پیاوەکانی بارزانی لە شنو داوادەکەن خەڵکی دەستبداتە چەک، تا رۆژهەڵات بکەن بە گۆمی خوێن


8ی‌ مارس هاته‌وه‌ تا هه‌مووان قسه‌ی‌ زل زل بنووسینه‌وه‌

Wednesday, 03.10.2010, 12:00

2312 بینراوە


وه‌ك نه‌ریتێكی‌ ساڵانه‌ی‌ (8ی‌ مارس) رۆژی‌ جیهانی‌ ژنان، هه‌مووان گورج‌و گۆڵانه‌
ده‌ستده‌كه‌ین به‌نووسین‌و پیاهه‌ڵدان‌و داواكاری‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ مافه‌كانی‌ ژنان. ئه‌مساڵ‌ منیش ئه‌م بابه‌ته‌م نووسی‌، كه‌ پێموایه‌ هه‌ر هێنده‌ی‌ ئه‌و چه‌پكه‌ گوڵانه‌ جێی‌ خۆی‌ ده‌گرێت، كه‌ زۆرێك له‌پیاوانی‌ وڵاته‌كه‌م به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌گرن‌و رووه‌‌و رێكخراوه‌كانی‌ ژنان‌و ئافره‌تان ده‌چن‌و به‌پێكه‌نینێكه‌وه‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پاش چه‌ند سه‌عاتێك له‌ رۆیشتنیان ورده‌ ورده‌ سیس ده‌بن. ئه‌گه‌ر ئه‌و گوڵانه‌ له‌بێئاویدا بژاكێن‌و بمرن، ئه‌وا بابه‌ته‌كه‌ی‌ من له‌ بێكه‌سی‌‌و بێخوێنه‌ری‌‌و حساب بۆ نه‌كردنیدا. بڕوابكه‌ن زۆرجار من‌و ئه‌و گوڵانه‌ هیچ جیاوازییه‌كمان نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ بۆ یاد‌و بۆنه‌‌و ئاهه‌نگه‌كان، ده‌كرێنه‌ دیاری‌‌و زینه‌‌و بابه‌تی‌ جوانكاری‌، منیش هه‌ر له‌بۆنه‌‌و ساته‌ گرنگ‌و حه‌ساس‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی‌ میلله‌ته‌كه‌مدا، له‌وكاتانه‌ی‌ كه‌ پیاوانی‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات‌و حیزب‌و ده‌ستور‌و یاسا، پێویستیان به‌ده‌نگ‌و ره‌نگی‌ من هه‌یه‌، ده‌كرێمه‌ بابه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌‌و گه‌رما‌و گه‌رمی‌ شه‌و‌و رۆژی‌ كه‌ناڵ‌‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیان‌و وه‌ك هه‌وێنی‌ بابه‌ته‌كان به‌كارده‌هێنرێم. ئه‌واتا هه‌تا چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌م ده‌نگدانه‌شمان، رۆژنامه‌‌و گۆڤار‌و كه‌ناڵی‌ لۆكاڵی‌‌و ئاسمانی‌ نه‌مابوو كه‌باس له‌رۆڵی‌ بوێرانه‌ی‌ ژنانی‌ وڵاته‌كه‌م نه‌كات‌و په‌خشان‌و چیرۆكی‌ سه‌یر سه‌یر ده‌هۆنرانه‌وه‌‌و فرمێسكی‌ دایكانی‌ جه‌رگ سوتاوی‌ من‌و خوشكانی‌ ره‌شپۆشی‌ من‌و ژنانی‌ بێ‌ مێرد‌و خه‌مبار‌و به‌شمه‌ینه‌تی‌ گه‌رمیان‌و كوێستانی‌ من، ده‌كرانه‌ جوانترین وێنه‌‌و سلایدی‌ ریپۆرتاج‌و به‌رنامه‌ دیكۆمێنتییه‌كانیان. ئه‌وه‌تا له‌م وڵاته‌ی‌ مندا، كه‌ رۆژانه‌ هه‌ر سوچێكی‌، هه‌ر په‌نا دیوارێكی‌ چیرۆكێكی‌ تازه‌ی‌ له‌مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیدا تێدا ده‌نوسرێته‌وه‌، له‌م وڵاته‌ی‌، كه‌ هێشتا پیاوه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ كورسی‌‌و ده‌سه‌ڵات‌و پله‌‌و پۆستی‌ زیاتر‌و زیاتر ده‌كه‌ن‌و یه‌خه‌ی‌ یه‌كدی‌ به‌رناده‌ن. چۆن جێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ منێك، كه‌ هه‌میشه‌ پێموتراوه‌ كه‌ داوێنی‌ خۆم دوژمنمه‌، هه‌میشه‌ ژنێتی‌‌و جه‌سته‌ی‌ خۆم ده‌جه‌نگن له‌گه‌ڵ‌ ماف‌و ئازادییه‌كانمدا. زۆر پێمان ده‌وترێت، كه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان دلێرانه‌ نه‌یه‌ینه‌ مه‌یدان‌و خۆمان داوای‌ ماف‌و ئازادی‌‌و یه‌كسانی‌ خۆمان نه‌كه‌ین، كێ‌ ئه‌وه‌نده‌ راستگۆیانه‌‌و دڵسۆزانه‌ داوای‌ مافی‌ پله‌ دوویه‌كی‌ وه‌ك ئێمه‌ ده‌كات. من وه‌ك خۆم گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌، كه‌ ئه‌وه‌ زۆر راسته‌‌و راستریش له‌وه‌ی‌ كه‌هه‌مووان ده‌یزانین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان ده‌یزانین‌و زۆریشمان وتووه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌ی‌ مرۆڤه‌كانی‌ وڵاتی‌ من كێشه‌ی‌ راستگۆیی‌‌و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی‌‌و دڵسۆزییان هه‌یه‌. زۆرینه‌ی‌ ژنان‌و پیاوانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ كوردییه‌ی‌ خۆمان، ئه‌گه‌ر له‌ رووخسار‌و شكڵ‌و شێوه‌دا، كه‌سانێكی‌ كراوه‌‌و خوێنده‌وار‌و رۆشنبیر‌و زانا‌و دونیا دیده‌بن، ئه‌وا له‌ناخ‌و كه‌سایه‌تی‌‌و مێشكیاندا، دیلی‌ ده‌ستی‌ به‌نا‌و كلتور‌و داب‌و نه‌ریت‌و حه‌زی‌ مه‌كه‌‌و نه‌خێرن.
ئه‌وه‌ ناشارمه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ 50% پیاوان به‌ده‌ست خۆیان نه‌بێت‌و ته‌بیعه‌تیان وابێت، كه‌ دان به‌بوونی‌ سه‌نگ‌و مه‌حه‌كی‌ ژناندا نه‌نێن، ئه‌وا له‌ 50% كه‌ی‌ تری‌ ژنان خۆیانن كه‌ تائێستاش وه‌ك پێویست، له‌مێینه‌یی‌‌و له‌ماف‌و ئازادییه‌كانی‌ مێینه‌یی‌ خۆیان نه‌گه‌یشتوون، چونكه‌ ژنانێك هه‌بن پێیان ئاسایی‌ بێت، كه‌ بكرێنه‌ كاڵایه‌كی‌ جوانكاری‌‌و هه‌ر شه‌وه‌‌و به‌مۆدێلێكی‌ تازه‌ی‌ جل‌و به‌رگی‌ غه‌ربی‌ ژنانه‌وه‌، به‌رنامه‌ی‌ به‌ناو ژنان پێشكه‌ش بكه‌ن، ژنان‌و كچانێكمان هه‌بێت له‌ژێر ناوی‌ هه‌زار جۆر بیانوی‌ خۆشه‌ویستیدا، سنگ‌و به‌رۆكیان بكه‌نه‌ سفره‌ی‌ سه‌ربازه‌ تینووه‌كانی‌ جه‌نگێكی‌ بێكۆتایی‌ حه‌ز‌و ئاره‌زووه‌ كاتییه‌كان، ژنانێكمان هه‌بێت كه‌ به‌بێ‌ بیركردنه‌وه‌‌و له‌دواساته‌كانی‌ شكستیاندا، خۆكوشتن‌و خۆسووتاندن بكه‌نه‌ وه‌ڵامی‌ به‌رامبه‌ره‌كانیان، ژنانێك هه‌بن كه‌ تائێستاش پیاو به‌سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌موو خۆشبه‌ختی‌‌و سامان‌و عه‌قڵ‌‌و مه‌نتقێك دابنێن‌و پێیان شه‌رم بێت كه‌ ده‌نگی‌ مێینه‌ییان له‌ئاست ناحه‌قییه‌كاندا