان بۆگوێدرێژێك دەردەبڕى ئەمڕۆ لەبەرامبەر ئەوبێ ڕێزیەى بەخۆیان ودواجار بەكۆمەڵگاكەشیان كرا بێنەدەنگ بون وسەلماندیان ئەوان تەنانەت هاوسۆزى خوداكەى خۆشیان نین!.

لێرەدا پرسیارى جەوهەرى ئەوەیە, هەرێم خرۆشاوە لەبەرامبەر ئەوسوكایەتیەدا, شەقامەكان جمەیان دێت لەناڕەزاى جەماوەر, پەڕلەمان ودامودەزگاحكومى ولایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵى دەركردنى بەیاننامەو خیتابى عاتفین لانى كەم بۆهێوربونەوەى ڕقى جەماوەر, كەمپین لەسەركەمپین ڕادەگەیەنرێت, كەچى بێدەنگترین كەسانێك لەو هەرێمەدا پارتى وبەرپرس وئەندامو هەوادارەكانیەتى, ئەوەى لەئێستادا خۆى بەخاوەنى ئەم بارگرژیەى هەرێم نازانێت مێدیاو پەیجە سیاسیەكانى پارتى ولایەنگرانیەتى لەتۆڕى كۆمەلایەتى فەیسبووك, خۆئەگەر قسەیەكیشیان هەبێت بۆگوتن وەك پیشەى هەمیشەیان جگەلەتاوانباركردنى جەماوەر بەگشتى وحیزبەئیسلامیەكان بەتایبەتى وهاوكات ڕوكەشكردنى ناشرینیەكانى ئەومێدیا سێبەرەى پارتى وكۆمەڵێك موبەڕیڕى ناواقیع و هەندێك جوملەى ناقۆڵا زیاتر گوێبیستى هیچیدیكەنابین لێیان.

قسەى ئێمەلەسەر ئەو مەلاو پیاوە ڕوحانیانە نیە كەموچەخۆرى پارتین و تادوێنێ لەتیڤیەكانى پارتیدا خۆیان بەپێشەواو دەمڕاستى تەواوى موسوڵمانان دەزانى, لێ ئەمڕۆ بەقەت ماركسیەك هەڵوێستیان نیە لەبەرامبەر ئەوبارگرژیەى لەشەقامدا دروست بوە, قسەمان لەسەر دەروێشو سۆفى و ئەوشێخانەش نیە كەمانگانە لەلایەن پارتیەوە دیوەخانانەیان بۆبڕاوەتەوە ولەمڕۆدا بەقەت چەپ ڕەوێك لەبەرامبەر سوكایەتیكردن بەخوداكەیان زمانیان گۆناكات!, لێ قسەى ئێمە لەسەر ئەوئەندامو ولایەنگرە خواپەرستانەى پارتیە كەدەمەوعەسرانێك لەبیناى لقێكەوە ڕایاندەكرد بۆمزگەوتەكان تاكونوێژەكانیان نەچێت وفریاى چواردوعاش بكەون تاكوسبەى لەكۆنگرەى حیزبەكەیاندا خودا بەدڵى خۆیان لەگەڵ بكات!, كەچى عەجەب ئەمڕۆ بێباكن لەبەرامبەرئەوسوكایەتیەى بەخوداكەیان دەكرێت.

لەتەواوى كۆمەڵگا جیاجیاكانى دونیادا لەوپەڕى ڕاستەوە بۆئەوپەڕى چەپ, لەوپەڕى خێلەَكیەوە بۆئەوپەڕى لیبڕاڵ كاتێك لایەنێك یان حیزبێكى فەرمانڕەوا بەسیستەمو میتۆدێكى دیكتاتۆرى حوكم دەكات یان سیاسەتێك یان كارێكى ناعەقڵانى ونامەنتقى دەكات كەدەبێتەهۆى دروستبونى پشێوى وگرژى لەوكۆمەڵگەیەدا, لانیكەم كەسانێك هەن لە ئەندام ولایەنگرانى ئەوحیزبە یان ئەولایەنە سیاسیە بەرپەرچى ئەوكارە دزێوە دەدەنەوە, بەڵام ئەوەى جێگاى ڕامانە لەو هەرێمەدا تاكوئەمڕۆ پارتى وەك یەكەمین هێزى خاوەن دەسەڵات بەدەیان گرژى وئاڵۆزى سیاسى وئابورى وكۆمەڵایەتى دروستكردوە كەچى كەسانێك نیە لەهەناوى ئەم حیزبەوە زمانى بێتەگۆ, پارتى لەڕێگەى یەكێك لەمێدیا سێبەرەكانیەوە سوكایەتى بە قودسیەتترین ڕموزەكانى كۆمەڵگایەك كردوە كەخودایە كەچى نەك ئەندامەكانى بەڵكولایەنگرانیشى بێباكن لەئاستى ئەوسوكایەتى كردنەدا.

دواجار نیشاندانى دیمەنى ئەم بێباكیەى لایەنگرانى پارتى هەمان دیمەنى تەواوى هێزە كۆنزێرڤاتیفەكانى دونیامان دێنێتەبەرچاو, دیمەنێك پێمان دەڵێت ئەمڕۆهێزێكى هێندەموحافزكار خاوەن دەسەڵاتە لەهەرەمى خاوەن بڕیارەوە تاسادەترین لایەنگرى خاوەن یەك بیرو عەقڵیەت وئایدۆلۆژیان, لەكوێ حیزب فەرمانیكرد ڕقتان لەخۆتانبێت, لەخوداتان, لەهەمووپیرۆزیەكانتان, لەتەواوى كۆمەڵگا, ئەوەى ئەم جوملانە وەك ئینشایەكى ڕۆمانسى لەبەرنەكات ولەدواى حیزبەوە نەیڵێتەوە پاسارى ئاسا ئاوەڕوت دەكرێت ولەهیچ كونجێكى دیوەخانەكانى ئەوحیزبەدا جێگاى نابێتەوە, خۆئەگەرئەم بۆچونەى ئێمەش نامەنتقیە عەجەب تادوێنێ بەشێك لەلایەنگرانى ئەم حیزبە دۆستایەتى وهاوسۆزیان بۆبرینداركردنى پەیكەرى گوێدرێژێك نیشان دەدا(ئەگەرچى كەمینە بون),لێ ئەمڕۆبەنیوەى ئەوكەمینەیەش لەبەرامبەر برینداركردنى ڕوحى خۆیان وتەواوى كۆمەڵگەكەیاندا هێندەبێباك وبێ دەنگن؟!, تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن شەرعیەت وپاساوى نامەنتق بۆبابەتى گۆڤارێكى حیزبەكەیان دەهێننەوە كەدوژمنایەتى سەرسەختى خوداكەیانى كردوە؟!.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە