چەند قسەیەکی دڵم 'وەک خۆی' بۆ پزیشکەکەی نەخۆشخانەی جامیعەی سلێمانی و هەموو پزیشکانی تری وەک ئەون

Monday, 18/02/2013, 12:00

1897 بینراوە


دکتۆر دەزانی بۆ ناوت ناهێنم و بەتەنها ئەم نامەیە ئاراستەی تۆ ناکەم لە کاتێکدا کە بەرپرسی یەکەمیت لە سەقەتکردنی دەستی ئەو منداڵە خنجیلانە؟
‌‌چونکە نە تۆ تەنیا پزیشکێکی لەم هەرێمە کە ڕۆژانە لەم جۆرە کارە سەقەتانە دەکەن! وە نە ئێمەش یەکەم خێزانین و نە یەکەم ئەندامی خێزانیشمانە ڕووبەڕوی ئەم جۆرە چارەسەرە سەقەتانەی ئێوە دەبێتەوە، بۆیەش بەناوهێنانی تۆ! دەکرێ هاوپیشەکانت ڕووی خۆیان لەم چەند وتەیەم لابدەن، هەر بۆیەش دەڵێم سڵاو دکتۆر لە تۆو هەموو ئەوانی تر

‌لەژیانم باوەڕم بە قسەی ناشیرین و جنێو نەبووە، بیریشم نایە کەی جنێوم بەشیوەتەوە یان پێمدراوە! بەڵام ئەو جۆرە ڕەوشتانەی تۆ و هاوشێوەکانت وا لە مرۆڤ دەکات باوەڕێکی لادروستبێت کە وتەی جوان و زمانی ئەکادێمی و ئاوازی ناسک لە بەرامبەر ئێوەدا هیچ بەهایەکی بۆ نامێنێتەوە، ئاخر ناکرێت مرۆڤی خەو قورس کە بەیانیان بە دەنگی تۆپ خەبەری نەبێتەوە بتەوێت پڕۆگرامی موزیکێکی ناسکی بۆ بخەیتە سەر زەنگی بەیانیانی!؟ بۆیەش ئێوە دەبێت بە زمانی چەکوش قسەتان لەگاڵدا بکرێت، هیواداریشم ئەو کاتەی ئەم نامەیە بەر چاوتان دەکەوێت، ئەو ڕۆژە بازاڕی پارە پەیاکردنتان گەرم نەبووبێت، تاوەکو لەو ساتە بێتاقەتیەتاندا بتوانم منیش مێشکی بەرژەوەندپەرستیتان گەر بۆ ساتێکیشبێت بێزاربکەم. چونکە دڵنیام بەس بازاڕتان باشبێت و ئێوارە دەخیلەکەتان بەدڵی خۆتانبێت، هەموو جنێوو و قسەیەکی ناشیرین قبوڵدەکەن و باکیشتان بە هیچ شتێک نییە.

‌لەسەرەتایی ئەم مانگە مناڵێکی تەمەن یانزە ساڵیان هێنایە بەردەستت، کە بەهۆی ڕووداوی سەیارەوە چەند شوێنێکی جەستەی شکاو و برینداربوو بوو، ئەویش لە ئەنجامی ئەو بەرەڵڵایەیی کە لەم هەرێمەی ئێمە لەسەر شەقامەکانی دەگوزەرێ! تۆ لەگەڵ هاوڕێکانت دوای هەندێک وتووێژی هیچ وبێ بنەما، بڕیاری قۆڵ و شان لە گەچ هەڵسونتدا بە هاوکاری ئەو تەنەکەچیانەی لەبەردەستتدان! تۆ وەکو پزیشکی سەرپەرشتیار بەرپرسی لە ناردنە ماڵەوەی نەخۆشەکە، بۆیەش بەو ئەرکەت هەڵساویت و بۆ ماوەی مانگێک ناردوتەتەوە بۆ ماڵەوە و دوای تەواوبونی کاتەکە بیهێننەوە بۆلات، ئەی بێمێشکی کەللەپووت نەدەکرا پێش ئەوەی بینێریتەوە بۆ ماڵەوە "ئەشیعەیەکی دوای گەچی بگریت" تا بزانیت ئەو تەنەکەچیانەی کارت بۆدەکەن چۆن چەکوش کاریەکەیانکردووە؟؟؟! یان لانی کەم دوای هەفتەیەک بیبینیت ئاخۆ ئەو یەکگرتنەوەیە بەو شێوەیەیە کە پێویستە؟! ئێستا دوای زیاتر لە دووهەفتە تێپەڕین بەسەر ڕوداوەکەدا لە ئەنجامی کۆمەڵێک ئەزمونی خراپی دۆستانمان لەگەڵ هاوپیشەکانت، لە لای دکتۆرێکی تر ئەشیعەیەکمان بۆگرت، زۆر بەخواری ئێسکەکانی جەستەی ئەو مناڵە لەسەر یەک دانراون و دەبێت بشکێنرێتەوەو عەمەلیاتبکرێت! تۆ دەتویست دوای مانگێک بهێنرێتەوە بۆلات و پاشان هەمان مامەڵە بکەیتەوە؟ جارێکی تر بیشکێنیتەوەو مانگێکی تر بینێریتەوە بۆ ماڵەوەو هتد.... یان نادکتۆر ئەو ساتەی دایکم لە نەخۆشخانە دەیویست تەنها یەک پرسیارت لێبکات و هیچ وەڵامێکت نەدابووەوە، تەنها کارتی تایبەتی خۆتت پێدابوو، بە پێدانی کارتی تایبەتی خۆت بەدایکم کە ناونیشانی عەیادەی ئێوارانتی لەسەرە، مەبەستت ئەوەبووە لە ئێوارەیەکدا بهێنرێت بۆلات؟ ئاخر مرۆڤێکی سادەو خاکی وەک دایکی من لە کوێ لەو ڕەوشتە کۆدیەیی سەخیفێکی وەک تۆ دەگات؟ تو کەرامەتت هەرچەند نیتە، ئەوە منداڵی خۆت یان کەسێکی خۆت بویایە ئاوا مامەڵەت لەگەڵدا دەکرد؟

‌‌دەمەوێت پێشت بڵێم ئەم "هات وهاوارەی" بۆت دەنوسم لە جیاتی شکاتە لە تۆ، لەبەر ئەوەی لەو هەرێمەی من و تۆ لێیی دەگوزەرێین مرۆڤ بوون هیچ بایەخێکی نەماوە و پیاوکوژانیش ڕۆژانە لە سەر ئەوشەقامانەی دادگاکانی لێن خەریکی جگەرەکێشانی خۆیانن! هەر لەبەرئەوەشە کە یاسایەک بوونی نەبێت بۆ لێپرسینەوەی پیاوکوژان! کەواتە قسەیەکی قۆڕە بمانەوێت ئەوباوەڕە لەلای خۆمان دروستبکەین کە دەتوانرێت پزیشکێکی وەک تۆ لەسەر سەقەتکردنی نەخۆشەکانت بە سزای خۆی بگات!؟ دڵنیابە ئەوە ئەو هۆکاری بێ یاساییە یە کە ڕۆژانە سکاڵا لەسەر تۆ و هاوپیشەکانت تۆمارناکرێت! دەنا ئێوە ڕۆژانە دەیان خەڵکی ئەم مەملەکەتە سەقەت دەکەن کەسێک ناتوانێت یان نایەوێت لێتان بپرسێتەوە، ئێوە منەتی بڕوانامەی خۆرئاوایمان بەسەردادەکەن، بەڵام دڵنیابە ئەو کارە سەقەتانەی ئێوە لەوڵاتانەی بڕوانامەکانتان بەدەست هێناوە یەک جارەو بەس. واتە بە تەنها یەک هەڵە لەکاتی ڕوماڵکردنیدا بۆ هەمیشە ئەو بەدلە سپیەیی لەبەرتاندایە پێتان فڕێدەدرێت بۆ هەمیشە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستانین، بۆیەش ئێسا من پەنا دەبەمە بەر ئەم چەند دێڕەو ئەم جۆری دابەزاندنەی ئاستم بۆ سەر ئاستی هیچی ئێوە. کە ئێستا لام وایە ئێوە تەنها لەم جۆرە گفتوگۆیە تێدەگەن. فەرموو ئەم چەند وشەیەش بۆ تۆ و هەموو ئەوانەی تری وەک تۆن، کە دڵنیام ناوتان بنوسرێت لەسەر چەندین دیواری ئەم شارە جێگەی نابێتەوە، تۆ و ئەوانەی وەک تۆن، ڕووی ئەو چەند پزیشکەشیان ڕەش کردووە کە بەڕاستی خزمەتدەکەن.


‌کۆمەڵگە لە مێژە دەزانێت ئێوە چ جۆرە مەخلوقێکن! ئەگەر ناشزانن و لاتان ڕوون نییە ئێوە کێن؟ با من بەکورتی پێتانبڵێم ئێوە لە دیدی زۆرێک لە هاوڵاتیانەوە چۆندەبینرێن: ئێوە ئەو گروپەن ئەو دەمەی نیشتیمان ڕۆژانە لە هەر کوچەیەکی خوێنی لێدەچۆڕا، ئەو دەمەی بە سێ مانگیش مامۆستاو پیشەکارانی تر و پێشمەرگەیەکی نیشتیمان موچەیەکی پێنەدەدرا و دوای دەوامیان تەختەی جگەرە فرۆشتنیان دەکرد بە ملیانەوە یان پاکەتە تایتیان لەسەر شەقامەکان دەفرۆشت! ئەوە ڕێک ئەو دەمەبوو کە بە گەڕەکێک چەند سەد دینارێکی تیادا نەبوو! ئەوە ئەو ساتەبوو کە ئێمەی هاوڵاتی لە هەموو ساتەوەختەکانی تر زیاتر نەخۆشبووین هەریەکەو بەدەردێکو ئازارێکەوە دەمانناڵاند، ئەو کاتە ئێوە لە هەمووکاتەکانیتر بازاڕتان گەرمتربوو، ڕێک ئەو کاتانە ئێوە مانگانە بلیتی عەیادەکانتان گراندەکرد، هەرئێوە بوون چی دەرمانی بەسەرچووهەیە دەرخواردی ئەو خەڵکە قوڕبەسەرەتانداو دەیدەن، هەزاران خێزان بەسواڵ و سەدەقەو کۆکردنەوەی پارە نەخۆشیەکانیان دەهێنا بۆ عەیادەکانی ئێوە دیارە بە ئێستاشەوە ئێوەش بە کەمتر لە چەند چرکەیەک وەک چەتەیەک ڕوتتاندەکردنەوە،! من دڵنایم ئێوە ئاگاتان لەم جۆرە ئازارانەی هاوڵاتیان نییە! چونکە ئێوە لەئاستێکی تری ژیاندان! ئێوە دەتانەوێت بە ئێمە بڵێن، کە ئێوە خزمەتێکی پیرۆز دەکەن و ناکرێت ئاگاتان لە هەمووشتێک هەبێت. ئێستاش لاتان وایە ناحەقیەکی گەورەتان پێدەکرێت بەم قسانەی من و هەرکەسێکی تر، بەڵام من دڵنیام ئەمە قسەی دڵی هەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمەن کە تەنها بۆ ساتێکیش فرمێسکی چاوەکانیان ووشک نابێتەوە بە هۆکاری بەدڕەوشتی ئێوەی پزیشک! ئێوە بێ مۆڕاڵترین چینی ئەم کۆمەڵگەیەن، دەزانی بۆ؟ چونکە ئێوە بەناوی خزمەتەوە چەتەیی دەکەن ترسناکترین پەیام، پەیامی شاراوەیە! لەلای من پێڵاوی بازرگانێکی بێ مۆڕاڵ لە ئێوە باشترە، چونکە ئەوان یەک دروشمیان بەدەستەوەیە ئەویش پارە پەیداکردنە، ئەی ئێوە؟! کەخەڵکی لەبەردەمتان کز دادەنیشن وخۆیان وا پیشان دە دەن ڕێزیان بۆتان هەیە، ئەوە تەنها لەبەر ئەوەیە ئەوان ئازاریان هەیە کاتێک مرۆڤیش ئازارێکی دەبێت هەموو شتێک لەو پێناوەدا دەکات تا ئەو ئازارەی نەمێنێت، واتە پەنا دەباتە بەر سەگیش، ئێوە ئەو هەل قۆزەرەوانەن کە ئازارو دەردی ئەم خەڵکە بێ خاوەنە دەقۆزنەوە، ئێوە ئەو بازرگانانەن کە پەیامتان شاراوەیەو لە وڵاتێکی بێ حاکم و بێدادگادا بازرگانی بەناوی خزمەتەوە دەکەن. ‌ئەگەر لەم وڵاتە شتێک هەبوویایە پێی بگوترایە یاسا ئەوا ئێوە نەتاندەتوانی نەخۆشخانەکان بکەنە بارەگای ڕیکلامکردن بۆ عەیادەی ئێوارانتان!, لەم کاولخانەیە نەبێت لەکوێی دونیا پزیشک چەند کاتژمێرێک دەچێتە نەخۆشخانەیەکی حکومی و بە چاوگێڕانێک چەند سەد نەخۆشێک بەسەردەکاتەوە؟ ئەگەر لەم هەرێمە تەنها لێپرسینەوەیەک هەبوویایە! ئێوە نەتاندەتوانی هەر دوانیوەڕۆیەک لە چەند کاتژمێرێکدا بەدەیان نەخۆش ببینن!! ئێوە ئێستاش لە عەیادەکانتان بەدەستتە نەخۆش بەسەر یەکەوە دەبینن!! ئاخر لای ئێوەی هیچ وپوچ نەبێت لە کوێی دوونیا پزیشکێک لە یەک کاتدا چەند نەخۆشێک دەکاتە ژوورەوە؟؟! ئێوە بێ ئەوەی دەستتان بەر نەخۆشێک بکەوێت، چەند کیلۆیەک دەرمانی هەڵەی بۆدەنوسن. هیوادارم بەم چەند وشەیەم توانیبێتم پێتانبڵێم ئێوە کێن و بزانن لای زۆرێک لە هاوڵاتیان چ جۆرە پێناسەیەکتان بۆ دەکرێت.
‌ئێستا تۆو هاوپیشەکانت دەتوانن بەیاسایی ناوزڕاندن، من بانگێشتی دادگا بکەن و چەند سەد هەزارێک لە دادگاش ببەنەوە و بیخەنە سەر دەخیلەی بێ مۆڕاڵیتان، چونکە لەم هەرێمەی ئێمە بڕگەی یاسایەک هەیە بەناوی بڕگەی ناوزڕاندن و دەگاتە چوارچێوەی جێبەجێکردن!، بەڵام لێرە یاسایەک نییە بۆ سزادانی خەڵک سەقەتکردن و کوشتن.


‌‌نەریمان ئەحمەد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە