داواكارێكى گشتى لە كفرى، بۆتە بەڵا بۆ هاوڵاتیانى شارەكە

Saturday, 25/06/2011, 12:00

1360 بینراوە


دادگاهانی کوردستان، به‌تایبه‌تیی دادگای كفرى زۆرترین قسەى لە سەرە لەناو هاوڵاوتیانى شارەكە. بەهەر هۆكارێكەوە ئەوانەى ڕووی تێدەكەن، خێرا بۆیان دەردەكەوێ، که‌ تەنها حیزب و مەسئوله‌ خراپ نیین بوونه‌ته‌ بەڵا و نەگبەتى بۆ خەڵكی، به‌ڵکو دادوه‌ره‌کانیش له‌پاڵ پۆلیسدا بوونه‌ته‌ هۆکارێکی دیکه‌ که‌ شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگایان تێکداوه‌، بۆیە لە پاشه‌ڕۆژدا پێویسته‌ لێپرسینەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یسدا بکرێت که‌ له‌و دامو ده‌زگایه‌دا کار ده‌که‌ن، دادگاکانیش پێویسته‌ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
بەپێى ئەو بەڵگانەى من لامە وەك پارێزەرێك لەماوەى كاركردنمدا ئەو مەسئولە حیزبى و حكومییە گەندەڵانەى كاتێك دەیانەوێ گەندەڵییەك بكەن و مافێکی گشتی یان تایبه‌تیی پێشیل بكەن، ئەمەندە ترسنۆك و بێكەڵكن هیچ نییە پەنایان بدات، هەموان دەزانین حاڵى مەسئولە حزبیەكان وەك شەیتانەكەیان لێهاتوە كاتێ لێى دەپرسن بۆ منت خستە سەر ئەم ڕێگەیە ئەویش دەڵێت "قوربان وەرە جێگەكەم" هەرچەندە ئەمە باس لە دنیایەكى ئاینى بكات، بەڵام وا دەیبینین چۆن ئەوانەى ڕۆژانێك خەڵكیان چەوساندۆتەوە بەناو مەسئولیاتەوە ئیستا چۆن بەدواى دەرگایەكدا دەگەڕێن بۆى دەرچن، ناشتوانن چونكە خزمیان هەیە و ماڵ و مناڵیشیان هەیە و كردەوەكانیان ئەوانیشى گرتۆتەوە.
ئەم دز و چەتە و گەندەڵ و ترستۆكانە تەنها كۆمەڵێك بەناو پارێزه‌ر و داواكارێكى گشتى و كۆمەڵێك دادوەر پشت و پەنایانە، ئەو پارێزه‌رانه‌یش دیارە كێین و بۆچى وادەكەن و شەهادەكانیان چییە، حاكمەكانیش بەزۆرى ئەوانەن لەبەر گەندەڵیى و مەلەف پیسى لەخوارەوە دەنێردرێن، ئەوانەش هەرچییەك بن ڕۆژانێك دیت یاسای دادوه‌ریی بیاندۆزیتەوە و ئەو مەلافانە هەڵبداتەوە، كە ڕۆژانە من ئاگادارم چۆن دەستكارى دەقە یاساییه‌کان دەكەن و بۆ كێی دەیكەن و چۆن تاوانبارەكان ڕزگار دەكەن.
ئەوەى ئەم ماوەیە خەڵك زانى، من زۆر زووتر دەمزانى، بەڵام نەمدەویست ئاشكراى بكەم لەبەر ئەوەى وا تێورم دەكرد خەڵك نەزانێت و ئاگاى لێ نەبێت، كە چۆن داواكارێكى گشتى بەناوى (سەباح) بۆته‌ بەڵا و ترسنۆكانە پشتگیریی لە خەڵكى خراپ دەكات و بۆته‌ پارێزه‌ر و پیاو خراپ و گەندەڵكاران و مافی گشتیی پێشێل دەكات. ڕۆژێك كادیرێكى حیزبى خۆى كرد بە ژوورەكەى دا، پێم سەیربوو لەبەردەم پێیدا هەڵدەلەرزێ، كەچى نەیدەزانى ئەو كادیرە حیزبیە لەترس گەندەڵیەكانى و بێى ڕێزسەیركردنى لەلایەن خەڵكى شارەوە شوێنێك نییە پەناى بۆ ببات، دواتر زانیم چ پێشنیارێکی هێناوه‌ بۆ جەنابى مدعى العام.
لەم ڕۆژانەشدا شكات لە ڕۆژنامەنووسێك دەكات لەسەر پێشنیاری جەنابى قایمقام، كەچى ئەوەى خەڵك دەیزانێت و ئاگادارە لێى ئەم قایمقامە نابینایە لەبەردەم حەقى عام و داواى هاوڵاتیاندا.
جارێكى تر دەركەوت شكاتى لە مودیرى دائیرەیەك كردوە، لەبەر ئەوەى مودیر دائیرەكە قسەى بۆ تەلەفزیۆنێك كردووە لەسەر بەدادگاگەیاندنى ئەوانەى شەهادەى تەزویریان هەیە، دەستبەجێ جەنابى مدعى العام شكاتى لێدەكات و دەڵێت نابیێت باسى شەهادەى تەزویر بكرێت.
بەدبەختى ئەو بەناو داواكارە گشتیە ئەوەیە، فەرقى ناكرێت لەگەڵ تاوانبارێكى گەورەى مادە گەورەكاندا، لەوە بەدبەختكر ئەوەیە وا دەزانێت ئەوانەى ئەو كارەى پێدەكەن و مافی گشتیی پێشیل دەكەن دەتوانن ڕزگارى بكەن، ئەو چۆن دەتوانێت لە دەست حەق ڕزگارى بێت، لەكوێیە و بۆ كێ دەكات؟ ئەم جەنابى مدعى عامە وادەزانێت ئێستا خەڵكى پێنازانێت تا ئێستا یەك مەسئولى گەندەڵى نەبردۆتە دادگا، ئەو حیزبە ئەو دیفاعى لێدەكات و ڕایدەسپێرن بۆ ئەوكارانە بەهۆى كارەكانى ئەوەوە ڕیسواتر بووە لاى خەڵكی.
ئەگەر بەم نزیكانە لە ئەنجومەنى دادوەرى، یان لیژنەى پەرلەمان لە كوردستان و ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان هاتن بۆ دادگاى كفرى بۆ لێكۆڵینەوە، من وەك پارێزەرێك ئامادەم هاوكاریان بم، كە چۆن ئەم مدعى عامە بۆته‌ بەڵا و نەگبەتى، بە ناوی یاساوه‌ کاری نایاسایی دەكات، یاسای تێكداوە بۆ كەسانى تێكدەر، لەدژى حەق ویژدانى خۆى دۆڕاندوە و پارێزه‌ره‌ێکی نهێنى كەسانى خراپە، لەگشتى سه‌رسووڕهێنه‌رتر وادەزانێت تا ئەو وابكات ئیتر خەڵك ڕەخنە ناگرێت و بیدەنگ ده‌بێت، نازانێت خەڵكى بەنیازە ئەگەر لەسەرى بڕوات كردەوە و مەلەفەكانى بۆ دونیا ئاشكرا ده‌که‌ن.
پارێزەرێك لە دادگاى كفرى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە