كاك كۆسرەت لەكوێیە ، سەرۆكایەتى هەرێم بەكوێ ئەگات ؟

Saturday, 09/05/2009, 12:00

1713 بینراوە


سەرچاوەیەكى بڕواپێكراو جەختى لە مل نەدان و ناتەبایی نێوان كاك كۆسرەت و تاڵەبانى كردەوەو كاك كۆسرەت زۆر دڵتەنگە بەو وەزعەى ئێستا و پێی وایە رێككەوتنى تاڵەبانى و بارزانى زۆر شتى نهێنى لەخۆگرتووە ونەك تەنها ئەو بەڵكە هیچ ئەندام مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیەكیش نازانێ ئەم دوو سەرۆكانە چیان لەژێر سەرایە و پیلان بۆ كەم كردنەوەى قورسایی و دەسەڵاتى كێی تر دائەنێن ، بەتایبەتى كۆبوونەوەى ئەم دواییەى نێوان تاڵەبانى و بارزانى لە هاوینەهەوارى دوكان كە زیاتر لە كاتژمێرێك تاڵەبانى و بارزانى پێكەوە وتووێژیان كردوە و دواتر لەگەڵ مەكتەبى سیاسیەكانى هەردوولا دانیشتون ، كەئەمە بۆتە هۆى ئەوەى گومان و ترسى كاك كۆسرەت لە تاڵەبانى و رێككەوتنى ستراتیجى نێوانیان زیاد بكات و بیر لەئایندەى خۆى لەناو یەكێتییدا بكاتەوە ، كاك كۆسرەت تائێستا رووبەڕووى حاڵەتى واپڕمەترسى و هەڕەشەى جدى نەبۆتەوە چونكە جگەلەوەى یەك دووجار یاخى بوە و گەڕاوەتەوە بۆ ژێر چەترەكەى تاڵەبانى هێشتا دڵنیایی بۆ دروست نەبوە و لەوە گەیشتوە كە تاڵەبانى ئەو بەڕەیەی لەژێر پێیدا رائەكێشێ و زۆربەى لایەنگرانى و هەوادارانى لەناو یەكێتییدا لەگەڵ ئەوەدا نیین كە كۆسرەت بچێتەوە خەتەكەى تاڵەبانى و ئەوانیش بە دەست پیاوى وەكو ئەرسەلانە ڤیانگراخۆر و علوجەكە و فایلدارەكانەوە بە گورگان خواردووبچن ، وەلەلایەكى تریشەوە متمانە و بڕاوپێكرانى لەلایەن باڵى ریفۆرم (لیستى گۆڕان)ەوە تۆزێ گران بوە بۆی و پێویستى بە باجێكى گەورە و راگەیاندنێكى ئاشكراى سەر شاشە و پێداگریەكى توند هەیە لەگەڵ هەنگاوى پراكتیكى روون تا هەم دوست و هەوادارانى ئومێدیان بۆ بگەڕێتەوە و وەهەم لیستى گۆڕانیش قەناعەت و متمانەى پێبكەنەوە ؟ بۆیە ئەو بارودۆخە هەست و ناخى كاك كۆسرەتى شێواندوە و لە نێو گومان و نادڵنیایی و بەرچاو لێڵیەكى گەورەدا رۆژەكان بەسەر ئەبات ، هەروەها ئەو سەرچاوەیە وتى كوڕەكەى جارجارە فشارى بۆ ئەهێنێ و گللەیی لێی هەیە كە چۆتەوە ناو ریزەكانى تاڵەبانى بۆیە زۆر لە برادەرەكانى كاك كۆسرەت ئێستا زیاتر لەگەڵ كوڕەكەى دۆستن نەك ئەو ؟
هاوشان لەگەڵ ئەو بارودۆخە ، رازى بوونى یەكێتیی بۆ ئەوەى هەردوو پۆستە گرنگەكەى (سەرۆكایەتى هەرێم و سەرۆكایەتى حكومەت) بداتەوە بەپارتى، گێشەو گرفتەكانى ناو ریزەكانى یەكێتیی زیاتر كردوە و دەنگى ناڕەزایی و رازى نەبوون بەرزبۆتەوە و زۆربەى كادیران سەرسامن بەوەى كە یەكێتیی چۆن ئەو هەموو تەنازوولە بۆ پارتى ئەكات ، بەچ پێوەرێ چوار ساڵی تریش پارتى كەڵەگا و كوێخایەتى بۆ بچێتە سەر ، ئەگەر ئێستا بادینان و هەولێرى كۆنترۆلأ كردوە ئەى دواى چوار ساڵى تر یەكێتیی كوێی بەدەستەوە ئەمێنێتەوە و كوێخایى كام گوند هەڵ ئەبژێرێ ؟ بۆیە شەپۆلێكى گەورەى ناڕەزایی لەلایەن كادرو ئەندامان و دڵسۆز ولایەنگرانیوە دژى ئەم كارەى تاڵەبانى بەرزبۆتەوەو لەوانەیە یەكێتیی باجێكى قورس لەم مەسەلەیەدا بدات ، ئەمە جگە لەوەى كە كاك كۆسرەتى ناڕەحەت تر كردوە و پێی وایە بوونى ئەو وەك ئەوەى هەیە و ئەبێ لە كزى ئەدا و پێگەى سیاسی و جەماوەرى سنوور دار ئەبێ و تاڵەبانى گۆڵێكى گەورەى ترى لێ ئەكات كەلەوانیە شانسی هەستانەوەى نەبێ ، بۆیە خەمەكانى ، ئازارەكانى ، گومان و تێرامانى بۆ ئایندەى ، خستویەتیە ناوگێژاوێكى ئاڵۆزەوە بەجۆرێك كە لەبەردەم دوو ڕیانى بڕیاردانى یەكجارەكى دایە كەلەم دوو حالەتە بەدەر نیە: یەكەم / خۆتەسلیم كردن بەبنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى و رازى بوون بەو قەدەرەى كەئەو دوو بنەماڵەیە بۆى دائەنێن ،كەمەجالى ئەولاوئەولاى لێ ئەگرێ و ئەبێ ووردە ووردە ببێتە كەسێكى نەرمونیان و بێ كێشە و قسە لە بەرژەوەندیەكانى هەدوو بنەماڵەدا بۆهەتاهەتایە نەكات و چارەنووسیشى ئەبەسترێتەوە بەچارەنوسی ئەو دوو بنەماڵەوە ، لە ئاكامى ئەوكارانەشیدا ساڵانە بڕێكى لە داهاتە دزراوەكە پێ ئەدەن .
دووەم / یائەوەتا بەیەكجارەكى ریزەكانى یەكێتیی بەجێ بهێڵێ و خۆى لەو گومان و دوو دڵیە رزگار بكات و سەربەرزانە لە باوەشى پڕمیهرى گەلەكەیدا لە گردەكەى وشە جوامێرانە بۆ سەروەرى و سەرفرازى و شكست پێهێنانى پیلانەكانى ئەو دووبنەماڵە كورد كوژە تێبكۆشێ وچاوى دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران و یەكێتییە دڵسۆزەكان و بەتایبەتى ئەو هەموو كادرو ئەندام ولایەنگرانەى كە خەتەكەى مامە ئەیان چەوسێنێتەوە رۆشەن و گەش بكاتەوە ، كەمن بۆچوونم وایە رێگەى دووەم هەڵئەبژێرێ و ئایندەى خۆى و هەوادارانى ناخاتە ناو تۆڕى بێ ئامانى دوو بنەماڵە نۆكەرەكەى داگیركەرەكانەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە