مەلا خدر ئەندامی دەستەی راگەیەنەری رەوتی گۆڕینی دیموكراسیی "رەگ" لەرێی ئەم دیمانەیەوە

Wednesday, 17/06/2009, 12:00

2838 بینراوە


دیمانە: ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"
مەلا خدر ئەندامی دەستەی راگەیەنەری رەوتی گۆڕینی دیموكراسیی "رەگ" لەرێی ئەم دیمانەیەوە ئاماژە دەدا بەوەی بڕیاری دەركردنیان لەیەكێتی ناشەرعییەو پاشان سەركردایەتی ئێستای یەكێتی بەناشەرعیی لەقەڵەم دەدات ولەسەر پرسی هەڵبژاردن، دەڵێت رەگ لیستی نابێت بەڵام دەنگ دەدەن بەلیستێك دەدەن گۆڕان بكات، دواتر دەڵێ مەرجمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردایەتی ئێستای یەكێتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەركردنمان وهێنانەدی ئەو داواكارییانەیە لەراگەیاندنی رەگدا بڵاومانكردۆتەوە. 
ستیڤان: بارودۆخی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، تا ئەو ئاستەی فەرید ئەسەسەرد رایدەگەیەنێت چاوەڕوانی دوو یەكێتی بن، بێگومان مەبەستی یەكێتییەكە بەسەرۆكایەتی مام جەلال ویەكێتییەكی تر بەسەركردایەتی كاك نەوشیروان. بەبۆچوونی ئێوە ئایا یەكێتی بەرەو پارچە پارچە بوون دەڕوات یاخود بەپێچەوانەوە هەموو گروپەكان بەرژەوەندیی یەكێتی دەخەنە سەرو هەموو شتێكەوە بەوەی سەرباری هەر ناكۆكیی وبۆچوونێكیان یەكگرتووی ریزەكانی یەكێتی دەخەنە پێش هەر شتێكەوە؟.
مەلا خدر: ئەو وەزعەی یەكێتی تێكەوتووە هەموو لەئەنجامی هەڵەی تەوەری دەسەڵاتدارانی یەكێتییەوەیە. چەندین جا چ بەتاك وچ بەكۆمەڵ دەستپێشخەریی باشكراوە بۆ باشكردنی وەزعی یەكێتی. بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان پڕۆژەی باش پێشنیار كراوە بەڵام دەسەڵاتدارانی ناو یەكێتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت وبنەماڵەیی خۆیان هەموو ئەو هەوڵە دڵسۆزانەیان پشتگوێخستووەو ئاوڕیان لێنەداوەتەوەو بگژە دژیشی وەستاونەتەوە. تا وایلێهات چ لەناوەوە چ لەدەرەوەی یەكێتی بەزەقیی ناكۆكی وئاڵۆزیی وگیروگرفتەكان بەروونی دەبینن. ئێمەش وەك رەگ هەوڵی ئەوەماندا یەكێتی بخەینەوە شاڕێی خەباتی خۆی. گۆڕینی وەزعی یەكێتی چ بەباشی چ بەرەو خراپتریی بەندە بەو سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی ناو یەكێتی پەیڕەوی دەكەن، لەبەرئەوە هیچ گرەنتییەك نییە یەكێتی تاسەر بەیەكپارچەیی بمێنێتەوە، چونكە بەلای دڵسۆزانی گەلەوە، كورد وبەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بەتایبەتی وگشت حیزبە كوردستانییەكانە. چونكە حیزب ئامڕازی هێنانەدی ئامانجەكانە. جالەبەرئەوە ئەوە هەموو سیناریۆكان كراوەن، بەڵام لەدواشیكردنەوەدا پەیوەندیی بەو سیاسەتەوە هەیە دەسەڵاتدارانی یەكێتی پەیڕەوی دەكەن. 
ستیڤان: دیتنێك پێیوایە رەوتی گۆڕینی دیموكراسیی "رەگ" رووەكی تری باڵی ریفۆرمە كەنەوشیروان مستەفا سەرپەرشتیی دەكات، ئایا تاچەند ئەو بۆچوونە نزیكە لەراستییەوە رەگ كارتێكی تری گووشاری باڵی ریفۆرمە بەسەر باڵی خەتی گشتییەوە؟. ئایا پەیوەندیی رەگ بەباڵی ریفۆرم وخودی نەوشیروان مستەفاوە چییە؟.
مەلا خدر:ئێمە وەك رەگ خۆمان راگەیاندووە بەمەبەستی سەرەكی باشكردنی وەزعی یەكێتی ولەو رێگەیەشدا چاكسازیی لەسیستمی حوكمڕانیی كوردستاندا، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە خاڵی هاوبەش لەنێوان ئێمەو كاك نەوشیروان وئەو برادەرانەی باڵی ریفۆرمیشدا هەبێت. ئێمە پەیامی خۆمان هەیەو پەیامەكەشمان بەئاشكرایی راگەیاندووەو دەمانەوێ گۆڕانی بنەڕەتی لەسیاسەت وپەیام وپێكهاتەی یەكێتی ئەنجام بدەین، بەو ئاقارەدا كە لەخزمەت وبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێت. گومانی تێدا نییە خاڵی هاوبەش لەنێوان ئێمەو خەڵكانی تریشدا دەبینرێت، بەگوێرەی گۆڕان وهەلومەرجەكانیش جۆری پەیوەندیی وشێوازی كاركردنمان هاوتەریب دەبێت. 
ستیڤان:تێبینی دەكرێت رەگ زۆرتر لەناو رێكخستنەكانی دەرەوەی وڵاتی یەكێتیدا بەهێزە، بەپێچەوانەوە لەناوخۆی كوردستان رەگ دەنگێكی زۆركزە، پێتوایە رەگ لەو دوورییەوە قورساییەكی وەك ئەوەی باڵی ریفۆرم دابنێت لەسەر سیاسەتی گشتیی یەكێتی؟ ئایا رەگ پلانی چییە بۆئەوەی لەناوخۆی وڵات بەهێزبێت بەتایبەت لەم سەروەختە پڕ كێشمەكێشەی یەكێتی نیشتمانییدا؟.
مەلا خدر: هێزو توانای رەگ لەكوردستان هەر لەسەرەتاوە زۆرباش بوو، خەڵكێكی زۆر لەپلە جیاجیاكانی یەكێتی ودەرەوەی یەكێتی لەگەڵ رەگ بوون، هەندێك لەوانەش قەت لەناو هیچ حیزبێك كاریان نەكردووە. لەو رۆژەوەش راگەیاندنەكەمان راگەیاندووە، سەدان ئەندام وكادێری یەكێتی تر بەتەلەفۆن وئیمێل پەیوەندییان پێوە كردووین وپشتیوانی خۆیان بۆ ئامانجەكانی رەگ دەربڕیوە. خەڵكێكی زۆر تەنانەت ئامادەن بەئاشكرا وەك ئەوانەی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئوسترالیا، پشتیوانی خۆیان بۆ رەگ دەربڕن، بەڵام ئێمە پێمان باشنەبوو ئەوە بكرێت. چونكە نامانەوێ تەوەری دەسەڵاتداری ناو یەكێتی هەمان ئەو رق ونەفەسكورتییەی بەرامبەر ئێمە بەكاریانهێنا لەبەرامبەر ئەوانیشدا بیكەن وببێتە مایەی نانبڕانی خەڵك وتووشی گیروگرفت وژیان تاڵكردن بن. هەر بۆیە نەمانویستووە لەناوەوە شێوازی كاركردنمان وەك دەرەوەی وڵات بێت. 
ستیڤان: هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوەیە، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت بەڵام ئەو هەڵبژاردنە لەئەمساڵ تێپەڕناكات، رەگ چۆن خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئامادە دەكات؟. ئایا بەلیستی تایبەتی خۆی بەشداریی دەكات یان دەچێتە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ لیستەكانی تری وەك لیستی ریفۆرم یان لیستی هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد؟. 
مەلا خدر: ئێمە لیستی تایبەتی خۆمان نابێت وتائێستاش لیستە ئینتخابییەكان ئاشكرا نەكراون، دواتر هەڵوێستی رەسمی خۆمان لەكاتی خۆیدا رادەگەیەنین. خەڵكی كوردستان ئەزموونێكی تاڵیان لەسەر حكومڕانی 18 ساڵی رابردوودا هەیە، چ بەدوو ئیدارەیی وچ بەهاوبەشیش "یەكێتی وپارتی" كەدەسەڵاتیان قۆرخكردووە. دەسەڵاتدارانی كوردستان لەو ماوەیەی حوكمڕانیدا لەدابینكردنی سادەترین خزمەتگوزاریی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان شكستیان هێناوە، لەگێڕانەوەی كەركووك وهەموو ناوچە دابڕاوەكان شكستیان هێناوە، لەئاوەدانكردنەوەی گوندەكان شكستیان هێناوە، خەڵكی كوردستانیان لەكۆمەڵێكی بەرهەمهێنەرەوە كردووە بەكۆمەڵێكی بەرخۆر. لەچارەسەركردنی باروگوزەرانی گەنجان وژنان شكستیان هێناوە، لەپەیڕەوی سیستمێكی ئیداریی، سیاسیی، دارایی، شكستیان هێناوە، لەبەدەزگاكردنی دامودەزگاكانی هەرێم شكستیان هێناوە، لەدەسەڵاتدا شەفاف نەبوونە لەرووی ئیداریی وماڵیی، بڕیاردان لەپشت پەردەوە بووە. ئەم هەموو سیاسەتە چەوتانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەڵكی كوردستانیان بێئومێد كردووەو متمانەیان بەدەسەڵات نەماوە بۆیە خەڵك تینووی گۆڕانن. ئێمە بەدڵنیاییەوە پشتگیریی خۆمان دەردەبڕین بۆ لیستێك لەگەڵ پەیامی ئێمە نزیك بێت، لیستێك بێت هەوڵبدات یاسا سەروەر بێت، دادوەریی كۆمەڵایەتی بێنێتەجێ، دەسەڵاتەكان لێك جیابكاتەوە، كاندیدەكانی بتوانێت داكۆكی لەمافەكانی خەڵك بكات، كۆمەڵێكی شارستانی دابمەزرێنێت و شەفافییەت لەهەموو بوارەكان بێنێتەدی. لیستێك بێ هەوڵدا بەبەرنامە چارەسەری كێشە نەتەوایەتییەكان بكات لەسەرو هەموویانەوە كەركووك وناوچە دابڕاوەكان، نوێنەرو دابینكەری داخوازییەكانی هەموو چین وتوێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان بێت. بەرنامەیەكی بەرفراوان ودیاری بۆ هەموو بوارەكانی ژیان هەبێت. ئێمە بەدڵنیاییەوە پشتگیریی لەلیستێكی ئەوها دەكەین. هەر بۆیە ئێمە بەوردیی ولەنزیكەوە بەرنامەی هەموو ئەو حزب وكیان ورێكخراوانە تاووتوێ دەكەین وئنجا بڕیاری خۆمانی لێدەدەین. 
ستیڤان: دەستەی راگەیەنەری رەگ "خۆت یەكێك بوویت لەوانە" بەفەرمیی لەریزەكانی یەكێتی دەركران، میدیای فەرمیی یەكێتی وخودی وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی هێرشی زۆریان كردە سەر رەگ وهەڵسوڕێنەرو دامەزرێنەرانی. پێتوایە لەوكاتەی یەكێتی ئێوە رەتدەكاتەوە بتوانن كاریگەریی جیدیتان لەسەر ئەو حیزبە هەبێ بەئاقاری ریفۆرم ونوێكردنەوە؟ ئایا خۆتان گەشبینن كەدەتوانن كاریگەریی ئیجابیی لەسەر یەكێتی دابنێنن؟.
مەلا خدر: یەكێتی ئێمە رەتدەكاتەوە، دەسەڵاتدارانی ناو یەكێتی خۆیان شەرعییەتیان نییە، ئەوان ئێمە رەت دەكەنەوە. لەبەرئەوە ئێمە قورسایی وكاریگەرییمان لەسەر خەڵكی ناو یەكێتی، تەنانەت لەسەر دەسەڵاتدارانی ناو یەكێتیش هەیە. ئێمە كەپەنجە دەخەینە سەر برینەكان وشێوازی چارەسەركردنیان ئەوان زۆر بەتەنگە نەفەسییەوە وەڵامی نابەجێ دەدەنەوە. ئەو بڕیارەی بۆ دەركردنی ئێمە دایان لەلای خۆمان بەهیچمان وەرگرتووە چونكە ئێمە خۆمان بەخاوەنی یەكێتی دەزانین نەك ئەوان. 
ستیڤان:دەنگۆی ئەوە هەیە رەگ لەداهاتوویەكی نزیكدا وەك پارتێكی سیاسیی نوێ دەستدەكات بەهەڵسوڕان و كاركردن، ئایا ئێوە بڕیارێكی لەو شێوەیەتان داوە بۆئەوەی ببنە پارتێكی سیاسیی سەربەخۆ؟. ئەگەر ئەو بڕیارەتان نەداوە كەواتە جێیگەی خۆیەتی بپرسین ئێوە دەتوانن چی بكەن لەداهاتوودا یان بەمانایەكی تر دەتانەوێت بۆ قۆناغێكی داهاتوو چۆن و بەكام شێوە كار بكەن؟.
مەلا خدر:لەم قۆناغەدا بەتەمای دامەزراندنی حزب نین، بەڵام ئێمە بەدڵنیاییەوە دەورمان دەبێت لەهەر پرۆسەیەكدا لەبەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەماندا بێت وپرۆسەی بەشارستانیكردنی كۆمەڵگای كوردیی بەرەو پێشەوە ببات بەتایبەتی بەدامەزراوكردنی سیستمی حوكمڕانیی لەكوردستاندا. 
ستیڤان: یەكێتی وخودی تاڵەبانی چەند جارێك دانوستانیان لەگەڵ كۆمپانیای وشەو نەوشیروان مستەفا، ئەنجامداوە بەمبەستی گێڕانەوەیان بۆ نێو ریزەكانی یەكێتی، بەگوێرەی زانیارییەكان هەنووكە مام جەلال دەیەوێت ئەو كارە ئەنجام بدات تا نەوشیروان مستەفا بگێڕێتەوە بۆ ناو حیزبەكەی. ئایا تاوەكو ئێستا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەفەرمیی لەگەڵتان باسی ئەوەی نەكردووە بگەڕێنەوە بۆ نێو ریزەكانی یەكێتی؟. ئایا لەكاتی دواكارییەكی لەوجۆرەدا چ مەرجێكتان هەیە تاوەكو بگەڕێنەوە نێو ریزەكانی حزبەكەی پێشووتان؟. 
مەلا خدر: تائێستا داواكاریی ئەو بابەتە نەكراوە. پەیامەكەی ئێمە بەروونی دیارە. تەوەری دەسەڵاتدار هیچ هەنگاوێكی جیددی وعەمەلییان نەناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی یەكێتی تێكەوتووە. هەربۆیەش بەرەسمی داوای ئاوا بەئێمە نەگەیشتووە. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی یەكێتی بیانەوێ قسە لەگەڵ ئێمە بكەن، دەبێ ئەو بڕیاری دەركردنانەی لەدژی هەموو ئەوانەی پشتگیرییان لەرەگ كردووەو هەڵسوڕێنەرانی رەگیش بەرەسمی وبەئاشكرا هەڵبوەشێتەوە، ئامادەیی نیشان بدەن گفتوگۆ بكەن دەربارەی پەیامەكەی ئێمە بۆ گۆڕین وچاكسازیی ناو یەكێتی وسیستمی حوكمڕانیی كوردستان. 
مەلا خدر
عەبدولكەریم مامەند"مەلا خدر"ساڵی 1958لەگوندی قەرەبەگی سەر بەكەركووك لەدایكبووە. دەرچووی كۆلێجی كشتوكاڵی زانكۆی موسڵە. ساڵی 1977 پەیوەندیی كردووە بەكۆمەڵەی رەنجدەرانەوەو ساڵی 1980 بووە بەپێشمەرگە. تاكاتی ئەنفالەكان لێپرسراوی كەرتی رێكخستنی هەولێر بووە. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەكۆمپیوتەر. هەروەها ماستەری هێناوە لەبواری پەروەردەو فێركردن. قووتابی دواقۆناغی دكتۆرایە لەپەروەردە وئای تی. بەڕێوەبەری بەشی كۆمپیوتەرە لەیەكێك لەگەورەترین كۆلێجەكانی لەندەن. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە