یەکگرتووی ئیسلامی و ئەکەپەی کەپیتاڵیزمی دەستبەدەستنوێژ

Wednesday, 20/02/2013, 12:00

2139 بینراوە








هیچ کات نەبوە دەسەڵاتێکی دیسپۆتیزم کە زوڵم و زۆری لەسەر گەلەکەی پەیڕەوبکات و پایەکانی بە بەدرۆ و تەفرەدان ڕاگرتبێت ، ڕۆژانە پێگەی جەماوەری بەهێزتربێت و بتوانێت خەڵک زیاتر لە دەوروی خۆی کۆبکاتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرەو لێواری مەرگ ڕۆدەچێت تا لە ئاکامدا ڕۆژێک جەماوەر دەیخاتە زبڵدانی دکتاتۆرەکانەوە، چونکە چیدی ئەو زەمانە گوزەشت ، گەل هێندە ناهۆشیاربێت مل بۆ زەبروزەنگی ڕژێمە کلاسیکەکان کەچ بکات ، مێژووی نوێش گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن.

مەبەستی نوسینەکەم

پارتە پۆگرۆمەکەی ئەکەپەی ئیسلامی ئیمبراتۆریەتێکی مەدیای درۆینەی دروست کردوە ، ئەو ئیمبراتۆریەتە لە جوغرافیای تورکیا چوەتە دەرەروە بوە بەئاشکرا لە مەدیاکانی عەرەبدا بەتایبەتی الجەزیرە و العەرەبیە و زۆری تردا ڕەنگدانەوەکانی دەبینین ، کە ئەردۆغان لە عەبای سەڵاتینی عوسمانیدا وەک مەهدی مونتەزیر نیشان دەدەن ،، لەباشووری کوردستانیش چەندین میدیا و چاپەمەنی لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو ئیمبراتۆریەتە درۆینەدان ،، دیارە ڕێکەوت نیە کەلەڕۆژێکی وەک 15 شوباتدا واتە ئەم مانگە ، تەواو لە ساڵڕۆژی گەلەکۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕادەستکردنەوەی ڕێزدار ئۆجەلان بە تورکیا ، ماڵپەڕەکەی کوردیۆی زمانحاڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕاپۆرتە هەوڵێکیدا کەلە ئەخبار عالەمی ئەکەپەی وەرگرتوە ، بە وێنەیەکی گوڵبەدەستی ئەدۆغانی دەست سور بەخوێنی کۆڵبەرانی ڕۆبۆسکی مژدەمان پێدەدات و پێمان دەڵێت ئەکەپەکەمان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە تورکیا بەهێزتردەبێت و نوسیویەتی (ئەندامانی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا گەیشتۆتە 7،5 ملیۆن ئەندام) .

بەڵام وایە ؟

(لای خوارەوە لینکەکەی ببینن)
دەمەوێت بڵێم یەک لەو وڵاتانەی لە گۆڕانکاریە جدیەکان و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناویندا خۆی دەبینێتەوە تورکیایە، ئێستا سەرهەڵدانەکانی کوردان لە باکوری وڵات نیشاندری ئەو ڕاستیەن ، چونکە هیچ جیاوازیەک لە نێوان ڕژێمەکەی قەزافی ، موبارەک ، ئەسەد و ئەردۆغان بەدی ناکرێت ، بگرە دەتوانین زیاتر پەنجەی تاوان بۆ ئەکەپە ڕاکێشن ئەگەر تاوانەکانی ماوەی ١٢ ساڵی دەسەڵاتدارێتی ئەکەپە بە تاوانەکانی ماوەی 30 ساڵەی دەسەڵاتەکەی موبارەک بەراورد بکەین.
بۆڕاستی و دروستی بڕواننە ئەم بیلانچۆیەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا کە لەماوەی یەک ساڵدا واتە لە ساڵی 2012 دا بەتەنها لە باکوری کوردستاندا لە سایەی حکومەتەکە ئیسلامیەکەی ئەکەپەدا چی ڕوویداوە .
- 521 کەس بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانەوە ژیانی لەدەستداوە و 470 کەسیش برینداربوون.
- ٥٦ کوژراو و ٢٢٨ بریندار لە بکەری نادیاردا بونەتە قوربانی.
- ١١ پۆلیس و سەرباز خۆیان کوشتوە.
- 41 ژن و 45 کوڕ و 20 منداڵ خۆیان کوشتوە .
- چوار هەزار و 418 کەس دەستگیرکراون.
- 12 حزب، سەندیکا و کۆمەڵەی کلتوری داخراون.
- 12 گوند سوتێنراون یان خەڵکەکەی ڕاگوێزراون.
- چوار گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ٣١ ڕوفاتی تێدابوە.
جگەلەزۆر تاوانی تری جۆراوجۆر هەر لە باکوری کوردستاندا ، ئەمە با تورکیا لەولا بوەستێت.
(لینکی ڕاپۆرتەکە بەتورکی لە خوارەوە ببینن)
ئەمانە چەند فاکتەرێکن کە بونەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازی ، سەنتراڵیزمی ئەکەپە ڕۆژانە خەڵکی لێ بتەرێنەوە و ڕوبەڕووی ناڕازیی زیاتری گەل ببێتەوە بەتایبەتی لە باکوری کوردستان ، چونکە لەوێ چەرخی ئۆپەراسیۆنی ڕەشبگیری سیاسی و سەربازیەکانی پۆلیس و جەندرمەکانی ئەکەپە ٢٤ کاتژمێر لەسەر کوردان لە گەڕدایە.
ئەمە توڕەیی گەلی گەیاندوەتە ئەو ئاستەی کە تەنانەت ئەو کوردانەش کەلە هەڵبژرادنەکانی ڕابردوودا بە درۆ و دروشمە ئیسلامیەکانی ڕژێمە تیمۆکراسیەکەی ئەکەپە فریوو درابوون بەهۆش خۆیاندا بێنەوە و نەفرەتی لێبکەن .
بەپێی ڕاپرسیەک لە ڕۆژنامەی حوڕیەیتی تورکیدا بڵاوکراوەتەوە کەلە نێوان ١٣ بۆ ١٧ ی مانگی یەکی ئەمساڵدا ئەنجامدراوە ، پێچەوانەی پڕوپاگەندەکانی کوردیۆی یەکگرتوو بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوودا ئەکەپە لە لەسەدا 45.7 بۆ 39.8 دابەزیوە و پارتی بەدەپەی کوردانیش دەنگەکانی وەک خۆی ماوە کە بەداخەوە یەکگرتوو تائێستا هیچ ئاماژەیەکی بە جەماوەری بەدەپە نەکردوە .
(لینکی ڕاپرسیەکە لە خوارەوە ببینن) .
هەر دوور نەڕۆین سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئەردۆغان چوە شاری مێردینی باکوری کوردستان و کاتێک چاوەڕێی دەکرد هەزاران کەس پێشوازی لێبکەن کەمترین کەسی لەبەردەم خۆیدا بینی ، بۆیە شۆک بوو و خۆی پێنەگیرا کەوتە جوێندان بە ئەندامەکانی بە (ڕسوابن) دەمی لێکردنەوە، ئەوەش وای کرد کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ناچاربن پەخشی ڕاستەوخۆیان ڕاگرن .
لەم ڤیدیۆیەدا ڕاستیەکە دەبینن .



جگەلەوەش لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا چەندین ئەندامی ئەکەپە لە شارەکانی مێردین و وان چونەتە ڕیزەکانی بەدەپەوە و دەستیان لە ئەکەپە کشاندوەتەوە کە پێدەچێت ئەمە نهێنی ئەو تیغەبێت دڵی یەکگرتووی بریندارکردبێت.

(نزای یەکگرتوو بۆ پیاوە نەخۆشەکە)

دەپرسم یەکگرتووی ئیسلامی بۆچی ئەم هەڵمەتی ئاژیتاسیۆنە چەواشەکاریە بۆ ئەکەپەیەکی کەپیتاڵیزمی دەست بەدەسنوێژ دەکات کە ئاینی کردوەتە ئامرازی دەسەڵاتداری و وایکردوە ئاین جەوهەرە ڕاستەقینەکەی خۆی لەناو خەڵکیدا لە دەست بدات تا ئەو حاڵەتەی دژبەری کۆمەڵگا و بەتایبەتی کوردانیشی پێبکات ؟.
ئەردۆغانێک کەدەستی بەکوشتنی هەزاران ڕۆڵەی کورد سوربوبێت ، کۆنترا و چەتە بنێرێتە سەر خوشک و برا کوردەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵی وەک باکور داگیرکردنی بدات و شۆڕشە نوێیەکەیان لەبارببات، هەزاران ئازادیخوازی کوردی خزاندبێتە کونجی زیندانەکان، ڕۆژانە گوندەکانی بادینان و قەندیلمان بۆردمان بکات و سۆلینە ساواکان شەهید بکات ، هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکوکمان لێبکات، هەوڵی ئاسیملەکردنی باشووی کوردستان و توانەوەی لە کلتوری تورانیزمدا بدات، چیە یەکگرتووی ئیسلامی ماکیاژی ڕووی ڕەشی ئەکەپەیەکی ئاپارتایت دەکات ؟
ئەکەپەیەک کە خۆی پڕۆژەی ڕۆژئاوا و دەوڵەتی قوڵی تورکە ، ئەگەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش پڕۆژەیەکی ئەکەپەبێت واتە یەکگرتوو لە سفرەی کەسێک بخوات کە خۆی خاوەن خوان نەبێت دەبێت چی دواڕۆژێک لەو یەکگرتوە چاوەڕێ بکرێت ؟ ئەو وەڵامە جێدێڵم بۆ خوێنەری هێژا .

*******
http://www.kurdiu.org/hawal/index.php?pageid=119537

http://www.sterk.tv/tr/110-hdnin-2012-hak-ihlalleri-raporu.html#.USKA3vI6LeY

http://blog.milliyet.com.tr/son-anket--akp-dususte--mhp-ve-chp-yukseliyor/Blog/?BlogNo=397780

سەلاح خدر بڕۆکسل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە