پەلاماردان و داخستن و دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤە

Wednesday, 21/05/2014, 12:00

2925 بینراوە


هێزە ئەمنیەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان - عێراق ١٦/٥/١٩٩٧ لە شارى هەولێر لەدژى نەخۆشخانە و رۆژنامەى وڵات و مانگى سوورى کوردستان و ناوەندى چاندى میزۆپۆتامیا پەلامارێکى سەربازیى بەرفراوانیان ئەنجامدا و زیاتر لە ٨٠ چالاکوانى بوارەکانى هونەرى و رۆشنبیرى و رۆژنامەنووس و برینداریان تێدا کۆمەڵکوژکرد. بەپێى زانیارییەکان یەکێک لە ئەنجامدەرانى ئەو کۆمەڵکوژییە وەک سەرۆکى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە ناسراوە بە جەمال مۆرتکە لە ئێستادا ئەندامى پەرلەمانى کوردستانە. ئەوەش وایکرد ئەمساڵ کەس و کارى کۆمەڵکوژییەکەى هەولێر بۆ دادگایکردنى ئەنجامدەرانى ئەو کۆمەڵکوژییە و ئاشکراکردنى گۆڕى رۆڵەکانیان لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان گردبوونەوەیەکى ناڕەزایەتيان لە ساڵیادى ئەو کۆمەڵکوژییەدا ئەنجامدا.

پارتى دیموکراتى کوردستان و هێزە ئەمنیەکانى ئەو حیزبە لەبریى وڵامدانەوەى کەس و کارى ئەو کۆمەڵکوژییە لە ڕۆژی 19/5/2014 هەڵیانکوتایە‌ سه‌ر سه‌رجه‌م نوسینگەکانی ئاژانسى هەواڵى دیجلەى نێودەوڵەتى، کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان و رۆژنامەى ڕۆژی وڵات و بارەگاكانى پارتى چارەسەر دیموکراتى کوردستان و زیاتر لە ٢٠ کەسى چالاکوان و رۆژنامەنووس و لەوانەش خەبات عفرین بەرپرسى کۆنگرەى نەتەوەیى لە باشوورى کوردستانيان دەستگیر کرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە تێکڕاى ئەو ناوەندانە مۆڵەتى رەسمیان هەیە و هەڵکوتانە سەریان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەبێ بڕیار دادگا و رێنماییە یاساییەکان بووە.

جگە لە هەڵکوتینە سەر ئەو ناوەندانە نوژین یوسف ئەندامى کۆمیتەى دیپلۆماسى و پەیوەندیەکانى تەڤدەم لەباشوورى کوردستان، لە شارى سلێمانییەوە بۆ کاروبارى دیپلۆماسى سەردانى هەولێرى کردبوو کەوتوەتە بەر ئەو پەلامارە و یەکڕاست دیپۆرتى رۆژئاواى کوردستان کراوەتەوە.

دیپۆرتکردنەوەى نوژین یوسف لەکاتێکدایە مۆڵەتى مانەوەى لە هەرێمى کوردستان بە رەسمى هەبووە و بارەگایەکى فەرمیشیان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى دیپلۆماسى لە پێناو رۆژئاواى کوردستان و دەستکەوتەکانى ئەو بەشەى وڵات لە هەرێمدا کردوەتەوە.

بەشێوەیەکى کتوپڕ و بەدەر لە رێنماییە یاساییەکان و بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت هەڵکوتانە سەر ناوەندەکانى ئازادى رادەربڕین و کەسانى چالاکوان و بەشێوەیەکى نایاسایى کەسانى مۆڵەت پێدراو دیپۆرت بکرێنەوە، گومانى تێدا پێشێلکارى یاسا و مافەکانى مرۆڤ و ئازادیى رادەربڕینە.

کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان (KMMK) ئەم هێرشانە بە پیشێلکاریەکی زەقی مافی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕا دەربڕین و کارێکی نایاسایی و قێزەوون دژ بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسى لێکدەداتەوە، چونکە بە پێ بەندی ١٩ جاڕنامەی گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی ھەیە. بە گوێرەی ئەم مافە ھەموو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنی بیروڕا، گەڕان بەدوای زانیاری، وەرگرتن و پەخشی زانیاری و بیروڕا بە ھەموو دەستاوێژێکی دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەم سەروبەندەدا چەند چێشتخانە و ریستورانتى کوردەکانى باکوور لە شار هەولێر بە بیانوى جۆراجۆر داخراون. نیگەرانیمان بەرامبەر پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ رووى لە زیادبوون کردوە، چونکە لە دوروبەرى کەمپى مەخمور جموجوڵێکى نائاساى بەرامبەر دانیشتوانە ئاوارەکەى ئەو کەمپە لە گۆڕێدایە.

هەر بۆیە کۆمەلەی مافی مرۆفی کوردستان وێڕاى ئیدانەکردنى ئەو هێرشانە داواى ئازادكردنى خێراى دەستگیرکراوەکانى دیکە و کردنەوەى بە پەلەى تێکڕاى نوسینگە و بارەگاى ئەو گۆڤار و رۆژنامانە و ئاژانسى ديجلە و بارەگاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى هەمە لایەنەیان دەکات. پێویستيشە رێگا بدرێت بە خەڵکى کوردستان و رێکخراوەکان و لایەنە سیاسیيەکان لە کەشێکى ئازاد و دیموکراسیانەدا کار و چالاکییەکانى خۆیان بەڕێوە ببەن، نەک پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت.



كومەلەی مافی مروفی کوردستان

--
Webb: www.kmmk.info
E Mail: [email protected]
Tel: 0046 76 59 59 589
Facebook: https://www.facebook.com/kmmkurdistan

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە