قوبادی جەلیلزادە، (خودا پشووی)دا

Tuesday, 15/02/2011, 12:00

1622 بینراوە


یەك دوو هەفتەى پێشوو كتێبێكی شیعریى قوبادی جەلیلزادە لەبازارەكانی هەولێر لەسەر دەستی ئاسایش پێچرایەوەو مەلایەكیش لەولاوە كەوتە گیانەڵڵا كێشانی خاوەنەكەى و بە كافرو زەندیق وتارێكی هەینی بۆ تەرخانكرد، ئا ئەوەیە تاوانە گەورەكە هەینی رۆژێكی پیرۆزە كەچی ناپیرۆزیی تێدا بەئەنجامدەگەیەندرێت.
ئەوەى هەندێ لەمەلاكان بەرامبەر قوبادەكەمان ئەنجامیاندا كوفرێكی گەورە بوو، ئەگەر ئەو شیعرەى قوباد كوفر بوبێت، ئەوا زەمكردنی قوباد لەقووبەى مزگەوتەكانەوە هەزار جار كوفرەو لاى خوداكەى هەموومان قبوڵنەكراوە، بۆیە ئێستاو لەدواى زەمكردنی مەلاكان، خودا لەداخی ئەو مەلایانە بێزار بوو و بە یەكجاری پشوویدا.
باشترین كردەیەك ئەوەیە كە ئەو مەلایانەو نموونەكانی بچن لەبری كوفراندنی قوباد، هیقەی بەدرا حەبیب بگرن كە وتى "پارتی لا شریك له"، بچن زەڕرەیەك لەسەر مەحەمەدی مەلا قادری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی قسە بكەن كە وتی "پێویستە هەموو كورد رووبكاتە پارتی و نوێژی بۆ بكات"، زۆر مەردانەترە كە ئەو مەلایانە بتوانن بڵێن بەرپرسی لقی 15ی پارتی سەرت یای لەبەرد كە وتبووی "ئەوەى باسی بارزانی بكات دەبێت یەكەمجار دەستنوێژ بگرێت و روو بكاتە قیبلە ئینجا ناوی بهێنێت"، ئادەى مەلا حەقیقییەكانی داكۆكیكار لەخودا بۆ بەرامبەر ئەو حزبەو ئەندامەكانی زمانتان بڕاوەو نەتانوێرا یەك رستە لەسەریان بوەستن، كەچی دڵی قوبادەكەمان لێ زوویر دەكەن.
چی بكەین ئێوەی مەلاكان تەنها پیتێكیش لەفەلسەفەو ئەداو وێنەى شیعر تێناگەن و كۆڵەوارن لەتەفسیركردنی، ئێوە تەنها وشەكان بە سادەیی دەخوێننەوە، بۆیە حەقمە كە دەڵێم ئێوە موسوڵمان نین بەڵكو موسوڵمان كوژن، ئێوە خواپەرست نین بەڵكو خوا رەنجەرن، ئێوە مرۆڤ نین بەڵكو مرۆڤ زویركردەن لەخودا، ئێوە مەلا نین بەڵكو مەلا ناشریندەن و ناوی مەلا رەش دەكەن، ئێوە جەلیلزاد نین بەڵكو جەلیلزادەكانمان دەكوژن دەسوتێنن دەتۆرێنن.
ئەى ئەگەر ئەو مەلایەی كە فەتواى كوشتنی قوبادی زادە دەردەكات و هانی خەڵكە رەشوڕووتەكە دەدات بۆ سزادانی، چی بە مام فەرجەكەى گوندی دوانزەئیمام دەڵێت وەك باسی دەكەن كەسێكی زۆر توڕە بووەو ئەگەر ئێستا لەژیاندا مابا كە "رۆژێك لەسەر خەرمان درۆێنەى كردووەو لەكاتی پشوودا ویستوویەتی جامێك دۆ بە نانەوە بخۆات، كەچی باوتۆزو گەردەلول هەڵیكردووەو چەند جارێك خۆڵ و پووشی كرووەتە جامە دۆكەیەوە، ئەویش توڕە دەبێت و بە هەردوو دەستی ماستاوەكە پڕ دەكات لەخۆڵ و پووش و دەست بەرز دەكاتەوەو بە خودا دەڵێ (دەى تێر بخۆ) ئیتر وازم لێ بێنە"، ئایا حوكمى ئەو پیاوە لای ئەو مەلایە چی دەبوو؟.
باشە لەو مەلایەو هەمەجۆرەكانی دەپرسم ئەگەر پەیكەری فیرعەونییەكان لەكوردستان بوایە چ دەوت و چ دەكرد؟، لەكاتێكدا لەوڵاتی میسری عەرەبی ئیسلامی هەزاران ساڵە ئەو پەیكەرانە پارێزراوەو وەكوو چاوی خۆیان بەرگری لەمانەوەى دەكەن، پێویستە ئەو ملایانەو موسوڵمانان چیتر لەوە بگەن كە خوا پێویستی بە بەرگریلێكردن نییەو خۆی دەتوانێت بەرگری لەخۆی بكات، چونكە ئیرادەی ئەو لەئیرادەى مرۆڤەكان گەورەترە، بەڵكو خوا پێویستی بە بڵاوكردنەوەى دادپەروەری و یەكسانی نێوان مرۆڤەكانە.
بەو مەلایەو نموونەكانی دەڵێم بەڕێزانم ئایین بۆ ئەو نییە توندوتیژی بەرهەم بهێنێت، خەڵك هانبدات قوبادو قوبادەكان بكوژن و كتێب و پێنووسەكان مەنع بكەن، ئایین تەنها هۆكاری بەیەكگەیاندنی خوداو مرۆڤەكانە، خوداش پێویستی نییە مەلایەك بەرگری لێبكات، چونكە چونكە وەك مۆكری دەڵێت "خودا مەزڵوم نییە تا مەلایەك بەرگری لێبكات"، لێ منیش هەمیشە وتوومە خودا مرۆڤی دروستنەكرد وەكوو یەك تێفكرن و بیربكەنەوەو هەموو ئیسلامبن، بەڵكو دروستیكردوون ململانێی ژیان بكەن لەپێناو ئەوەى كێ مرۆڤێتی جوان پێشكەش دەكات.
ئاخر حەقە ئەو مەلایە لەخۆی بپرسێت مادام خودا دەتوانێت بە (كن فیكن)ێك عەرزو ئاسمان تەفر بكات، ئیتر چ پێویست دەكات ئەو بە ناوی بەرگرییەوە لەخودا خوێنی قوباد حەڵاڵ بكات و لەولاشەوە پەرلەمانتارە مەعقولەكان فرۆشتنی كتێبەكەى مەنع بكەن، ئەدی بۆ خودی خوا بەو كارە هەڵناسێت؟، مەعقولە خودا بەو گەورەییە پێویستی بە عەبدێكی وەكوو ئەو مەلایە بێت یارمەتی و بەرگری بكات.
با بێینەوە لای لیژنەكەی پەرلەمان كە لەبری ئەوەى لیژنەى ئازادی ئایینی و بیروڕا دروستبكات، لیژنەى مەنعكردنی وشەو كتێب دادەمەزرێنێت، لیژنەى (خودا گوناه و موزڵومە و پێویستی بە بەرگریلێكردنە) دروستدەكات.
ماوەتەوە بڵێم قوبادەكەم پێش شیعرەكەى تۆ خوا پشووی نەدابوو، بەڵام لەپاش خوێندنەوەى جاهلییانەى هەندێ كەس بۆ شیعرەكەت و دوعاكردنی ئەو مەلایە لەجەستەی تۆ، خودا تەواو بێزار بوو و پشوویدا.
تێبینى/ رۆژنامەى چەتر ئامادە نەبوو ئەم وتارە بڵاو بكاتەوە، منیش دەڵێم بەڵێ بۆ ئازادكردنى فیكرو راى رۆژنامەو راگەیانەكانى باشورى كوردستان..
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە