یانەیەک لە سلێمانی بۆ گۆڕینەوەی ژن!

Saturday, 10/03/2012, 12:00

54129 بینراوە


دەمێک بوو برادەرێکی خەڵکی سلێمانی [س . ع] باسی تەشەنەکردنی دیاردەی ژن گۆڕینەوەی دەکرد لە سلێمانی، کە دیاردەیەکی ڕۆژئاواییە ولە ئەوروپا و ئەمریکا سەدان یانەی لەو جۆرە هەیە بۆ ئەو خێزانانەی حەز بە گۆڕینەوەی ژنەکانیان دەکەن، بەڵام هەرگیز بەبیرم دا تێنەدەپەڕی کە ڕۆژێک ئەو دیاردەیە بەو شێوەیە بەرفراوانە دەگاتە کوردستان یان وردتر دەگاتە شاری سلێمانی، بەڵام برادەرە سلێمانیەکەم گوتی: خۆت دەزانی ئێمە لە سلێمانی زوو وەڵامی پێشکەوتنەکانی جیهان دەدەینەوە وبەرەوپیری دەچین بەتایبەتی لە ڕوە کۆمەڵایەتیەکەیەوە وبۆیە وەک هەولێر وشارەکانی تر هێندە دواکوتوو نین، خەڵکی ئەو شارە هەردەم بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ رەفتار لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان دەکەن.

ئەو ڕۆژە لە چێشتخانەیەکیف نزیك مزگەوتی گەورە مەوعیدمان دانا بۆ دیتنی دوو لەو پیاوانەی کە سەرپەرشتی یانەیەکی ژن گۆڕینەوە دەکەن.
کە [ل.ک] گەیشتە ئەوێ پیاوێکی ڕێکپۆش و قۆز بوو لە سیەکانی تەمەندا بوو بە هاوڕێیەتی [م.ن] کە هاوتەمەن دیار بوون، لەسەرەتادا کەمێك بە تەحەفوزەوە قسەی دەکرد بەڵام پاش ئەوەی کاک [س . ع] هاوڕێم سەری بردە بن گوێی [ل.ک] زەردەخەنەیەکی کرد و گووتی: فەرموو دەتەوێ چی بزانی لەو بارەیەوە؟
منیش کە دیتم زۆر ئامادەیە بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە، گوتم: لە کەیەوە ئەو دیاردەیە هەیە لە سلێمانی؟
[ل.ک] گووتی: ئەو دیاردەیە زۆر نوێ نییە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو لە اش ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەدیارکەوت، هەرچەندە لە چوارچێوەیەکی تەسك بوو ئەو کاتە، بەڵام لەگەڵ کرانەوە بەڕووی دنیای هاوچەرخ و تەقینەوەی میدیا و ئینتەرنێت و سەتەڵایت شتی نوێترمان دیت و زانیاری تازەترمان لەسەر بابەتەکە وەرگرت.
کە پرسیارم لێیان کرد دەربارەی هۆی سەرەکی لە دامەزراندنی یانەیەکی لەو جۆرە لە سلێمانی بۆ گۆڕینەوەی ژنەکانی ئەندامانی ناو یانەکە ئایە ئامانجی مادی و پارە لە دواوەیەتی، [م.ن]ی هاوڕێی کە تا ئەو ساتە بێدەنگ بوو وەڵامی دامەوە: نەخێر زۆربەی ئەندامانی ئەو یانەیە لە دەوڵەمەندەکانی شارن لە پێناو پارە و پول کارێکی لەو جۆرە ناکەن، بەڵکو تەنها لە پێناو خۆشی و چێژ وەرگرتنە، چونکە ئەو پیاوانە حەز ناکەن بە دوای سۆزانی بگەڕێن و بەدناو ببن بەتایبەتی زۆریان لەوانە بەرپرسی باڵان لە حکومەت بۆیە دەیانەوێت ئارەزوەکانیان لە چوارچێوەیەکی ئەمین و دیاریکراودا مومارەسە بکەن.
دوایی [ل.ک] لەوەڵامی ئایا ناترسن ئاشکرا ببن لەناو شاردا بە پێکەنینەوە گوتی: ئەگەر هەموو حزب و ڕێکخراوە کوردیەکان وەک ئێمە دامەزرا بن هەرگیز نهێنیان نەدەگەیشتە دەست دوژمنانی کورد، لەوەتی دامەزراندنەوە تا ئەمرۆش کەس لە ئەندامانی یانەکەمان ئاشکرا نەبوە، چونکە یانەکە چەندین ڕێوشوێنی توند ووردی داهێناوە بۆ ئەندامانی کەس زاتی ئەوە ناکات بیر لە پێچەوانەیان بکاتەوە و بە توندترین شێوە سزا دەدرێن....

خوێنەری بەڕێز، من دەتوانم لەگەڵ هەندێ زانیاری تر وبەهاراتی تردا ئەو بابەتەت بەوپەڕی متمانەوە پێ نیشان بدەم وپێتی بفرۆشم، کوڕم دەوێ بڵێ ڕاست نییە و نێرم دەوێ بڵێ کاک [س . ع] برادەرێکی خەڵکی سلێمانی من نییە، و [ل.ک] و [م.ن] دوو کەسی هەقیقی سلێمانی نین وبەرپرسی یانەی ناوبراو نین!! بۆیە دروستکردنی چیرۆکی وا کارێکی هێندە گران نییە بۆ کەسانێک لە بواری نوسینی ڕۆژنامەوانی کار بکەن. راستیەکەی من بەڕاستیس زانیاریەکی لەو بارەیەوەم بیستوە لەسەر سلێمانی، بەڵام ئەو زانیاریە بەقەد پولێکی قەڵپیش ئەرزشی لەلامدا نەبوو، بۆی هەیە ژن گۆڕینەوە لە نێوان دوو کەس لە مەکە و مەدینەش ڕوبدات، بەڵام ئایە دەبێت مانشێتکی وا بنوسم کە جۆرێک لە سوکایەتی تێدا بێت لە دژی سلێمانی یان مەکە ومەدینەش چونکە چەند کەسێکی شاز ئەو کارە دەکەن؟! من ئەو نوسینەی سەرەوە بەهی خۆمی نازانم تەنها بۆ نیشاندانی وانەیەکی پراکتیکی بوو بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بەزیرەک دەزانن لە سوکایەتی کردن بە خەڵکی شارەکانی تردا.

ڕۆڵی نێگەتیڤانەی ڕۆشنبیرانی کورد لە لاوازکردنی گیانی کوردایەتی
بۆچی هەولێر ناشیرین دەکرێت لەلای شارچیەکانەوە؟!
دەمێکە سەرنجی کارگەلێکی نابابەتیانەی وەک ئەوەی لەسەرەوەدا هاتوەم داوە کە دوورن لە هەموو ڕەوشت وئاکارێکی ڕۆژنامەگەری، لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی سلێمانی کە هەردەم تەرکیز کردنێک هەیە لەسەر سوک سەرنجدانی شاری هەولێر وتانەلێدانی لەڕووی ڕەوشتیەوە. زۆربەی زۆری هەواڵەکان وبابەتەکانیش پەیوەندی بە ڕەوشتی سێکسی هەیە وەك بڵێی هەولێر بەتاقی تەنیا ئەو کارە فەردیانەی تێدا ئەنجام بدرێت وسڵێمانی وشارەکانی تر شامی شەریفن هیچی تێدا نیە نە سەدان ماڵی لەشفرۆشی بەڕەسمی تێدایە ونە هاوڕەگەزبازی تێدایە، ئەو دیاردەیە لە سلێمانیش هێندە کۆنە لە سەردەمی دروستکردنی شارەکەوە واتە لەسەردەمی بابانەکانەوە ئاماژەی پێکراوە لەو شارە، وشێخ ڕەزای تاڵەبانی لەشیعرەکانی باسی لەو دیاردەیەی هەتیوبازی کردوە لە سلێمانی وڕشتەی مرواری پڕاوپڕیەتی لە ڕوداوی هەتیوبازی ونێربازی لەناو ئەو شارە، بەڵام ڕۆژێك لەڕۆژان نە هەولێریەک ونە ڕۆژنامەیەکی هەولێر هەواڵێکی وەک ئەو هەواڵانەی ڕۆژنامە [ئازادەکانی] سلێمانی دانەڕشتوە کە ئاماژە بکات بە بەدرەوشتی لە سلێمانی ویان بچێت دوو [گەی] نێرباز بدۆزێتەوە لەلای سەهۆڵەکە وبیاندوێنێ بە دوو ناوی ساختە ودوو کەسی خەیاڵی کە ئەگەر دوو هەزار قسەشی بۆ هەڵبەستی وبخەیتە سەر قسەکانی کەس بە وەڵام نایەت یان لە ترسان یان لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی لە بنەڕەتدا کارەکتەرێکی دروستکراوی مێشکی رۆژنامەگەرەکەیە وەک نمونەی سەرەوە کە هەمووی لەخەیالی خۆمدا دامهێناون!
داڕشتنی هەواڵێك لەو جۆرە [له‌هه‌ولێر كوڕێك شوو به‌كوڕێكی‌ دیكه‌ ده‌كات] مەگەر یەکێك دەبەنگ بێت لە ئاماژەکانی تێنەگات، ئەگینا بەڕوونی دیارە لە دەرونێکی موبتەلا بە گرێی ڕقی شارچیەتی وگرێی هەستکردن بە ڕەوشت نزمی بەرامبەر ڕەوشتی بەرزی شاری هەولێر سەرچاوە دەگرێت ئەو شارەی کە دۆست ودوژمن سوێند بەڕەوشت ومرۆڤ دۆستی وخێرخوازی دەخوات... بڕۆن بپرسن لە ئاوارەکانی هەڵەبجەی خۆشەویست ولە ئاوارەکانی بادینان لە جێژنیکان ولە ئاوارەکانی بارزانیەکان ولەوانەی هەولێریان کردۆتە شوێنی ژیانیان هەتا لە غەیری کوردیش، ئەوان مەعدەنی هەولێرتان بۆ باس دەکەن نەك بەدزیەوە بێیتە ئەو شارە بەدوای دوو [گەی] بگەڕێیت تا ناسنامەی هەولێری پێوە تەعریف بکەیت.

