کوردستانپۆست سێ برای جافیی به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنێت

Sunday, 08.26.2012, 12:00

3563 بینراوە


په‌یامنێری کوردستانپۆست 4/ که‌رکوک
سه‌عید جاف به‌عسیی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی پێشووی سه‌رده‌می به‌عس له‌ به‌غدا، کاتێک ده‌مرێت سه‌ددام حسێن له‌ به‌ر وه‌فای بۆ ئه‌م به‌عسییه‌ دڵسۆزه‌، کوڕه‌که‌ی ده‌هێنێت، که‌ ناوی سامی سه‌عید جافه‌ و ده‌خاته‌ شوێنی باوکیی و ده‌بێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان. سه‌عید جاف چوار پێنج کوڕی له‌ پاش خۆی جێماوه‌: (سامی، روشدی، حیلمی، فه‌همی، عه‌بدولقادر).

سامی جاف
سامی سه‌عید جاف به‌عسییه‌کی تۆخ بوو، له‌ سه‌رده‌می سه‌ددامدا ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بوو، معتمد و مه‌سئولی ئه‌منی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداد بووه‌. ئه‌م پۆسته‌ پله‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌ بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا. که‌م کورد هه‌بوو، که‌ سه‌ددام متمانه‌ی پێکردبێت و له‌ شوێنی هه‌ستیاری وادا دایبنێت، وه‌ک ئه‌من و ده‌سه‌ڵاتدارێکی به‌عس ئه‌و متمانه‌یه‌ی پێکردبێت، سه‌دام به‌م بنه‌ماڵه‌ جافه‌ی کرد.

ئیستا سامی جاف بۆته‌ سوسیالیست و له‌ حیزبه‌که‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموددا کار ده‌کات. نوێنه‌ری کاروباره‌کانی کاکه‌ حه‌مه‌یه‌ له‌ به‌غداد لای مالکی.

روشدی جاف
روشدی سه‌عید جافیش برای سامیی و کوڕی سه‌عید جافه‌، له‌ هه‌ره‌ که‌سه‌ نزیکه‌کانی عوده‌ی بوو، عوده‌ی زۆر متمانه‌ی پێی بوو، روشدی جاف موعته‌مدی عوده‌ی بووه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌تایبه‌تیی زنجیره‌ی په‌یوه‌ندیی (حلقه‌ی وسل) بووه‌ له‌ نیوان عوده‌ی و جه‌مال موباره‌ک (کوڕی حوسنی موباره‌ک)، کاتێك ئه‌مه‌ریکا عیراق داگیرده‌کات و کوڕه‌کانی سه‌ددام راده‌که‌ن بۆ موسڵ، ته‌نها سێ چوار که‌س له‌ هاوڕێی و که‌سه‌ نزیکه‌کانی ده‌مێنێته‌وه‌، که‌ زۆر متمانه‌یان پێده‌که‌ن، یه‌کێک له‌وانه‌  روشدی جافه‌ بووه‌.
دوو رۆژ پێش گرتنی به‌غدا، عوده‌ی نزیکه‌ی چوار ملیار دۆلار له‌ بانکی مه‌رکه‌زی به‌غدا ده‌رده‌هێنێت، به‌شێک له‌و پاره‌یه‌ ده‌دات به‌ روشدی جاف، ئه‌مه‌ له‌ ساڵی 2003دا، که‌ مه‌سئوله‌ کورده‌کان، به‌ تایبه‌تیی (مه‌سعود و جه‌لال) هێشتا گیرفانیان پڕ نه‌بووبوو له‌ دۆلار و له‌ پاره‌ی نه‌وت. روشدی بۆ ماوه‌یه‌ک خۆی ون ده‌کات و ده‌چێته‌ میسر، پاش بینینی جه‌مال موباره‌ک، به‌ پاره‌ و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی سیاسیی و بازراگانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق و کوردستان، به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌م روشدییه‌ خۆی له‌ پارتی و له‌ یه‌کێتیی نزیک ده‌کاته‌وه‌، ده‌توانێت کۆمپانیای (عادل المتحده‌) دروست بکات، که‌ بنکه‌که‌ی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌بێت، وا ده‌نگ هه‌یه‌، روشدی جاف بڕێک له‌و پاره‌ زۆره‌ی عوده‌ی که‌ که‌وتۆته‌ لای و شانی پیاکردووه‌، ده‌یدات به‌ به‌رپرس و سه‌رکرده‌ کورده‌کان.
سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌ کوردستانپۆستی راگه‌یاندن، ئه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌ ناناسن و سه‌ریان سوڕده‌مێنێت، که‌ ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ناشرینه‌ بازرگان و سیاسیانه‌ی کورد چۆن هه‌ڵتۆقین، ئه‌مه‌ با بخوێنێته‌وه‌ و بزانێت، ئه‌و وڵاته‌ چ کاره‌ساتێکه‌، دز و ناپاک و خائینه‌کان ته‌راتێنی تێداده‌که‌ن و پاره‌به‌ده‌ست و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن، بنه‌ماڵه‌ی سعید جاف، که‌ که‌رکوکین، لێره‌وه‌  دروست بوون. هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ئه‌م کابرایه‌ له‌وێوه‌ بووه‌. شایانی باسه‌ ئیستا روشدی پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ش ده‌کات و لای بازرگانێکی سلێمانی وتوویه‌تی: من سه‌رۆک وه‌زیرانی داهاتووی عێراقم.

عه‌بدولقادر هه‌م(جاف) و هه‌م (تاله‌بانی)
عه‌بدولقادر جافیش که‌ ناوی خۆی کردووه‌ به‌ عه‌بدولقادر تاله‌بانی
ئه‌میان کوڕه‌ بچوکی سه‌عید جافه‌، کاتی خۆی له‌ به‌غدا دوکانی موبایل فرۆشتنی هه‌بووه‌،  له‌ ژێریشه‌وه‌ وه‌کو جاسوس کاری بۆ موخابه‌راتی عێراق کردووه‌.
دوای نه‌مانی رژێمی به‌عس، روشدی برای کۆمه‌ڵیک پێشنیاری بۆ ده‌کات و بڕێک پاره‌ی باشی ده‌داتێ، ده‌ڵێن له‌ رێگای عه‌بدولقادره‌وه‌ خۆی له‌ یه‌کێتیی نزیک کردۆته‌وه‌ و چاوی به‌ جه‌لال تاله‌بانی که‌وتووه‌، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی عوده‌ی له‌ ساڵی 2003 و 2004 که‌ داویانه‌ به‌ تاله‌بانی ئه‌م بۆی بردووه‌، له‌وێوه‌ دۆستایه‌تیی و په‌یوه‌ندیی ئه‌م بنه‌ماڵه‌ جافه‌ له‌گه‌ڵ تاله‌بانییدا به‌هێز بووه‌.
جگه‌ له‌وه‌ هه‌ندێک زانیاریی و ئه‌زموونی خۆیان له‌ سه‌ر به‌عس و به‌عسییه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ یه‌کێتیی داوه‌.
له‌ دانیشتنێکدا داوا له‌ تاله‌بانیی ده‌کات، که‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی و وه‌فای بۆ بنه‌ماڵه‌ی مامه‌ جه‌لالی، رێگای بدات، ناسنامه‌ و له‌قه‌بی تاله‌بانی له‌ خۆی بنێت، تاله‌بانیش به‌ خۆشییه‌وه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ی لێوه‌رده‌گرێت و ده‌ڵیت ئه‌تۆ له‌مڕۆوه‌ کوڕی ئێمه‌یت و له‌ عه‌شره‌تی تاله‌بانیت. له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌ عه‌بدولقادر تاله‌بانی ئه‌و ناوه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌نێت و ئیتر ده‌ستکراوه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو کارێکی ناشرینی کۆمه‌ڵایه‌تیی، پێشێلکاریی یاسایی و کاری نابه‌جێ، شتی ناشرین ئه‌نجام ده‌دات و زۆری لێده‌گێڕنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ وه‌ک ژنهێنانی کچێکی سنه‌یی، که‌ له‌ داخوازییه‌که‌دا به‌ خوشکه‌زانی تاله‌بانی خۆی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات، دوای ماوه‌یه‌ک که‌ ژنه‌که‌ ده‌زانێت ئه‌مه‌ راست نییه‌ و کۆمه‌ڵێک شتی ناشرینی کۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌بینێت وه‌ک مێردێک هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌لدا ناکات، ناچار له‌ ترساندا له‌ ده‌ستی هه‌ڵدێت و خۆی ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌م رووداوه‌ له‌ رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کاندا (ئاوێنه‌ و هاوڵاتی) بڵاوکرایه‌وه‌. هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک کاری دیکه‌ی لێرووداوه‌، که‌ لێره‌دا شایانی باسکردن نیین.

ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ که‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ به‌ گاڵته‌ و پێکه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێت، سامی جافی برای روشدی و عه‌بدولقادر، که‌ له‌ هه‌موویان سیاسییتر و به‌ ئه‌زموونتر بووه‌، ئه‌و چۆن چۆته‌ لای حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود و نه‌چۆته‌ لای پارتی؟ ئه‌گه‌ر بچوایه‌ته‌ لای بارزانی، ره‌نگه‌ ئه‌میش داوای له‌ مه‌سعود بکردایه‌ که‌ ده‌یه‌وێت نازناوی بارزانی له‌ خۆی بنێت، له‌ سامی جافه‌وه‌ بیکات به‌ سامی بارزانی؟

ئه‌مڕۆ ئه‌م سێ برایه‌ له‌ دوای نه‌مانی به‌عس خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کورییدا گونجاندووه‌، وه‌ک سه‌رچاوه‌که‌ ده‌ڵێت، ئه‌مانه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا بۆیان لوواوه‌ و ئه‌سپی خۆیان تاوداوه‌.