KURDISTANPOST
3 پارت
با بە یەکڕیزی و کۆدەنگی چۆک بە ڕێژیمی داگیرکەری تاران دادەین
Friday, 20/05/2011, 12:00
999
بینراوە
3 پارت کۆمەڵانی خهڵکی ئازا و نەبەزی کوردستان!
ڕێکخراوە سینفی و مەدەنیەکانی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤ دۆستەکانی جیهان!
ڕۆژی ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧١١ هەواڵی سەپاندنی حوکمی ئیعدام لە لایەن بەرزترین دهزگای بەنێو قهزایی ڕێژیمی داگیرکەری تاران بۆ جارێکی دیکە بەسەر بەنداکراوی سیاسی کورد ''حەبیبوڵا لەتیفی'' دا سەپێندرایەوە، هەرچەندە هەتا ئێستا"ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیندراوە" ڕۆژی بەڕێوەبردنی ئەم حوکمە زاڵمانەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئاخوندیەوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە دەسەڵات دارانی ڕێژیم هیچ بەزەییەکیان بە گیانی لاوانی کورد دا نایەتەوە و لە هەر کاتێک دا ئەگەری ئیعدامی ئەو لاوە کوردە و بەندکراوانی دیکەی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیم لە ئارادایە.
وەک هەموو لایەک ئاگادارن؛ لە مانگی دێسامبری ڕابردوو و لە ژێر گوشارە نێوخۆیی و دەرەوەییەکان دا توانرا پێش بە بەڕێوە بردنی حوکمی ئیعدامی سەپێنراو بەسەر حەبیبوڵا لەتیفی دا بگیرێت، بەڵام ئەمڕۆ بۆ جارێکی تر دەزگای بەنێو قەزایی ڕێژیمی داگیرکەری تاران حوکمی ناڕەوای ئیعدامی بەسەر ئهم بەندکراوە سیاسییه کورده دا سەپاندۆتەوە.
ههر وهک له ڕابردوو دا و بە نیازی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی حهبیبوڵڵا لهتیفی و شێرکۆ مەعارفی دا بینرا، دژکردەوە و ئیعتیرازە بێ پسانەوەکانی خهڵک و لایەنە سیاسیی و مەدەنییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەری زۆر ئەرێنیان هەبوو دژ بەم جۆرە تاوانانە؛ و پاشگەز بوونەوەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە سەپێنراوانە دا، کۆدەنگیی ئەم جارەش دەکرێ کاریگەریی زۆر کارای ببێت بۆ بەرگرتن لە سەپاندن و ئەگەری بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە زاڵمانەیەی کە لە لایەن ئەم دەزگا دژە مرۆیی و جەنگەڵیەوە بەسەر حەبیب و چالاکانی دیکەی کورد دا سەپێندراوە.
ئامادهیی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنیەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ نیشاندانی دژکردهوه بهرامبهر به سەپاندنی ئەم حوکمە نا عادڵانەی کە بەسەر ناوبراو دا سەپێنراوە بێ کاریگەر نابێت؛ و گومانی تێدا نییە کە ڕێژیمی داگیرکەری تاران له سەپاندن و تەنانەت بەڕێوەبردنی حوکمەکەش هەر وەک پێشوتر دیتمان پاشگهز دەکاتەوە.
بەرپەرچ دانەوەی پیلانە کورد کوژیەکانی ڕێژیمی داگیرکەری تاران و ئیعتراز دەربڕین دژ بەم حوکمە ناڕەوایە کاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت لەسەر پاراستنی گیانی حەبیب و بەندکراوانی دیکەی کورد لە لایەک، و لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆحی کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هێزتر دەکات.
ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی رێژیمی داگیرکەر دهیانەوێ له ساڵیادی تاوانی لە سێدارەدانی فهرزادی کهمانگهر و هاوڕێکانی دا؛ و هەروەها وەک تۆڵە سەندنەوە لە گەلی کورد بە بۆنەی مانگرتنی یهکگرتووانه و سهرانسهریی ٢٣ی بانەمەڕی خەڵکی کوردستان و چاوترسێن کردنیان؛ حوکمی ناڕەوای ئیعدامی بەسەر حەبیب دا سەپاندووە.
وێڕای مەحکومکردنی ئەم تاوانە سەپێندراوەی دەزگای بە نێو قەزایی ڕێژیمی داگیرکەری تاران بەسەر حەبیبوڵا لەتیفی و گشت بەدکراوانی دیکە، داوا دهکهین لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان، کۆڕ و کۆمەڵە ئازادیخواز و بەشەر دۆستەکان و سەرجەم مرۆڤایەتی؛ گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی داگیرکەری تاران لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ناڕەوای ئیعدامی سەپێندراو بەسەر حەبیبوڵا لەتیفی و سەرجەم گیراوە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان و '' ئێرانی بە زۆر لکێندراو بە یەکەوە'' دا.
بۆ ئەوەی جارێکی تر به ڕێژیمی داگیرکەری تاران نیشان بدەین کە یەکڕیزی و کۆدەنگیمان چۆک بە ڕێژیمی ئاخوندی دا دەدات و ژیانی بەندکراوەکانمان لە مەرگی سەپێنردراو دەپارێزێت، پێویستە بەشدار بین لەم کۆدەنگییە و بە هەڵویستی شۆڕشگێڕانە و لەخۆبوردوانە کار بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە زاڵمانەیە؛ و ئەم جارەشیان ڕووداوی حوکمی ناڕەوای سەپێندراو بەسەر حەبیبوڵا لەتیفی دا بکەین بە هەوێنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان.
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان پادک
پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان
سازمانی خەڵکی کرمانج
٣٠/٢/ ٢٧١١
٢٠/٥/٢٠١١
3 پارت
© 2019- Kurdistanpost