بەداخەوە نێوەندی ڕۆشبیری کوردی ژینگەیەکی تەندروست نییە بۆ خولقاندنی هەستی بێ جیاوازی وکوردایەتی گشتگیر، لەجیاتی ئەوە کەڵە شاعیرانمان ونوسەرانمان کە هەمووی دوو شارولەتێکین کەچی بەوپەڕی بوغز وقینەوە ڕەفتار لەگەڵ یەکتردا دەکەین، من توشی شۆك دێم کە لەسەر یوتیوب وسایتەکانی تر خەڵکێکی ئاست نزمی سلێمانی و هەولێر بەناو کورد لەبەر ئەوەی چرای سەوزی ڕق وقینەی ڕۆشنبیرانمانیان بەدی کردوە بەوپەڕی بێ ڕەوشتیەوە کەوتونەتە گیانی یەکتر بۆ سوک کردنی یەکتر، دەیەها بڕگەی ڤیدیۆیی خەڵکی سلێمانی هەیە لە دژی هەولێر وبە پێچەوانەوەش دەیەها بڕگەی ڤیدیۆیی خەڵکی هەولێر لە دژی سلێمانی هەیە بۆ سوک کردنی یەکتر وشکاندنی کەسایەتی یەکتر... بەڕاستی ئەوەی کورد نەبێت ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە ببینێت و ئەو جوێنە ناشیرنانە بە یەکتری ببینێت هەرگیز باوەڕ ناکات لە دوو شاری کوردی ناو یەک قەوارە دەردەچێت کە مێژوو وچارەنوسی هاوبەشیان هەیە پێکەوە، وئێستاش گەورەترین هەڕەشە چاوەڕوانیان دەکات لە ناوچەکە.

پێویستە بەر لە هەر کەسێک ڕۆشنبیرانمان لە بابەتەکانیان ولە ئاماژەکانیان ولە کارەکانیان دژایەتی ئەو دیاردەیەی شارچیەتی بکەن، گیانی کوردایەتی ڕاستەقینەو وبرایەتی بوونمان پتەوتر کەن، نەک پشتگیری لەو سایتانە بکەیت کە بۆ گاڵتە پێکردن ونوکتە گوتن لەسەر شارێکی تر دروستکراوە، یان بابەتی وا بچوك ودیاردەی وا بچوك هێندە گەورە نیشان بدەیت خەڵک وابزانی یەک لای ئەو شارە حیز وگەیین یان ژن گۆڕن! یان ڕۆژنامەکەت تەنها سلێمانیەکان دەبێ تیایاندا بنوسێت، ئەگەر ڕێگاشت دا بۆ خۆل خستنە چاوی خەڵک هەولێریەک تێێدا بنوسێت دەبێت وەک تۆ بیرکاتەوە وەک بڵێی هەرێمکی حوکمی زاتی نێو دەوڵەتی تۆ رەفتار بکات! چۆن دەتوانی بەو فەرهەنگە فەرهەنگێکی هاوبەش وهەستێکی گشتگیری کوردایەتی دروست بکەیت؟!