به‌رز بكه‌نه‌وه‌، ژنانێك هه‌بن ئاماده‌بن له‌پێنا‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین رێژه‌ی‌ ده‌نگ، بۆ پیاوانی‌ نێو ده‌زگا‌و شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌، ژنه‌كه‌ی‌ هاوڕێی‌ به‌بێ‌ شه‌ره‌ف‌و لاده‌ر له‌قه‌ڵه‌م بدات، ژنانێكمان هه‌بێت كه‌ نه‌ له‌ئاست مه‌سئولییه‌تدا بن‌و نه‌شیاوی‌ هه‌ندێ‌ شوێن‌و به‌رپرسیارێتی‌ بن‌و نه‌ له‌وه‌ش تێبگه‌ن، كه‌ئه‌وان خۆیان چییان ده‌وێت، كه‌چی‌ وه‌ك زۆربه‌ی‌ پیاوه‌ سمێڵ‌ ره‌شكراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌م، كورسی‌ ده‌سه‌ڵاتیان داگیر كردبێت، هاوسه‌نگی‌ ئه‌و ته‌رازووه‌ چۆن یه‌كسان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هێنده‌ لاسه‌نگ بووه‌ هاكا رۆژێكی‌ لابه‌لا كه‌وت. بۆیه‌ ده‌ڵێم ئیدی‌ بۆ شه‌رم‌و حه‌یا چوونه‌، ئه‌گه‌ر من بڵێم له‌ وڵاتێكی‌ خاوه‌ن كه‌سانێكی‌ بێ‌ به‌رنامه‌‌و بێ‌ راستی‌‌و دور له‌یاسا، بۆ منی‌ ژن ئه‌گه‌ر هه‌موو رۆژه‌كانیشم 8ی‌ مارس بێت، هه‌ر وه‌ك ئێستام ده‌بم. له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ گیرۆده‌بوو به‌چه‌ندین په‌تای‌ كوشنده‌ی‌ وه‌ك شه‌ڕی‌ مانه‌وه‌ی‌ كه‌سه‌كان له‌ده‌سه‌ڵات‌و درۆ‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی‌ ژنانێك، به‌رۆژی‌ رووناك به‌ناوی‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌‌و دواتر كوشتن‌و سوتانیان‌و روپۆشكردنی‌ راستییه‌كان به‌زمانی‌ په‌پووله‌. شه‌رمكردنی‌ پیاوانێك كه‌ ئه‌گه‌ر ژنێك له‌به‌رامبه‌ریدا وه‌ستابێته‌وه‌‌و بییه‌وێت ببێته‌ ده‌مڕاست یاخود قسه‌كه‌ری‌، له‌كاتێكدا مافێك كه‌ نه‌باوكی‌ خۆم‌و نه‌برا‌و نه‌كه‌س‌وكار وه‌ك قه‌رز سه‌یری‌ بكه‌ن‌و پێیان زه‌حمه‌ت بێت ئه‌گه‌ر وه‌ربگرم، ئیدی‌ پیاوانی‌ تر‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌م چۆن ئه‌و قه‌رزه‌م ده‌ده‌نێ‌. ئالێره‌دا ئه‌گه‌ر ده‌شڵێن به‌سه‌ ئیتر ماف مافی‌ چیته‌، ئێستا كه‌ی‌ وه‌ختی‌ ئه‌م به‌یت‌و بالۆره‌ هێنانه‌وه‌یه‌، منی‌ ژن ته‌نها یه‌ك وه‌ڵامی‌ بچكۆله‌م ده‌بێت‌و ده‌ڵێم راستده‌كه‌ن له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ شه‌ڕ‌و ئاشتی‌، مه‌جالی‌ هیچی‌ ترمان نه‌ماوه‌. قه‌یناكه‌ به‌س خۆ ده‌كرێت، هه‌تا كاتتان ده‌بێت‌و دێنه‌ سه‌ر حه‌لی‌ هاوكێشه‌ی‌ نایاسایی‌ مافه‌كانی‌ ئێمه‌، حسابێكی‌ مرۆڤ دۆستانه‌مان بۆ بكه‌ن، بۆخاتری‌ خوا، ئیتر به‌سه‌ بابه‌زه‌ییتان پێماندا نه‌یه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ وادروست نه‌كراوین، كه‌ شایه‌نی‌ به‌زه‌یی‌ بین.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر