بێدەنگیتان زیاتر دڵنیامان دەكات

Wednesday, 07.22.2009, 12:00

274 بینراوە


دەزگا ئەمنیەكانى هەرێم بەردەوام ئەوەمان پێ دەفرۆشن كەئەوان توانیویانە بەشێوەیەكى رێكو پێك كۆنتڕۆڵی ئەمنیەتى شارەكانى هەرێم بكەن، بەڵام تێناگەم بۆ لەیادیان ئەچێت كە بڵێن لەبری ئەوە شارەكانى دیكەى عێراقمان كردۆتە گۆڕەپانى تەسفیەكردنى ئەو كەسانەى كە وەك ئەوان بیرناكەنەوە.
ساڵێك لەمەوبەر هەواڵى تیرۆركردنى سۆران مامە حەمە ویژدانى تەواوى چینو توێژەكانى كوردستانى هێنایە قسەو هەر یەك بەجۆرێك ئەم كردارە قێزەونو بەرنامە بۆ دارێژراوەیان ئیدانە كرد، تەنها دەسەڵاتدارەكان نەبێت كە بە وشەیەكیش نیگەرانى خۆیان لەبەرامبەریدا دەرنەبڕی.
بەداخەوە تا ئێستا پۆلیسى كەركوكو هیچ لایەنێكى پەیوەندیدار وەكو پێویست لە دۆسیەى تیرۆركردنى ئەو رۆژنامەنوسەیان نەكۆڵێوەتەوەو بگرە بەشێوەیەكى ترسناكیش بێدەنگیان بەرامبەر ئەو دۆسیەیە هەڵبژاردووە.
ئەگەرچى بەشێوەیەكى فەرمى بكوژانى سۆران ئاشكرا نەكراون، بەڵام دیاریكردنى ئەنجامدەرانى ئەم كردەوە تیرۆرستیە ئەوەندە ئاڵۆز نیە كە پۆلیسى كەركوك نەتوانێت دیاریان بكات.
بێدەنگى دەسەڵاتى كوردی بەرامبەر تیرۆركردنى شەهید سۆران لەساڵى رابردودا تەنها جێگەى نیگەرانى رۆژنامەنوسان بوو، بەڵام رۆیشتنى ساڵێك بەسەر تیرۆركردنى سۆرانو ئەنجامنەدانى لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە قۆناغى نیگەرانیەكان تێدەپەڕێنێت بۆ قۆناغى دڵنیایى.
ئەم بێدەنگیەتان ئەوەمان بۆ رون ئەكاتەوە زیادەرۆیى ناكەین ئەگەر بڵێین ئێوەن لەدواوەى شەهیدكردنى سۆرانو هەموو ئەو توندوتیژیانەى بەرامبەر رۆژنامەنوسانى كورد دەكرێت.
ئێوە پلانەكان لە تیرۆركردنى جەستەى سۆران مامە حەمە سەركەوتوو بوو، بەڵام بەهۆى ئاشكرابوونى پلانەكانتان لەوە شكستتان خوارد كە بتوانن لەرێگەى تیرۆركردنى گەنجێكى رۆژنامەنوس میدیاى ئەهلى پاشەكشە پێ بكەنو رۆژ لە دواى رۆژ سومعەى میدیاى ئەهلى لاى جەماوەرى كوردستان زیاتر دەبێتو بەقەد زیاد بوونى ئەو سومعەیەش رووى ئێوە ناشیرنتر دەبێت.
كاریگەرى میدیاى ئەهلى بەسەر راى گشتیەوە لە هەرێمى كوردستانو گەشەكردنى ئەو میدیایە بەشێوەیەكى ئاشكرا واى كرد كە دەسەڵاتى كوردى بكەوێتە پیلان گێران لە دژى ئەو میدیایەو بۆ كەمكردنەوەى ئەم كاریگەریە، هەنگاوى یەكەمیشیان لە تیرۆركردنى شەهید سۆرانەوە دەستى پێكرد.
قۆناغى دواى ئەمەش ئەوەبوو كە بەرێژەیەكى بڵاو گۆڤار و رۆژنامەیان بەناوى سەربەخۆ وە خستە بازار بە ئامانجى كەمكردنەوەى رۆڵی گروپى میدیاى ئەهلى كە خۆى لە گۆڤارى لڤینو رۆژنامەى هاوڵاتىو ئاوێنە دەبینێتەوە، بەڵام لەوەش شكستتان خوارد لەبەر باوەرنەبوونتان بە ئازادى رۆژنامەگەرى.
لێرەوە دەبێ دەسەڵاتى كوردى ئەو پرسیارە لەخۆى بكات كە بۆچى تەواوى پیلانەكانیان شكست دەخۆن بەرامبەر میدیاى ئەهلى؟.
هیوادارم كە دەسەڵاتى كوردی دەست هەڵگرێ لە پیلانگێران بەرامبەر میدیاى ئەهلىو لێكۆڵینەوەیەكى جدیش بكات لە دۆسیەى تیرۆركردنى سۆران مامە حەمە كە برواى من تاوانى بێدەنگ بوون لە بەرامبەر دۆسیەیەكى وەهادا هیچى كەمترنیە لە ئەنجامدانى ئەو كردەوە ناشیرینە.
[email protected]


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)