لە هەمووی سەیرتر کە کەسێکی ڕۆشنبیری سلێمانی دەدوێنیت شانازی دەکات بە پێشکەوتنی سلێمانی لە ڕووی فەرهەنگیەوە، کەچی دێت و سوکایەتی بە هەولێر دەکات لە ڕێگای بوونی لەشفرۆشی یان دیاردەی [گەی] هاورەگەزبازی لەو شارە، نازانێت چاوپۆشیت وتۆلەرانسنت وتەساموحت بەرامبەر ئەو دیاردەیە کە دەرهاوێشتەی سروشتی ئەو شارستانیەیە، لە خۆرئاوا خۆی نیشانەی ڕۆشنبیریتە وبەپێی یاساش هەموو مافێکیان هەیە لەو وڵاتانەی خۆرئاوادا وکەس ناتوانێت سوکایەتیان پێبکات بەبێ سزادانی. رۆشنبیری سلێمانی ئەگەر هەموو لایەناکانی فەرهەنگی خۆرئاوایی قبوڵە دەبوایە شآنازی بەبوونی ئەو دیاردانەی شارستانیەتی خۆرئاواکردبا لە گەیی ولێزبیان ویانەی ژن گۆڕینەوە وهتد... نەک بێتو تەنها باسی ئەو دیاردانە بکات لە هەولێر، ئەگەر ئەو دیاردەیە لەسەردەمی شێخ رەزاوە ولاپەڕەکانی ڕشتەی مرواری ونوکتەی حوجرەکان باسی کرابێت لە سلێمانی بۆ بابەتێک لەو شارەش ناکەیت لەسەر [گەیەکان] وشوکردنیان بەیەکتر، یان پێت عەیبە لە سلێمانی بێت وکێشەت نییە لە هەولێر بێت؟!
گومانی تێدا نییە لە هەموو شارێک دیاردەی لەشفرۆشی وگەیی وجۆرەها شتی تر هەیە بەڵام هەر دیاردەی تاکن ناکرێت گشتگیریان کەین بەسەر هیچ شارێک بە مەبەستی تانەلێدان ئەو کارە لەکاری دەزگا ئەمنیە بێ ڕەوشتە دکتاتۆرەکان دەچێت کە دەزانن خەڵك شەرەف وکەرامەتی لا گرنگترین شتە بۆیە هەڕەشەی شەرەف بردنیان لێدەکەن. ئەو جۆرە نوسەرانەی سلێمانیش دەزانن تا چ ڕادەیەك خەڵکی هەولێر شانازی بە شەرەف وکەرامەتیان ودینداریان دەکەن بۆیە هەر لەو گۆشەیەوە تانەکانیان ئاڕاستەی خەڵکی هەولێر دەکەن، با ڕۆشبیرانمان هێندە باسی گەندەڵی دەسەڵات نەکەن چونکە لەڕووی ویژدانیەوە لە دەسەڵاتیش گەندەڵترن، خاوەنی ئەوانین بۆیە هەولێر وسلێمانی ودهۆك وکەرکوک دەڵێی چوار دەوڵەتی لە هەموو شتێک لێک جیاوازن!
خۆشەویستی شار غەریزەیەکی سروشتییە پێغەمبەری ئیسلام کاتێك مەکەی بەجێهێشت وکۆچی کرد ئاوڕی لە مەکە دایەوە وگوتی: "ما اطيبك من بلد و احبك الى و لولا أن قومى ا خرجونى منك ما سكنت غيرك." [ئەی مەکە چەند خۆش وخۆشەویستی بۆ من، ئەگەر کەسوکارم وەدەریان نەنابام لە شوێنی تر نیشتەجێ نەدەبووم] بەڵام با خۆشەویستی شار نەبێتە نەخۆشیەکی شۆڤینیزم لەپەنایدا ڕق دابەش بکەین بەسەر شارەکانی تر چونکە ڕق لەپەنای خۆشەویستیدا نابێ بوونی هەبێت...
هەولێر زۆرم خۆشم دەوێیت بەڵام خوا دەزانێت سلێمانی وکەرکوک و دهۆک ودیاربەکر وقامشلی ومەهاباد وسنە..هتد لە ڕوح و هەردوو چاوەکانم زیاتر خۆش دەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە