عەلەوییەکان باوەڕیان بە چی هەیە؟

Thursday, 24/07/2014, 12:00

2454 بینراوە


عەلەوێتی چییە؟ عەلەوێتی لەدوای مەزهەبی سوننە لە تورکیا دووەمین بیروباوەری ئیسلامییە، ئەهلی سوننە گرێدراوی خوا و شەریعەتی پێغەمبەرەی ئیسلام و خەلیفە و ئەسحابەکان و حەدیسەکانە بەڵام عەلەوێکان گرێدراوی خوا و پێغەمبەر و ئیمام عەلی و ئەهلی بەیتن لەگەڵ ١٢ ئیمامەکەی کە ئەمانەن (ئیمامی عەلی .. ئیمامی حەسەن .. ئیمامی حوسەین .. ئیمام زەینەل عابدین .. ئیمام محەمەد باقر .. ئیمام جەعفەری سادق .. ئیمام موسای کازم .. ئیمام عەلی رەزا .. ئیمام محەمەد تاقی .. ئیمام عەلی النەقی .. ئیمام حەسەن العەسکەری و ئیمام محەمد مەهدی) لەناو خودی عەلەوێتیدا تەریقەتی جیاواز هەیە ، یەکێک لەو ڕێبازەی کە لایەنگرێکی زۆری هەیە لەناو عەلەوێکاندا بەکتاشییە ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەکتاشی بە تەریقەت ناوزەند کراوە بە هەموو عەلەوییەت لە قەڵەم نادرێت .
باوەڕی بنگەیی عەلەوێتی چییە ؟ ، ڕێبازی عەلەوێتی پابەند بوونە بە خوا و محەمەد و عەلی و ئەهلی بەیت و ١٢ ئیمامەکەیان لەهەمان کاتدا شەریکە بەشی ڕێبازی شیعەشن ، ئەوەی پێویستە سەرنجی لێبدرێت بوونی باوەڕەکەیانە ، عەلەوی باوەڕیان وایە کە خودا لەناو هەموو بەشێکی گەردوندایە بە مرۆڤیشەوە ، پێیان وایە کە مرۆڤ لەڕێگای ترسەوە نا بەڵکو دەبێت لەڕێگای خۆشەویستییەوە لە خوا نزیک ببێتەوە هەربۆیە مەیلێکی زۆریان هەیە بۆ خۆشەویستی و نرخی مرۆڤایەتی ، عەلەوێکان بە شکل و قەوارە لە قورعان ناڕوانن بەڵکو بە ناوەڕۆکی مەعنەوی لێی نزیک دەبنەوە هەربۆیە بەخۆیان دەڵێن کە ڕیبازێکی تەسەوەفییە بۆ کامڵبونی ئاستی ڕوح لە مرۆڤدا ، عەلەوێکان پێیان وایە خوا هەموو خۆشەویستییەکی خۆی بە مرۆڤ بەخشیوە هەربۆیە خۆشەویستی مرۆڤ لەناویاندا بە ئەساس دەگیردرێت ، عەلەوێکان لە چوارچێوەی خواپەرەستیدا ژن و پیاو لەیەک جیاناکەنەوە پێیان وایە دەبێت مرۆڤ بە زمان و کولتور و سەما و مۆسیقای خۆی چۆنی بوێت خواپەرستی بکات نەک یاسا و ڕێسایەکی تایبەتی بۆ دیاریبکرێت چونکە خودی مرۆڤ لە ناخیدا ئازادە و چۆنی بوێت دەتوانێت پردی نیوان خۆی و خوای خۆی دروست بکات .
عیبادەت لەناو عەلەوێکاندا ..
عەلەوێکان باوەڕیان بەیەک خوا هەیە هەروەها محەمەد بە پێغەمبەر دەزانن و ئیمامی عەلی بە ئیمامیان و بە خەلیفەی پێغەمبەر دەزانن ، عەلەوێکان خواپەرستی خۆیان لە شوێنێک دەکەن کە پێی دەڵێن (جەم) ئەو ٣ ڕۆژەی ڕۆژانی لەیلەتولقەدر بەیەکەوە دەبەستێت بەڕۆژو دەبن هەروەها ٣ ڕۆژ ڕۆژوی پاکو بێگەردی بۆ مرۆڤ دەگرن ، لە مانگی موحەرەمدا ١٢ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن ، لەدوای مانگی موحەرەمیش ٣ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن کە پێی دەڵێن ڕۆژی خزر ، عەلەوێکان لەناو خۆیاندا بونەتە چەند بەشێک کە هەریەکەیان بەشێوازێک پێشەوایەتی ئەم ڕێباز و فەلسەفەیە دەکات ، بۆنمونە ئەوانەی خۆبەخشانە لەپێناو ئەم ڕێیەدا خواپەرستی دەکات پێیان دەوترێت (تالب) واتا خوێندکار یان قوتابی ، ئەم تالبە لەم پێناوەدا خۆی پەروەردە دەکات و ئەگەر ڕێساکانی ئەم ڕێیەیان بەتەواوی بەجێبگەهێنێت لەچاو عەلەوێکاندا پلەوپایەی بەرز دەبێتەوە ، ئەو گوفتەی لەناو عەلەوێکاندا پێی دەوترێت (ڕێگا) ی حەق بۆ ئەوەی بچیتە جیهانی ئەم فەلسەفە و ڕێبازەوە ٤ دەرگایان هەیە ئەمانەش هەریەکەیان لەیەکتری جیاوازن ئەمەش بۆگەیشتنە بە مورتەبەی فێربونی زانستی ڕێگای حەق ، هەر دەرگایەک لەم ٤ دەرگایە خاوەن ١٠ پێگەیە ، ئەو ٤ دەرگایەش پێکهاتوون لە دەرگای شەریعەت .. دەرگای تەریقەت .. دەرگای مەعریفەت و دەرگای حەقیقەت ، هەموو دەرگا و پێگاکان لەناو خۆیاندا مانای تایبەتی زاتی خۆیان هەیە ، بۆنمونە دەرگای شەریعەت پێکهاتووە لە بیروباوەڕی ڕاست و ژیانی ڕاست بەواتایەک ئەم دەرگای شەریعەتە باوەڕی زاتی و شێوازی ژیانی مرۆڤ ڕێکدەخات ، دەرگای تەریقەت پێکهاتووە لە خزمەتکردنی تەریقەت و بایەخدان بە یاسا و ڕێساکانی عەلەوییەت ، دەرگای مەعریفەت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەستی لەخۆی شۆریبێت و خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات ، دەرگای حەقیقەتیش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەستبەرداری ژیانی تایبەتی خۆی بوبێت و خۆی بۆ خواپەرستی تەرخانکردبێت و توانیبێتی بەشێوەیەک پەیوەندیەکی مەعنەوی لە نێوان خۆی و خوادا ببەستێت ، بە کوردێکەی خۆی وەک دێوانە لێکردبێت .
(جەم) چییە ؟؟
لەناو عەلەوێکاندا ماڵی جەم واتای ماڵی جەماعەت دەبەخشێت ، لەناو عەلەوێکاندا ئەگەر کەسێک کێشە یان دڵتەنگ یان شەڕی هەبێت لەگەڵ کەسێکدا و ئەویش ئەهلی جەم بێت ئەگەر ئەم دوانە ئاشنەبنەوە ئەوە دەرگای جەم لە ڕویاندا ناکرێتەوە ، عەلەوێکان زاتێک دەکەن بە بەرپرسیاری جەم کە لە ناوخۆیاندا بە (دەدە) ناوزەند دەکرێت .
ناوی (عەلەوی) لەچی پێکهاتووە ؟؟
ووشەی عەلەوێتی بەگوێرەی خۆیان تەواوکراوەی ووشەی (اعلا یاخود عالی) یە کە بەکوردێکەی مەزن دەگرێتەوە ، هەروەها دەڵێن ئەم ووشانە لەناو قورعاندا چەندین جار دووبارە بۆتۆتەوە و ناوی ئیمام عەلیش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە ، هەروەها دەشڵێن زاتەن پێش ئیمام عەلی کەس ناوی عەلی نەبووە ، بەوکەسانە دەگوترێت عەلەوی کە گرێدراوی عەلین .

سەرچاوەکان :
http://alevilik.nedir.com/#ixzz38JeLqwMz
http://www.alevisesi.com/alevi-kelimesinin-anlami.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە