یادی ئەنفال یان بانگەشەی"‌هەڵبژاردن"

Monday, 14/04/2014, 12:00

2018 بینراوە






ڕۆژی یەکشەممە بەرواری ١٣/٠٤/٢٠١٤ گوایە لە شاری (دانهاخ)ی وڵاتی هۆڵەندا یادێک بۆ ئەنفال ساز دەکرێت. لای هەموو تاکێکی کورد ئەوە ڕوون بۆتەوە کە حیزبە کوردی یەکانی باشووری کوردستان هەرچی یادی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە کردوویانەتە قوربانی حیزب و سەرجەم ئەو نەهامەتی وکارەساتانەی کە بەسەر کوردا هاتووە لەو بەشە وەکو کارتێک بەکار دێنن بۆ بەهێز کردنی حیزبەکانیان.
یاد کردنەوەی ئەنفال دەکرێت ساڵانە مێزگرد و سەمیناری گەورەی لە سەر بکرێت و شیکردنەوەی تێر و تەسەلی لە سەر بکرێت هەوڵ بدرێت کە ئەم کارەساتە لە دادگای نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت نەک بە حیزبی بکرێت و بچووک بکرێتەوە بۆ تاقم و دەستەیەک و بە کار بهێنرێت بۆ بەرژەوەندیەکانی حیزب.
لەم گردبوونەوەیەی شاری دانهاخدا ئەوەی کە بووە جێگای شەرمەزاری و سەرسووڕمانی کۆمەڵێک کەس کە یەکێک لەوانە خۆمم، ئەوەیە لە دوای قسە کردن و وتووێژ لە سەر ئەنفال، بوو بە شایی و هەڵپەڕکێ و هەلهەلە کێشان و زووڕنا لێ دان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کاندیداتەکانیان!! بە ڕاستی جێگای شەرمەزارییە کە ئەمە ڕووی دا!!
کادیران و بەرپرسانی حیزبەکان ئەبێت ئەو ڕاستی یە باش بزانن کە ڕاستە ئەنفال لە سەر دەستی ڕژێمێکی فاشیست و خوێن ڕیژ ڕووی داوە بەڵام ئەوانیش بەرپرسی یەکەمن لەو کارەساتانەی کە بەسەر خەڵکی کوردا هاتووە لەو بەشەی کوردستان، ئەوان دارودەستەی شۆڕشی چەواشە بوون، ئەوان هۆکارێک بوون بۆ بەدەستەوەدانی بەهانەیەک بۆ ئەو ڕژێمە خوێن ڕێژە بە بە ئارەزووی خۆی بکوژێ و ببڕێ. ئەگەر دادگاییەک بکرێت دەبێت ئەوانیش باجی سەرجەم هەڵەو خیانەتەکانی خۆیان بدەن و دادگایی بکرێن.
لە کۆتاییدا تەنها دەتوانم بڵێم دەک لەوە شەرمەزار تر بن، بە ڕاستی هیچتان پێ عەیب نیە، هیچ نەماوە نەیکەن بۆ مانەوەی کورسی یە ڕزیوەکەتان، داوەشێن بۆ خۆتان و بۆ ئەو ڕێز گرتنەتان لە ئەنفال و گەرمییانییەکان، ئێوە ئەگەر خەمی ئەنفالتان بوایە کاوەتان بە بەرچاوی دایکییەوە غەڵتانی خوێن نەدەکرد، هەر خۆتان بە خۆتان بن،قوڕتان بەسەر بۆ کوێ ئەچن؟؟




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە