سیاسەتی کەڵەگایی بەناوی داکۆکیی لە دادپەروەرییەوە

Saturday, 03.31.2012, 12:00

400 بینراوە








‌دەربارەی خوێندنەوەی ئایدۆلۆجیی ئیسلامیەکان و خەڵکی سادەی ئێمە بۆ دادگاییکردنەکەی مەلا کرێکار

سیفەتێکی خراپی خەڵکی ئێمە ئەوەیە کە تا ئاستی فەقیرحاڵیی دڵپاک و لێبوردەیە. ئەگەر کەسێک کۆمێنتی خوێنەران بخوێنێتەوە کە لەژێر هەواڵی حوکمدانی مەلا کرێکار بە پێنج ساڵ زیندانییدا لە سایتەکاندا نووسراون، زۆرێک نووسیویانە کە ئەگەرچی کرێکاریان پێ ڕەفزە بەڵام پییان ناخۆشە، وەک شتێک کرێکار غەدری لێ کرابێت و لە ناحەق وەک پێشمەرگەکانی خێڵی حەمە لە زینداندا لوت و گوێیان بڕیبێت.
‌مەلا کرێکار غەدری لێنەکراوە تا کەسێک سزاکەی پێ ناخۆش بێت. ئەو دادوەرانێک کە مێژوویان هەیە لە داکۆکییکردندا لە مافی مرۆڤی موسڵمان و جولەکە و مەسیحیی و بێدیندا، وورد لێی کۆڵیونەتەوە و دەڵێن مەلا کرێکار غەدری لە کەسی تر کردووە بۆیە دەبێت سزاکەی بکێشێت. ئەوەی کە دادگا شانزەهەزار دۆلاری لێ دەستێنێ بۆ مەریوان هەڵەبجەیی، مانای ئەوەیە کە ئەوە مەریوان هەڵەبجەیی و مافی هاوڵاتییانی کورد و نەرویجییە کە غەدر لە حەقیاندا کراوە. مەلا کرێکار خۆی شایەتیی ئەوە دەدات کە دادگاکانی نەرویج زۆر زۆر سەربەخۆ و عادیلن. ئەوەتا ئەو زیاتر لە دە ساڵە هەموو شانازییەکی بەوەوەیە کە دادگای نەرویج، نە ئەمریکا و نە یەکێتیی و نە موخابەراتی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا نەیانتوانیوە قەناعەتی پێ بێنن ئەو سزا بدات و هەمووجار بەرائەت دەردەچێت. ئەگەر لە یوتیوب گوێ لە هەر قسەیەکی بگریت دەبینیت بەردەوام باسی ئەوە ئەکات کە حکومەتی ڕاستڕەوی نەرویجیی دەیان جار بۆ سزادانی بردوویانەتە بەر دادگا، بەڵام دادگای نەرویجیی ئەوەندە سەربەخۆ و دادپەروەر بووە کە بە قسەی سیاسەتمەدارانی نەکردووە و سزای نەداوە. وا دە ساڵە دادگای نەرویجیی وەک داکۆکییەک لە مافی مرۆڤ، وەک دادگایەکی عەلمانیی دیموکراتیی، دژ بە هەموو ڕاسیستەکانی ئەوروپا وەستاوەتەوە و ئامادە نییە کرێکار بداتە دەستی عێراق نەبا ئەشکەنجە بکرێت. ئەمە ئەگەرچی کرێکار شەو نییە لە ئینتەرنێت هێرش نەکاتە سەر ئەو وڵاتە و فەتوای لە دژ دەرنەکات. دادگای نەرویج کە ئاوا سەرڕاستە، ئەی چۆنە ئێستا هەندێک لە برادەرانی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی ئیسلامیی و لایەنگرانی کرێکار لە پاڵتاڵک ئەمجارە دادگایان پێ ناعادیلە و هاوسۆزیی دەردەبڕن لەگەڵ کرێکاردا؟ کێ لە ئێمە قبوڵ ئەکات بەنگلادیشییەک بێت لە چوارباخ یان تەیراوە بژی و دە ساڵ شەوانە لەسەر ئەنتەرنێت دانیشێت و بۆ سەدان بەنگلادیشیی قسە بکات و بڵێت ئەم کوردانەی هەرێمی و کوردستان هەر شایان بەوەن چۆن بۆت کرا بیانکوژیت، وە شایان بەوە بوون کە ئەنفال کران؟
کەسێک بیر لە نموونەیەکی وا بکاتەوە ئینجا ئەزانێ ئەوروپای مافی مرۆڤ و عەلمانییەت چەند لە ئێمە دڵگەورەترن و چی شەرمێکە بە تاغوت و قسەی لەو بابەتە ناویان ببەین، ئاخر سیاسەتێکی سەیر کە ئەم ڕۆژانە کەسانێک، لەوانە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی و بزوتنەوەی ئیسلامیی دەستیان داوەتێ ئەوەیە کە ڕاگەیاندن دەردەکەن و تیایدا سەرکۆنە و ئیدانەی دادگاییکردن و حوکمدانی مەلا کرێکار دەکەن. ئەگەر کەسێک لە ڕۆژئاوا ژیابێت دەزانێت چەند عەیبە سیاسەتمەدارێک یان حیزبێک ئیدانەی کاروبار و بڕیاڕی دادگا بکات و بڵێت داوا دەکەین فڵانە کەس نەدرێتە دادگا یان سەرکۆنەی ئەوە دەکەین کە فڵانەکەس لەسەر یاساشکاندن لێپیچینەوەی لەگەڵ بکرێ، ئەمە چونکە دادگاکان لە ئەوروپا سومعەتێکی گەورەیان هەیە لە سەربەخۆییدا و ئەوە دادگایە کە شارەزایی لێکۆلینەوەی لە یاساشکێنیی و تاواندا هەیە و دادگایە بڕیار دەدات کە ئایا کەسێک شتێکی کردووە کە لەگەڵ یاسا و مافی مرۆڤدا نایەتەوە یان نا. ئەگەریش دادگایەک ووتی ئەوا بۆمان دەرکەوت کە فڵانە کەس یاسای شکاندووە و ناحەقیی بە فڵانە کەس کردووە لە وڵاتیکی دادپەروەردا، ئیتر ئابڕوچوونێکی گەورەیە بەیاننامەی ئیدانە بڵاوبکەیتەوە و داوا بکەیت ئەو کەسە بەربدرێت و سزا نەدرێت، چونکە کارێکی وا وەک لایەنگریی موجریم و یاساشکێنەران چاو لێدەکرێت و هەر حیزبێک وابکات ئەندامی نامێنێت، وە وەک سیاسەتمەدار و وەک حیزب ئیعتیباریان نامێنێت.
‌بۆیە ئابڕوچوونێکی گەورەی میللەتی کوردە کە ئێستا سیاسەتمەداران و خەڵکی نەرویج دەیبیستنەوە کە کورد ئەوەندە بێئاگایە لە دنیا کە دوای ئەوەی دادگایەک دوو مانگ لە تۆمەتەکانی پۆلیس و حکومەتی نەرویجی کۆڵیتەوە و گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە مەلا هەڕەشەی گەورەی لە سیاسەتمەداران و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و خەڵکی ئەو وڵاتە کردووە، کەچی سیسەتمەدارانی ئەم میللەتە بەیاننامە دەنووسن و دەڵێن وەڵا نابێ سزا بدرێ. لە کاتێکدا بێگومان نەرویجییەکان دەزانن ئێمەی کورد چەندین ساڵە بەر لەوان دەزانین کە مەلا کرێکار چەند ساڵە خەڵک هاندەدات بۆ توندڕەویی و لە سەدان گەنجی کوردی وا گەیاندووە، لەو گەنجانەی کە تووڕەن لە بێکاریی و نادادپەروەریی حوکمی پارتیی و یەکێتیی، کە گوایە بە تیرۆر و توندڕەویی و ئینسانکوشتن دنیا چاک دەبێت. ئەمە کارێکە کە هەر لە کوردستانە کاولەکەی ئێمەدا، دیسانەوە لەبەر گەندەڵیی، سزای نییە. لای ئێمە کەناڵی نالیا بۆ ئەوەی بینەر لە کەناڵەکانی تر بدزێ، دەچێ کرێکار دێنێ تا لە کەناڵەکەیانەوە بە ی توندوتیژییدا هەڵبدات و یەک مانگیش ڕیکلامی بۆ دەکات. مەلا کرێکاریش بۆ ئەوەی دڵی گەنجی سادە و نەخوێنەواری ئێمە بباتەوە، سوود لەم پێویستییەی کەناڵی نالیا دەبینێت و بە دوو چاوپێکەوتن لای خەڵک دەبێتە ڕزگارییخوازێکی گەورە. من پێموایە ئەگەر دەسەڵات و دەزگای داواکاری گشتیی کوردستان هەستیان بە بەرپرسیارێتیی بکردایە کەناڵی نالیایان لەسەر بڵاوکردنەوەی بانگەواز بۆ تیرۆر دەدایە دادگا.
‌کوردی ئێمە فێر کراوە و وادەزانێت هەموو شتێک بە فەرزکردن دەبێت و هەر داکۆکیی لەوە بکە کە لە قازانجی تۆیە و دادپەورەریی و مافی مرۆڤ بە پلەی دوو دێت، ئەگینا مانای چی دژ بە دادگای نەرویجیی دەنگەدەنگ بخەیتەوە و بڵێیت ئەوەی لەگەڵ ئایدۆلۆجیای مندایە نابێت بدرێتە دادگا؟ دەبێ ئێستا دەسەڵاتدارانی نەرویج چەند بە میللەتێکی تێنەگەیشتوو لێمان تێبگەن کە دەبینن ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی وڵاتی ئێمەیان بەدەستەوەیە لەم پرەنسیپە سادەیە تێنەگەیشتوون. کە لایەنگرانی مەلا کرێکار دژ بە لەدادگادانی، لە پایتەختە ئەورروپییەکاندا دێنە سەرجادە و خۆپیشاندان ئەکەن، بەمە یەکەم شت حەیای خۆیان و دووەم شت حەیای ئێمەی کورد دەبەن. ئەوان و ئەوانەشی دەڵێن پێمان ناخۆشە مەلا کرێکار زیندان بکرێت، کەسیان باسی ئەوە ناکەن کە ئایا ئەوان بۆچی پێیانوایە کرێکار یاسای نەشکاندووە، یان ئایا چۆن و بە چی بەڵگەیەکەوە دەیسەلمێنن کە دادگای ئەو وڵاتە ناعادیلە.
‌سیفەتێکی تری کوردی خۆمان دوای دڵپاکیی، نادادپەروەرییە. خەڵکی ئێمە حەقی لەوە نییە کێ غەدری کردووە و یاسای شکاندووە. هەموو دەڵێن ئەوەی من لەگەڵی کۆکم چی دەکات با بیکات. ئەوەشی من لەگەڵی ناکۆکم تەنانەت بە دڵی من نەجوڵێتەوە بە فەتوا ژیانی لێ تاڵ ئەکەم.
‌ڕای من ئەوەیە کە هەر کەس ژیان لە کەسێکی تر تاڵ بکات ناحەقیی کردووە و دەبێت ڕێی لێ بگیردرێت. مەلا کرێکار دادگایەکی سەربەخۆ و دادپەروەر بڕیاری داوە کە مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و لەسەر ئەوە دەبێت پێنج ساڵ لە زنیداندا بێت. بۆیە تێنەگەیشتنە لە عەدالەت کەسێک بڵێت حەقە زیندان نەکرێت چونکە ئەو کەوتنەزیندانە ئاکامی ئەعمالی خۆیەتی. هەموومان ئەتوانین بچینە پاڵتاڵک و لە ماڵەکەی خۆمانەوە هاوار بکەین فڵانەکەس دەبێ بکوژرێ و فڵانەکەس دەبێت ژنەکەی لێ حەرام بێت، بەڵام ئەمە ناکەین چونکە ئەزانین سیاسەتکردنی وا سزای لەسەرە. بەڵام ئەگەر کەسێکی تر باکی بە سزا نییە و دەیکات، گێلیی دەبێت بۆ ئێمە بڵێین وەڵا ئەو خۆی باکی نییە بەس من پێم ناخۆشە و خۆپیشاندان ئەکەم و سەرکۆنەی ئەکەم و داوا ئەکەم دەستبەجێ سزاکەی لەسەر لابەن. ئەمە بە دەستەواژە کوردییە ڕەسەنەکە، سیاسەتی کەڵەگاییە نەک داکۆکیی لە دادپەروەریی.




چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)