كۆنگرەى نەتەوەیی، هیوایەك بۆ هەمووان.. تكایە چیتر دوای مەخەن

Wednesday, 09/10/2013, 12:00

1530 بینراوە






كۆنگرەى نەتەوەیی هەر ناوەكەى بەبێ ناوەڕۆك یەكڕیزی و یەكهەڵوێستى و خیتابی یەكگرتووی نەتەوەكەمان نیشان دەدات و تەنها و تەنها بەناوهێنان و ناوبردنى نەشتەر ئاسا ناخى ڕەقیب و نەیارانی ڕادەچڵەكێنێ كە بە وریاییەوە تەماشای ئەو كۆنگرەیە بكەن و بزانن بە چ ئاڕاستەیەك دەڕوات؟ تەنانەت دوژمنان تاوەكو ئاو لەدوویاندا بڕوات و بۆیان بلوێ نەخاسمە وڵاتانى دەوروبەر، ئەوا بەرنامەڕێژی بۆ شكست و سەرنەكەوتنى ئەم كۆنگرەیە هەڵدەچنن و پیلانەكانیان وەكو ڕەهەندێكى مێژوویی بە لەباربردن و هەڵوەشانەوەى ئەم كۆنگرەیە پیادە دەكەن.

میللەتى كورد بەهەر چوار پارچە دروستكراوەكەیەوە لەدیرۆكى ڕەوای خۆیدا چەرمەسەرێ و نەهامەتى زۆری بەخۆوە بینیوە و دوژمنە سەرسەختەكانى هەمیشە لەبیری ئەوەدا بوونە چۆن كوردقڕان و سڕینەوەى شوناسی بكەنە سەرجەلەى ئەجێندا درێژخایەنەكانیان و بەبەكارهێنانى تەكنەلۆجیا و كەرەستە سەربازى و دیبلۆماسی و هەواڵگرییەكانى سەركوتى كورد بكەن.

هەڵبەتە هەوڵەكانی نەیاران گەلێ جار بەدەستەجەمعی و هەماهەنگى پەیڕەو كراوە تا بۆیان كرابێ تواناكانیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى مەشخەڵان و بڵێسەى ڕق و تووڕەیی هەر بزویتنەوەیەكى ڕزگاریخواز و شۆڕشگێری كە لەهەر ناوچە و دەڤەر و پارچەیەك هەڵدەگیرسێ، بەپەلە پەلاماری بدەن و زوو بەزوویی كپی بكەنەوە و كاریش بۆ دەستكاریكردنى دیمۆگرافی و دیوەكانى دیكەیان لەپەنای بەناو پڕۆژەى نیشتیمانى و ڕێكەوتنى نێودەوڵەتى كە ماف بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت دەدات بەقوڵایی بیست كیلۆمەتر بۆ ڕاوەدونانى ئەو بزوتنەوانە، بچنە نێو خاكى یەكتر و لەهەموو ڕوویەكەوە ئەگەر وڵاتانى هەرێمایەتى دژ بەیەك كار دەكەن و هێڵێكى سوور لەبەینیاندایە كە لەوەرگرتنى هەر دەرفەتێكدا بەشێوەیەكى ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ پشتگیرى لە نایارانى بەرامبەر نەكەن و دەیكەن، لەم سۆنگەوە بۆ ڕەهەندى دیكەیاندا لەمەڕ دژایەتیكردنى كورد و ئەو ڕێكارانەى ئەزمونى كوردی تێدا نەش و نما دەكات، هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە و بۆ ئەم ئان و ساتە ئامادەن تەواوى ناكۆكیەكانى نێوانیان بەلاوە بنێن و بێن لەسەر مێزى گفتوگۆدا بەرامبەر یەك دابنیشن و كار بۆ لەباربردن و داڕوخانى هەر ئەزمونێك بكەن كە كورد بیەوێ بنیاتى بنێ و داهاتووى لەسەر ڕابگرێ.

كۆنگرەى نەتەوەیی هیوایەكە هەموو لایەكمان بەپەرۆشەوە تێیدەڕوانین و پێمان وایە هەلومەرجی نێو نەتەوەیی بۆ ئەم بارودۆخە هێندە گونجاو و لەبارە، سەركردایەتى سیاسی كورد و ڕۆشنفكران و بیرمەندان، خولەكێك زووتر ئەو هاوكێشەیە بەلایەكدا وەرگێڕن، ئەوە ئەوەندە زووتر كورد بە مافە سروشتى و ڕەواكانى دەگات و لەبازنەى سنوورەكانى داننان بە ڕەوایەتیدا هەنگاوەكانی لەسەربەخۆیی ئەم هەرێمە و پارچەكانى دیكە نزیك دەكاتەوە، ئەمەیش بەلەخۆبردوویی ئەندامانى هەر چوار پارچە دەستكردەكە دێتە دی كە بەگیانى لێبوردەیی و لێك تێگەیشتن و سازش نەكردن لەسەر ڕەهەندە نیشتمانى و نەتەوەیی و سیاسیەكانى ئەم قۆناغەدا كە پێویستە ناسكى گۆڕانكاریەكان لەبەرچاو بگرن و هەمووان وەكو یەك تیم بەیەك ئاڕاستە و لوتكەى ئومێد دەست بخەنە دەستى یەكدی و بەمشوور و ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بەلەپێش دیدەگرتنى بارودۆخی پارچەكانى دیكە، ڕێكەوتنامەیەكى ستراتیژی مێژویی جاڕ بدەن كە ئیدى هەموو تەم و مژی دووبەرەكى و جیا ڕایی لەبابەتە چارەنووسسازەكان بڕەونەوە و لەژێر چەتری پاراستنى یەكڕزی گەلی كورد و یەك پارچەیی بەگیانى بەرپرسێتیەوە جیاوازى لەنێوان پارچەیەك و پارچەیەكى دیكە نەكرێ و تێكڕای ئامانجەكان لەخاڵێكدا كۆ بكەنەوە كە جیاوازى لەبەینى كوردی هەرێمى كوردستان و كوردانى ڕۆژئاوا و ئەوانیتر نەبێ لەدابەشكردنى ئەو كورسیانەى مەبەست لێی وەچنگ خستنى دەستەى باڵابێ، لەوەشدا ئەوەندەى چارەنووسی میللەتەكەمان گەورە و مەزنە، ئەوەندە نابێ هیچ لایەك خۆی وابەستەى كورسی بكات و دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكى گشتى خزمەتگەیاندنبێ بەدۆزى ڕەواى نەتەوەییمان، لەوەشدا جار لەدوای جار بەگوێبیستى دواخستنى كۆنگرەكە لەلایەن لیژنەى ئامادەكارییەوە خەندە و خۆشیەكانمان كاڵ دەكەنەوە كە وردە وردە بكەوینە گومانى ئەوەى ئەو هەمووە دواخستنە بۆ؟ گومانیش لەسەر كۆی پرۆسەكە باش نییە و هەقە چیتر ئەو كۆنگرە پڕ ئومێدبەخشە دوانەكەوێ و دڵی دوژمنان بەخۆمان خۆش نەكەین، بەبەستنى كۆنگرەى نەتەوەیی و سەركەوتنى، دەروازەییەكى تازە بەڕووى ئایندەى نەتەوە بەش مەینەتەكەمان ئاوەڵا دەبێ، تكایە چیتر كۆنگرەكە دوامەخەن و بەرژەوەندی باڵای كوردستان با لەسەرووى هەموو بەرژوەندیەكانەوە دانێین. ..هەر شەكاوەبێ ئاڵای كوردستان و كۆنگرەى سەربەخۆیی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە