بروانامەی ساختە لە هەرێمی كوردستان دا

Saturday, 11/07/2009, 12:00

2533 بینراوە


بروانامەی ساختە
بروانامەی ساختە دیاردەیەكی نوێ نییە لە جیهاندا بەلام بەزۆری لەو ولاتانەدا بەرچاو دەكەون كەبارودۆخی جەنگ یان پشێوی گەندەلی و بێ یاسایی بەرقەرارە. عێراق وهەرێمی كوردستان یەكیكە لەو ولاتانەی كەئەم دیاردەیەی بەخۆیەوە بینیوەو باسەكەشم بۆ ئیرەیە.بروانامەی ساختە لەهەریمی كوردستاندا بەتەنیا ئەوانەی نێو زانكۆ ناگریتەوە بەلكو سەرجەم دامودەزگاكانی ولات ونێو حكومەت وحیزب و وەزارەتەكان وبگرە نێو پەرلەمانیش وئەندامانی ئەنجومەنی پاریزگاكانیش دەگریتەوە. ژمارەیەكی بەرچاو لەبروانامەی ساختە لەهەرێمی كورستاندا هەن بەلام لەوە تراژیدی تر ئەوەیە كەدەسەلات ئامادە نیە لێكۆلینەوەو لێپێچینەوە ئەنجام بدات هەرچەندە بەلگەنامەش لەبەردەستدان. داخۆ هۆی ئەم دیاردە خراپە بۆچی بگێردریتەوە؟ داخۆ لەوەدا بێت كەژماریەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دەسەلات خۆیان خاوەن بروانامەی ساختە بن. لەولاتێكی دیكتاتۆری وەك ئێران پەرلەمانی ئێرانی متمانەی لەوەزیری ناوخۆی ئێران عەلی كوردانی سەندەوە چونكە ئەم وەزیرە رایگەیاندبوو كەلەزانكۆی ئۆكسفۆرد لەبەریتانیا بروانامەی لەبەشی یاسا وەرگرتوە،بەلام دەركەوت كە بروانامەكەی ساختەیە.كەچی لەهەرێمێكی كوردستان كەخۆی بەعەلمانی دەزانێت بەبار بروانامەی ساختەی تێدایە بەلام بێ لێپێچینەوە. ئەمە جەریمەیە بەرامبەر بە زانست.ئەم شتە زۆر زیاترە لەوەی بەتەنیا كیشەی بروانامەو ئەكادیمیا بێت، كێشەكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیشەوە هەیە. لەرابوردوشدا لەمیدیاكاندا ئاماژەم بەم دیاردە خەتەرناكە داوە.مامۆستای زانكۆ هەیە بروانامەكەی ناتەواوە،یان لیژنەی هاوتاكردنی پێش لیژنەكەی منی تێدابووم لەزانكۆی سلێمانی و بگرە بۆ ئەوانەی دەرەوەی زانكۆش بەغەدر بۆیان هاوتا كراوون، یان نەكۆلیونەتەوە لەراست ودروستی بروانامەكانیان. ئەمە پیویستی بە لێپێچینەوەو لێكۆلینەوە هەیە وسەندنەوەی بروانامە ناتەواوەكان، بەلام ئایا بۆچی ئیجرائات ئەنجام نادرێ؟ بەدوادا نەچوون وپشت گوێ خستنی ئەم مەسەلە هەستیارە بریتیە لەگەندەلی وهەست نەكردن بەلێپرسینەوە وغەدریكی نەتەوەیی و ئینسانیشە وكوشتنی زانستە وسوكایەتیە بەزانكۆش وپیرۆزیی بروانامە بەگشتی. ئەو كاتەی كە من ئەندامی لیژنەی هاوتاكردنی بروانامەكان بووم لەزانكۆی سلێمانی لەسەر پێشنیازی پرۆژەیەكی پێنج خال لەلایەن منەوە بۆ یەكلایكردنەوەی بروانامەكان وەزیری خوێندنی بالای ئەوكاتەی حكومەتەكەی سلێمانی رەزامەندی لەسەر پرۆژەكە دەربری كەلیژنەكەمان بەبروانامەكاندا لە سالی 1992 وە هەتا ئەو بەروارە پێیدا بچینەوە. لەبەر رۆشنایی ئەو بریارەی وەزیری خویندنی بالا سەرۆكی زانكۆ د.عەلی سەعید لەبەرواری 6/3/2006 داوای لە كۆلێژەكان كرد بۆ ناردنی بروانامەكانیان. دواتر لەسەر داوای ئێمە بەرێزی نوسینەكەی راست كردەوەو لە 9/3/2006 داوای كردەوە كە بروانامە هاوتاكراو،وە هاوتا نەكراوەكانیش بنێردرین بۆ لیژنەكە چونكە هەیە بروانامەكەی هاوتاكراوە بەلام موستەحەقی ئەو هاوتا كردنەی نەبوە.بۆ نمونە بەكالۆریۆسی هەبوە، بەلام بەهۆی پەیوەندی و واستەی حیزبەوە، یان واستەی شەخسیی بۆی كراوەتە ماستەر بێ ئەوەی توێژینەوەی ماستەری هەبێت و وەحدەی تەواو وپێویستی هەبێت، هەیە كە بروانامەی بەكالۆریۆسی نیە و بۆی هاوتا كراوە بە بەكالۆریۆس...تاد. بۆ داواكاریەكەی سەرۆكی زانكۆ كەس لە كۆلێژو مامۆستاكان بەدەنگ داواكاریەكەوە نەهاتن.بۆچی؟ بروانامەكان نەنێردران ولێپرسینەوەش ئەنجام نەدرا.سەرۆكی زانكۆی سلیمانی لەبەرواری 30/6/2006 بەنامەیەك وەلامی دامەوە كە ئەم یاداشتەی من "پیویستی بە دارشتنی میكانیزمێكی گونجاو هەیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنەكەمانی لێ ئاگادار دەكریتەوەو دەخریتە بەردەم ئەنجومەنی زانكۆ".بەلام ئەم ئاگادار كردنەوەیەو میكانیزمە گونجاوە هەتا ئەمرۆش بێ دەنگ مایەوە.

لیژنەكەمان هەلوەشیندرایەوە بێ ئالوگۆر كردنی بەلگەنامەكان
لیژنەكەمان هەلوەشیندرایەوە بێ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی ئیداری بروانامەو بەلگەنامەكان تەسلیم بكەین بە لیژنە نوێكە. هەبوە كە ئیمە بروانامەكەیمان بۆ هاوتا كردوە بەو مەرجەی كە لەماوەی شەش مانگدا وەحدە نوقسانەكانی بهینیت لەو ولاتەی لیوەی هاتوە ئەویش بۆ نمونە بەئەنجامدانی تویژینەوەی زانستی یان هەر ریگایەتی تری زانستی. ئەم كەسانە وەحدەكانیان نەهینا و كاریش بەبروانامەكانیان دەكەن و تییاندا هەیە كە كورسی دوكتۆراشی پێ ئەدرێ، یان بۆتە سەرۆك بەش. لیژنە نویكەش هیچ بایەخیكی بەم پیویستیە نەدا. من وەزیری خویندنی بالای ئیستەشم بە نوسین و رونكردنەوە لێ ئاگادار كردۆتەوەو بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وەزیری خویندنی بالام كرد لەهەولیر، بەلام ئەمیش بێ ئەنجام بوو.بەلام ووتی پەیوەندی دەكەم بەسەرۆكی زانكۆی سلیمانیەوە بۆ بەلادا خستنی ئەو بروانامانەی بەهەلواسراوی ماونەتەوە. هەتا ئەمرۆكەش هەر چاوەروانی ئەم وەلامەشین.هەربۆیە لیژنە هەلوەشیندراوەكەمان بەنیازین یاداشتیك پیشكەش بكەین بۆ بەلادا خستنی ئەو شتانەی كەپیشتر ئاماژەم پیدان. بەلام ئایا دەگەمە ئەنجام لەولاتیك بەم سیستەمی كاركردن و بیركردنەوەیە، كە كەس جگە لەكورسی وپارەكەی نەبێت ئەوانەی تر بەهی خۆی نەزانێت؟ هەربۆیە لەوانەیە بۆ ئەم مەبەستە ریگای یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ئاستی هەریم وحكومەتی مەركەزیش.ئایا چۆن دەكرێ بابەتێكی ئاوها چارەنوسساز وگرنگ پشتگوێ بخرێت؟

كەواتە سیستەمەكە خەلەلی تێدایە
كەواتە خەلەل هەیە لەسیستەمەكەدا.من لەو پرۆژە پێنج خالەی پێشكەشم كرد بۆ پێداچوونەوە بەبروانامەكان هەندێ خالی پرۆژەكە بریتی بوو لە: (نادرنی بروانامە هاوتاو هاوتا نەكراوەكان، لەكام زانكۆ تەواوی كردوە،ناوی سەرپەرشتیاری ئەتروحەكەی،بەرواری تەواو كردنی خوێندن، بەرواری وەرگرتنی بروانامەكەی،ناونیشانی بروانامەكەی...تاد. ئەو كاتە پەیوەندیمان بەو زانكۆیە دەكردو لێی دەكۆلینەوە، تەنانەت بە سەرپەرشتیكەری بروانامەكەوە.بەلام ئەگەر كەسێك لەولاتێكدا بروانامەكەی بە پارە كریبێت، یان پارەی بە سەرپەرشتیارەكە دابیت و لەدۆسیەدا بۆیان رێك خستبێت لەوانەیە ئەم بەدواداچونە ئەو كاتە ئالۆزتر بێت.بەشیكی بەرچاوی ئەو بروانامانەی كەهاوتامان دەكردن هی ئیرانیش بوون كە من گومانم لەزۆرێكێان هەیە. ئەندام پەرلەمانی بەغدا هەیە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان (...) كە نەكرا بە ئەندام پەرلەمان چونكە دەبوایە بەلانی كەمەوە بروانامەی شەشی ئامادەیی هەبێت، لەهەرێم بەرپرسانێك بروانامەكەیان بۆ ساختە كرد بۆ ئەوەی ژبكریتە ئەندام پەرلەمان لەبەغدا. راگر هەبوە لەزانكۆیەكی هەرێمدا، دەرچووی ئەوروپای رۆژهەلات كە بروانامەكەی هاوتا نەكرابوو.بەدەیان بروانامەی ساختە تەنانەت لەهەرێمەوە بۆ ئەوروپا دروست كراوە.

بروانامەیەكت لە گیرفاندایە كە ساختەیە
ئەوەی بەلای منەوە سەیرترە ئەوەیە ئەم كەسانە ویژدانیان چۆن قبول دەكات بروانامەیەكیان لە گیرفاندایە كەبەهیمەتی زانستی خۆیان بەدەست نەهاتوە،و غەدریشە لەزانست ولەهاورێكانی تریان دەیكەن. داخۆ كەسێك چۆن بروانیتە جیهان كە ببێتە پارێزەرو لەوانەیە رۆژگارێك بیكاتە دادوەر،پزیشكیك دواتر عیادەیەك دابنێت و نەشتەرگەری مرۆڤ بكات بەلام بروانامەكەی ساختەیە و لەبنەرەتدا پزیشك نیە یان دادوەرەكە فەرمانی كوشتن یان چەندین سال زیندانی بەسەر تۆمەتباریكدا ئەدات بەلام لەبنەرەتدا یاسایی نیە چونكە بروانامەكەی تەزویرە...تاد. ئەی ئایا دەسەلاتێكی سیاسی دەولەت و هەریمێك چۆن پیناسە بكرێت، سەرۆكی زانكۆیەك، یان وەزیرێك یان... كە ئەم راستیانە دەزانن و هیچیش ئەنجام نادەن.دوبارە دەپرسم بۆچی؟ بەرێز مام جەلال لەپرۆژەكەیدا بۆ ریفۆرم وجیاكردنەوەی حیزب وحكومەت لەیەكتر باسی لە زانكۆو پەیمانگاكانیش كردوە، هیوادارم ئەمجارەیان نیەتەكە جدی بێت. داوادەكەم لەهەردوو لیژنە نوێكەی هەولیرو لیژنە هەلوەشاوەكەی ئێمە لەسلێمانی بەهۆی ئەزمونمانەوە لیژنەیەكی نوێ پێكبهینیرێت بۆ پیداچونەوە بەبروانامەكاندا پیشەكی لەهەردوو پاریزگاكە. ئەنجامنەدەران و ریگرانی ئەم پرۆژەیە خۆیان لیپرسینەوەی كۆتایی دەبێت هەلبگرن.

رێگای داواكاری گشتی گیراوەتە بەر
بەناچاری ریگای داواكاری گشتیم گرتە بەر و بەلگەنامەو نوسراوە پیویستیەكانم دانی بەهیوای ئەوەی ئەمان ریگای یاسایی بگرنە بەر. ئەگەر ئەم دەزگایەش هەنگاوی گونجاوی نەنا ئەوا ئەمەیش تیستیكی تر دەبیت بۆ سروشتی سیستەمەكە لەهەریمی كوردستان. تەنانەت ئیستە كەهەلبژاردنیش لەپیشە دەسەلات ئامادەی لیكۆلینەوەو ئیجرائات نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە