بێدەنگ نابین: خۆپیشاندان لە شاری مالمۆی سوید دژی ماڵی مەلا مستەفا


فەردا چەتین: شەهید گەنجۆ و یەکێتی نەتەوەیی

Wednesday, 08.27.2014, 12:00

970 بینراوە


و/ ڕێبوار هەمەوەندی
کاتێک هەرچوار پارچەی کوردستانیان خستە ناو مەنجەنیقی ئاگرەوە ، گەنگەشەی یەکێتی نەتەوەیی و وەڵاتپارێزی ڕاستەقینە زیاتر گڕی گرت ، لە ئاستی هێنانە زمانی ئەو دوو مژارەی سەرەوە کێشەیەکی جدی لەئارادا نییە چونکە ئەمڕۆ مژاری یەکێتی نەتەوەیی و وەڵاتپارێزی ڕاستەقینە لەسەرزاری هەموو کەسێکدایە ، هەموو کەسێک قسەی راست و دروستدەکات و ئەوە دەهێننە زمان کە پێویستە بکرێت بەڵام کە نییەت باش نەبوو جیاوازییەک ئەوەندەی گەورەیی شاخێک دەکەویتە نێوان گوتن و پراکتیکەوە ، بەهاکانی یەکێتی نەتەوەیی و وەڵاتپارێزی مەسەلەیەکە کە تەنها و تەنها لە ئەنجامی گەنگەشەی سەرمێزەکان نایەتەدی چونکە نیشتیمان ئەو جوگرافییەیە کە حوکمی هەیە بەسەر هەموو پێکهاتەکان و تاکەکانی کۆمەڵگا ، ئەگەر کۆمەڵگایەک گەیشتە ئاستی ئەو راستییە ئەوکاتە رووحی هاوبەش دێتە ئاراوە و کۆمەڵگاش ڕاستی نەتەوەیی قازانج دەکات بەڵام ڕووحی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی هەرلەخۆیەوە گەشە ناکات چونکە ئەم بەهایانە بەبێ قوربانی بەدەست نایەت ، هەموو ئەمانە تەنها بە گوتن و بە نوسینەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت و بە چەپڵەی ناو هۆڵەکان ئەو بەها نەتەوەییانە بەدەستناخرێت .
ئەوانەی کە چوونە بۆ گۆڕستانی شەهیدان لە قەندیل کاتێک ناو و ناونیشانی شەهیدان لەسەر کێلەکان دەخوێنێتەوە ئەم ناوانەی دێتەبەرچاو کەلەسەر کێلی گۆڕی شەهیدان نوسراوە (ئورمییە .. کرمانشا .. مەهاباد .. کرگزستان .. بەیرووت .. موش .. ئامەد .. لیجە .. وان .. جۆڵەمێرگ .. گەوەر .. ئاگری .. بەیازید .. بیتلیس .. ئێرزینجان .. دێرسیم .. چەولیک .. سلێمانی .. هەولێر .. شەقڵاوە .. دێریک .. عەفرین .. جزرە) هەمان ئەم تابلۆیە لە گۆرستانی شەهیدانی چاتاک کە ناوی گۆڕستانی شەهید روناهییە هەروەها لە گۆڕستانی شەهیدانی خەرزان و گۆڕستانی شەهیدان لە لیجە هەمان شت بەدیدەکرێ ، ئەوان دوور لە وارگەی خۆیان ئەو گەنجانەن بە کوڕ و کچەوە کە گیانی خۆیان قوربانکردووە بۆ پارچەیەکی تری نیشتیمانەکەیان ، بەڵێ کۆمەڵگایەک کە چەوسێنراوەبێتو کۆلۆنیا کرابێت تەنها دەتوانێت بەو شێوەیە یەکێتی نەتەوەیی خۆیان پێکبهێنن ، جگە لەم ڕێیە باقی شتەکانی تر قسەی بەتاڵە و قسەی سەرمێزەکانیش میزەڵانن ، مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە قەندیل لەگەڵ شەرڤانێکدا یەکمان ناسی کە ناوی گەنجۆ بوو ، ئەم شۆڕشگێڕەمان ناوی خۆی ئەمیر بوو لە ساڵی ١٩٨٤ لە قەڵادزێ هاتۆتە دونیاوە ، ئەم شەرڤانەمان تەقەلێکی زۆر بەسەرێوەی بوو وە بەردەوام دەم بەخەندەبوو ، ژیاننامەی ئەم شەرڤانەمان لە ٣٠ حوزەیراندا لە ڕۆژنامەی (یەنی ئوزگور پۆلیتیکا) بڵاوکرایەوە کە ڕەپۆرتاژێکیان لەگەڵ گەنجۆ کردبوو ، سەردێری ڕەپۆرتاژەکەش بەم شێوەیە بوو (تێکۆشەرێکی شەقڵاوەیی لە سەنگەرەکانی ڕۆژئاوادا) شەقلاوەیی گەنجۆ لەسەرەتای لاویتیدا بۆ بەدەستخستنی ژیانێکی نوێ لەگەڵ برادەرێکی منداڵی خۆی کە ناوی فەرهادە چووە بۆ بەریتانیا ، گەنجۆ ژیانی بەریتانیای بەدڵ نەبووە ، سەرەرای ئەوەی ئیقامەشی وەرگرتووە بەڵام بەیەکجارەکی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان ، پاشان مەیلی بەلای تێکۆشانی پکک زیادی کردووە ، گەنجۆ لەگەڵ برادەرەکەی کە ناوی فەرهادە بڕیار دەدەن کە بچنە ناو ڕیزەکانی پکک وە ، لەگەڵ بە گەریلا بوونی لەهەمانکاتدا لە سەرێکانی لە ڕۆژئاوا شەڕوپێکدادان چڕتر دەبێتەوە ، لەسەر ئەم گۆڕانکاریانە گەنجۆ دەچێت بۆ سەرێکانی ، گەنجۆ لەماوەی ٢ ساڵیدا کە لە شوێنی جیا .. جیا بەشداری شەڕەکانی کردووە لەوماوەیەدا ٣ جار زامدار بووە ، بۆدواجاریش سەری بریندار دەبێت ، کە چاومان بە گەنجۆکەوت تەقەڵێکی زۆریان لەسەر گەنجۆ دابوو ، بە خەندە نەبڕاوەکەی سەر لێوانی پێی ووتین (چاک بومەتەوە دەمەوێت بە زووترین کات بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژئاوا بەڵام هەڤاڵان ئیزنم نادەن) .
٣ ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵپەڕی یپگ هەواڵیک بڵاوبۆوە کە دەوترا لە شەڕی بەرەی شەنگالدا ٦ شەرڤانی یپگ شەهید بوونە ، یەکێ لە وێنەکانی ئەو ٦ شەهیدە وێنەی دەمبەخەندەکەی گەنجۆ بوو ، دیارە گەنجۆ سوور بووە لەسەر داخوازێکەی خۆی و خۆی گەیاندۆتەوە ڕۆژئاوا ، لەوەدەچێت گەنجۆ بە گونجاوی نەزانیوە کە هاوڕێی منداڵێکەی کە فەرهادە لە سەنگەرەکان بجەنگێت و ئەومیش تەنها تەماشاکەربێت ، گەنجۆ تەلەفون بۆ فەرهاد دەکات و پێی دەڵێت (هەرکە چاک بومەوە دێمەلاتان) گەنجۆ بۆئەوەی بەڵێنەکەی خۆی بهێنێتە دی بۆئەوەی گەلی ڕۆژئاوا بە تەنیا نەمێنن و بۆئەوەی خاوەندارێتی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکات و بەرپەرچی هێرشەکانی سەر کوردستان بداتەوە هەموو ئەمانەشی لەپێناو یەکێتی نەتەوەیدا کردووە ، باشە ئەو هۆکارە چییە کە نمونەی گەنجۆکان ئەوەندە چاونەترس دەکات ؟ ، بێگومان هەرەس هێنانی ئەو ترسەیە کە پولێکی قەڵب ناهێنێت کە سیستەم لەناخی خەڵکیدا چاندویەتی ، گەنجۆ ترسی نەبوونی خانو و ترسی خێزان و ترسی نەبونی موڵک و ترسی پەیداکردنی کار و ترسی لەدەستدانی کار نەبووە و ترسی نەبونی ئەو ژیانەی کە هەمووکەس هەڵپەیەتی بۆی هەموو ئەمانە بۆ گەنجۆ شەقڵاوەیی تەنها جێی گاڵتەجاری بووە ، ئەو ترسانە ترسی ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە ژیانێکی شیرینەوە گرێداوە ، گەنجۆ خۆی سەرقاڵی هەموو ئەمانە نەکردووە و پشتی تێکردوون .
سەردێڕێکی ڕۆژنامەی (یەنی ئوزگور پۆلیتیکا) کەلە ٣٠ حوزەیراندا بڵاوبۆتۆتەوە بەم شێوەیە بوو (گەنجۆ بە فیشەکەکانی لەشێوەی و بە تەقەڵەکانی سەرێوەی بێ ئۆقرەیە بۆ ئەوەی خۆی بەزوترین کات بگەهێنێتە ڕۆژئاوا ، ئەو بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ڕۆژئاوا بەخەندەوە پێمان دەڵێت قسەم لەگەڵ فەرهاد کردووە پێی ووتم بۆ دواکەوتی بەخێرایی خۆت بگەهێنە ئێرە ، منیش بەڵێنم بە فەرهاد دا پێم ووت هەرکە چاک بومەوە دێمەلاتان ، پێویستە بەڵێنەکەی خۆم بگەهێنمە جێ) ، ئەم گونجۆیە لەناو چینەکانی مەخلوقاتدا کەسێکی چەند چاو نەترسە کەسێکی چوند جوانە و کەسێکی چەند جێی سەرسوڕمانە ، گەنجۆ لە توخمی ئەو کەسانەیە کە ژیانێکی بێ سوود و سادەیی قەبوڵ ناکەن ، ئەو موڵکی نەبوو ، ئەو ژێر دەستی ژیانێکی ناوکبەتاڵ وەک گەنجەکانی ئەمڕۆمان کە تێی کەوتون قەبوڵ نەکردووە ، ئەو بارێکی گرانی لەسەر شان نەکردبوو کە مایەی پوچ بوبێت ، ئەو چاونەترس و بە بڕیار و فیداکار و پاکژ بوو ، گەنجۆ لەپاش خۆی ژیانێکی بۆ جێهێشتین کە گرێدراوی گەل و ئازادی بوو ، ژیانێکی پڕ سەروەری ، بیگومان گەنجۆ بە تێروتەسەلی وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا یەکێتی نەتەوەیی و وەڵاتپارێزی ڕاستەقینە چۆن پێکدەهێنرێت دەداتەوە ، ئێستا بۆتان دەرکەوت یەکێتی نەتەوەیی چۆن بەدیدێت ؟ .