ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

کوشتنی ژیان له‌ سوید

Monday, 11.22.2010, 12:00

1429 بینراوە


دیسانه‌وه باوکێکی کورد له‌ وڵاتی سوید کچه‌که‌ی ده‌کوژێ به‌ بیانوی پاراستنی شه‌ره‌ف، له‌ به‌یانی رۆژی دوشه‌ممه له‌ 16/11 به‌تاوانی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ دڵی باوکی نه‌جوڵاوه‌ته‌وه.

له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردو هه‌واڵه‌کانی میدیای سوید رایانگه‌یاند، که‌ ژنێکی گه‌نج به‌ چه‌قۆ کوژراوه‌ و پیاوێکی ته‌مه‌ن 62 ساڵه‌ خۆی داوه‌ته‌ ده‌ستی پۆلیس، به‌ڵام رۆژی چوارشه‌ممه‌ زۆر به‌ ئاشکرا روداوی کوشتنه‌که‌‌یان خسته‌ڕو. ئه‌و ژنه‌ گه‌نجه‌ ناوی ژیانه‌ و ته‌مه‌نی 21 ساڵ بوه‌. ژیان له‌ ساڵی 2007 شوی به‌ که‌سێکی کورد کردوه‌، که‌ یانزه‌ ساڵ له‌خۆی گه‌وره‌تر بوه‌، ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌دا نه‌گونجاوه ‌و له‌ مانگی پێنجی ئه‌مساڵدا جیابۆته‌وه‌‌. ژیان مناڵێکی ته‌مه‌ن دو ساڵه‌ی هه‌یه‌ و ئێستا ئه‌و مناڵه‌ له‌لایه‌ن کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ چاودێری ده‌کرێ.

دوا کاری ژیان پێش ئه‌وه‌ی باوکی په‌لاماری بدات، ئه‌وه‌ بوه‌ که‌ کوڕه‌ دو ساڵه‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێته‌‌ باخچه‌ی مناڵان و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، باوکی له‌سه‌ر پلیکانه‌کانی ناو باڵه‌خانه‌که‌ به‌ر چه‌قۆی ده‌دا و ده‌یکوژێ، باوکه‌که‌ ئێستا ده‌سگیرکراوه‌ به‌ تۆمه‌تی کوشتنی ژیان، بۆ خۆشی دانی به‌تاوانه‌که‌دا ناوه‌. به‌پێی وته‌ی پارێزه‌ری باوکه‌که بو یوهانسۆن ئه‌و پیاوه‌ وتویه‌تی کچه‌که‌م ماوه‌یه‌که‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رگه‌وره‌یی منی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و به‌پێی ئاره‌زوی ئه‌و‌ نه‌جوڵاوه‌ته‌وه‌.

له‌ رۆژنامه‌ی ئافتۆن بلاده‌ت-ی رۆژی هه‌ینی 19ی نۆڤه‌مبه‌ر سێ برای ژیان به‌ وێنه‌وه‌ چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کراوه‌ هه‌ر سێکیان ئه‌ڵێن ئێمه‌ له‌ باوکمان خۆشنابین و که‌ ژیانی خوشکی کوشتوین، ئه‌و کاره‌ی کردویه‌تی که‌س ئاگای لێنه‌بوه‌.

‌پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌‌ یه‌کگرتوه‌کان بۆ کوشتن به‌ بیانوی ناموسه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ دڕنده‌ترین تاوانی ناو ده‌بات که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ژندا ده‌کرێ له‌ وڵاتانێکی زۆری دنیا، کورد یه‌کێکه‌ له‌و گه‌لانه‌ی که‌ زۆر به‌ئاشکرا له‌ هه‌مو به‌شه‌کانی کوردستان و کورده‌کانی نیشته‌جێی وڵاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. که‌ کولتوری نانوسپه‌رستی به‌شێکه‌ له‌ کولتوری کوردی شتێکی حاشا هه‌ڵنگره‌، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی کارێکه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌شێک له‌ مرۆڤه‌کان ده‌کرێ که ‌خاوه‌ن مافه هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆی نییه‌، وه‌کو بڕیاری هاوسه‌ر هه‌ڵبژاردن، جیابونه‌وه‌، کارکردن، خوێندن، جل پۆشین، مناڵ دروستکردن... بۆیه‌ کێشه‌ی ناموسپه‌رستی نه‌کراوه‌ته‌ کێشه‌یه‌کی زه‌ق که‌ به‌به‌رده‌وانی کاری له‌سه‌ر بکرێت، له‌به‌رنامه‌ی خوێندندا بخرێته‌ڕو. له‌ دانیشتگاکاندا لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وانی له‌سه‌ر بکرێت، لایه‌نیکی تر ئه‌وه‌یه‌‌ هیچ کاتێ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌کانی کوردا کێشه‌ی ناموس نه‌بۆته‌ کێشه‌یه‌کی سیاسی، وڵات په‌رسته‌، پێشمه‌رگه‌یه‌، سیاسییه‌، دیپلۆماته‌، رۆشنبیره‌، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا ناموسپه‌رسته‌!.

ماوه‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر ژنێکی کوردی ته‌مه‌ن سه‌روی 50 ساڵه‌م بینی که‌ له‌ 15 ساڵیه‌وه‌ پیاوێکی به‌ناو "شۆڕشگێڕ" ئازاری له‌ش و روح و‌ ده‌رونی داوه‌، پێی وتم من له‌ماڵه‌وه‌ سه‌دام حوسێنم هه‌بو له‌ده‌رێشه‌وه‌ هه‌ر باسی کوردستانی ده‌کرد و خه‌ڵکی رێزیان لێده‌گرت، ئه‌و ژنه‌ سێ جار هه‌وڵی خۆکوشتنی دابو، به‌ هه‌زاره‌ها ژن هه‌ن هه‌مو ژیانیان له‌ناو ئازاردا ده‌به‌نه‌سه‌ر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنن و کۆمه‌ڵگا کۆمه‌ڵگای پیاوه‌و کولتوره‌ باوه‌که‌ش تا سه‌ر ئێسقان بێ ره‌وایه ‌و مرۆڤی وه‌کو باوکی ژیانی تیا دروست ده‌بێت، که‌ بتوانێ کارێکی له‌و جۆره‌ وه‌حشه‌تناکه‌ ئه‌نجام بدات، لێره‌وله‌وێ ناو ژماره‌ی کوشتنه‌کان به‌ بیانوی نانوسه‌وه‌ هه‌ر ده‌چنه‌ سه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر تائێستا له‌ وڵاتی سوید باس له‌ فادیمه‌ و پێلا ده‌کرا ئه‌وه‌ ناوی ژیانش چۆیه‌ پاڵی، بۆ زۆرێ له‌ خه‌ڵکی کورد له‌ سوید کوشتنی ژیان دیسانه‌وه‌ تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆره‌یه‌ که‌نرا به‌ خه‌ڵکی کورده‌وه‌ له‌دوای کوشتنی فادیمه‌ له‌لایه‌ن باوکیه‌وه‌، که‌ کورد خه‌ڵکانێکن کچی خۆیان ده‌کوژن، من ئه‌ڵێم لێ گه‌ڕێن با ئه‌و مۆره‌ هه‌ر بمێنێ تا ئه‌و رۆژه‌ی وشه‌ی ناموس و شه‌ره‌ف په‌یوه‌ندی به کچان و‌ ژنانی کورده‌وه‌‌ نامێنێ. تا ئه‌و رۆژه‌ی باوک و براکان ئه‌وه‌ی به‌ ره‌وای ده‌بینن بۆ خۆیان بۆ کچ و خوشک و هاوسه‌ریشیان به‌ ره‌وای بزانن.‌

بۆ ژیانی زۆرلێکراویش که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌ جوانه‌وه‌‌ ژیانی لێسه‌نرایه‌وه‌ و دایک و مناڵیکیشیان بۆ هه‌تاهه‌تایی لێکجودا کرده‌وه‌، ده‌ڵیم: شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌و تێڕوانین و نه‌ریته‌ی که‌ وایلێکردی... شه‌رمه‌زاری...


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)