هۆشیاری ته‌ندروستی بۆ تاکی کورد به‌شی (19) زەردوویی Ikterus

Sunday, 10/03/2013, 12:00

8250 بینراوە


زەردوویی نەخۆشییه‌کی دیاری کراو نییە، هه‌روه‌ها زه‌ردوویی مانای ئەوەش ناگه‌یه‌نێت کە له‌شی مرۆڤ هێنده‌ زه‌رد دابگه‌ڕێت وا هه‌ست بکات، ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ تووشی ده‌ردی پارتیی بووبێت، ئاخر پارتییه‌کان و پیاوه‌کانی بنه‌ماڵه‌ زۆر جار ده‌ڵێن خوێنمان زه‌رده‌، یه‌کێتییه‌کانیش ده‌ڵێن خوێنی ئێمه‌ش سه‌وزه‌، ئه‌م ره‌نگانه‌ که‌ ئه‌وان شانازی پیوه‌ ده‌که‌ن، له‌ زانستی پزیشکییدا نیشانه‌ی نه‌خۆشییه، نه‌ک ته‌ندروستیی‌، جگه‌ له‌وه‌یش زه‌رد و سه‌وز شانازیی نییه‌، تۆ که‌ ببیە کۆیلەی حیزبێکی وەک پارتی و لە ژێر ئاڵا زەردەکەیدا نیشانەیە بۆ نه‌خۆشی ده‌روونیش، به‌ هه‌رحاڵ نه‌خۆشیی زه‌ردووی به‌ مانا زانستییه‌ پزیشکییه‌که‌ی چەند نەخۆشییه‌کی جیاوازن لە یەکتری کە پێست ،چاو و پوکی ناودەمی کەسەکە زەرد دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی چڕی مادەی بیلیڕوبین لە لەشدا.
بیلیڕوبین Bilirubin ئەمیش پاشماوەی هیمۆگڵۆبینی لەناوچووی خرۆکە سوورەکانی سووڕی خوێنە لەناو لەشدا.

زیادبوونی لە سەروی 35micromol لە هەر لیترێکدا یان کەمتر وەدەرنانی بیلیڕوبین لە لەشدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەخوێندا وبەدواشیدا لە دیواری بۆرییه‌کانی خوێن دەکەوێتە دەرەوەی وبە ئاشکرا لە پووکی ناو دەم ، پێست وسپێنەی چاودا دەبینرێ .



هەروەها میزیش ڕەنگی قاوەیی هه‌ڵدەگرێت. بەڵام پیسایی ڕەنگی سپی یان ڕوونتر دەگرێت.


جگەری مرۆڤ دەوری سەرەکی دەبینێ لە ئاڵووگۆڕی بیلیڕوبین بە سێ هۆکارەوە:
١.هۆکاری prehepatic پێش ئەوەی بیلیڕوبین بڕواتە ناو جگەر واتە بەهۆی شیتەڵ بوونەوەی (Haemolyse) واتە لە ناوچوونی زۆری خرۆکە سوورەکان.
هەندێ جار لەگەڵ لە دایکبوونی منداڵدا بەهۆی لەناوچوونی خرۆکە سوورەکانی منداڵەکە بە زەردوویی لە دایک دەبێت کە پێی دەڵێن(Icterus haemolyticum neonatorium) ئەمەش کاریگەری بۆ سەر تەندروستی منداڵەکە نییە، بۆیه‌ ده‌ڵێم مه‌ترسن و بێ خه‌م بن، بەڵام ئەو منداڵانەی کە چەند هەفتەیەک پێش تەرمینی نۆرماڵی لە دایک بوون دێنە دنیاوە و زەردووی هەبوو ئەوا دەبێت بە زووترین کات چارەسەربکرێن، چونکە زیان بە پێکهاتەکانی مێشکی منداڵە که‌ ده‌گه‌یه‌نێت .

هەندێ جاریش زەردوویی بەهۆی خوێن وەرگرتنەوە Transfusion ڕوودەدات.



٢ .هۆکاری Interhepatic ئەمەیان بەهۆی نەخۆشکەوتنی جگەر ، زیان پێکەوتنی یان شێوانی کاری خانەکانی جگەر وەگرتنی ماددەی بیلیروبین بۆ ناو جگەر دەشێوێت وەك:
ئاوسانی جگەر..ئیلتهابHepatitis A, B and C ،



سەکتەی جگەر، هەندێ دەرمانی ئەنتی بایۆتیک وموعتاد بوون بە ئەلکهول ونەخۆشکەوتنی جگەر بە ئەلکهۆل .بڕوانە هۆشیاری تەندروستی بۆ تاکی کورد ئەلکهولیزم بە شی هەشتەم لە کوردساتپۆست
 http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=e1779bee


٣.هۆکاری posthepatic بە هۆی شێوان ، تەسکبوونەوە یان گیرانی ئەو لوولانەی کە لە جگەرەوە دەڕۆن بۆ ناو زراو وەک بەردی زراو کە دەبێتە ئازارێکی کتووپڕی تووند، شێوانی خودی زراو وەک دروستبوونی خانەی سەرەتانی لە کیسی زراودا بۆیە دەبێت لە بەدەرکەوتنی هەر جۆرە زەردووییەک بیر لەم سەرەتانە بکرێتەوە وئازمایش واتە فەحسی بۆ بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوە ی کە سەرەتانە یان نا.، دروستبوونی بەردی زراو لە ناو کیسی زراو، هه‌روه‌ها شێوانی گواستنەوەی شلەی زراو لە جگەرەوە بۆ ناو پێشەکی رێخۆڵە باریکە واتە Duodenum.


هۆکاری تریش هەیە، وەک کەموکورتی جینەکان (ویراسەت...بۆماوە) واتە کەمتر گەڕا نەوەی بیلیڕوبین لە سوڕی خوێنەوە بۆ ناو جگەر و دەرکەوتنی زەردووییه‌کی کەم لە سپێنەی چاودا، کە پێی دەڵێن (Gilbert-syndrom) ، ئەم جۆرەیان کاریگەری بۆسەر تەندروستی تووش بۆکەوه‌ نییە و هەربۆیەش پێویستی بە چارەسەری نییە.
چارەسەر:
بەپێی هۆکاری زەردوویی، کە دەگۆڕێ. ئەگەر بەردی زراوبێت ئەوا زراو وبەردەکەی دەردەهێنرێ.
ئەگەر کاریگەری لاوەکی جۆرێک لە دەرمان بێت وەک ئەنتی بایۆتیک ئەوا بەکارهێنانی دەرمانەکە ڕادەگیرێت، یان دوای تەواو بەکارهێنانی دەرمانەکە زەردووییه‌کەش نامێنێ.
ئەگەر هۆکار ئاوسانی جگەر، ڤایرۆس بێت واتە Hepatitis A, B, and C ،ئەوا دەبێت دەرمانەکانی دژە ڤایرۆس بە خشتە و پلانێکی دیاریکراو بۆ تووشبووه‌کە بنوسرێت.
پارێزی و خەم لێخواردنی:
خواردنی ئەو خۆراکانەی کە چەورییان تێدا کەمە.
وازهێنان لە مه‌شروب (ئەلکهۆل) خواردنەوە.
خۆ کوتان (تلقیح) دژی ئاوسانی جگەر واتە, B , Hepatitis A کە کاریگەریان بۆ ماوەی دە ساڵ دەمێنێ.

دکتۆر ناسر سۆرانی
ستافی کوردستانپۆست
و
پزیشکی گشتی و پزیشکی تایبەتمەندی چاو
ئەندامی یەکێتی دکتۆران لە سویسرا FMH
www.augenarzt-birsfelden.ch

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە