چەند سەرنجێك لەسەر كردەوە تیرۆریستیەكانی هەولێر

Tuesday, 01/10/2013, 12:00

1619 بینراوە






كردەوە تیرۆریستیەكانی هەولێر قێزەونترین كردەوەیە لەم شەش ساڵەی دواییدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمدا رووبدەن. هەر بۆیە پێویستە هەموو ئازادیخوازێك كردەوەكە و بكەرانی شەرمەزار بكات. لێرەوە دەست پێ دەكەم و هیوام وایە گیانی شەهیدەكان شاد بێت و بریندارەكانیش زوو چاك ببنەوە.
دیارە قێزەونی كردەوەكە و قوربانیەكانی دەبێت وامان لێ نەكات كە سەرپێی بڕیار بدەین و تەڕو وشك پێكەوە بسوتێنین، یان تەنیا فیگەرێك بكەینە ئامانج و شیمانە و ئەگەرەكانی ترمان لە بیر بچێتەوە. هەر بۆیە دەمەوێت لێرەدا چەند پرسیارێك بوروژێنم. هەرچەندە وروژاندنی ئەم پرسیارانە رەنگە زۆر بكەوێت.
دوای روودانی كردەوەكە بەچەند كاتژمێرێك"دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق و بلادی شام" بەرپرسیارێتی ئەم تەقینەوە و كردەوەیەی خستە ئەستۆی خۆی. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم چەند پرسیارێكەوە.
یەكەم: دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق و بلادی شام و جەبهەی نوسرە دووڕووی یەك دراون و ئەم بابەتە لای هەموو كەسێك ئاشكرایە. هەر ئەم گروپانەشن كە لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا دژی دەسكەوتەكانی كورد شەڕ دەكەن و هێرش دەكەنە سەر ناوچە كوردییەكان و لەچەند ناوچە تاوانی شەڕیان لەدژی گەلی كورد ئەنجام دا و فتوای چەڵاڵكردنی كۆشتنی كوردیان دەردەكرد. لەگەڵ ئەمەشدا هەموو كەسێك دەزانێت دەوڵەتی توركیا بە ئاشكرا و نهێنی هاوكاری ئەم گروپانە دەكات و پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش هەتا ئێستا ئامادە نەبوون كردەوەكانی ئەو گروپانە لە رۆژئاوا ئیدانە بكەن و لەوەش زیاتر سەرۆكی هەرێم كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە سەرەڕای بەڵگە و دیمەنی كردەوەكانی ئەم گروپانە داوای ئەوەی دەكرد كە لێكۆڵینەوە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم گروپانە كردەوەی بەمڕەنگەیان ئەنجام داوە یان بانگەشەی (پەیەدە و یەپەگە)یە لە رۆژئاوا و دوای لێكۆڵینەوەش ئامادە نەبوون دان بە كردەوەكانی ئەم گروپانەدا بنێن. هاوكاتی ئەمە بەداخستنی دەروازەی سنوری رۆژئاوا گەورەترین كۆمەكیان بەم گروپانە دەكرد. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا لە كاتێكدا دەوڵەتی ئێراق و بلادی شام و بەرەی نوسرە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەورەترین كۆمەكیان پێ دەگات لەلایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمەوە، بۆچی ئەم دەسەڵاتە دەكەنە ئامانج؟ ئایا ئەم گروپانە نازانن بەم كردەوانەیان وادەكەن دەسەڵاتی هەرێم و پارتی دیموكرات هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و ئەمەش ببێتە هۆكاری ئەوەی پارت و لایەنەكانی تری رۆژئاواش ببنە لایەنگری پەیەدە و پشتیوانی نەبەردییەكانی یەپەگە بكەن؟ بەمەش پێگەی كورد بەهێزتر ببێت و پێگەی خۆیان لاواز بكەن لەسوریا؟ ئەم پرسیارانە دەمانباتە ئەو گریمانەیەی كە ئەو گروپانە یان لەبن فشارێكی دەرەكی و دوور لە ئیرادەی خۆیان ئەم كارەیان كردەوە، یا خود ئامانجێكی تر هەیە لە پشتی ئەم كردەوانەوە.
ئەویش ئەوە بێت كە لەرێگەی ئەم كردەوە ئەو گروپانە ئەو پەیامەیان دابێتە دەسەڵاتی هەولێر، كە ئەگەر زیاتر كراوە نەبن بەروویاندا ئەوا دەتوانن بەرژەوەندییەكانی هەولێر بخەنە ژێر مەترسییەوە و رێگە نەدەن هەولێر ببێتە ناوەندێكی بازرگانی و سیاسی و پایتەختی گەشت و گوزاری وڵاتانی عەرەب. لەم رێگەیەشەوە بخوازن دەسەڵاتی هەرێم فشاری زیاتر بخاتە سەر پەیەدە و یەپەگە. ئایندە دەتوانێت وەڵامی هەر دوو ئەگەرەكە بداتەوە، كە ئایا ئەم گروپە سەربەخۆ ئەم كارەیان كردەوە یان لەچوارچێوەی بەرنامەی دەوڵەتێكدا ئەم كردەوەیان ئەنجامداوە. هەروەها دەتوانین كاردانەوەكانی پەدەكە"پارتی" و دەسەڵاتی هەرێمیش تێبگەین، كە ئایا دوای ئەم رووداوە زیاتر سازش دەكەن لەگەڵ ئەو گروپانەدا یان هەڵوێستێكی توند وەردەگرن و ئیتر دەست لە دژایەتی پەیەدە و پەیەگە بەردەدەن؟
دووەم: ئەگەر و پرسیارێكی تر خۆی قیت دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئایا ناكرێت ئەم كردەوەیە بەشێك بێت لەئەجیندای هاوبەشی توركیا، سوریا و ئێران كە بخوازن لەم رێگەیەوە رەوایی بدەن بە رێگە خۆشكردن بۆ چوونی پێشمەرگەی هەرێم بۆ رۆژئاوا؟ وەكو دەزانرێت ماوەیەكی زۆرە پارتی دیموكرات دەخوازێت هێزی خۆی بنێرێتە رۆژئاوای كوردستان، سەرەتا لەرێگەی حزبە وابەستەكانی خۆیەوە لە رۆژئاوا دەیخواست ئەوە بكات، بەڵام بۆی نەچووە سەر، دواتر هەندێك هەوڵی هەبوو كە راستەوخۆ دەست وەربداتە رۆژئاوا، ئەمەشیان سەری نەگرت، ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە پێش ماوەیەك بەشار ئەسەد لەرێگەی پەرلەمانتاری كوردی سوریا"عمر ئۆسێ"ەوە پەیامی بۆ پارتی دیموكرات و حكومەتی هەرێم ناردبوو كە ئەوان پێیان خۆشە پێشمەرگە بچنە رۆژئاوای كوردستان و گەلی كورد بپارێزن، دیارە ئەمە تێڕوانینی ئەوان بووە ـ بەدڵنیاییەوە دوور نییە لەدیدی دەوڵەتی ئێران و پەیوەندییە گەرمەكانی پارتی و ئێران لەم چەند مانگەی دواییەدا دەمانباتە ئەو دەرئەنجامەی كە ئێران لەم قۆناخەدا كارێكی بەمڕەنگەی پێ خۆش و باش بێت. ئەوەی دەمێنێتەوە توركیا و ئەمریكایە، دیارە ئەوانیش دژی باڵادەستی پارتی"پەدەكە" نین لە رۆژئاوای كوردستان و ئەم شیمانە و گریمانەیەش دەمانباتە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕەنگە رووداوەكەی هەولێر رووداوێكی هاوشێوەی یازدەی سێپتمەر بێت بۆ دەستێوەردانی حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان. ئەم بارودۆخە هەڵوێست و پێگەی پارتی دیموكرات و حكومەتی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
سێیەم: كاتی روودانی كردەوە تیرۆریستیەكە، گومانی ئەوەش دروست دەكات كە گروپی دەوڵەتی ئێراق و بلادی شام ئەم كارەیان كردەوە بۆ ئەوەی لەلایەك رەوایی بدەن بەئەنجامەكانی هەڵبژاردنی هەرێم و سەرنجەكان لەسەر ناڕەزاییەكانی لایەنەكان لە پرۆسەكە لابدەن و هەموو نیگاكان ئاراستەی هەولێر بكات و لێرەشەوە رەوایی بدەنە سەركەوتنی پارتی دیموكرات و هاوكات وەكو لایەنێكی مەزڵوم و هەڕەشە لێكراو بیناسێنێن. بەمشێوەیە رەوایش بداتە پارتی و دەسەڵاتی هەرێم كە تەدبیری ئاسایشی زیاتر بكەن. ئەم تێگە و گریمانەیە تەقینەوەكانی 22/9/2013ی كەركوكیش هاوشێوەی ئەوەی هەولێر هەڵدەسەنگێنێت. چونكە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدان لە 21/9/2013دا، ناڕەزایی لەلایەنی بەشێك لەلایەنە سیاسیەكانەوە دەركەوت، بەڵام زنجیرە تەقینەوەكانی كەركوك سەرنجی جەماوەری بردە سەركەركوك و تەقینەوەكان و ناكۆكی هەڵبژاردنی خاو كردەوە.
هەر بۆیە دەكرێت بپرسین و بڵێین كە ئەو كردەوانە دەكرێت هەوڵ بن بۆ رەواییدان بە پرۆسەی هەڵبژاردن؟!
چوارەم: لەهەر حاڵەتێكدا دەزگا ئەمنیەكانی كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی دەكەونە ژێر بەرپرسیارێتییەوە. ئایا ئەو كردەوەیە ئەو بانگەشانە پوچەڵ ناكاتەوە كە دەزگاكانی ئاسایش دەڵێن ئێمە ئاسایشی جەماوەر دەپارێزین؟ ئایا ئاسایش و پۆلیس ئەگەر نەتوانن خۆیان بپارێزن و لە رۆژی نیوەڕۆدا بەوشێوەیە رووبەرووی هێرش ببنەوە چۆن دەتوانن ئاسایشی جەماوەر بپارێزن؟ ئایا ئەم رووداوە هۆكاری بێ خەمی ئەو دەزگایانەیە یان هۆكاری دزەكاری ئەو گروپانە و شارەزاییانە؟ ئایا هۆكارەكەی ئەمە بۆ ململانێی هێزە سیاسیەكان و كاریگەرییان لەسەر هێزە ئەمنییەكان ناگەڕێتەوە؟ ئایا هۆكاری ئەمە بۆ ناكۆكی ناوخۆیی دەزگای ئاسایش ناگەڕێتەوە؟ هەمان كات رووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە كە ئایا بەراستی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەت و ئاسایش بەتەواوی بێ ئاگابوون لەو كردەوەیە؟ لەهەموو حاڵەتەكاندا تابلۆیەك لای جەماوەر دروست دەبێت كە ژیانی هاوڵاتیان بەتەواوی پارێزراو نییە و لەهەر كاتێكدا بێت رەنگە ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە. هەر بۆیە دەسەڵاتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی مەزندان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە